ڕێوڕەسمی ساتی – ١

لە دیدارەکانی پێشوودا ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان، داوای لە پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمرالی کرد، لێکۆڵینەوە لە داب و نەریتی ساتی بکات، لەسەر بنەمای ئەمەش لێکۆڵینەوەیەکی کورتمان ئەنجامداوە.

ڕۆژبین دەنیز

 

لە خوداوەند ساتیەوە تا داب و نەریتی ساتی

گێڕانەوەی ئەفسانەیی کە لە سەرەتادا بە شێوەی زارەکی بڵاودەکرانەوە، بە تێپەڕبوونی کات بوون بە نۆرم و نەریت و سیستمێکی یاسایی پیاوسالاری کۆمەڵایەتی و لەگەڵ فراوانبوونی پێکهاتەی دەوڵەت، شێوەی یاساییان گرتەبەر، پوختەیەک لەم گێڕانەوە درێژانە لە چینەکانی بەردەوامی سیستمی کۆیلایەتیدایە کە سێبەرێک بەسەر هەموو ژیانی ئەمڕۆماندا دەکات.

 

لە دیدارەکانی پێشوودا ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان، داوای لە پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمرالی کرد، لێکۆڵینەوە لە داب و نەریتی ساتی بکات، ڕەنگە مەبەست لەم داوایە ڕوونکردنەوە بووبێت کە چۆن سیستمی کۆیلەکردنی ژنان بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی هەڵوێستی سێکسیستی و چۆن ئەم هەڵوێستە ژن بە "شوێنێک" لە هەموو بوارەکانی ژیان و جەستە و ڕۆح و بیرکردنەوەدا دەزانێت.

 

لەسەر بنەمای ئەمەش لێکۆڵینەوەیەکی کورتمان ئەنجامداوە و هەوڵمان داوە بە پشکنینی داب و نەریتی ساتی لە ڕوانگەی ئەفسانە و کۆمەڵناسی و کاریگەرییەکانی لەسەر ژنان، پێشەکییەکی کورت پێشکەش بکەین، بێگومان داب و نەریتی ساتی بابەتێکە کە پێویستە ژنان بە قووڵی لێکۆڵینەوەی لەسەر بکەن، چونکە لێکۆڵینەوە لەم داب و نەریتە لە ڕووی ناوەڕۆک و دەرئەنجامەکانییەوە گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ تێگەیشتن لە خەباتی ژنان.

 

ئەفسانە سەبارەت بە خوداوەندەکان، نیوە خوداوەندەکان، پاڵەوانەکان، ئاژەڵەکان و ڕووداوە سروشتییەکان کە ڕۆڵێکی سەرەکییان لە پەرەسەندنی کۆمەڵگەدا هەبووە، زانیارییان داوە یان وەک بنەمایەک بۆ خستنەڕووی هەندێک ڕوانگە کاری کردووە. لەبەر ئەوەی ئەفسانە دەست دەخاتە سەر کایەیەک لە دەرەوەی سنووری عەقڵ و لۆژیک، لەلایەن مرۆڤەکانەوە بە شێوەیەکی دراماتیک بۆ تێگەیشتن و پەیوەندی باشتر دروستکراونەتەوە.

 

پێکهاتنی ئایدیۆلۆژیکی چەوساندنەوەی ژنان لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا

مرۆڤ لە دوو ڕوانگەیەوە بەستراوەتەوە بە ئەفسانە: دروستکەری ئەفسانەیە و بە "ئەفسانە ساز" دادەنرێت، هەروەها بابەتی ئەم ئەفسانەیە و بە بوونێکی "ئەفسانە" دادەنرێت، ئەفسانە مرۆڤەکان لەبارەی بوونەوەرە سەروو سروشتیەکان و سەرچاوەی جیهان و کایەی فیزیکی و میتافیزیکی ئاگادار دەکەنەوە و لە هەمان کاتدا زانیاری کۆمەڵایەتی و تێڕوانینێکی کولتووری و نەریت و هەڵوێستێک بەرامبەر بە ژیانیان بۆ دابین دەکەن.

 

ململانێی نێوان سیستمێک کە کۆمەڵایەتیکردنی ژن-ناوەندی لەناوبردووە و بەهاکانی ژن-دایکی دامەزراندووە، وەک شەڕی خودا و خوداوەند پێناسە کراوە، ئەم چیرۆکانە وردە وردە گۆڕاون بۆ گێڕانەوەی ئەفسانەیی سەبارەت بە کوشتن و زەلیلکردنی خوداوەندەکان، بەم شێوەیە چەوساندنەوەی ژنان لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا سروشتێکی ئایدیۆلۆژیی وەرگرتووە.

 

مرۆڤ لە ڕێگەی ئەم ئەفسانانەوە لەگەڵ ئەو کۆمەڵگەیەدا تێکەڵ دەبێت کە تێیدا دەژی و فێری چۆنیەتی ژیان و چۆنیەتی ڕەفتارکردن دەبێت، بەم شێوەیە ئەو ڕەوشتەی کە لە کۆمەڵگەی سروشتیدا دروست بووە بە تێپەڕبوونی کات گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و خزمەت بە هەڵوێستی پیاوسالاری کردووە.

 

هەموو کۆمەڵگەیەک ئەفسانەی هەیە کە بە زمانی جەوهەری و ئەفسانەیی و ئەدەبی دەگێڕدرێتەوە، هەموو چیرۆکێکی سەردەمی خوداوەند و خوداوەندەکان واقیعێک ئاشکرا دەکات کە ژن و کۆمەڵگەی گرتۆتەوە. ڕاستی بنچینەیی لێرەدا ئەوەیە کە هەر چیرۆکێکی ئەفسانەیی کە گێڕدراوەتەوە، هەرچەندە لە ناوچە جوگرافییەکانی دیکەی جیهاندا بە ناو و وەشانی جیاواز ئەزموون کراوە، بەڵام لە ڕوانگەی کۆمەڵایەتییەوە، ئەو ڕۆڵەی کە بۆ ژنان دیاری کراوە و ئەو پێگەیەی کە تێیدا دانراون، هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە. بە واتایەکی تر چیرۆکە ئەفسانەییەکان لە سروشتدا گشتگیرن و تێڕوانینێکی زۆر پێشکەش دەکەن سەبارەت بە چۆنیەتی بڵاوبوونەوەی پیاوسالاری.

 

ڕووی ڕاستەقینەی ئەفسانەی هیندۆسی

ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ، سەرچاوەی ئەفسانەی هیندۆسی بەم شێوەیە پێناسە دەکات: "هیندۆسەکان لاهووتێکی زۆر ڕەنگاوڕەنگیان دروست کردووە، هەروەها خوداوەندە گەورەکان خوداوەندی بێشوماریان دروست کردووە، جێپەنجەی قووڵی سۆمەرییەکان بەڕاستی لە ئەفسانەی ئەواندا دیارە،  چونکە لاهووتەکەیان ڕەگ و ڕیشەی لە دەرەوە هەیە و لە توانای کۆکردنەوە بێبەشە، زۆر بیری مرۆڤ سەرلێشێواو دەکات".

 

ئەفسانەی هیندۆسی کە لەسەر بنەمای ئەم بناغەیە دامەزراوە، سەرەتا پاشخانێکی ئەفسانەیی دەوڵەمەندی بۆ خۆی دروست کردووە، وەک لە دەقەکانی هیندۆسی و بودایی و جاینەکاندا دەبینرێت، لەگەڵ زۆرێک لە گێڕانەوەی ڕەسەندا. ئەم ئەفسانەیە چەندین چیرۆکی تێدایە کە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر کۆمەڵگەی هیندۆسی هەبووە و بە تێپەڕبوونی کات بوونەتە ڕێوڕەسمی ئایینی. لە قووڵایی هەموو ڕێوڕەسم و ئاهەنگەکانی ئایینیدا، پاڵەوانی ئەفسانەیی پیرۆزکراو هەن. هەروەها چەمکەکانی وەک ڕێکخستنی خودایی، کردار، بەهەشت، دۆزەخ، ڕەحمەت، چاکە، مردن-نەمری، ژیانی زاهید و قوربانیدان لە ڕێگەی ئەفسانەی هیندۆسییەوە هاتوونەتە ناو کۆمەڵگەوە. لەم ئەفسانەیەدا بوونەوەرە نیمچە ئیلاهییەکان، قوربانیدان بە خوداوەندەکان، پاککردنەوە لە گوناهەکانی ڕابردوو، دەستبەرداربوون لە چێژە دونیاییەکان و ژیانێکی زاهید، کارێکی باو بوون، بە تێپەڕبوونی کات ئەم دۆخە بووەتە هۆی جیاوازی لە هەڵوێستە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان.

 

پورانەکان

سەرچاوەیەکی دیکەی ئەفسانەی هیندۆسی دەقەکانی براهمانایە. ئەم دەقانە باس لەوە دەکەن کە ڕێوڕەسمی قوربانیدان چ نیعمەت و سوودێک بەدوای خۆیدا دەهێنێت. یەکێک لە دەقە پیرۆزەکانی ئەفسانەی هیندۆسی بریتییە لە پورانەکان (نووسراوەکان کە لەسەر لووحە نەخشێنراون). هەرچەندە کاتی دروستبوونی و نووسەرانی نادیارە، بەڵام پورانەکان کۆمەڵێک دەقی سەرەکی و ژمارەیەکی زۆر لە دەقی بچووکترن، ئەم دەقانە گێڕانەوەی دروستبوونی جیهان و بەردەوامی و کۆتاییەکەی و خوداوەندەکان و پیرۆزەکان و پاڵەوانەکان و سەردەمی مرۆڤایەتی لەخۆدەگرن،جگە لەوەش باس لە پەرستگا و مەزارگە و زانینی ئەستێرەکان و فەلەکناسی و فەلسەفە و ڕێزمانیش دەکەن.

 

هەروەها لە دەقەکانی پورانادا باس لە ئەفسانەی خوداوەند ساتی کراوە، بە تێپەڕبوونی کات، هیندۆسەکان پێناسەیەکیان بۆ ئەفسانەی ساتی پەرەپێداوە، بەپێی ئەم پێناسەیە، ناوی خوداوەند ساتی کە بە هێمای هاوسەرگیرییەکی بەختەوەر و بەردەوام دادەنرێت، لە ڕەگی وشەی "سات"ەوە وەرگیراوە، کە بە واتای "ژنێکی باش و دڵ پاک و باوەڕدار" دێت. بەم شێوەیە ساتی وەک ژنێکی دڵسۆز و پاک و خاوێن کە خۆی دەکاتە قوربانی بۆ هاوژینەکەی، جێگەیەکی تایبەتی لە ئەدەب و باوەڕی هیندۆسیدا دۆزیەوە.

 

بە تێپەڕبوونی کات ئەم چەمکە پەرەی سەند و بوو بە ڕێوڕەسمێک کە بەپێی ئەو ڕێوڕەسمە ژن دەبێت دڵسۆزی هاوژینەکەی بێت و خۆی لە ئاگری پرسەکەیدا بسوتێنێت، ئەو ڕێوڕەسمەی کە ژنانی هیندۆسی بە جەستەی بێ گیان لە هاوژینەکانیاندا دەسوتێندرێن، لەسەر بنەمای ئەفسانەیی دامەزراوە و هەوڵدراوە بەم شێوەیە شەرعیەت بدرێت.