پۆلیس تا چەند دەستکراوەیە بۆ لێکۆڵینەوە لە کوشتن و خۆکوشتنی ژنان؟

لە باشوری کورستان کاتێک ژنێک دەکوژرێت یاخود خۆی دەکوژێت، بە دەگمەن سکاڵا تۆمار دەکرێت و بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیسیش دەڵێن: "سکاڵا تۆمار بکرێت و نەکرێت ئێمە بەدواداچوون هەر دەکەین تا تاوانبار دەدۆزینەوە، بەڵام زۆرکات خێزانەکان هاوکار نین".

 

لاڤە کوردە

ناوەندی هەواڵ - وەک دەبینرێت حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان و خۆکوشتنی ژنان لە باشوری کوردستان ڕێژەکەی بەرەو زیادبوون گۆڕانکاری کردووەو لەگەڵ ئەوەی هەندێک کات تاوانباران دەستنیشان دەکرێن بەڵام لەدەست یاسا هەڵدێن، لە زۆربەی کاتەکانیش دۆزینەوەی تۆمەتبار و گومانلێکراو لە لایەن پۆلیسەوە دەبێتە کارێکی ئەستەم.

زۆر کات وتەی پۆلیس لەو حاڵەتانەدا ئەوەیە کە هیچ سکاڵایەک نییە بەو هۆیەوە ناتوانن لێکۆڵینەوەی تەواو بکەن، بەو شێوەیە ڕوداوی کوشتنی ژنێک و خۆکوشتنی ژنان لە چاوی میدیاکان و خەڵک دوور دەخرێنەوە، بەلام لەم ڕاپۆرتەی ژنها هەرسێ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی و هەولێر و دهۆک جەخت لەوەدەکەنەوە کە ئەوان دەستکراوەن و سکاڵا هەبێت یان نەبێت ئەوا لێکۆلینەوەی تەواو دەکەن.

 

"کوشتنی ژنان تاوانی مرۆڤایەتییە لێکۆڵینەوە دەکەین"

هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەکرد کە کوشتنی ژنان تاوانی مرۆڤایەتییە و سکاڵا لە لای پۆلیس تۆمار بکرێت یاخود نەکرێت دەستکراوەن بۆ لێکۆڵینەوە و وتی: "لەهەر حاڵەتێکی کوشتن ڕاستەوخۆ زانیاری کۆدەکەینەوە تا تاوانبار دەدۆزینەوە و دەستگیری دەکەین، پۆلیس ڕێکاری خۆی هەر دەگرێتە بەر".

ڕاشیگەیاند، تاوانی کوشتن دوو لایەنەیە، یەکەم مافی گشتی کە شێواندنی ئەمنیەتە و دووەم مافی تایبەت کە لێرەشدا ڕێکاری یاسایی هەر دەگیرێتە بەر، پۆلیس ئیجرائاتی خۆی دەکات.

 

"دەستکراوەین بۆ لێکۆڵینەوە"

هێمن سلێمان، وتەبێژی پۆلیسی دهۆک دەربارەی ئەوەی تا چەند کار لەسەر سکاڵا دەکەن ئاماژەی بەوەکرد، حاڵەتی کوشتنی ژنێک بیت یاخود ژنێک خۆی کوشتبێت پۆلیس لەهەردوو حاڵەتە دەستکراوەیە بۆ لێکۆڵینەوە، وتیشی: "ئێمە ئەچینە شوێنی ڕوداوەکە و بەڵگەی تەواو کۆدەکەینەوە و بە دوای دۆزینەوەی تاوانبار دەکەوین".

ئاماژەی بەوەشکرد، لە حاڵەتی خۆکوشتنی ژنانیش هەمان ڕێکار دەگرنەبەر، بۆ نمونە کاتیک ژنێک لە ڕێگەی خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت، بێ ئەوەی خێزانەکەی سکاڵا تۆمار بکەن پۆلیس خۆی هەڵدەستێت بە بەدواداچوون و لیکۆڵینەوە تا بزانرێت چ هۆکارێک بووەتە هۆی ئەوەی ژنیک کۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنێت.

 

"لێکۆڵینەوەی تەواو دەکەین بەڵام خێزانەکان هاوکار نین"

سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بۆ ژنها وتی: "کاتێک ژنێک دەکوژرێت ئێمە وەک پۆلیس ڕاستەوخۆ دەچینە شوێنی ڕووداوەکە، تاوانی کوشتن بە بێ بوونی سکاڵاش دەبێت لێکۆڵینەوەی بۆ بکرێت تا ئەو کاتەی تاوانبار ڕادەستی دادگا دەکرێت".

دەربارەی ڕێکارەکانیان لە حاڵەتی خۆکوشنی ژنێک ئەگەر سکاڵا تۆمار نەکرابێت، سەرکەوت ئەحمەد ڕایگەیاند، لەو حاڵەتەدا داواکاری گشتی دەبێت هەستێت بە کاری خۆیی و ئەو داوا دەکات کە پۆلیس لێکۆڵینەوە بکات، کە گومان هەیە لە خۆکوشتنی ژنێک زۆر کات دەگاتە هەڵدانەوەی گۆڕی ژنەکە و پشکنینی تەواو دەکرێت لەوەی ئایا خۆی کوشتووە یاخود کوژراوە.

سەرکەوت ئەحمەد ئەو کەیسانەی خستەروو کە بێ بوونی سکاڵا پۆلیس ناتوانێت لێکۆڵینەوەیان تیدا بکات و وتی: "تاوانی بچووک هەن وەک جنێودان و شەڕی ئاسایی و بوختان کردن و هتد، ئەمانە هەتا سکاڵا تۆمار نەکرێت لە لایەن کەسێکەوە پۆلیسی ناتوانێت ڕێکار بگرێتەبەر، بەلام کاتێک سکاڵا تمار دەکرێت بۆ ئەو حاڵەتانەش بەدواداچوون دەکەین".