پەخشان زەنگەنە: لە هەر تەنگەژەیەکدا گەورەترین زیان بەر دۆزی ژنان دەکەوێت

پەخشان زەنگەنە، ئەمینداری پێشوی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمانی هەرێمی کوردستان،پێی وایە قەیرانی دارایی و کێشە و تەنگەژە سیاسی و ئابورییەکان کاریگەریی ڕاستەخۆ دەکەنە سەر دۆزی ژنان، هەمیشە لە کاتی هاتنە ئارای هەر کێشەیەک زۆرترین زیان بەر ژنان دەکەوێت.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان تا دێت لە تەواوی جیهاندا بەرەو زیادبوون دەچێت، بەپێی ئەو ئامارانەی لە جیهاندا بڵاودەکرێتەوە، ساڵانە لە جیهاندا نزیکەی ٩٠ هەزار ژن دەکوژرێن، زیاتر لە پێنج هەزارییان بە بیانووی شەرەف دەکوژرێن.

 

لەگەڵ پەیدابوونی هەر دۆخێکی سەختدا لە وڵاتاندا، ئەوا ڕێژەی توندتیژییەکان بەرامبەر ژنان زیاتر دەبێت، ئەوەش بە تەواوی لەکاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڤید ١٩ بە تەواوی دەرکەوت،  کە لە ماوەی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنادا زیاتر لە ٢٤٣ ملیۆن ژن لە جیهاندا ڕووبەڕووی توندوتیژی و دەستدرێژی سێکسی بوونەتەوە.

 

لە هەرێمی کوردستانیشدا هاوشێوەی وڵاتانی جیهان توندوتیژیەکان بەرامبەر ژنان زیادییان کرد، هەرچەندە بەهۆی کەرەنتینەوە ژنان نەیانتوانیووە بچنە نوسینگەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و سکاڵا تۆماربکەن، بۆیە ئامارەکان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیان کردووە، بەڵام بەپێی وتەی ڕێکخراوەکان و چالاکوانانی بواری ژنان توندوتیژییەکان زۆر زیادییان کردووە بەڵام تۆمارنەکراون.

 

پەخشان زەنگەنە، ئەمینداری پێشوی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمانی هەرێمی کوردستان، باس لەوەدەکات کە توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان بەردەوام ڕوو لە هەڵکشانە، بەتایبەت لەکاتی هاتنە ئارایی هەر کێشە و قەیرانێکەوە دۆخی ژنان زیاتر سەختتر دەبێت، یەکێک لەوانەش پەتای کۆرۆنایە.

 

دەڵێت: "لەسەر ئاستی جیهان کەرەنتین و پەتای کۆرۆنا، زەربەی یەکەمی لە ژندا، کە خاوەن کارەکان خەڵکیان دەناردە ماڵەوە، ژمارەی کارمەند کەم دەکرایەوە"، باس لەوەدەشدەکات کە دۆخەکە بۆ ژنانی کۆمەڵگای ئێمە زۆر سەختتر بووە، کاری کردووەتە سەر ناو ماڵ و پەیوەندییە خێزانییەکان.

 

پەخشان زەنگەنە ئەوەش ڕووندەکاتەوە، نەک تەنها پەتای کۆرۆنا بەڵکو لە کاتی هاتنە ئارای هەر کێشەیەکەوە زەرەرمەندی یەکەم ژنانن، جا کێشەکە ئابوری، سیاسی یاخود کۆمەڵایەتی بێت، زیانی یەکەم بەر بەرنامە و پلانەکانی بەهێزکردنی بارودۆخی ژنان دەکەوێت.

 

پەخشان زەنگەنە، ئاشکرای دەکات کە بەهۆی قەیرانی دارایی و کێشە ئابورییەکان چەندین پڕۆژە کە سودی زۆری بۆ ژنان هەبووە ڕاگیراون، زۆرینەیان بچوککراونەتەوە بۆ چەند بابەتێکی دیکە.

 

یەکێک لەو پڕۆژانەی باسی کرد، پڕۆژەیەک بووە بۆ بەرەوپێشردبی تواناکانی ژنانی گوندنشینەکان، کە ژنانی فێری خوێندن و کاری کشتوکاڵ و تەنانەت لێخوڕینی تراکتۆریش دەکرد، پلان هەبووە لە کۆتایدا هەرەوەزییەکی گەورە لە بواری کشتوکاڵدا بکرێت، چەندین وەزارەت بەشداری پڕۆژەکە بوون، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە پڕۆژەکە کە لە سێ قۆناغ پێکهاتووە، تەواو نەکراوە.

 

یەکێکی دیکە لەو پڕۆژانەی کە باسی لێوەکرد، پڕۆژەیەکی پەروەردەیی بووە لە وەزارەتی پەروەردەوە، کە چەندین کۆنفڕانس ئەنجامدرا، ئەزموونی چەند وڵاتێکی جیاوازیش وەرگیرا، تا وردبینی بۆ پڕۆگرامی خوێندن و سیستمی خوێندن بکرێت لەپێناو باشکردنی سیستمی پەروەردە و ڕۆڵی ژنان بەڵام ئەوەش بەهۆی قەیرانی داراییەوە وەستا.

 

لە کۆتایشدا پەخشان زەنگەنە ئەوە دەخاتەڕوو، کە نەبوونی پارە پڕۆژەکان دەوەستێنێت، لە کاتێکدا پارە نەبێت ناتواندرێت پڕۆژە هۆشیاری و پەروەردەییەکان پەرەییان پێبدرێت، دەشڵێت: "بە تایبەت لەم جۆرە کۆمەڵگایانەی  ئێمە، کە پێویستمان بە بەرنامەی تایبەت بۆ بەهێزکردنی دۆخی ژنان هەیە، لە ڕووی ماف و پێگەیان و بەشدارییان، چونکە لە هەر تەنگەژەیەکدا ژنان دەبنە قوربانی دۆخی ئابوری و دارایی".