پانۆرامای ٢٠٢٣؛ لە سووریا ژنانی سوەیدا پێشەنگایەتی گۆڕانکاری دەکەن

گەلی سووریا لەناو قەیرانێکی فرەڕەهەنددا کە هەوڵدەدات لەناویان ببات لە خەباتدان بۆ مانەوە و شکۆمەندی و کۆتایی بە ساڵێکی دیکە دەهێنن و ژنان دەبنە سەربازێکی نەناسراو لە جەنگی ژیانی ڕۆژانەدا.

ناوەندی هەواڵ

 

بارودۆخی سووریا جێی نیگەرانییە، چونکە لە ساڵی ٢٠٢٣دا گۆڕانکارییەکی کەم بەسەر سورییەکاندا هاتووە بەگشتی و مافەکانی ژنان هێشتا ئەو کێشەیەیە کە هیچ کەسێک لە ژیاندا یان لە هەوڵەکانی ئاشتیدا کە نزیکەی ١٣ ساڵە شکستی هێناوە گرنگی پێنەداوە.

 

ساڵی ٢٠٢٣ لە زۆربەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی شام و بەتایبەتی دەرعا پێکدادانی ئەمنی بەخۆیەوە بینی و زۆرێک لەو قەیرانانەی کە خەڵکی سووریا ئەزموونی دەکەن گەورەترین بارگرانی خۆیان دەخەنە سەر ئەو ژنانەی کە باری ژیانیان هەڵگرتووە، دەستپێکردن بە بڕینی کارەبا کە دەگاتە ٢٠ کاتژمێر لە ڕۆژێکدا و زیاتر، یان بە لابردنی کۆمەکی خۆراک و نەبوونی نەوت بۆ هەزاران خێزان.

 

بەهۆی کەمکردنەوەی مووچە دەستلەکارکیشانەوە زیادی کرد

کارەکانی حکومەت بوون بە بارگرانی لەسەر فەرمانبەران و داهات و مووچەی مانگانە کەمیکرد، هەروەها قەیرانی گواستنەوە سەریهەڵداو، ژمارەی دەست لەکارکێشانەوەکان لە شام و گوندەکاندا لە ماوەی تەنها شەش مانگدا گەیشتە نزیکەی هەزارو ٨٠٠ کرێکار، کە زۆربەیان لە کەرتی تەندروستی و خزمەتگوزارین و ئەمانە لەو بەشانەیە کە بارودۆخی کارکردنیان پێویستی بە پابەندبوون بە کاتژمێرەکانی کارکردن هەیە، لە تەرتۆس لە نیوەی یەکەمی ساڵدا ژمارەی دەست لەکارکێشانەوەکان گەیشتە نزیکەی هەزارو ٢٠٠ کەس.

 

لە کاتێکدا کە وڵاتەکە پێویستی بە بنیادنانەوە هەیە، کەرتی شار بەهۆی دوو هێندەبوونی نرخی کەرەستەی بیناسازی دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیووە و زۆرێک لە گەڕەکەکان و تەنانەت تەواوی شارەکان هێشتا وێرانن، لەوانە گەڕەکەکانی حومس، کەرەم ئەلزەیتون و بابا عەمرو.

لەگەڵ خراپبوونی بارودۆخی ئابووریدا، شاری حەلەب ناوەندی سەرەکی ئابووری لە سووریا گۆڕی، لە بڕبڕەی پشتی گەشەپێدانی ئابوورییەوە بۆ شارێکی بێبەرهەم، زۆربەی دوکانەکان داخران، لەبەر چەند هۆکارێک، لە خراپبوونی ئابووری وڵاتەکەوە بۆ سەپاندنی باج لەلایەن حکومەتی شامەوە، کە دەگاتە ١٥ ملیۆن لیرەی سووری لەسەر هەر دوکانێک.

 

کارەساتی بوومەلەرزەکەی مانگی شوبات کاریگەری لەسەر سوورییەکان هەبوو، ئەم کارەساتەی کە زیاتر لە ٥٠ هەزار کەس لە سووریا و باکووری کوردستان و تورکیا گیانیان لەدەستدا، هەروەها زۆرێک لە لایەنەکان ئەو هاوکارییانەیان تاڵان کرد کە بۆ خەڵکی زیانلێکەوتوو دابینکرابوو، تەنانەت بەبێ شەرمەزاری لەسەر شەقامەکان و کۆگاکان فرۆشتیان.

 

بۆ ماوەی ١١ ساڵە خەڵکی خالیدیە لە حومس ڕێگەیان پێنەدراوە بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکە دوای ئەوەی دانیشتووانەکەی لە سەرەتای ساڵی ٢٠١١دا لایەنگری ڕیزەکانی بزووتنەوەی گەل بوون و داوای ڕووخانی ڕژێمیان دەکرد و زیاتر لە ٥ هەزار کەسیش لەو گوندەوە ئاوارە بوون کە دەکەوێتە نزیک گەڕەکی حومس-تەرتۆس.

 

بارودۆخی خزمەتگوزاری لە شام کە کۆنترین پایتەختی مێژووە خراپترینە، شەقامە تاریکەکان، هاوین بەبێ کارەبا، زستان بەبێ سووتەمەنی و خێزانەکان کە کەس نازانێت چۆن لەژێر قەیرانێکی سیاسی و ئابووری خنکێنەر و گەندەڵیدا بژین و تەنانەت ناتوانن توڕەیی خۆیان لە بارودۆخەکە دەرببڕن.

 

شکاندنی سیستمی ڕەوشتی

قەیرانەکانی وڵاتەکە بوونەتە هۆی گۆڕانکاری نەرێنی لە کۆمەڵگەی سووریا و کردارە خراپەکانی خراپتر کردووە کە ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر خێزان و ژنان هەیە، فشاری دەروونی و بێکاری وای لە زۆر کەس کردووە بەشداری لە کردەوەی تاوانکاری و ناڕەوایی وەک هەراسانکردن و لەشفرۆشی و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەرو توندوتیژی دژی ژنان بکەن.

 

لە ئەنجامی نەبوونی دادپەروەریدا، ٢٣٨ کوشتنی بەمەبەست ڕوویدا کە ٥٢یان ژن بوون، ٢٣شیان منداڵ بوون ، هەندێکیان بەهۆی توندوتیژی خێزانی یان دزییەوە بوون، هەندێکی دیکەشیان هۆکار و پاڵنەرەکانیان هێشتا نەزاندراون، لە ئەنجامی پاشماوەکانی جەنگدا ١٩٥ کەس کوژران، ٢٣٩ کەس برینداربوون.

 

خۆکوشتن زیادی کرد، بۆیە ژنێکی تەمەن ٢١ ساڵ لە گەڕەکی سوککاری لە حەلەب خۆی هەڵواسی و ژنێکی گەنجی دیکە لە گەڕەکی حەلەبی نوێ کە تەمەنی ٣٠ ساڵان بوو بە هەمان شێوە خۆی کوشت و پەرستارێک لە حەما کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا و ژنێکی تەمەن ١٥ساڵ بڕیاری کۆتایی هێنان بە ژیانی خۆی دا و ژنێکی گەنجی ١٣ ساڵیش لە تەرتۆس خۆی کوشت، هەروەها خەمسینیە لە گوندی ئەلباسەی لازقیە خۆی کوشت.

 

ژنێکی خەڵکی گوندی مەریعیە لە ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور دوای زیاتر لە ١٠ ساڵ لە دەستگیرکردنی، لە ژێر ئەشکەنجەیەکی دڕندانەدا لەناو زیندانی فەڵەستین لە شامی پایتەخت کوژرا.

 

ژنێکی خەڵکی شارۆچکەی شەمیتیە لە ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور. کاتێک هەوڵیدا بگاتە خاکی لوبنان بۆ گەڕان بەدوای پەناگەیەکی پارێزراودا کوژرا و منداڵەکەی بریندار کرا.

 

هەروەها ڕێژەی جیابوونەوە لە سووریا لەم ساڵانەی دواییدا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە تا ئەو ئاستەی کە ڕێژەی جیابوونەوە نزیکە لە هاوسەرگیری، لە کاتێکدا دوایین ئامارە فەرمییەکان ئەوەیان ئاشکرا کردووە کە هەر ٢٩ هەزار هاوسەرگیرییەک هاوتایە لەگەڵ ١١ هەزار جیابوونەوەدا.

 

بەکرێگیراو خەڵک دەچەوسێنێتەوە

لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمدا، تۆپخانەکان لە شوێنەکانی ژێر کۆنترۆڵی بەکرێگیراوانی بەرەی ئازادی نیشتمانی لە شارۆچکەکانی نوبل و زەهرا لە حەلەب تۆپیان هاویشت، هەروەها نارنجۆک و موشەک لە ناوچە نیشتەجێبووەکان کەوتنە خوارەو زیاتر لە ١٠ کەس بریندار بوون و ژنێک بەهۆی برینەکانیەوە گیانی لەدەستدا.

 

ژمارەی گیان لەدەستدان بەهۆی هێرشەکانی بەکرێگیراوانی بارەگای ئازادی شام "پێشتر نوسرە" گەیشتە ٢١ هاوڵاتی مەدەنی، بەهۆی بۆردومانکردنی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی شام لە حەما ١٣ کەس گیانیان لەدەستدا کە ٧یان منداڵ و سێیان ژن بوون و لە  ڕۆژئاوای حەلەب ٥ کەس کە دوو ژن و دوو منداڵ و پیاوێک بوون گیانیان لەدەستدا.

 

خۆپیشاندانی نوێ

لە ١٠ی ئابدا، خەڵک لە گوندی بسایسینی جەبلە خۆپیشاندانێکیان بەهۆی کارەساتباری ژیان و بارودۆخی ئابووری ئەنجامدا، بەڵام دەزگا ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر شوێنەکە و هەڵمەتێکی دەستگیرکردنیان ئەنجامدا، یەکێک لەو هێرشانە بۆ گەنجێک بوو کە لەبەردەم چاوی دایکیدا لێیدرا، تۆمەتبارکرا بە هاندانی خۆپیشاندان دژی "دەوڵەت و سەرۆکی ڕژێم".

 

کاریگەری نەرێنی لەسەر منداڵان

لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣دا، یونیسێف هۆشداری دا کە چەندین ساڵ لە جەنگ و بوومەلەرزە بووەتە هۆی ئەوەئ ملیۆنان منداڵ لە سووریا رووبەڕووی مەترسی بەدخۆراکی زیاتر ببنەوە، هەروەها مەزەندە دەکرێت کە زیاتر لە ٦٠٩ هەزارو ٩٠٠  منداڵی خوار تەمەن پێنج ساڵان دوای بەرزبوونەوەی نرخی شیر و بەرهەمە شیرییەکان مەترسییان لەسەرە.

 

منداڵانی کارکەر و وازهێنان لە خوێندنگە لە زیادبووندایە، منداڵان خێزانەکانیان پاڵیان پێوە دەنێن بۆ ئەوەی لە زبڵ و خاشاکدا کاربکەن و باری گەورەتر لە تەمەنی خۆیان هەڵبگرن، بەڵام هیچ ئامارێکی نوێ لەم بارەیەوە نییە.

 

یونیسێف پشتڕاستیکردەوە، زیاتر ٨٠%ی منداڵان بەهۆی جەنگەوە زیانیان بەرکەوتووە و نزیکەی دوو ملیۆن منداڵی پەنابەر پێویستیان بە پاڵپشتی دەروونی و چارەسەری دەروونی هەیە،

 

بزووتنەوەی ١٠ی ئاب

هاوکات لەگەڵ خۆپیشاندانەکان لە چەند شارێکدا، هاشتاگی "١٠ی ئاب" لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا سەریهەڵدا، خۆی بە کۆمەڵێک ژن و پیاوی گەنج پێناسە دەکات کە تەنها دڵسۆزی سووریان و هەوڵی گۆڕانکاری سیاسی و کۆمەڵایەتی ئاشتیانە دەدەن، یەکێک لە داواکارییە دیارەکانی بزووتنەوەکە، بەرزکردنەوەی مووچەی فەرمانبەران، گەڕاندنەوەی کارەبا بە ڕێژەی ٢٠ کاتژمێر لە ڕۆژێکدا بۆ هەموو خاکی سووریا، گەڕاندنەوەی کۆمەکی نان و سووتەمەنی، ئازادکردنی هەموو ژنان و منداڵانی دەستگیرکراو و هەموو زیندانییە سیاسییەکان و دەرکردنی یاسایەک کە مسۆگەری ڕاگرتنی تەواوی فرۆشتنی موڵکی وڵاتەکە دەکات بە کەرتی تایبەتی بیانی.

 

ژنانی سوەیدا پێشەنگایەتی گۆڕانکاری دەکەن

سوەیدا خۆی لەو خۆپیشاندانانە دوور نەخستەوە کە لە ساڵی ٢٠١١ەوە وڵاتەکەیان گرتووەتەوە، خێزانەکانی دروزی بە پەرۆشن کوڕەکانیان نەنێرن بۆ ئەوەی بچنە پاڵ هێزەکانی سووریا بۆ ئەوەی دەستیان بە خوێنی براکانیان سوور نەبێت و چەندین خۆپیشاندان لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ ڕوویدا و ئیدانەی کوشتنی وەحید بەلوس، پێشەنگی ئاینی دروزی کرد و حکومەتی شامیان تۆمەتبارکرد بە تیرۆرکردنی، بەڵام خۆپیشاندانەکان دواتر کەمبوونەوە و چەند جارێک لە ساڵانی ٢٠٢٠ و ٢٠٢٢ بەهۆی خراپبوونی دۆخی ژیان نوێکرایەوە.

 

لە ١٧ی ئابی ٢٠٢٣ەوە خۆپیشاندانی خەڵک دەستیپێکردووە بەهۆی خراپبوونی بارودۆخی ژیان و بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەژاری لە دروز بە تایبەتی ژنان بەشدارییان لەو خۆپیشاندانانەدا کردووە کە داوای ڕووخانی ڕژێم دەکەن، ژنان توڕەیی خۆیان لە بەردەوامبوونی قەیرانی سووریا دەربڕی و جەختیان لەوە کردەوە کە دەنگی گەدەی برسی لە دەنگی چەکەکان بەرزترە، دژی دەستگیرکردنی هەڕەمەکی و بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە شارەکەدا دەنگیان بەرز کردەوە.

 

ژنان هەموو ڕۆژێک بەبێ ماندووبوون لە گۆڕەپانی کەرەمە کۆدەبنەوە بۆ داواکردنی جێبەجێکردنی بڕیاری ٢٢٥٤ی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕووخاندنی ڕژێم و بەدیهێنانی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ بەتایبەتی مافی ژنان، خۆپیشاندەران جەختیان لەوە کردەوە کە ژنان وەک بەشێکی تەواوی کۆمەڵگە بەشدارییان لە بزووتنەوەکەدا کردووە و داواکارییەکانیان هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ داواکارییەکانی ئەندامانی دیکەی بزووتنەوەکەدا نییە و ژنان لقی زەیتوونیان هەڵگرتووە و ٧٠%ی خۆپیشاندەران لە گۆڕەپانی کەرەمە پێکدەهێنن.

 

بنەماڵەی دەستگیرکراوەکان و دایکان بەشدارییان کرد لە ئاشکراکردنی ئەو فشارە دەروونییەی کە لە ئەنجامی ونبوونی منداڵەکانیان و قەیرانی دارایی ڕووبەڕووی بوونەتەوە بۆ ئەوەی چارەنووسیان ئاشکرا بکەن و داوایان کرد کە حکومەتی شام بەرپرسیار بکرێت و دەستگیرکراوان بەبێ مەرج ئازاد بکرێن.

 

لە ١٢ی کانوونی یەکەم، خۆپیشاندەران باڵەخانەی بەعسیان لە شارۆچکەی کەفر لە سوەیدا داخست، لە ١٨ی کانوونی یەکەمدا خۆپیشاندەران بارەگای حیزبی بەعسیان لە گوندی مەشوقوک لە باشوور داخست.

 

لە ٢١ی ئابدا، ئەنجومەنی سوریای دیموکراتیک پشتیوانی خۆی بۆ خۆپیشاندانەکان دەربڕی و داوای لە خەڵکی سوەیدا کرد نەکەونە ناو دروشمە تایەفەییەکانەوە کە لە ئاداری ٢٠١١ەوە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی لە ڕێگای نەتەوەیی خۆی لاداوە.

 

لە ٤ی ئەیلوولدا، ئەنجومەنی ژنانی پارتی سووریای ئایندە لە ڕەققە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کۆبوونەوەیەکی هاوکارییان ڕێکخست بە ناونیشانی "بە ڕۆحی بەرخۆدانی ژنانی سوەیدا و دەرعا، ئازادی و دیموکراسی و سووریای داهاتوو بەدەست دەهێنین" و لە ١٣ی ئەیلوول نوسینگەی ژنانی ئەنجومەنی سووریای دیموکراتیک لە شاری حەسەکە بە بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی ڕێکخراوەکانی ژنان هەڵوێستێکی هاوکارییان لەگەڵ ژنانی سوەیدا ڕێکخست.

 

دەرعاو خەونی گۆڕانی هەتا هەتایی

شۆڕشەکە لە سوورییەکان دزرا دوای ئەوەی گفتوگۆی تایەفەیی سەریهەڵدا و ئیسلامی سیاسی چووە ناو هێڵی گۆڕانکاریەوە کە سوورییەکان تەنانەت نەیاندەویست خەون بەوەوە ببینن، بەڵام خەونەکانیان گەڕاندەوە بۆ ژیان و وایکرد هەموو سوورییەکان چارەسەرێک بۆ قەیرانی سووریا و ئەو بارودۆخە سەختەی لە ساڵی ٢٠١١ەوە بوونی هەیە بدۆزنەوە.

 

سەرەڕای بڵاوبوونەوەی خاڵەکانی پشکنین لە هاتوچۆی گوند و شارۆچکەکان و ناوەندە ئەمنییەکان و خاڵەکانی ئاسایش لە زۆربەی ناوچەکاندا، داواکارییەکان بۆ گۆڕانکاری سیاسی بە دروشمی "ڕووخاندنی ڕژێم" زیادی کردو هاوکات بوو لەگەڵ بزووتنەوەی گەل لە سوەیدا و لە ئەنجامی مامەڵەی دەزگا ئەمنییەکان لەگەڵ خۆپیشاندەراندا و کوشتنی چالاکوانان، دوای دوو مانگ پێیان باشترە کە بزووتنەوەکەیان بەشەو خۆپیشاندان بکەن.

 

سروشتی کۆمەڵگە لە دەرعا بە شێوەیەکی بەرچاو جیاوازە لە سوەیدا و جگە لە دەسەڵاتی ئەمنی بەسەر شارەکەد، هۆشیاری پیاوسالاری زاڵە بەسەر ژیانی ژناندا، بۆیە بوونی ژنان لە خۆپیشاندانەکاندا دیار نەبوو بەهۆی ترسی دەستگیرکردنی خۆپیشاندەران و ئەو شەرمەزارییەی بەسەر خێزانەکاندا هات دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١١ ڕوویدا و پێشێلکارییەکانی دژی ژنانی دەستگیرکراو زیادیان کرد، خێزانەکان زۆر دەترسن لە دەستگیرکردنی کچەکانیان.

 

لە ماوەی مانگی ڕەمەزاندا چەندین دەستپێشخەری دامەزرا بۆ یارمەتی خێزانە هەژارەکان بەهۆی خراپبوونی بارودۆخی ئابوورییەوە، ئەم دەستپێشخەرییانە هەندێک خۆراکی بنەڕەتی دابین کرد، لەوانە "سەبەتەی خۆراکی فەزعە" لە شارۆچکەی ئوم مەیادین بۆ کۆکردنەوەی بەخشین لەو کەسانەی کە لە ناوەوە و دەرەوەی شارۆچکەکەن، هەروەها ٦٣٠  سەبەتەی خۆراک دابەشکراوە.

 

هەروەها هەڵمەتێک بۆ دابەشکردنی نان بە خۆڕایی لە شاری بەسڕا شام بە درێژایی مانگی ڕەمەزان و دانەوەی قەرزەکانی هەژاران لە زۆرێک لە دەرمانخانە و دوکانەکان بەڕێوەچوو، دەستپێشخەری بۆ لەخۆگرتنی منداڵانی بێ باوک و پشتیوانیکردنی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان بە بڕێک پارە و لە شارۆچکەی مەعەرەبە دامەزرا.

 

لەگەڵ ئەمانەدا بێ یاسایی لە دەرعا گەیشتە لوتکەی خۆی و خێزانەکان بەردەوام بوون لە پابەندبوون بە میراتی کۆمەڵایەتی کۆنیان لە توندوتیژی و کوشتن دژی ژنان لە شاری تەفس لە ڕۆژئاوا، ژنێکی گەنج لە تەمەنی ٣٠ ساڵیدا لەلایەن برازای هاوژینەکەیەوە لەژێر ناوی "کوشتنی شەرەف"، کوژرا، ژنێکی گەنجی ٢٠ سالان لە شارۆچکەی مەعارەبا لە ڕۆژهەڵات کوژرا، ژنێکی دیکە لە لایەن هاوژینەکەیەوە لە شارۆچکەی دایل لە باکووری دەرعا کوژرا، گەنجێک کوژرا و ژن و پیاوێکی گەنج برینداربوون بەهۆی ناکۆکییەک لە نێوان دوو خێزان لە گوندی جەدال.

 

ڕفاندن زیادی کرد منداڵێکی کچی تەمەن ١٠ ساڵ لە شاری نەوە لە دەرعای ڕۆژئاوا دوای ئەوەی قوتابخانەی بەجێهێشت ڕفێندرا، چەتەیەکی چەکدار ژنێکی گەنجی لە شارۆچکەی دایل ڕفاند و داوایان لە خێزانەکەی کرد پارە بدەن بۆ ڕزگارکردنی.

 

ژمارەی هێرشەکان لە دەرعا لە لە سەرەتای سالەوە بەپێی بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی چاودێری سووریا، گەیشتووەتە ٤٢٥ ڕووداو، ئاڵۆزی ئەمنی بووە هۆی کوژرانی ٣٤١ کەس، لەناویاندا ١٢١ هاوڵاتی مەدەنی هەبوون کە ٦یان ژن و ٦یان منداڵ بوون.