پانۆڕاما، برەودان بە کلتور و هونەر بەشێکی چالاکییەکانی ساڵ بوو

سەڕەرایی ململانێکان و هێرشە داگیرکارییەکان لە باشووری کوردستان چەندین، چالاکی کلتوری و هونەری بەڕێوەچوو، لە ئاستی وەرزشیشدا ژنان پلەی باڵایان بەدەستهێنا و بەشداری خولەکان بوون.

 

لاڤین مەحمود

ناوەندی هەواڵ- هەشتەمین ڤیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆک بە بەشداری ٩٤ فیلمی ٣٠ وڵاتی جیاواز بەڕێوەچوو، تێیدا ٤٥ فیلمی کوردی نمایشکرا.

 

١٣ی کانوونی دووەم،  لە کارگەی جگەرەکەی شاری سلێمانی بە سەرپەرشتی ژنۆلۆژی چالاکییەکی هونەری بۆ رۆژنامەنووس و هونەرمەندی دیاری باکوری کوردستان زەهرا دۆغان بە ناونیشانی "شیوەنی خاک" ڕێکخست، دژی ژن کوشتن و بنپێ خستنی مافەکانیان، تابلۆ و نمایشی شانۆی بەشێک بوون لە چالاکیەکە.

 

٢٧ی ئادار، بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندان ڕۆژی جیهانی شانۆ بەرز ڕاگیرا، شانۆکارانیش باسیان لە هۆکاری کەمی شانۆ و ئاستەنگەکانی بەردەمیان کرد، بۆ ئەم ساڵیش وتاری ڕۆژی جیهانی شانۆ لەلایەن ژنێکەوە نوسرابوو.

 

ژنانی گەنجی تێکۆشەر بە دروشمی "مێژوو لەمرۆدا شاراوەیە" گەشتێکیان بۆ شوێنەوارە مێژوویەکانی کەلار و کفری ڕێکخست و سەردانی هەریەک لە مۆزەخانەی کەلار، قەڵای شێروانە، بازاڕی قەیسەری مێژوویی و کاروان سەرای کفری، کۆشکی مەجید پاشا، دەروازەی کۆنی شار و سەرای کفر ئاسیاوی قازییان کرد.

 

لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهاردا چەندین چالاکی جۆراوجۆر بەڕێوەچوون، ٢٠ی ئازاردا لە شارەدێی عەبابەیلێ بە ئامادەبوونی پارێزگاری هەڵەبجە، پارێزگاری سلێمانی، سەرۆکی شارەوانی و قایمقامی ناوەندی پارێزگاری هەڵەبجە و ژمارەیەکی زۆر لە میوانان و دانیشتوانی هەڵەبجە، دووەمین ڤیستیڤاڵی عەبابەیلێ بە دروشمی "مەیلێ بۆ عەواوەیلێ" بەڕێوەچوو.

 

لە ئاهەنگی نەورۆزی بناری قەندیل ژنانی کورد بە جلوبەرگی کوردی ئاڵوواڵاوە بەشدارییان کرد، هەڵدەپەڕین و دڵخۆشی خۆیان دەردەبڕی، هیواییان بۆ ئازادی کوردستان و یەک پارچەیی کوردستان دەخواست.لەلایەکی دیکەوە هونەرمەندانیش بەشداریان کرد و پیرۆزبای نەورۆزیان کرد ، وە داوای یەکگرتووی و یەک هەڵوێستیشیان کرد.

 

هونەر وەک بوارێکی فرە ڕەهەند و بەربڵاو

لە پێشەنگایەکی هونەریدا لە شارۆچکەی دەربەندیخان تابلۆکانی ژنانی گەنج نمایشکران و خەڵات بەخشرایە ژنانی لێهاتووی بواری وەرزش، بە ژەنینی چەند پارچە موزیکیکی فۆلکلۆر پێشەنگاکە کۆتایی پێهات.

 

ئەم چالاکیانە تەنها هاوڵاتیانی باشوری کوردستانی نەدەگرتەوە، بەڵکو ئەو پەنابەرە نیپاڵیانەی کە لەبەر بێکاری و خراپی بژێوی ژیانیان وڵاتی خۆیان بەجێهێشتوە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن جەژنی سۆنام لۆسەری تایبەت بەخۆیان لە ١٢ی شوباتدا، پیرۆزکرد.

 

فێستیڤاڵی گەلاوێژ بۆ ئەمساڵیش ٢٤ هەمین ڤیستیڤاڵی خۆی ئەنجامدا، بە بەشداری ژمارەیەک لە ئەدیبان، نوسەران، هونەرمەندان و کەسایەتییە سیاسییەکان، چەندین بەرهەمی هونەری وەک هۆنراوە و میوزیک پێشکەشکران، ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام بوو.

 

لەگەڵ ئەو چالاکیانەدا هێرشە داگیرکارییەکان بەردەوامیان هەبوو، بەڵام ئەمە هیچ کات نەیتوانی ژنان لە هونەر سارد بکەنەوە، سازان ئەکبەر خوێندکارێکی گەنجی شارۆچکەی دەربەندیخان، لە ڕێگەی کارێکی دیواربەندییەوە تابلۆی سەر دیواری ژنە شەڕڤانێک دەکێشێت، کە لەو تابلۆیەیدا وێنەی کەسایەتی  ژنی کورد لە هونەر و جەنگدا نیشاندەدات، سازان دەڵێت

ئێمە چاوەڕێین لە داهاتوویەکی نزیکدا لە کوردستانێکی ئازاددا کە لە سەر دەستی ژن بە بیر و هزرێکی ژنانەوە ئازاد کراوە، بژین.

 

سێ ژن لە سێ نەتەوەی جیاواز کورد، عەرەب و فارس کاری دەستی خۆیان لە پێشانگایەکی تایبەت بە کاری دەستی نمایشکرد، کە هەریەکەیان کەلتورێکی جیاواز لەخۆ دەگرێت.

 

هاوکات لە شارۆچکەی شارەزوور "گروپی دەستڕەنگینی خانمانی شارەزوور" ژنانی شارۆچکەکەی لە ئێوارەی یەکەم ڕۆژی پایزدا کۆکردەوە و بەرهەمەکانی ١٨ ژنیان  تێدا نمایشکرد، لە پێشەنگایەکی دیکەدا دڕەندەیی و هێرش و بە تاڵانبردنی خاکی کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە نمایشکرا.

 

٢٧ی تشرتنی دووەم، ڕێکخراوی یاسا و ژیان بۆ هۆشیاری، پێشانگایەکی شێوەکارییان بە ناونیشانی "هاوارەکانی ژێر خاک" کردەوە.

 

١٢ی کانوونی دووەم، پێشەنگای هونەری "خۆبوون"، لە گەلەری کەریم چاوشین لەلایەن ئەکادیمیای ژنۆلۆژی لە شاری سلێمانی کرایەوە تێیدا گوزارشت لە بوون و ئازارەکانی ژنان دەکرا و ٧ هونەرمەند بەشداربوون.

 

چالاکییە وەرزشییەکان

هەوڵدانی ژنان بۆ بەرەوپێشبردنی خۆیان و چونە نێو بواری وەرزش لەمساڵدا دەستکەوتێکی گرنگ و کاریگەر بوو سەڕەرایی ئەو جیاکارییە جێندەرییەی کە لەنێو خێزان و کۆمەلگادا دەکرێت بەتایبەت بۆ وەرزشکردن لەلای رەگەزی نێرو مێ، بەڵام بەشێکی زۆری ژنان ڕووبەڕووی ئەو فکرە بوونەتەوە کە رێگەنادات بە ژنان هێز و تواناکانی خۆیان بسەلمێنن.

 

لە کۆتا یاری خولی نایابی فوتساڵی ژنانی کوردستان یانەی خانمانی دهۆک توانیان پلەی یەکەم بەدەستبهێنن و ببنە پاڵەوانی خولەکە هەروەها لەدوای ئەنجامدانی یاریەکی بەهێز لە نێوان یانەی هەولێرو ئافرەتانی هەولێر ژنانی یانەی هەولێر توانیان بۆ جاری دووەم سەرکەوتن بۆ خولی نایابی عێراق بۆ تۆپی دەستی ژنانی عێراق بەدەستبهێنن.

 

لە پاڵوانێتی سەرمێزدا لە ئاستی پێگەیشتوواندا، یانەی پێشمەرگەی کچان بوونە یەکەمی پاڵەوانێتیەکە، لە ئاستی تازە پێگەیشتووانیشدا یانەی ئاشتی بووە پاڵەوانی خولەکە.

 

دووەمین ماراسۆنی نێودەوڵەتی سلێمانی، بە دروشمی "هەموومان وەرزش دەکەین و هیوا دەبەخشین" بەڕێوەچوو، ئامانجیشیان بە کلتور کردنی وەرزشە لە ناو گەنجاندا.

 

هونەری بەرگری کاراتى، هونەرێکە لە ئێستادا خوازیاری فێربوونی زۆر لەسەرە، لە هەڵەبجەش بەهۆی هەبوونی ڕاهێنەری هونەری بەرگرییەوە ژمارەیەکى زۆری کچان ڕووی تێدەکەن.

 

لە مەراسیمێکدا جێگری پارێزگای سلێمانی بەهۆی پاڵەوانبوونیان خەڵاتی ڕێزلێنانی پێشکەشی یانەی ئەفرۆدێتی ژنان کرد، سەرۆکی یانەکەش داوای پاڵپشتی بۆ یانەکەی دەکات.

 

بۆ یەکەمجار ناوەندی وەرزش و لاوانی شارۆچکەی سەیدسادق هەستا بە ئەنجامدانی پاڵەوانێتی کارامە جەستەییەکانی وەرزشی پلانک، سک، قاچ .. بە بەشداری زیاد لە ١٠٠ کچ و کوڕی شارۆچکەکە کە لە نێویاندا زیاد لە ٢٥ کچ لە تەمەنی ٧ تا ٢٠ ساڵی بەشداربوون.

 

پاڵەوانێتی پاسکیلسواری عێراق، بۆ وەرزی ئەمساڵ لە شاری کەربەلا بەڕێوەچوو، تێیدا چەندین یاری و ڕکابەری لەنێوان یانەکانی کچانی عێراق ئەنجامدرا، یانەی کچانی نەورۆز توانیان ڕیزبەندی یەکەم، دووەم و سێیەم بەدەستبهێنن.

 

ت.پ