نەوت لە ڕەحمەتەوە بۆ نەفرەت

سیستەمی نەوت لە هەرێمی کوردستان بۆتە هۆی سوتانی بە دەیان هەزار ژن و بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکانی سی و مێشک، تا ئێستا هاوڵاتیان بە بەرمیل نەوت دەکڕن و لەبەر سۆپای نەوتدا خۆیان گەرم دەکەنەوە.

ناوەندی هەواڵ            

 

عێراق خاوەنی ٧٧ کێڵگەی نەوتییە و دەوڵەمەندترینیان لە شارێکی کوردستانە کە هێشتا هاوڵاتیەکانی کێشەی پەیداکردنی نەوتیان هەیە، سیستەمی نەوت لە هەرێمی کوردستان وەک عێراق بۆتە هۆی سوتانی بە دەیان هەزار ژن و بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکانی سی و مێشک، تا ئێستاش هاوڵاتیان بە بەرمیل نەوت دەکڕن و لەبەر سۆپای نەوتدا خۆیان گەرم دەکەنەوە.

نەوت و غاز سەرچاوەیەکی سروشتییە، لە زۆربەی ولاتانی جیهاندا هەیە و هەرێمی کوردستان وعێراقیش لەم سامانە سروشتییەدا پشکی شیریان بەرکەوتووە، عێراق خاوەنی ١٥٠ ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگە و کوردستانیش خاوەنی ٤٥ ملیار بەرمیل نەوت و ٥ ترلیۆن مەتر سێجا غازی سروشتییە، هەبوونی ئەم دوو بڕە لە سامانی سروشتی وای لە هەرێمی کوردستان کردووە ببێتە یەکێک لە هەرێمە دەوڵەمەندەکانی دونیا و ناوی بچێتە سەر نەخشەی جیهانی و پلەی ١٠  وەربگرێت لە ڕووی دەوڵەمەندی بەو دوو سەرچاوە سروشتییە، هەروەها نەوتی هەرێمی کوردستان لە سەدەی داهاتوشدا بەردەوام دەبێت هەر ئەمەشە وای کردووە کە کۆمپانیا گەورەکانی بواری نەوت لە هەرێمی کوردستان بەرهەمهێنان‌ بکەن لە پیشەسازی نەوتدا، لەبەرئەوەی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە نێوان رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا بۆیە پێگەیەکی ستراتیژی گرنگی هەیە بۆ دابینکرنی وزەی جیهان.

دۆزینەوەی نەوت لە هەرێمی کوردستان لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەوە دەستی پێکرد، بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٢٧ لە شاری کەرکوک لە لایەن کۆمپانیای پیترۆلیۆمی تورکیەوە نەوت دەردەهێنرا، ژمارەی کێڵگە نەوتییە دۆزراوەکانی عێراق ٧٧ کێڵگەیە، سود لە ٣٣ کێلگەیان وەرگیراوە و زۆربەی کێڵگە گرنگەکان دەکەونە پارێزگاکانی کەرکوک، بەسرە، میسان، سەڵاحەدین، بەغداد، دیالە و نەینەوا.

 

نەوت و جەنگەکان

ئەگەر چاوێک بە مێژوودا بخشێنین و لە هۆکاری جەنگەکان قوڵ ببینەوە، دەبینین هۆکاری زۆربەی شەڕ و جەنگەکانی جیهان لە پێناو داگیرکردنی ئەو وڵاتانە بووە کە خاوەنی سامانی سروشتی نەوتن، جەنگی جیهانی یەکەم، شەڕی کوێت و داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە، ئامانجەکەی دەستبەسەر داگرتنی نرخی نەوت و وزەیە لە جیهاندا لە لایەن وڵاتانی زلێهز و داگیرکارەوە، لە ئیستاشدا داهاتی نەوت لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست لە جێگەی ئەوەی بۆ خزمەت کردنی هاڵاتیان بەکار بهێنرێت دەدرێتە چەک و ئامرازەکانی جەنگ، دەبنە هۆکارێک بۆ گەرم کردنی بازاڕی وڵاتانی فرۆشیاری چەک و دووبارە دەبێتەوە هۆکاری کوشتنی هەزاران منداڵ و ژن و لە ناوبردنی چەندین شار و شوێنەوار.

جیاواز لە هەموو ئەمانە نەوت و غاز لە هەموو وڵاتان بۆ دابینکردنی سوتەمەنی رۆژانە بەکاردێت، لە هەرێمی کوردستان بۆتە هۆکاری نەهامەتی بۆ ژنانی کورد چونکە ساڵانە بە سەدان ژن لەلایەن خێزان و بنەماڵەکانیانەوە دەسوتێندرێن و ناچاری سوتان دەکرێن، لە ساڵی ٢٠١٨دا ٢٠١ ژن سوتاون و ناچاری خۆسوتاندن کراون، بەپێی ئاماری ساڵی ٢٠٢٠، زیاتر لە ١٠٠ حاڵەتی خۆسوتان ڕوویداوە، دیارترین ڕووداویش سوتاندنی ژنێک و سێ منداڵەکەی بوو لەلایەن هاوژینەکەیەوە لە ساڵی ٢٠١٨دا.

 

قەیرانی دارایی و بەتاڵانبردنی داهاتی نەوت

کاربەدەستان و دەسەڵاتدرانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەبەر ئەوەی تەنیا پشت بە داهاتی نەوت دەبەستن لە ساڵی ٢٠١٣دا لە ئەنجامی دابەزینی نرخی نەوت لە بازارەکانی جیهاندا هاوڵاتیانی هەرێم و عێراقیان ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی کردەوە و تاکو ئێستاش بەردەوامە، بە هۆی هەرزان فرۆشکردن و بەتاڵان بردن و ناشەفافیەت و شاردنەوەی داهاتی نەوت لەلایەن حیزب و بەرپرسانی حیزب و دەسەڵات، نیعمەتی نەوت بۆتە هۆکاری هەژاری و برسێتی هاوڵاتیان و لە هەر تاکێکی دانیشتوانی ئەم وڵاتە بپرسیت دەڵێت نەوت تەنیا بۆتە هۆکاری وێرانکاریی و برسێتی.

جیاوازی سیستمی نەوت و غاز لە هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دەرەوە

تەمەنی ڕاکردن بە دوای بەرمیلە نەوتەکان هێندەی تەمەنی حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە ماوەی ٢٨ ساڵە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان ڕاکە ڕاکیانە بە دوای بەرمیلی نەوت و بتڵی غازەوە، هەندێک کات چەندین مانگ دابەشکردنی نەوت بەسەر هاوڵاتیاندا دوا دەکەوێت لە وەرزی هاوین نەوتی زستان بەسەر هاوڵاتیان دابەشدەکرێت، کە ئەمەش وا دەکات سەرەڕای قەیرانی دارایی هاوڵاتیان بە بڕە پارەیەکی زۆر نەوت و غاز بکڕن، ئەگەر سیستمی نەوت و گازی وڵاتی ئێران بە نموونە وەر بگرین دەبینین لە یەکێک لە پاڵاوتگە گەورەکانی ئێران بە ناوی پاڵاوتگەی "پارسی باشوور" لە شاری عەسەلویە، گاز دەنێردرێتە پاڵاوتگە بچوکەکانی شارەکانی تری ئێران، هەر یەک لە شارەکانیش سیستمێکی تایبەتی خۆی هەیە کە بە بۆری غاز  بۆ ماڵەکان دەنێرێت، هەر ماڵێکیش بە گوێرەی ژوور و پێویستی غازەکە بە کاردەهێنێت، ئەم سیستمە وایکردووە بەکارهێنانی نەوت کەم ببێتەوە و تەنیا غاز بۆ گەرمکردنەوە بەکاربهێنرێت، وە هۆکارێکیشە بۆ کەم بوونەوەی ڕووداوەکانی سوتاندن و ئاگر کەوتنەوە بە بەراورد بە هەرێمی کوردستان کە لە ماوەی ٩ ساڵدا ٢٦٤٦ ژن تەنها لە شاری سلێانی سوتاون، ١٠٩٠ ژنیش گیانیان لە دەستداوە.

 

زیانە تەندروستییەکانی پاڵاوتگە نەوتییەکان و نەوت بۆ جەستەی مرۆڤ

بە هۆی نەبوونی سیسیتمی گەرمکردنەوە لە ماڵەکاندا، هاوڵاتیان ناچار دەبن سۆپا بەکار بهێنن، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن لە ژوورەکەدا و کاریگەری لەسەر ئەو کەسانە دروستدەکات لە ژوورەکەدان، لە کاتی هەڵمژینی دوانە ئۆکسیدی کاربۆندا لەگەڵ هیمۆگڵۆبینی ناو خوێن یەکدەگرێت، ئەو کەسانەش توشی خەستبوونەوەی خوێن، کۆکە، هەناسە توندی، دابەزینی فشاری خوێن و لە هۆشچوون دەبنەوە، کاریگەری لەسەر سییەکان، دڵ و مێشکیش دروست دەکات، زۆر جاریش بەکارهێنانی زۆپا بۆتە هۆی گیان لەدەستدانی ئەندامانی خێزان، لە ماوەی یەکەم مانگی ساڵی ٢٠٢١دا لە هەرێمی کوردستان و عێراق بە نزیکەی ٨ ماڵ بەهۆی زۆپاوە زیانیان بەرکەوتووە، هەروەها ئەو هاوڵاتیانەی ماڵەکانیان نزیک پاڵاوتگە نەوتییاکانە، پێستیان بەرامبەر ئەو ماددە کیمیایەی لە دوکەڵی پاڵاوتگەکانەوە پەیدا دەبێت هەستیاری لەسەر دروست دەبێت و سیەکانیان ڕیشاڵ ڕیشاڵ دەبێت، زۆرینەشیان توشی نەخۆشی شێرپەنجە دەبن.

 

ت.پ