ناوزڕاندن، دیارترین توندوتیژی بەرامبەر ژنان

بەکارهێنانی نەگونجاوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بووەتە مۆتەکەی کۆمەڵگای کوردی، ٪٨٥ ئەو کێشانەی ڕوودەکاتە یەکێک لە کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکان ناوزڕاندنە، شارەزایانیش هۆکاری ئەم خراپ بەکارهێنانە بۆ نەبوونی هۆشیاری دەگەڕێننەوە.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- ماوەی کەمتر لە دوو دەیەیە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە هەرێمی کوردستان بڵاوبوونەتەوە، لەدوای ساڵی ٢٠١١ەوە بەشکی زۆری هاوڵاتیان بوونە بەکارهێنەر.

لە دوای ئەو بڵاوبوونەوە خێرایە و نەبوونی هۆشیاری پێویست چەندین کێشەی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگادا سەریهەڵدا، ژنانیش زەرەرمەندی یەکەمی ئەو کێشانەبوون، چەندین کێشەی وەک ناوزڕاندن، هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ، گێچەڵی ئەلیکترۆنی و هاککردن.

 

ئەم کێشانە تا دێت بەرەو زیاتر دەچێت، ئێستا وەک شارەزایان و پسپۆڕان باسی دەکەن، ئەگەر چارەسەرێک بۆ کێشەکان نەدۆزرێتەوە، ئەوا کۆمەڵگا بەرەو ئاقارێکی خراپتر لەوەی هەیە دەڕوات، لەو پێناوەشدا ئێستا چەند کۆمپانیایەکی تایبەت بە چارەسەری کێشە تەکنەلۆژییەکان دامەزراوە.

 

کۆمپانیای ئۆنلاین گارد، یەکەمین کۆمپانیای سایبەر سکوریتییە لە هەموو عێراقدا، لە مانگی تەمموزی ساڵی ٢٠٢٠ دامەزراوە، تایبەتە بە چارەسەرکردنی کێشە تەکنەلۆژییەکان، پەیوەندی ڕاستەوخۆی لەگەڵ دادگاکاندا هەیە، بەشێکی کەیسەکانی لە دادگاکانەوە بۆ دەچێت.

ئۆنلاین گارد لە مانگی مانگی ئابدا ئاماری یەک ساڵی کارەکانی بڵاوکردەووە، کە ئەوانیش دۆزینەوەی ٣٥٠ کەسی تاوانبارانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، ١٠٠ کەیسی هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ، ٨٠ کەیسی هاککردنی پەڕە و ئەکاونتی کەسی، ٧٥ کەیسی تێکدانی شیرازەی خێزان، ٥٠ کەیسی ناوزڕاندنی کەسانی ناسراو، ٢٥ کەیسی هەڕەشەی کوشتن، ٢٠ کەیسی دروستکردنی ئەکاونتی ساختە بە ناوی کەسی دیار و داواکردنی پارە.

 

هەروەها لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵدا ١٨ کەیسیان هاتووەتە بەردەست بەپێی کۆتا ئاماریش کە هەر خۆیان لە ١٥ ئەم مانگەدا بڵاویان کردووەتەوە، لە ماوەی یەک هەفتەدا ١٥ کەیسی هاوشێوە هاتووەتە بەردەستیان، کە سەرجەمیان هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆن لە ڕێگای تۆڕی کۆمەڵایەتی سناپچات.

پەیام ئەحمەد، نوێنەری یاسایی و پارێزەر لە کۆمپانیای ئۆنلاین گارد ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، کە بەردەوام سەردانیکەرێکی زۆریان بۆ دێت کە تووشی کێشەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوون، زۆرترین کێشەش ناوزڕاندنە، کە ڕووبەڕووی سەرجەم هاوڵاتیان بە ئامانجی جیاواز دەبێتەوە، لەوانە بەدەستهێنانی پارە و ڕق و تۆڵەکردنەوە.

 

ئاشکرای دەکات، ئێستا بە باند وێنە و ڤیدیۆی کەسەکان دەگرن و دواتر هەڕەشەی ناوزڕاندن و بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆکانیان لێدەکەن، یاخود ئامانجیان تەنها تێکدانی باری دەروونی هیلاککردنی دەروونی ئەو کەسەیە.

 

ئەو پارێزەرە ئاشکرای دەکات، کە زۆرینەی ئەو کەسانەی ڕووبەڕووی ئەو کێشانە دەبنەوە ژنانن و ٪٨٥ کێشەکان ژنان زەرەرمەندنی سەرەکین، "قوربانی زۆرینەی ئەو کەیسانە ژنانە، تا ڕادەیەک پیاوانیش دەگرێتەوە، بەڵام زۆرترینیان ژنانن، بۆیە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چەندێک سوودی هەبووە بۆ ژن، زۆر زیاتر زیانی گەیاندووە بە پێگە و کۆمەلایەتی".

 

زیادبوونی ئەم تاوانانەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێنێتەوە، لەوانە نەبوونی هۆشیاری تاک، نەزانینی بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، بۆشاییەکی زۆر لە ژیانی کەسەکان و بێکاری، ترس و نەگرتنە بەری ڕێگای یاسایی بۆ چارەسەری بنەڕەتی کێشەکان و قوتاربوونی تاوانباران، دەشڵێت "ئەگەر دۆخەکە بەم جۆرە بەردەوام بێت ئەوا کێشەکان زیاتر دەبن و کۆمەڵگا بە ئاقارێکی خراپتردا دەڕوات و شیرازەی خێزان تێکدەچێت."

نیاز محەمەد، سەرۆکی لیژنەی پەروەردە و ڕۆشنبیری و ئەوقاف لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، باس لەوەدەکات ژنان لە کۆمەڵگادا بەکاردەهێندرێن بۆ لێدان لە شەرەفی خێزان و لەکەدارکردنی ناو، لە ڕێگای ژنەوە هەوڵی تۆڵەکردنەوە دەدەن، هەمیشە پیاوان هەوڵدەدەن هەر ژنێک لە هەر پۆستێکدا بێت، کار لەسەر ناوزڕاندن و لەکەدارکردنی ئەو ژنە دەکەن.

 

بە پێویستی دەزانێت کە ئەم کێشەیە کاری زۆری لەسەر بکرێت، چونکە لە کۆتایدا زۆرجار ناوزڕاندن کێشەی زیاتر و تاوان زیاتر دەکات، تا دەگاتە ئاستی کوشتن، "یەک هەڵەی بچوک دەبێتە هۆی گیان لەدەستدانی کەسێک".

 

سەرەڕای هەبوونی یاسای ژمارە شەشی ساڵی ٢٠٠٨ تایبەت بە قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن، بەڵام بە پێویستی دەزانێت کە یاساکان هەموار بکرێنەوە، "بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا ٢٠٢١ و بەرەو ٢٠٢٢ دەڕۆین لەگەڵ ٢٠٠٨ جیاوازین، یاساکان پێویستی بە هەموارکردنەوە و یاسای نوێش هەیە، کە هەموو لایەک بپارێزێت".

 

وەک یەکەم چارەسەریش نیاز جەخت لەوەدەکاتەوە، کە دەبێت هۆشیاری کۆمەڵایەتی بڵاوبکرێتەوە، هەر کەسێکیش لە ئاستی خۆیەوە بەپێی بەرپرسیارێتی خۆی هۆشیاری بڵاو بکاتەوە، داواش دەکات، دایک و باوک، بەڕێوەبەری کار و مامۆستاکان ڕۆڵیان هەبێت و ببنە جێگای متمانەی گەنج، قوتابی و فەرمانبەرەکانیان.

 

ت.پ