ناتۆکمەیی سنورەکانی هەرێمی کوردستان، هاوردەکردنی ماددەی هۆشبەر ئاساندەکات

ڕێژەی ئالودەبوون بە ماددەی هۆشبەرن لە هەرێمی کوردستان لە هەڵکشاندایە، ئەو هەڵمەتانەی دەسەڵاتداران بۆ کۆنتڕۆڵکردنیان دەینێن لەگەڵ زیادبوونی ڕێژەی بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر یەک ناگرنەوە، ئەمەش ڕێگا خۆشدەکات بۆ زیادبوونی تاوانەکانی وەک کوشتن، بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە.

 

شنیار بایز

سلێمانی- ڕیژەی ئالودەبوون بە ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان لەهەڵکشاندایە، گەنجان و لە نێویاندا ژنان بەدەست ئالودەبوون بە مادە هۆشبەرەکانەوە دەناڵێنن، زیادبوونی ئەم ڕێژەیەش کاری کردووەتە سەر خراپی لایەنی کۆمەڵایەتی و زیادبوونی توندوتیژی نێوان خێزان و ژنان.

 

لە هەرێمی کوردستان بە ڕێگەی نایاسایی مامەڵە بە کڕین و فرۆشتنی ماددە هۆشبەرەکانەوە دەکرێت بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان بۆ شەش مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢١، دەستبەسەر ٢١٤ کیلۆ و ٣٩٣ گرام ماددەی هۆشبەر، ٦٦٢ کیلۆ و نیو توتنی هندی و تێکەڵکراو بە حەشیش، هەروەها ٤٠ هەزار و ٩٣٧ شیت و ٨ دەنک حەپی هۆشبەری پزیشکیدا گیراوە.

هەر لە ماوەی ئەو شەش مانگەدا ٨٨١ تۆمەتبار، بە تۆمەتی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون، ٣١٥ تۆمەتباریش سزای یاسای دراون.

 

"کرانەوەی کۆمەڵگا هۆکارێکی سەرەکییە بۆ ئاشنابوونی زیاتر بە بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر"

جوان حسێن، توێژەری کۆمەڵایەتی، لە بەشی چاکسازی گەورەی سلێمانی، سەبارەت بە هۆکاری زیادبوونی ماددەی هۆشبەر و بڵاوبوونەوەی دەڵێت: لەگەڵ ئەوەی بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر ئەگەری ئەوە بۆ خۆیان دادەنێن کە ئالودەی ببنم بەڵام وا بیر دەکەنەوە گۆڕین لە دۆخی دەروونیان و گۆڕانکاریی لە خۆشی ژیانیان دەکەن.

جوان وتیشی هۆکاری زۆر هەن بۆ زیادبوونی بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر وەک، کێشە ئابوورییەکان، تێکچونی باری کۆمەڵایەتی و هەبوونی نەخۆشی جەستەی و دەروونی لەوکاتەدا پەنا دەبرێتەبەر بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان، بە جۆرێک لە بەشی چاکسازیدا ڕۆژانە لە کۆی ٥ کەیس سیانیان توشبووی ماددەی هۆشبەرن.

 

هەروەها هۆکاری سەرەکی زیادبوونی ڕێژەکە بە تێکەڵبوونی وڵاتان و کرانەوە بە ڕووی یەکتردا دادەنێت، بەتایبەت وڵاتی ئێران و تورکیا کە سنورێکی کورت بە هەرێمی کوردستانیانەوە دەبەستێتەوە.

هاوڕێیەتیکردنی هاوڕێی خراپ ڕێگایەکی ترسناکە تا مرۆڤ توشی کێشە و کاری بەد بێت، بەتایبەت لەناو چینی گەنجاندا، کە هاوڕێکان ڕێگە خۆشدەکەن ئالودەی ماددە نایاساییەکان ببن.

جوانا دەشڵێت: هەندێک بیانووی کار دەهێننەوە و دەڵێن لەسەر کار ڕووبەڕووی فشاری زۆر دەبینەوە و پێویستە مێشکمان ئارام بێت، زۆرینەی سەرمایەدارەکانیش ئەم ڕێگای بەکارهێنانە بەکاردەهێنن.

 

"کێشەی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر کێشەیەکی تاکە کەسی نییە"

ئەو توێژەرە باس لەوە دەکات، بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر تەنها کێشە بۆ خۆی دروستناکات، بەڵکو کێشە بۆ کەسانی چواردەوری دروست دەکات، کەواتە کێشەیەکی گشتگیرە زیانی دەبێت بۆسەر کەسانی چواردەوری وەک خێزان و هاوڕێ لە نێویاندا ژنان بەو هۆیەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی زۆر دەبنەوە.

وەک ئاماژەی پێدەدات زۆر کات ژنان بەو هۆیەی هاوژینەکانیان ئالودەی ماددەی هۆشبەرن، توشی کێشە و دەمەقاڵی دەبن، دواجار پەرتەوازەبوونی خێزان ڕوودەدات، ئەو باندانەی هاوڵاتی فێری ماددەی هۆشبەر دەکەن، لێزانانە دەچنە ناو کێشەکانیەوە، هەوڵدەدەن بزانن لە چ لایەنێکەوە کەم و کورتی هەیە ئەو لایەنی بۆ چارەسەر بکەن و ئالودەی بکەن.

 

"ماددەی هۆشبەر بە تاوان هەژمار ناکرێت، بەڵکو وەک نەخۆشی دەروونی تەماشا دەکرێت"

بەهۆی ئەوەی ماددەی هۆشبەر لە ئێستادا وەک تاوان هەژمار ناکرێت و دەخرێتە نێوان قەوارەیەکی نەخۆشییەوە، بۆیە بە ڕێژەیەکی زۆر بازرگانەکان بێترسانە مامەڵەی پێوە دەکەن، هەر بۆیە هەندێک لەوانەی ئالودەبوون، پێیان وایە نابێت ڕێگریان لێبکرێت و چارەسەری وەربگرن، بەڵام بەشێکیان دەترسن لە سزا یاخود بەهۆی هۆکارێکەوە ئالودەی بوون و ویستی خۆیان نییە هەوڵی چارەسەرکردنی خۆیان دەدەن.

 

"ژنانیش دەکەونە بەر هێرشی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر"

جوان حسێن باسی لەوە کرد ساڵانی پێشو ژنان بە ڕێژەیەکی کەم ماددەی هۆشبەریان بەکاردەهێنا، بەڵام لە ئێستادا ڕێژەکە زیادی کردووە، وتیشی: "ژنان بە مەبەستی دابەزاندنی کێش ماددەی هۆشبەر بەکاردەهێنن، بەڵام ئەوە تەنها بیانوویەکە و دوورە لە ڕاستیەوە".

ئەوەشی ڕوونکردەوە هەندێک لەو ژنانە بە مەبەست ئالودە دەکرێن، تا دواجار دەستدرێژیان بکەنە سەر و بازرگانیان پێوە بکەن، لە کێشەکانی خۆیانەوە بیانگلێنن و دواجار وەک باندێک کاریان پێبکەن، دەشڵێت: "هەندێک کات هاوژینەکانیان فێریان دەکەن".  

 

تۆکمە نەبوونی سنورەکان ڕێگا بۆ بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر زیاد دەکات

لە کاتێکدا سنورەکان تۆکمە بکرێن و چاودێرییەکی وردتر بخرێتە سەر ئەو کەسانەی هاوردە و هەناردەی کەلوپەل دەکەن ڕێژەی بەکارهێنان ئەوەنە لە زیادبووندا نابێت، بەڵام حکومەت بە شێوازێکی تۆکمە لە سنورەکاندا کار ناکات، ئەمەش ڕێگا بۆ کاری نەشیاوی تری وەک بازرگانیکردن بە مرۆڤ، ئەنجامدانی تاوان زیاتر دەڕەخسێنێت.

وەک جوان حسێن، توێژەری کۆمەڵایەتی، ئاماژەی پێدا، ئەگەر کەسێک بێهۆش بکرێت چەندین کاری دیکەی پێ ئەنجامدەدرێت.

 

دروستکردنیی سەنتەری چارەسەرکردنی ماددە هۆشبەرەکان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان لە خراپی ماددەی هۆشبەر و زیانەکانی بۆ سەر تەندروستی و سیستمی ژیانیان هەروەها کۆنتڕۆڵکردنی سنورەکان ئەو چارەسەرییانەن کە بۆ کەم کردنەوەی ڕێژەی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر پێویستن.

ت.پ