ناکرێت هاوسەرگیری تەنها پێناسەبێت بۆ ژن

تێڕوانینەکانی کۆمەڵگا بۆ ژنێک کە هاوسەرگیری نەکردووە جیاوازەو ژنانی گەنج ڕووبەڕووی کۆمەڵێک قسەی ناخۆش دەبنەوە، مامۆستایەکی زانکۆش جەخت لەسەر پێویستی گۆڕینی تێڕوانینی کۆمەڵگا دەکاتەوە.

تەرزە تەها

سلێمانی-کاتێک ژنێکی گەنج هاوسەرگیری نەکردووە، ئەو ووتەیەی زۆرینەی جارەکان ڕووبەڕووی دەبێتەوە، ئەوەیە کە "کەی هاوسەرگیری دەکەیت، بۆچی تا ئێستا هاوسەرگیریت نەکردووە؟".

 

هاوسەرگیری بەشێکە لە ژیان، دەکرێت یەکێک لە ئامانجەکانی هەر تاکێک بێت، بەڵام لە کۆمەڵگای کوردیدا دۆخەکە پێچەوانە بووەتەوەتەوە، کۆمەڵگا بەجۆرێک تەماشای ژن دەکات، کە دەبێت هەموو ئامانجەکانی هاوسەرگیری بێت، هەموو ئامانج و پێناسەیەک بۆ ژن لە هاوسەرگیریدا کۆدەکەنەوە، هاوسەرگیری بووەتە ئامانجی سەرەکی ژیان.

 

لە بەرامبەردا گرنگی نادرێت بەوەی ئەو ژنە چی ئامانجێکی دیکەی لە ژیاندا هەیە، کە لە پێش هاوسەرگیریەوە بێت، لە ئەگەری هاوسەرگیری نەکردنیشدا بە چاوێکی نزم سەیردەکرێت، ئەگەر تەمەنی لە ٣٠ ساڵ تێپەڕببێت وشەی "قەیرە"ی بۆ بەکاردەهێندرێت، ئەمەش زیاتر ئازاری لایەنی دەروونی ئەو ژنە دەدات، وەک ئەوەی تاوانێکی گەورەی کردبێت کە هاوسەرگیری نەکردووە.

 

 

 

هاوسەرگیری بنەمای سەرەکی ژیان نییە

ساوێن سالار، تەمەنی ٢٠ ساڵەو خوێندکاری زانکۆیە، نایشارێتەوە کە ڕووبەڕووی ئەو پرسیارانە بووەتەوە، کە لێیان پرسیووە بۆچی هاوسەرگیری نەکردووە، ئەمەش زیاتر لەلایەن کەسانی خزمە نزیکەکان یاخود خزمە دوورەکان ڕووبەڕووی بووەتەوە، ئەوەش زیاتر ڕووبەڕووی ئەو ژنە گەنجانە دەبێتەوە کە خوێندنەکەیان خستووەتە پێش هەموو شتێکەوە.

 

ساوێن هۆکاری ئەم تێڕوانینە بەمشێوەیە بۆ ژنێک کە هاوسەگیری نەکردووە، دەگەڕێنێتەوە بۆ ئاستی ڕۆشنبیری کەسەکان، وتی: "زۆربەی کات ئەمە دەکەوێتە سەر ڕۆشنبیری کەسەکان، ئەو کەسانەی کە ڕۆشنبیرییەکی تەواویان نییە، وا بیر دەکەنەوە کاتێک کچێک گەیشتە تەمەنی ١٨ ساڵ ئیتر دەبێت هاوسەرگیری بکات".

 

باس لەوەشدەکات، کە هاوسەرگیری پڕۆسەیەکی بەو شێوە ئاسانە نییە، کە ئیتر دوای تەمەنی ١٨ ساڵی هاوسەرگیری بکرێت، وا بیربکرێتەوە کە دوای ١٨ ساڵی ئیتر ئەو کەسە ئەقڵی تەواو و کامڵ بووە، لەبەر ئەوەی هاوسەرگیری پڕۆسەیەکی ئاسان نییە، دەکرێت ئەو دوو هاوژینە ڕووبەڕووی چەندین کێشە ببنەوە.

 

گوڵان بەختیار، تەمەنی ٢٢ ساڵە و خوێندکاری قۆناغی چواری بەشی وەرگێڕانە ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، کە هاوسەرگیری بەشێکی گرنگی ژیانە بەڵام بنەمای ژیان نییە، بەڵام شێوازی ئەو تێڕوانینە لە کۆمەڵگادا بەجۆرێکە، کە ئەگەر ژنێک چەندین بڕوانامەش بەدەستبهێنێت هەر دەبێت هاوسەرگیری بکات، لە کاتێکدا ناکرێت هاوسەرگیری بکرێتە پێوەر بۆ ژنێک.

 

وەک ژنێکی گەنجیش، جەخت لەوەدەکاتەوە بۆ بنەبڕکردنی ئەو نەریتە دەبێت هەر کەسێک لە ئاستی خۆیەوە دەستپێبکات، دەڵێت: "ئەگەر من پرسیارم لە کەسی بەرامبەر نەکرد، بەرامبەرەکەشم نایکات، کە خۆت ئەو پرسیارەت لە خۆت دوورخستەوە بەرامبەرەکەشت بەوجۆرە دەبێت".

 

 

تێڕوانینی کۆمەڵگای کوردی بۆ ژن تێڕوانینێکی نزمە

ئاڤێستا کەمال مامۆستای کۆلێژی زمانی زانکۆی سلێمانییە، ڕەخنە لە کۆمەڵگای کوردی دەگرێت، کە تێڕوانینی بۆ ژنێک لە ئاستێکی نزمدایە، پێناسەی ژن لە هاوسەرگیریدا کۆکراوەتەوە، ئەگەر ژنێک هاوسەرگیری نەکردبێت، ئەوا بە پلە دوو یاخود نزمتریش سەیردەکرێت.

 

وتی: "هاوسەرگیری بەشێکە لەو شتانەی کە ئێمە بەدەستی دەهێنین، بەڵام تاکە شت نییە کە ئێمەی پێبناسرێتەوە، کارو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و ڕەوشتمان دەکرێت پێناسەی ئێمە بکەن، بەڵام لە کۆمەڵگای کوردیدا ئەمانە کورتکراوەتەوە بۆ ئەوەی کە ئەگەر تۆ هاوسەرگیریت نەکرد کەواتە تۆ کێشەیەکت تێدایە، ڕەنگە جەستەیی یاخود هەر کێشەیەکی دیکەت هەبێت".

 

ئەو مامۆستایەی زانکۆ باس لەوەشدەکات، کە ئەوە تەنها تێڕوانینێک نییە، بەڵکو زمانیش هەمان مەبەستی هەیە، لەو بارەیەوە وتی: "کە تۆ بە کچێک دەڵێیت قەیرە وەکو ئەوە وایە تۆ ئیهانەی بکەیت، ڕێک ئیهانە کردن لە خۆی دەگرێت، بەو مانایە دێت تۆ لەوە کەمتری من وەک مرۆڤێک مامەڵەت لەگەڵدا بکەم".

 

باشترین چارەسەر لە دیدی ئەو مامۆستایە، سەرلەنوێ پەروەردەکردنەوەی خودی تاکە، هەروەها بوونی ئەقڵێکی ڕەخنەگرانە، کە ڕەخنە لەو دابونەریتە ناشرینانەی کۆمەڵگا بگرێت، "کەس ناڵێت هاوسەرگیری گرنگ نییە، بەڵام ئەوەی تۆ لە ڕێگای ئەوەوە پێناسەی کەسێک بکەیت ئەوە کێشەکەیە".

 

ئەو بە ئەرکی ژنانیشی دەزانێت، کە خۆیان ئەو تێڕوانینە لەسەر خۆیان لاببەن، بەوەی دایکێک منداڵەکەی بەو جۆرە پەروەردە بکات کە ئەگەر کەسێک هاوسەرگیری نەکردبێت بەو واتایە نەیەت کە کەسێکی نزمترە، هەروەها سەرلەنوێ چەمکەکان دابڕێژرێنەوە پێناسەکردنی تاک لە هاوسەرگیریدا کورت نەکرێتەوە.