لە زیندانی هاوڵاتیەوە، بۆ شوێنی پشووی هاوڵاتیان

لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا، پارکی دایک زیندان بوو و پێشمەرگە و خەڵکی شۆڕشگێر و نیشتمانپەروەری تێدا ئەشکەنجە دەدرا، ئێستا ئێرە کراوە بە ئاوەندانیی و سیمبولی ژیانی تێدا دانراوە.

لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا، پارکی دایک زیندان بوو و پێشمەرگە و خەڵکی شۆڕشگێر و نیشتمانپەروەری تێدا ئەشکەنجە دەدرا، ئێستا ئێرە کراوە بە ئاوەندانیی و سیمبولی ژیانی تێدا دانراوە.

 

تەوار پێنجوێنی

سلێمانی- پارکی دایک یەكێک لە پارکە دڵڕفێنەکانی شاری سلێمانی و رۆژانە هاوڵاتیان دەچنە سەردانی و لەژێر سایەی دایک و سێبەری دارەکانیدا پشووی خۆیان دەدەن، ئەم پارکە دەکەوێتە سەر شاقامی پیرەمێرد و لەسەر ڕووبەری ١٤ هەزار مەتر چوار گۆشە بە گوڵ و گوڵزار و درەختی جۆراوجۆرەوە بنیادنراوە.

شوێنی پاركی دایك، لەسەردەمی رژێمی بەعسدا، زیندانی گەورەی سلێمانی بووە، هەموو ئەو تێكۆشەرانەی  لەسەر كاری سیاسی و شۆرشگێڕی دەستگیر دەكران، یان كەسوكاری پێشمەرگەکان لەوێدا زیندانیی دەكران، پاش راپەڕین ئەو زیندانە ڕووخێنرا و وەکو زەوییەکی بەکار نەهاتوو بەجێهێڵدرا.

لەساڵی ٢٠٠٦ لەسەر پێشنیاری بەشێک لە چالاکوانانی سلێمانی، پرۆژەی پارکی دایک لەلایەن پارێزگای سلێمانییەوە خرایە بواری جێبەجێکردنەوە، پرۆژەی پارکەکە  لە باخچەیەكی جوان، سیستمێكی مۆدێرن و خەزانێكی ئەندەر گراوند پێکهاتووە و بیریشی تێدایە بۆ ئاودێری باخچەکەی، هەندێك لە دارەکانی بەپێی خاسیەت ‌و تایبەتمەندیەکانی لەكوردستاندا نییە، هەروەها سیستمی كارەباكەی مۆدێرنە كە هەموو كەرەستەكانی لەدەرەوەی كوردستانەوە هاتووە.

ناوی پارکەکە لەو پەیکەرەوە هاتووە لەناو باخەکەدا جێگیر کراوە، ئەویش پەیکەری "دایک"ە لە بەرزی ٧ مەترەوە پارکەکەی لەگەڵ کۆرپەکەی لە باوەش گرتووە و لەلایەن پەیکەرتاش زاهیر سدیق-ەوە دروستکراوە، بەشی خوارەوەی پەیکەرەکە لەشێوەی درەخت تاشراوە و بەشی سەرەوەشی لەشێوەی ژنە، کە منداڵێکی لە ئامێز گرتووە، ئەمەش بەو واتایەی کە هەمیشە درەخت و دایك دوو ڕەمزن بۆ مانەوە و بەردەوامی ژیان، درەخت سێبەر بووە بۆ مرۆڤایەتی و ڕەمزی ژیانەوە، ئاوەدانی و جوانیە، ڕەگی قوڵی بە خاکەوە چەقاندووە، دایكیش رەمزی نیشتمان و خاكە و ئاوەدانی و جوانی و خۆشەویستی دەنوێنێت و ئەگەر دایک هێمای ژیان بێ، ئەوا درەختیش هێمای ئاوەدانییە، ئەم پارکەش کە ڕۆژانێک زیندان و شوێنی ئەشکەنجەدان بوو، ئێستا بە ڕووپۆشێکی سەوزەوە، هێماکانی ژیانی لەخۆی کۆکردووەتەوە.

 

پارکی دایک  جگە لەوەی هاوڵاتیان بۆ پشوودان و حەوانە ڕووی لێدەکەن، لەهەمان کاتیشدا بووە بە شوێنێک بۆ چالاکییەکانی ژنان، بەشێوەیەک لە زۆربەی بۆنەکانی تایبەت بە ژناندا، بەتایبەت ڕۆژی جیهانیی ژنان، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژییەکانی ژنان و ڕێکخراوەکانی بواری ژنان چالاکییەکانیان لەم پارکەدا ئەنجام دەدەن.

 

ت.پ