لە پشت کوشتنی ژنانەوە ...٥

توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان لە شاری کەرکوک

کەرکوکیش شاری پێکەوەژیان و ئاشتییە، بەڵام ئەم ئاشتییە بۆ ژنان نییە، وەک چالاکوانان باسی دەکەن کۆمەڵگایەکی عەشایەری و دابونەریتییە، ژنان بە ناوی شەرەفەوە بە ئاسانی دەکوژرێن و یاساش پاڵپشتیان دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

شاری کەرکوک شارێکە زۆرینەی کوردە، لەڕووی ئیدارییەوە سەر بە حکومەتی عێراقە، لەگەڵ کورددا عەرەب و تورکمان دەژین، ئەو شارە بە شاری پێکەوە ژیان ناسراوە، بەڵام وا دیار نییە کە ژنان توانیبێتیان ژیانێکی پێکەوەی لەگەڵ پیاوان لەو شارەدا بژین.

 

لەم شارەدا چەندین جار شەڕ ڕوویداوە، بەو هۆیەوە کۆمەڵگای کەرکورک وەک چالاکوانان باسی دەکەن، کۆمەڵگایەکی چەک هەڵگرن، زۆرینەی خێزانەکان چەکیان هەیە، ئەمەش ڕێگە خۆشکەرێکی سەرەکییە بۆ کوشتنی ژنان.

سرود ئەحمەد، بەرپرسی کۆمەڵەی ئەمەلی عێراقی لقی کەرکوک باس لەوەدەکات، یەکێک لەو کێشە سەرەکیانەی کە لە کەرکوک هەیانە کوشتنی ژنانە بە ناوی شەرەف و ناموسەوە، کێشەکانی کۆمەڵگا دەگوازرێتەوە بۆ ناو خێزانەکان، لەبەر ئەوەشە ساڵ بە ساڵ ئامارەکانی توندوتیژی بەرامبەر ژنان زیاد دەکات.

 

یاسای ڕێگادان بە کوشتنی ژنان بە ناوی شەرەفە، مۆتەکەی ژنانە

سرود لە قسەکانیدا بەردەوام جەخت لەسەر کاریگەری ئەو یاسایە دەکات کە ڕێگا بە کوشتنی ژنان دەدات لە ژێر ناوی شەرەفدا، کە یاساکە بووەتە مۆتەکەی ژنان و بەردەوام بەو بیانووەوە بە شانازیەوە ژنان دەکوژرێن، "یاساکانی عیراق باس لە کوشتنی ژنان لەژێر ناوی شەرەف دەکەن، ڕێگای پێدراوە، زۆرجار بکوژی ژنان دەبنە پاڵەوان کە شەرەفی خۆیان پاککردووەتەوە، ئەمەش تۆمەتێکە و کۆمەڵگاش پەسەندی دەکات".

 

وەک ئەو چالاکوانە باسی دەکات، جیاوازی زۆر دەکرێت لەنێوان ژن و پیاودا لە خێزانەکاندا، ئەگەر پیاوان هەر جۆرە کارێک بکەن ئاساییە، بەڵام لە کردنی هەر کارێکی پێچەوانەی کۆمەڵگا لەلایەن ژنانەوە ڕاستەوخۆ دەکوژرێن، کۆمەڵگا ڕێگا بە کوشتنی ژنان دەدات.

 

یاساکان پاڵپشتی ژنان نین

 لە ڕووی یاساییەوە ئەو دەخاتەڕوو، کە یاساکان لە پاڵپشتی ژنان نین، لە دادگاکاندا کار لەسەر دۆزی ژن ناکرێت، دادگاکان بە خاوەن کەیسەکان دەڵێن بڕۆن لە سوڵحی عەشایەریدا کێشەکان چارەسەر بکەن و دواتر وەرنەوە بۆ دادگا، ئەمە جگە لەوەی یاسای نەوجەوانان بەکاردەهێندرێت بۆ کوشتنی ژنان، بەوەی ئەو ژنە بە هەرزەکارێکی خوار ١٨ ساڵ دەکوژن تا دواتر ئاسان لە زیندان ڕزگاری ببێت.

 

لەبارەی هۆکارەکانی کوشتن و توندوتیژی بەرامبەر ژنان، سرود ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، شێواز و ئاستی بیرکردنەوەی کۆمەڵگا، پەروەردەکردنی کۆمەڵگا کاریگەری تەواوی هەیە لەسەر ئەو توندوتیژییانەی بەرامبەر ژنان لە لێدان، دەستدرێژی و سوکایەتی پێکردن بەرامبەر ژنان دەکرێت.

 

یەکێک لە پاڵنەرەکانی دیکە، ئەوەیە یاسای عەشایەری زاڵە بەسەر یاساکانی دەوڵەتدا، کێشەکان لە سوڵحە عەشایەرییەکاندا کێشەکان چارەسەر دەکرێت، "ژنان دەبنە قوربانی سەرەکی لە سوڵحە عەشایەرییەکاندا"،.

 

چەکدار بوونی کۆمەڵگا هۆکاری توندوتیژییەکانە

چەکداربوونی کۆمەڵگاش هۆکارێکی دیکەیە، بۆ زیادبوونی توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان، هەروەها وەک باسی دەکات، کەیسەکان لە دادگاکاندا بە لارێدا دەبرێن و دەگۆڕدرێن، زۆرینەی کەیسەکانی کوشتن، دەکرێنە خۆکوشتن.

 

دەربارەی هۆکاری سەختبوونی ژیانی ژنان لە کەرکوک، سرود ئەوەدەخاتەڕوو، کە دۆخی کەرکوک لەپێش ١٦ ئۆکتۆبەر و دوای ١٦ ئۆکتۆبەر زۆر جیاوازە، پێشتر ڕێکخراوەکان دەیانتوانی کاری زۆر بکەن، بەڵام ئێستا تەنها چەند ڕێکخراوێکی کەم هەیە، کە ناتوانن بە پێی پێوسیت کاربکەن و ڕێگاییان پێنادرێت.

 

بۆ چارەسەری دۆخی کەرکوک، ئەو چالاکوانە باشترین چارەسەر لای گۆڕانکارییە لە یاساکاندا بەتایبەتی کوشتنی ژنان لەژێر ناوی شەرەفدا، دەخوازێت ئەو یاسایە هاوشێوەی هەرێمی کوردستان هەموار بکرێتەوە، ڕێکخراوەکان بتوانن زیاتر کار بکەن، هێڵی گەرم و خانەی داڵدەدان بۆ ژنان هەبێت.

 

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیشیدا، هیواخوازبوو وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی چالاکانە کار بۆ پرسەکانی ژنان و کۆمەڵگا بکات، ڕاگەیاندنەکانیش ببنە ناوەندی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا لەمەڕ کوشتنی ژنان، نەک وەک ئەوەی ئێستا دەیکەن، کە ڕیگا خۆشکەرن بۆ نیشاندانی ڕێگاکانی کوشتنی ژنان لەلایەن باوک و براو کەسوکارەوە.

 

ت.پ