لە پشت کوشتنی ژنانەوە ...٢

عاسیمە زێباری، چالاکوانی داکۆکی لە مافی ژنان لە شاری دهۆک باس لەوە دەکات، کە ئەقڵەیەتی پیاوسالاری و باوکسالاری تەواو ژنیان کردووەتە کۆیلەی خۆیان، بۆیە ژنان ناتوانن یەکگرتووبن، هەروەها ئەو ئامارانەی دەبارەی توندوتیژییەکان بڵاودەکرێنەوە ڕاست نین، زۆرینەییان دەشاردرێنەوە.

توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان لە پارێزگای دهۆک

ناوەندی هەواڵ

 

توندوتیژییەکانی بەرامبەر بە ژنان لە سەرجەم شاروشارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوام لە زیادبووندان، بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان ساڵ لە دوای ساڵ ئامارەکان زیاتر بەرز دەبنەوە.

 

نەک تەنها بەرزبوونەوەی ئامارەکان، بەڵکو کەمن ئەو ڕۆژانەی ئەم هەرێمە پێنج ملیۆنییەدا هەواڵی کوشتن و خۆکوشتنی چەند ژنێک بڵاونەبێتەوە، سەرباری ئەوەی ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی ژنان بەردەوام هۆشیاری لەباری زیادبوونی توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان دەدەن.

عاسیمە زێباری، ئەندامی ڕێکخراوی دیموکراتی ناوەندی دهۆک و چالاکوانی بواری ژنان کە زیاتر لە شەش ساڵە لە بواری ژناندا کاردەکات، لە چاوپێکەوتنێکدا بۆ ژنها باس لە دۆخی ژنان لە پارێزگای دهۆک و دەڤەری بادینان دەکات.

 

عاسیمە زێباری ئەوە دەخاتەڕوو، کە ژنان لە دەڤەری بادیناندا بەدەست ئەقڵیەتی باوکسالاری و پیاوسالارییەوە دەناڵێنن، ژینگەی ژنان لە دۆخێکی زۆر نالەبارە، ئەو ژینگەیەی ژنی تێدایە تەواو عەشایەری و باوکسالارییە.

 

باس لەوەش دەکات، هەرچەندە باسی پێشکەوتن و مافی ژنان دەکرێت، یاخود ڕێکخراوی بواری ژنان هەیە، بەڵام تەنها ڕووکەشە، زۆرینەی ڕێکخراوەکان بواری کار کردنیان پێنادرێت، یاخود خودی ئەو ڕێکخراوانە بۆ کات پڕکردنەوەییە.

 

لە بادینان هەناسەی ئازادی بۆ ژنان نییە

ئەو چالاکوانە باس لەوەدەکات، کە ژنان لە بادیناندا، چەندین جۆری توندوتیژی وەک، لێدان، شەڕی دەروونی و ئابوورییان بەرامبەر ئەنجام دەدەرێت، لە بەرامبەریشدا هیچ هەناسەیەکی ئازادی بۆ ژنان نییە، هیچ دەرچەیەک بۆ پەروەردەکردنی ژنان نییە، هیچ بەرنامەیەک نییە بە ژنان بوترێت مافی و ئازادییەکانی ژن چییە.

 

وەک دەڵێت "ژن تا ئێستا خۆی لە کۆیلایەتی ڕزگار نەکردووە، دەبێت ژن لە ناخی خۆیدا متمانەی بەخۆی هەبێت، بەڵام لەبەرئەوەی کۆمەڵگای عەشاری و پیاوسالاری زۆر توندە لەسەر ژنان، ژنانیش ناتوانن شۆڕشێک بەرامبەر ئەو ئەقڵیەتە ئەنجامبدەن".

 

لە درێژەی قسەکانیشدا عاسیمە زێباری، باسی لەوەکرد، بەرپرس و دەسەڵاتدارەکانی ئەو دەڤەرە، نایانەوێت ژنان هۆشیارببنەوە، تا هەمیشە کۆیلەی بەردەستیان بن، هەمیشە بە ژنان دەوترێت "تۆ ژنیت، ئەقڵت کەمە"، لەبەرامبەریشدا بەهۆی زاڵبوونی پێگەی عەشارەی ژنانیش ناتوانن یەک هەڵوێست بن.

 

لە ڕۆژی جیهانی ژنانیشدا، ژن ناتوانێت داوای مافی خۆی بکات

عاسیمە جەخت لەوەدەکاتەوە، کە تەنانەت لە ڕۆژی جیهانی ژنانیشدا، ژنان هەر ناتوانن داوای مافەکانی خۆیان بکەن و بێنە سەر شەقامەکان، بۆیە ژنان پێویستی زۆریان بە هۆشیارکردنەوە هەیە، یەکەم هەنگاویش کە دەبێت بنرێت، ئەوەیە دەبێت ژنان هەوڵبدەن و خۆیان لە پێگەی عەشایەری و حزبایەتی ڕزگاربکەن.

 

وتیشی "جگە لە قەیرانی ئابوری، ئێمە قەیرانی نەبوونی هزرێکی پێشکەوتوو و متمانە نەبوونی ژنانە بە خۆیان"، دەباری ئەو ئامارانەی کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان بڵاودەکرێتەوە، ئەوەی خستەڕوو کە ئەو ئامارانە ڕاست نین، ڕێگانادرێت ئامارە ڕاست و دروستەکان بڵاوبکرێتەوە، ئامارەکان زۆر لەوە زیاترن کە بڵاودەکرێتەوە".

 

ت.پ