لە مانگێکدا ٣٧٠ وتاری پیاو و ٣٧ وتاری ژن بڵاوکراوەتەوە

لە کۆی ١٠ ماڵپەر و سایتی باشوری کوردستان، لە ماوەی مانگێکدا تەنها ٣٧ وتاری ژن بڵاوکراوەتەوە، لە کاتێکدا چەندەها نووسەری ژنی بەتوانا بوونیان هەیە.

 

لاڤین مەحمود

سلێمانی- کاتێک چاوێک بە ماڵپەر و سایتەکانی باشوری کوردستاندا دەخشێنیت، دەبینیت ئەو وتارانەی نووسراون سەبارەت بە دیاردە و کێشە و بابەتیکی دیاریکراو بەشێکی زۆریان لەلایەن پیاوانەوە نووسراون، مەودایەکی کەم بۆ ژنان تەرخانکراوە، لە کاتێکدا باشوری کوردستان خاوەنی ژنە نووسەری بەتوانان، بەڵام ئەم ناهاوسەنگی ڕەگەزییە پێمان دەڵێت میدیاکان نەیانتوانیوە خۆیان بەدووربگرن لە ئەقڵیەتی پیاوسالاری بەرامبەر بە ژنان.

 

لە گەڕان و بەدواداچوون  بۆ ١٠ ماڵپەر و سایتی باشوری کوردستان، لە بەشی بیروڕادا دەرکەوت لەماوەی یەک مانگدا ٣٧٠ وتاری پیاوان بڵاوکراوەتەوە، لە بەرامبەردا تەنها ٣٤ وتاری ژنان بڵاوکراونەتەوە.

 

ئەو بابەتانەی کە پیاوان وتاریان لەسەر نووسیبوون زیاتر لە بواری سیاسییدا پاشان کۆمەڵایەتی بوون، ئەو وتارانەی ژنانیش کە بڵاوکراونەتەوە بە پلەی یەکەم بابەتی کۆمەڵایەتی، پەروەردەیی و میدیایی پاشان سیاسیی بوون.

 

جیاکاری جێندەری هۆکاری ناهاوسەنگی نێوان ژن و پیاوە

جیاکاری جێندەری یەکێکە لەو کێشە سەرەکییانەی ڕووبەڕووی سەرجەم کۆمەڵگاکان بووەتەوە بە تایبەتی ژنان، میدیایی کوردیش بێبەش نییە لەم کێشەیە، ژنان لەناو میدیایی رۆڵی لاوەکی و نەرێنییان پێدراوە، هەر لە بەکاڵاکردنییەوە تا دەگاتە کەمکردنەوەی ڕۆڵەکانی، هەروەها لە ڕووی ئیداری و بەڕێوبردنی دەزگاکان، باوەڕی نەدراوە بە ژنان کە دەتوانن دەزگایەک بەڕێوەببەن.

 

هەموو ئەمانە بووەتە هۆی ناهەوسەنگی لەلایەن دەزگاکانی میدیاوە، چونکە بەشێکی زۆری خاوەنداریەتی دەزگا میدیایەکان بەدەست پیاوانەوەن و بەو شێوەیەیی خۆیان دەیانەوێت ئاراستەی دەزگاکانیان دەکەن، بەبێ ئەوەی هیچ سانسۆرێک هەبێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو دەزگایانەی جیاکاری جێندەریی دەکەن.

 

ت.پ