لە باشوری کوردستان چۆن یادی هەشتی مارس کراوەتەوە؟

لە هەرێمی کوردستان سەرباری تێپەڕینی چەندین قۆناغی سەخت و دژوار، بەڵام هێشتا ژنی کورد چۆکی بۆ سەختییەکان دانەداوە، لە ساڵانی ڕابردوودا بە چەندین شێوە یادی ٨ی مارس لە شاروشارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان کراوەتەوە.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- پاش دیاریکردنی ٨ی مارس بە ڕۆژی جیهانی ژنان لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە ساڵی ١٩٧٧، ساڵانە لە جیهاندا و زۆرینەی وڵاتەکاندا چەندین چالاکی لەو ڕۆژەدا ئەنجام دەدرێت، لە هەرێمی کوردستانیشدا چەندین چالاکی جۆراو جۆر لە ساڵەکانی ڕابردوو و ئێستاشدا ئەنجام دەدرێت.

 

٨ی مارس، هەوێنی بە ئاگاهاتنەوەی جیهان

ڕۆژی ٨ی مارسی ساڵی ١٨٥٧ لە یەکێک لە کارگەکانی ڕستن و بەرهەمهێنانی پۆشاکدا لە شاری نیویۆرکی ئەمریکادا، ژنان بەرامبەر بە خراپی مامەڵەی خاوەن کار، پێدانانی ئەو پاداشتەی بەرامبەر بە کارەکانیان دەیانکرد، ڕێزدانەنان بۆیان خۆپیشاندانیان ئەنجام دا، چەندین ڕۆژ مانگرتنیان ڕاگەیاند.

 

پاش تێپەڕبوونی ٥١ ساڵ، هێشتا توندوتیژیییەکان بەرامبەر بە ژنان هەر بەردەوام بوو، جارێکی دیکە ژنانی کارگەیەکی دیکەی نیویۆرک ڕاپەڕین، کە ژمارەیان ١٢٩ ژن بوو، بەڵام لەلایەن خاوەن کارگەکەوە دەرگای کارگە داخرا، ئاگرێک کەوتەوە لە کارگەکەدا بەهۆیەوە ١٢٩ ژن سوتان.

 

ئەم ڕووداوە جیهانی لە ئاستی مافەکانی ژنان لە خەوە سەدان ساڵەکەی خەبەرکردەووە.

ئەم ڕووداوە بووە هۆکاری دیاریکردنی ڕۆژی جیهانی ژنان، لە پاش دەیان ساڵ لە هەوڵ و تێکۆشانەکانی ژنان لە تەواوی جیهاندا، لەساڵی ١٩٧٧ لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ٨ی مارس بە ڕۆژی جیهانی ژنان دیاریکرا.

 

لە دوای دیاریکردنی ئەو ڕۆژە، ساڵانە لە ٦٠ وڵاتی جیهاندا چالاکی جۆراوجۆر بەڕێوە دەچن، لە ڕابردووشدا لە زۆرینەی وڵاتەکاندا ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی ژنان هەوڵیانداوە کۆمەڵگاکان بەو ڕۆژە بناسێنن، چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام بدەن.

 

٨ی مارس لە کوردستاندا

لە هەر پارچەیەکی کوردستان یادی ٨ی مارس بەشێوەی جیاواز دەکرێتەوە، چالاکی جیاواز و ڕێپێوان و چەندین چالاکی دیکە بەڕێوەدەچێت.

 

لە باکوری کوردستاندا، بە بەردەوامی دەیان ساڵە یادی ٨ی مارس بە ڕێپێوانی گەورە و چالاکی هونەری و پیشانگا بەشێوەیەکی زۆر گەرموگوڕ یادی دەکرێتەوە.

 

بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وڵاتی ئێران، ڕێگە بەیادکردنەوەی ٨ی مارس نادرێت، ئەگەر کەسیکیش ئەو یادە بکاتەوە ئەوا سزا دەدرێت.

 

لە ڕۆژئاوای کوردستان، پێش شۆڕشی ڕۆژئاوا، ئەو کاتەی کە دەسەڵاتی بەعس لە سوریادا بوو، ڕێگە بە چالاکی و یادکردنەوەی ٨ی مارس نەدەدرا، تەنها چەند چالاکیەکی کەم و بچوک بووە، دەبوایە بە نهێنی یادی بکردایەتەوە، ئەگەریش چالاکیەک ئەنجام بدرایە، ئەوا تەنها ڕوکەشێک دەبوو، لە بنەڕەتدا هیچی لەگەڵ مافەکانی ژنان و ڕۆژی ژناندا نەبووە.

 

٨ی مارس لە باشوری کوردستان

لە باشوری کوردستاندا، سەرەڕای ئەو ئاستەنگانەی بەسەر کوردانی ئەم پارچەیەدا هاتووە، بەڵام هێشتا ژنان بە هەر جۆرێک بووبێت یادی ئەم ڕۆژەیان کردووەتەوە.

 

لە باشوری کوردستاندا پێش ڕوخانی ڕژێمی پێشووی بەعس، یادکردنەوەی ٨ی مارس قەدەغە بووە، ئەمەش لەبەرئەوەی بەعس ڕۆژی جیهانی ژنانی بەستووەتەوە بە حزبە سۆشیالیست و شیوعیەکانەوە، ئەو حزبانەش بە دوژمنی ڕژێمی پێشوو داندراون، لەبەر ئەوەی یادکردنەوەی ئەو ڕۆژە قەدەغە بووە.

لە ساڵانی هەشتاکاندا، هەر کەسێک یان ژنێک یادی ٨ی مارسی کردبێتەوە ئەوا دەستگیرکراوە، بەڵام لە هەندێک لە خوێندنگاکانی شارە جیاوازەکان، لەوانە هەولێر بەشێک لەو خوێندکارانەی گرنگییان بەو ڕۆژە داوە چکلێتیان بەخشیووەتەوە، لەنێو چکلێتەکەدا، لەسەر کاغەزێکی بچوک نوسرابوو "پیرۆبێت ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانی ژنان".

 

لە ساڵانی هەشتاکاندا چالاکییەکان ڕێگەپێدراو نەبوون، کەمتر ئەنجام دراون، بەڵام پاش ڕاپەڕینی ١٩٩١، تا ڕادەییەک ئازادی بۆ ژنان فەراهەم بوو، ژنانی چالاکوان و حزبەکان ساڵانە یادی ٨ی مارسیان دەکردەووە، کۆمەڵێک چالاکی وەک ئاهەنگ و دەرکردنی بەیاننامە بڵاو دەکرایەوە، گرنگی بە دەرخستنی تواناکانی ژنان دەدەرا، لە کۆتای چالاکییەکانیشدا ئاهەنگ و هەڵپەڕکێ دەکرا.

 

لە حزبەکانیشدا ژنانی ناو حزبەکان بەیەکەوە کۆدەبوونەوە، چکلێتیان دابەش دەکرد، پیاوانی ناو حزبەکەش بۆ پیرۆزبایی سەردانیان دەکردن، لە فەرمانگەکانیشدا باشترین فەرمابنەر ژنەکان هەڵدەبژێردران و ڕێزلێنان و خەڵاتیان پێدەبەخشرا.

 

لە ساڵانی نەوەدەکاندا کار بۆ ناساندنی ڕۆژەکە بوو

ئەوەی لە ساڵانی نەوەدەکاندا زیاتر گرنگی پێدەدرا ناساندنی ئەو ڕۆژەبوو بە هاوڵاتیان، ئەمەش لەبەر ئەوەی ڕۆژی هەشتی مارس ڕۆژێکی زۆر ناسراو نەبووە، بۆیە چالاکوان و ژنانی حزبەکان هەوڵی ناساندنی ئەو ڕۆژەیان داوە، خەڵاتیان پێشکەشی ئەو ژنانە کردووە کە خاوەن کاری خۆیانن و گرنگیان بە تواناکانی ژنان داوە.

 

دواتر لە ساڵانی  دوو هەزارەکاندا چالاکییەکان تا ڕادەییەک گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، چالاکییەکانیش پێکهاتوون لە ڕێپێوان، پانێڵ، کۆنفڕاس، پێشانگا، چالاکی وەرزشی و فیستیڤاڵی فیلمی ژنان و چالاکی هونەری.

 

زیاتری ئەو چالاکییانەی لە ساڵانی دوو هەزارەکاندا، بە پێچەوانەی ساڵانی نەوەدەکان، زیاتر بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لەسەر ئامارەکانی توندوتیژی بووە، ڕێکخراوەکان هەوڵیان داوە ناڕەزایەتی بەرامبەر بێدەنگ بوونی دەسەڵات لە ئاستی زیادبوونی توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان بووە.

 

لە سلێمانی و هەولێر زۆرترینی چالاکییەکان بۆ هۆشیارکردنەوە و پێدانی سەرجەم مافەکانی ژنانە، دەیان ڕێپێوان و گردبوونەوە لەبەرامبەر توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان دەکرێت، بەڵام لە دهۆک دۆخەکە جیاوازترە، ئەمەش لەبەر دۆخی کۆمەڵایەتی ناوچەی بادینان، کە کەمترین ئازادی بۆ ژنان هەیە، لە دوای ساڵی دوو هەزارەکانەوە هەوڵ دەدرێت مافەکانی ژنان لە خوێندن و کارکردن بە دەستبهێندرێت و ژنان لە ماڵەکانیاندا بەند نەکرێن.

 

لە ئێستاشدا ڕێکخراوەکانی بواری ژنان ژمارەیان زیاتر لە ٢٨٤ ڕێکخراو دەبێت، زۆرینەیان لە دوای ساڵانی دوو هەزارەکانەوە دروستبوون، هەوڵ دەدەن هۆشیاری دەبارەی مافەکانی ژنان بڵاو بکەنەوە، بەڵام هێشتاش ئامارەکانی توندتیژی ساڵانە بەرزتر دەبێتەوە.

 

ت.پ