کوردە باپیر: ژیانی کۆمەڵایەتی و ئاسایشی کۆمەڵایەتیمان لە قەیراندایە

توێژەرێکی کۆمەڵایەتی ئاماژە بەوە دەکات سەروەر نەبوونی یاسا و بەخشینەوەی چەک لەلایەن حزبەکانەوە ڕێژەی توندوتیژی زیادکردووە، میدیاش ڕۆڵی سەرەکی دەبینیت لە هەڵکشانی ئاماری کوشتن و خۆکوشتنی ژنان.

 

میهرەبان سەلام کاکەیی

هەڵەبجە- تادێت ڕووداوەکانی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان لە باشوری کوردستان ڕوولەزیادبوون دەکات، خراپی دۆخی هاوڵاتی و سیستمی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان ڕێخۆشکەرن بۆ زیادبوونی ئەم ڕێژەیە، لایەنی پەیوەندیداریش هەنگاوی ئەرێنی بۆ بنەبڕکردنی ئەم دۆخە نەناوە، کوردە باپیر توێژەری کۆمەڵایەتی لە هەڵەبجە لە لێدوانێکی تایبەتیدا بۆ ژنها، ئاماژە بەوە دەکات دۆخی دەروونی و کۆمەڵایەتی تاکی کورد لە ئەوپەڕی خراپیدایە، تاک ئایندەی ڕوون نیە، ژیانی کۆمەڵایەتی و ئاسایشی کۆمەڵایەتیمان لە قەیراندایە بۆیە بەردەوام ڕێژەکە لە هەڵکشادایە.

 

لە وەڵامی پرسیاری ژنهادا دەربارەی دۆخی ئێستای ژنان و هەڵکشانی ئامارەکانی کوشتنی ژنان کوردە باپیر دەڵێت: "ئێمە مرۆڤین، وەکو دۆستۆڤسکی دەڵێت مرۆڤ تاکە بوونەوەرە کە ھەڵە دەکات، لە ھەموو کۆمەڵگە مرۆڤایەتیەکانیش بەدرێژایی مێژوو کوشتن و خۆکوشتن ھەر ھەبووە و دەبێت، بەڵام ئەوەی ئەم چەند ڕۆژەی دوایی ڕوودەدات، خەریکە لە حاڵەت دەردەچێت و دەبێتە دیاردە، ھەر ڕۆژەی خوێنی مرۆڤێک بەدەستی مرۆڤێکی تر دەڕژێت و ژیانی لێ دەسەنرێتەوە.

 

"پەککەوتنی پەروەردە ناوەندی خوێندن و خێزان هۆکارن بۆ دۆخی ئێستا"

کوردە لەسەر هەڵکشانی ئامارەکان و خراپی پەروەردە لە باشوردا ئاماژە بەوە دەکات: ئامارەکان خەمھێنەرن لەم ھەموو ڕووداوی کوشتن، خۆکوشتن و ڕووداوی ھاتوچۆ، بەراورد بە مردن بە کۆرۆنا زیاترە، بەڕای من دەبێت ھەڵوێستە لەسەر ئەم ھۆکارانە بکەین و ھەریەک لای خۆیەوە ڕێگا لە چمکێکی ئەم پاشاگەردانیە بگیرێت تا ڕێکببێتەوە، پەروەردە بە ھەموو سێکتەرەکانییەوە پەکی کەوتووە چ ناوەندی خوێندن، لە قوتابخانە و پەیمانگا و زانکۆ بێت، چ پەروەردەی خێزانی و تاک بێت، لە نەبوونی پەروەردەی تەندروستی خێزانی، زۆر جۆری پەروەردەی دیکە تاک پێدەگەیەنێت و دەیکاتە کۆمەڵگەوە کە دواجار کۆمەڵگەیەکی بێ سەروبەر بەرھەمدێت.

 

"بەخشینەوەی چەک لەلایەن حزبەکانەوە توندوتیژی زیادکردووە"

کوردە باس لە نەبوونی سەروەری یاسا دەکات کە تاوانباران بە سزای خۆیان ناگەیەنن و و دەشڵێت یاسا ڕێخۆشکەرە بۆ زیادبوونی توندوتیژی: "سەروەر نەبوونی یاسا و بوونی چەک لە زۆربەی ھەرەزۆری ماڵەکاندا، ھۆکارێکی ترە بۆ زیادبوونی توندوتیژیەکان، کاتێک یاسا سەروەر نەبوو زۆربەی کێشەکان بە عەشایەری یەکلایی کرانەوە، ئەمە ڕێخۆشکەر دەبێت بۆ کەسانی دیکە چاویان لێبکەن، یاخود ئەو چەکە بێشومارەی حزبەکان بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن دەیانبەخشیەوە، دەرەنجامەکەی ئەوە دەبێت کە دەیبینین چ کۆمەڵگەیەکی توندوتیژیان بەرھەمھێناوە.

 

"میدیا وەک ناوەندی گواستنەوە ڕۆڵی هەیە لە تەشەنەسەندنی توندوتیژی"

ئەو توێژەرە دەربارەی ڕۆڵی میدیا و کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە دەڵێت: "میدیــا ڕۆڵێکی خراپ دەبینیێت لەم توندوتیژیانەدا، لەزۆری و بۆری و نابەرپرسیارێتیان، بە ئاگا یاخود بێ ئاگا بێت ڕۆڵیان ھەیە لە بە پاڵەوانکردنی ئەوکەسانە و ھانیان دەدەن بۆ خۆبەقوربانیکردنیان بە ئامادەکردنی جۆرەھا ڕاپۆرت، لێدوان و گەورەکردنی لە ڕادە بەدەری بابەتەکە، لە ئێستاشدا میدیا بە ئاسانی دەگاتە هەموو ماڵێك، تەنانەت چوونە وردەکاری چۆنێتی ڕووداوەکە کە ئەگەر ووریا نەبین گاریگەری زۆر خراپی دەبێت، چونکە میدیا بەبێ فلتەر دێتە ھەموو ماڵێک و بەردەستی تاک بە تاکمان بە گەورە و مناڵیشەوە.

 

کوردەی توێژەر ناھۆشیاری بەکارھێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بە هۆکارێک دەزانێت: کێشە خێزانیەکان بەهۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە زیادی کردووە، لە نەبوونی سۆزی خێزانی و سەرقاڵی دایک و باوک، تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ئەو بۆشاییەیان پڕ کردووەتەوە، بەگشتی لەبری ئەوەی میدیا ئەرکی ھۆشیاری و گرنگیپێدانی پەروەردەیی و ڕێنیشاندەری تاک بێت لە چۆنێتی خۆگونجاندن لەگەڵ ئەمڕۆی جیھانی تەکنەلۆژیا، تا بتوانین نەوەیەکی تەندروست پێشکەشی کۆمەڵگە بکەین، بە پێچەوانەوە ئامانجیان نائارامی دەروونیی و تێکچوونی شیرازەی خێزان و دەستبردن بۆ ھەندێ بابەتە بۆ زیادبوونی ڤیو، لایک و کۆمێنت، ئیتر بەھەر نرخێک بێت بێ گوێدانە کۆمەڵگە.

 

ت.پ