کۆڕەو، گەردەلولێک هەناسەی ئازادیی کوردی ڕاماڵی

لەگەڵ سەوزبوونی دەشت و دەر و هەڵمژینی یەکەم هەناسەی ئازادی، گەردەلولێک نەیهێشت کوردەکان هەوای ئازادی هەڵمژن، ئاوارەیی وڵاتانی کردن، وڵاتە زلهێزەکان بە بێندەگبوونیان گڵۆپی سەوزییان بۆ عێراق هەڵکرد، ئەگەر ڕایگشتی جیهانی نەبووایە هیچ هاوکارییەک بۆ کوردەکان نەدەکرا، ئەو ئاوارەییەش نە یەکەم و نە کۆتا ئاوارەیی گەلی کورد بوو.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- ڕاپەڕینی گەلی کورد لە٥ی ئازاری ١٩٩١ لە دەربەندی ڕانیەوە دەستیپێکرد و لە ٢٠ی ئازاری ١٩٩١ کۆتایی پێهات، بۆ چەند ڕۆژێک کوردەکان هەوای ئازادییان هەڵمژی، بەڵام پاش ١٠ ڕۆژ حکومەتی عێراق هێرشی کردە سەر باشوری کوردستان و خەڵکی کوردستانیش ئاوارەی ئێران و تورکیا بوون.

 

وڵاتانی عەرەبی، کۆمەڵگای نێودەڵەتی و ئەمریکا بە بێ دەنگی و بێ هەڵوێستییان بەرامبەر کورد و پاڵپشتی نەکردنی ڕاپەڕینەکە، گڵۆپی سەوزییان بۆ عێراق هەڵکرد تا هێرش بکاتە سەر خاکی کوردستان، عێراقیش لە ڕۆژی ٣١ی ئازاری ١٩٩١ هێرشی کردە سەر باشوری کوردستان.

 

کوردەکان ئامادەنەبوون جارێکی دیکە ژێردەستەبن، ئاوارەبوونیان لە ژێردەستی پێ باشتر بوو، هێرشەکانی عێراق بۆ تۆپبارانکردنی باشوری کوردستان دەستیپێکرد، هاوڵاتیانیش بەرەو سنورەکانی ئێران و تورکیا ئاوارەبوون.

 

لە هێرشەکانی عێراقدا، هیچ پاڵپشتییەک و دۆستێک بۆ کوردەکان نەبوو، وەک هەمیشە دەوترێت "تەنها دۆستی کوردەکان شاخەکانە"، ئەمجارەش تەنها دۆستیان شاخەکان بوو، کوردەکان بێ پاڵپشت مانەوە.

مانگی شەستە و ڕەهێڵە

مانگی نیسان لەناو کوردەکاندا بە مانگی "شەست و ڕەهێڵە" ناسراوە، لەگەڵ ڕۆشتنی چەندان ڕۆژ و شەوییان بە پێ و ماندوویەتییان، هەورەکانیش زیاتر دەیانگرماند و بارانیش بەخوڕتر دەباری، ڕۆژ و  شەوەکانیان بە سەرما و تەڕی بەسەردەبرد، سەدان کەس لە سەرمادا ڕەقدەبوونەوە.

 

خەڵک تەنها هەوڵیان بۆ ڕاکردن و خۆڕزگاربوون بوو، ڕێگا دوور و درێژەکان کۆتاییان نەدەهات، ئیتر هیچ شتێک بۆ خواردن نەما، ماندوویەتی هێندە تەنگی بە خەڵک هەڵچنی بوو، کێوە بەرزەکان کۆتاییان نەدەهات، پیرەکان لە ڕێگادا بەجێدەمان، لاشەکان لەسەر ڕێگاکاندا کەتبوون و منداڵەکان بەجێدەهێڵران، هەمووان تەنها دەیانویست خۆیان ڕزگاربکەن.

 

تۆپبارانەکانی عێراق دەیان کەسی دەکوشت و برینداریی دەکردن، ڕێگاکان ئیتر هیچ کەسێکی دیکەی نەدەگرت، کەس کەسی خۆی نەدەناسییەوە، خێزانەکانی لە ڕێگا لەیەکتر ون دەبوون و جیادەبوونەوە، مردن هەڕەشەی لە خەڵک دەکرد، ئیتر هیچ کەس هیوای نەبوو، پشت و پەناییەک بۆ کوردەکان نەبوو.

 

کوردەکان بەرەو ئێران و تورکیا بەڕێکەوتن

ئەو کەسانەی ڕووەو ئێران ئاوارەبوون، دەرگایان لێکرایەوە و هاوکاری دەکران، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خواردن، پێداویستی پزیشکی، جلوبەرگ و بەتانیان پێدەدرا، کامپ دروستکران، بەڵام لە تورکیادا تەنها ٢٠ هەزار کەس وەرگیران، سنورەکان بەڕووی ئاوارەکاندا داخران، ڕۆژانە لەو سنورە ٤٠٠ هەزار کەس لە نەخۆشی، بێ هیوای و برسێتیدا دەتلانەوە، سەدان کەس گیانیان لەدەست دەدا، دەپاڕانەوە بۆ پارچە نان و پێداویستی پزیشکی، بەڵام دەردەکران.

 

ئەو خواردنانەی بە پەڕەشوت و ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان دەهێندران بەشی هەمووانی نەدەکرد، هەزاران کەس لە شاخەکاندا لە برسێتی و سەرمادا گیانیان لەدەستدا، هەموو هەوڵەکان بۆ قڕکردن و لەناوبردنی کوردەکان بوو.

 

وڵاتانی زلهێز بێدەنگن لە ئاست کورددا

دۆخی چەند ڕۆژەی کوردەکان بەم شێوەیە دەوڵەتە زلهێزەکانی نەهێنایە دەنگ، لەبەرامبەردا ڕۆژنامەنووس و چاوی کامێراکان ئەو دیمەنانەیان بۆ جیهان گواستەوە، بەهۆیەوە ڕایگشتی جیهان بەرامبەر کوردەکان جوڵا، هەروەها هەریەک لە ئێران و تورکیا داوای هاوکارییان بۆ ئاوارەکان لە کۆمەڵگای نیودەڵەتی کرد، ئەمانە بوونە هۆی جوڵاندنی ڕایگشتی، فشارییان لە ئەمریکا و ئاسایشی نەتەوەی کرد تا هەڵوێستییان هەبێت.

 

دیمەنە تراژیدییەکانی کۆڕەو، بووە مایەیی ناساندنی کورد و جوڵاندنی هەستی مرۆڤایەتی، کۆڕەو تەنها مەینەتی نەبوو بۆ کورد بەڵکو لە کۆتاییدا دوای شەش ڕۆژ لە کۆڕەوەکە، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بڕیاری ٦٨٨ دەکرد، کە هێلی ٣٦ ناوچەی قەدەغەی فڕینی دروستکرد، بەمەش ناوچەیەکی ئارام لە باشوری کوردستان دروستکرا، ئیدی هاوڵاتیان کۆچی پێچەوانەیان بۆ ماڵەکانیان دەستپێکردەووە.

ناوچەی ئارامی هێڵی ٣٦ لەژێر چاودێری ئەمریکا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە بەڕێوەدەبرا، دواتر یەکەم هەڵبژاردن لە ١٩ی ئایاری ١٩٩٢ ئەنجامدرا، پەرلەمانی کوردستان دامەزرا.

 

کۆڕەو و ئاوارەیی گەلی کورد تەنها لە ساڵی ١٩٩١ و بە دروستکردنی هێڵی ٣٦ کۆتایی نەهات، بەڵکو تەنها لە باشوری کوردستاندا چەندین جاری دیکە گەلی کورد ئاوارەبوونەوە، لەگەڵ باشوریشدا، ڕۆژئاوا و شەنگال و پارچەکانی دیکەی کوردستانیش بەهۆی هێرشە یەک لەدوا یەکەکانی دەوڵەتانی داگیرکار، ڕووبەڕووی ئاوارەیی و هێرش و پەلاماردان بوونەتەوە.

 

ت.پ