کێشەی ژن تەنها دروستکردنی خواردن و ماڵە؟

لە کاتێکدا ژن گیرۆدەی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و توندوتیژییە، بەڵام هەواڵی ماڵپەڕەکان لەبری ئاشکراکردنی کێشە و ئازارەکانی ژنان، لە دروستکردنی خواردن و ڕازاندنەوەی ماڵدا کۆبوونەتەوە، ڕۆژنامەنووسانیش بە گرنگی دەزانن کە ڕاگەیاندنکارانی ژن ڕۆڵی خۆیان بگێڕن.


 

تەرزە تەها

سلێمانی- کەمن ئەو ڕۆژانەی هەواڵی کوشتن، سوتان و توندوتیژی بەرامبەر ژنێک بڵاو نابێتەوە، بەڵام بەشێک لە ماڵپەڕەکان وەک دەڵێن "مێش میوانیان نییە"، کێشەی ژن لای ئەوان دروستکردنی خواردن، ڕازاندنەوەی ماڵ و خۆڕازاندنەوەیە.

ئەم ماڵپەڕانە ئێستا بوونەتە جێگای ڕەخنەی بەشێکی زۆری چالاکوان و ژنان خۆشیان، لەناو ماڵپەڕەکاندا هەواڵە سیاسی و ئابووریەکان بەشێکی زۆریان داگیرکردووە، لەبەرامبەردا زۆرینەیان هیچ بەشێکیان بۆ ژن نییە، یاخود لە چوارچێوەی خێزاندا بابەتەکانیان دادەنرێن.

لای دەزگا ڕاگەیاندنەکان وەک ئەوەی دەردەکەوێت زۆرینەی ئەم بەشانە بە دروستکردنی خواردن، چۆنیەتی ماڵ ڕێکخستن و خۆ ڕازاندنەوە و پەروەردەی منداڵ پڕ کراوەتەوە، هیچ گرنگی بە پرسە هەنووکەیی و کێشە بنەڕەتییەکانی ژن نادرێت، ئەگەریش هەواڵێکی کوشتنی ژنێک بڵاو بکەنەوە لە وشەی " بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتی" کۆتایی پێدەهێنن بەبێ هیچ لێکۆڵینەوە و وردەکارییەک.

ئەم دۆخە تەنها میدیاکانی باشوری کوردستانی نەگرتووەتەوە، بەڵکو کۆی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست ئەم کێشەیەی هەیە، بۆ نمونە لە تۆڕی میدیای ئەلجەزیرەدا بەشی ژن لە ماڵپەڕەکەیان زۆری بە ڕازاندنەوە و دروستکردنی خواردن پڕدەکرێتەوە.

 

پەروەردەکردن تەنها ئەرکی ژن نییە

ئەم مامەڵەکردنەی دەزگا ڕاگەیاندنەکان لای خودی ڕاگەیاندنکارەکان بوونەتە جێگای ڕەخنە، وەک کارێکی نەشیاو دەیبینن، ژینەر محەمەد هەواڵساز لە ماڵپەڕی پی یو کەی میدیا، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، لە کاتێکدا توانا و بەرپرسیارێتییەکانی ژن زۆرن، بەڵام بەشی ژن لە ماڵپەڕەکاندا زۆرینەی باسی دروستکردنی خواردن، جلوبەرگ و پەروەردەکردنی منداڵ لە کاتێکدا ئەوە تەنها ئەرکی ژن نییە، لە ئەستۆی پیاویشدایە.

وەک هەواڵسازێکیش پێی وایە، زۆر جار ئەمە بە مەبەست و لەپێناو بازرگانی ئەو کارە دەکەن، لە هەندێک دۆخیشدا چاولێکەرییە لەپێناو کۆکردنەوەی بینەر و فۆلۆوەرسدا ئەو کارە دەکەن، یاخود ئەقڵیەتی کۆمەڵگایان هێناوەتە ناو دەزگا میدیاییەکانەوە، دەڵێت: "بەڕاستی بەداخەوە ئەگەر میدیای کوردی وەربگرین، دەبینین کە هەمان ئەقڵیەتی خێزانی هێناوەتە ناو دەزگاوە زیاتریش بەشێوەیەک لە شێوەکان بانگەشەی بۆ دەکات".

 

میدیاکان کێشەکانی ژن بچووک دەکەنەوە

خەنسا مەعروف، هەواڵساز لە ناوەندی هەواڵی ئێن ئاڕ تی ڕەخنەی ئەوە لە بەشێکی زۆری ئەو ماڵپەڕانە دەگرێت، کە لەبری گرنگیدان بە بابەتەکانی پەیوەست بە ژنان، وەک توندتیژی و کوشتنی ژنان کار لەسەر بابەتی سارد دەکەن، دەڵێت: "دروستکردنی خواردن گرنگە یاخود گرنگی بە بابەتێکی وەک ڕاگرتنی توندوتیژی بدەیت".

ئاشکرای دەکات، کە ڕاگەیاندن هەوڵی ئەوەی نەداوە کە کێشەکانی ژنان گەورە بکات و بیانکاتە پرسێکی جدی تا چارەسەری بۆ بدرۆزرێتەوە، زۆرێک لە میدیاکان بە تایبەت کاتێک ژنێک دەکوژرێت بابەتەکە زۆر بچوک دەکەنەوە، لە کاتێکدا کە ئەم کێشەیە زۆر گەورەیە، چونکە بەڕاستی میدیا خەڵک ئاڕاستە دەکات و کاریگەری گەورە دروست دەکات".

هەروەها باس لە گرنگی ئاڕاستەکردنی کۆمەڵگا لەلایەن میدیاوە دەکات، کە ئەگەر وەک پرسێکی جدی و گرنگ کار لەسەر پرسی ژن بکەن، ئەوا تێڕوانینی کۆمەڵگا بۆ کێشەی ژن دەگۆڕێت، لەو بارەیەوە وتی: " لە مانشێتێکی زۆر سادەدا ناونیشانێک دادەنێت بۆ کوشنتی ژنێک، ئەمەش لای خەڵک کوشتنی ژنێک ئاسایی دەکاتەوە، لە کۆتایدا کەسێک کوژراوە، لە کاتێکدا کوشتنی کەسێک تاوانێکی زۆر گەورەیە".

ئەو بە گرنگی دەزانێت کە هەر ژنێک لە دەزگایەکی میدیایدا کار دەکات، دەبێت بەرپرسانە وەک بەرگیرکارێکی مافی ژن مامەڵە بکات، "بەڵام ئەگەر بەردەوام پێمان وابێت بە ئێمە چارەسەر ناکرێت، ئێمە لای خۆشمانەوە ئیش بکەین دواجار لەبەر ئەوە بەڕێوەبەری کەناڵەکە پیاوێکە لەبەرئەوەی کۆمەڵگاکە بەو شێوەیە هیچ چارەسەر نابێت، بەڵام ئەگەر هەر کەسێک لای خۆیەوە هەنگاوێک بنێت کێشەکە چارەسەر دەبێت".

خەنسا پێیوایە ئەگەرهەر ژنێک کێشەی ژن بە کێشەی خۆی بزانێت ئەو کاتە بەشێکی کێشەکە چارەسەر دەبێت، هیچ نەبێت ئەم جەنجاڵیەی میدیای کوردی ڕوو لە کەمبوونەوە دەکات.