کەمپەینی "هەروەها منیش- me too" ...١

کەمپەینی "هەروەها منیش- me too"، لە ساڵی ٢٠٠٦ لەلایەن تەرانا بورک دامەزراوە، دژی ئەو دەستدرێژییە سێکسیانەی دەکرێتە سەر ژنان لە تەواوی جیهاندا، بەڵام تا ئێستا ئەم کەمپەینە لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا نییە.

کەمپەینی "هەروەها منیش- me too"، لە ساڵی ٢٠٠٦ لەلایەن تەرانا بورک دامەزراوە، دژی ئەو دەستدرێژییە سێکسیانەی دەکرێتە سەر ژنان لە تەواوی جیهاندا، بەڵام تا ئێستا ئەم کەمپەینە لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا نییە.

 

تەرزە تەها

سلێمانی- تەرانا بورک چالاکوانێکی کۆمەڵگەیی بە ڕەگەز ئەمریکییە، لە ساڵی ١٩٧٣ لەدایک بووە، لە ساڵی ٢٠٠٦ کەمپەینێکی بە ناوی "me too"  دژی ئەو دەستدرێژییە سێکسی و گێچەڵانەی بە ژنان دەکرێت ڕاگەیاند.

 

چیرۆکی (هەروەها منیش- me too)

تەرانا لە ساڵی ٢٠٠٦ لە کاتی کارکردنی بۆ بەرهەمهێنانی فیلمێکی هۆشیار کردنەوە دەربارەی دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر کچێکی تەمەن ١٣ ساڵ، کاتێک باسی دەستدرێژی کردنەکە بۆ تەرانا دەکات، تەرانەش کە پێشتر دەستدرێژی کراوەتە سەر، بە کچە ١٣ ساڵەکە دەڵیت "هەروەها منیش"

دواتر بیرۆکەی ئەم کەمپەینە دەکەوێتە بیری تەرانا و لە ساڵی ٢٠٠٦ بیرۆکەکەی دەکاتە کەمپەینێک.

 

بڵاوبوونەوەی کەمپەینەکە

ئەکتەری ئەمریکی هۆڵیود، ئەلیسا میلانۆ، لە ڕۆژی ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧دا،  لە تویتێکدا پاڵپشتی خۆی بۆ کەمپەینەکە ڕاگەیاند و هاشتاگی کەمپەینەکەی بڵاوکردەوە، داوای کرد هەر کەسێک دەستدرێژی سێکسی بەرامبەر ئەنجام دراوە یاخود هەراسان کراوە، با بەشداری کەمپەینی "هەروەها منیش " بکات تا ئەو ڕووداوە لە تەواوی جیهاندا پەردەی لەسەر هەڵبماڵدرێت.

 

لە دوای تویتەکەی ئەو ئەکتەرە، بە سەدان و هەزارن ژن بەشدارییان لە بڵاوکردنەوەی هەشتاگی me_too # لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کرد، دوای کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر، ٢٠٠ هەزار جار هاشتاگەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکارهات، لە ڕۆژی ١٧ مانگیشدا ٥٠٠ هەزار کەس هەشتاگەکەیان بەکارهێنا.

 

تەنها لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووکدا، چوار ملیۆن و ٧٠٠ هەزار بەکارهێنەر لە ١٢ ملیۆن بڵاوکراوەدا ئەو هاشتاگەیان بەکارهێناوە.

 

ئاشکرابوونی هەزاران دەستدرێژی و گێچەڵی سێکسی

پاش بەرفراوانبوونی کەمپەینەکە، بە ملیۆنان ژن هاشتاگەکەیان لە زۆرینەی وڵاتانەی جیهان بڵاوکرایەوە، ژنان لە سەرجەم سێکتەرەکانی کارکردندا هەشتاگەکەیان بڵاوکردەوە، بەو هۆیەوە سەدان دۆسییەی دەستدرێژی لە قوتابخانە، کەنیسە، سوپا، هۆلیود، حکومەت و کاری سیاسی ئاشکرا بوو.

 

ئەم کەمپەینە ئێستا لە زیاتر لە ٨٠ وڵاتدا هەیە، لەوانە ئیسپانیا، ئەمریکا، ئیتاڵیا، فەڕەنسا، کەنەدا، فینلەندا، چین، نەرویج، ڕوسیا، ئێران، ئیسرائیل، یابان، ڤێتنام، کۆریای باشور، نەرویج، هیندستان و پاکستان لە کەمپەینەکەدا بەشدارن، لە زۆرینەی ئەو وڵاتانەشدا ناوی کەمپەینەکە کراوە بە زمانی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە.

 

ت.پ