کەمپەین چییە؟ ...١

کەمپەین هەرچەندە وەک ناو وشەیەکی نوێیە، بەڵام مێژووییەکی دووردرێژ لەم وشەیەدا هەیە، کە بە چەندین قۆناغی جیاوازدا تێپەڕیوە، چەندین دەستکەوت و ماف هەیە کە لە دەرئەنجامی ئەو کەمپەینانەدا بەدەستهاتوون.

 

تەرزە تەها

ناوەندی هەواڵ - کەمپەین- campaign وشەیەکی فەڕەنسییە، بە واتای وڵاتی کراوە دێت، هەندێکیش پێیان وایە لە وشەی "campaina" ئیتاڵیەوە وەرگیرابێت، لە زمانی ئینگلیزیشدا بەکارهێنانەکەی بۆ کۆتاییەکانی سەدەی ١٦ دەگەڕێتەوە.

کەمپەین چەندین پێناسەی جیاوازی بۆ کراوە، بەڵام بە گشتی هەموو پێناسەکان هاوواتان، کەمپەین کۆمەڵێک چالاکی پلان بۆ داڕێژراوە کە کۆمەڵێک کەس هەوڵی گۆڕانکاری دەدەن، ئامانجێکی دیاریکراوی هەیە.

 

مێژووی کەمپەین

کەمپەین لە سەرەتادا وەک زاراوەیەکی سەربازی بەکارهاتووە، کە بۆ مەبەستی داگیرکردنی ناوچەیەک لەلایەن سوپایەکەوە بەکارهاتووە، کە ئەو سوپایە لەو شوێنەدا ماونەتەوە، بە گشتی بەو واتاییەی کە هەمان کار، بۆچوون و ئامانجیان هەیە.

 

بەکارهێنانی ئەم وشەیە لە سەربازییەوە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، بووەتە وشەیەکی سیاسی، کەمپەین بۆ کۆکردنەوە دەنگی هاوڵاتیان و بانگەشەکردن بۆ هەڵبژاردنەکانی وڵاتان بەتایبەت لە وڵاتە ئەوروپییەکان بەکارهاتووە.

 

لەناو وڵاتاندا بەڕیتانیا بە یەکەمین وڵات دادەنرێت کە وشەی کەمپەینی بۆ بواری سیاسی بەکارهێنابێت بە تایبەت لە ناوەڕاستەکانی سەدەی هەژدەیەمدا، کە بۆ بانگەشە سیاسییەکان بەکارهێندراوە.

 

لە سەدەکانی ناوەڕاست هەرچەندە تا ڕادەیەک وشەی کەمپەین بڵاو بووە، بەڵام ناوی کەمپەینی لێنەنراوە، بەڵام تایبەتمەندییەکانی کەمپەین دەیانگرێتەوە، واتە بە کردار هەبوون بەڵام ناوی کەمپەینیان لێنەنراوە.

 

جۆرەکانی کەمپەین

کەمپەینەکان جۆری جیاوازیان هەیە، هەر یەکەیان بەپێی ئەو ئامانجەی کە هەیانە دەگۆڕدرێت، لەوانە کەمپەینی کات و درێژخایەن هەیە، کە دەکرێت ماوەی چەندین ساڵ ئەم کەمپەینە بەردەوامبێت، ئەمەش دەکەوێت سەر ئەو ئامانجەی کەمپەینەکە هەیەتی، بەگشتی کەمپەینەکانی کە هۆشیارین کورت خایەنن، بەڵام ئەو کەمپەینانەی تایبەتن بە گۆڕینی یاسایەک یاخود ماددەیەکی یاسایی درێژخایەنە، دەکرێت چەندین ساڵ بەردەوامبێت.

 

بە گشتی ئامانجی کەمپەین گۆڕانکارییە، جا لە دەستوری وڵات، یاسایەک، بڕیارێک، تاوانێکی بەربڵاو، ئاکارێکی نەگونجاوی ناو کۆمەڵگا و بڵاوکردنەوەی هۆشیارییە، ئەو کەسانەی کە هەڵدەستن بە ڕێکخستنی کەمپەینەکان لەسەرەتادا ژمارەیان کەمە و هەوڵدەدەن زۆرترین ژمارەی تاک بهێننە ناو فکر و بۆچوونەکەی خۆیانەوە.

 

کەمپەین لە کۆندا، بەشێوەی مەیدانی کاری بۆ کراوە، لە ڕێپێوان، گردبوونەوە، بڵاوکردنەوەی نامیلکە، ڕۆژنامە و پۆستەردا خۆی بینیووەتەوە، لەسەر ئاستی ناوچەی و هەرێمی بووە، بەڵام ئێستا کەمپەین بە چەندین ڕێگای جیاواز ئەنجام دەدەرێت، ئامێرەکانی پەیوەندی، ئامڕازەکانی ڕاگەیاندن وەک ڕادیۆ، تەلەفزیۆن و ڕۆژنامە، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و جیهانی ئینتەرنێت بووەتە هاوکارێکی باشی کەمپەین، ئێستا کەمپەین لە ئاستە ناوخۆیی و هەرێمییەکان دەرچووە، بەشێکی زۆری کەمپەینەکان لە ئاستی نێودەوڵەتی و جیهانیدا کاریان بۆ دەکرێت.

 

کەمپەینەکان دەکرێت لە ڕێی کۆڕ و سیمینار، شانۆگەری، کورتە فیلم، مۆسیقا، دۆکیومێنتاری، ڕێپێوان، چالاکی وەرزشی، هونەری، گردبوونەوە، خۆپیشاندان، کۆکردنەوەی واژۆ، هەشتاگی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و وۆرکشپۆپ ئەنجامبدرێت، لە ڕۆژگاری ئەمڕۆشدا بەهۆی بەربڵاوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەشتاگ یەکێکە لە سەرەکیترین و کاریگەریترین ڕێگا بۆ کەمپەینەکان.

 

کەمپەینەکان بەپێی بابەت و پرسەکان گۆڕانکارییەکان بەسەردادێت، تەنانەت بانگەشەی هەڵبژاردنەکان جۆرێکە لە کەمپەین، لە ڕێکخستنی کەمپەیندا دەبێت کەسانی بە ئامانجگیراو دیاریبکرێت، بابەتەکە بە وردی دەستنیشانکرابێت، کێشەکە و ئەو بەشەی کە دەویسترێت گۆڕانکاری تێدابکرێت دیاریبکرێت، هەنگاو و چالاکییە مەیدانیەکان پلانیان بۆ داڕێژرابێت.

 

مەرج نییە هەمیشە کەمپەینەکان بە ئامانج بگەن، دەکرێت هەوڵدانێک بێت یاخود فشارێک بێت بۆ دەسەڵات تا گۆڕانکاری ئەنجامبدات، پێویستی بە کات هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دیاریکردنی کاتێک بۆ کەمپەین و بە ئامانج گەیاندنی پلانی کەمپەین لەماوەی خۆیدا بە سەرکەوتنی کەمپەینەکە ناوزەند دەکرێت.

 

سەرکەوتنی کەمپەینەکان

بوونی کەسایەتی ناسراو و دیاری ناو کۆمەڵگا بە یەکێک لە فاکتەرەکانی سەرکەوتنی کەمپەین ئەژمار دەکرێت، تا ئەوانیش لای خۆیانەوە بانگەشە بۆ کەمپەینەکە بکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێزی ڕاستەقینە بۆ گۆڕانکاری لای گەل و هاوڵاتییە، کەمپەین دەتوانێت کەسانی سەرکردە دروستبکات.

 

نەهێشتنی کۆیلایەتی، شۆڕشی ڕەشپێستەکان بەرامبەر سپی پێستەکان لە ئەمریکا، شۆڕشی پیشەسازی، مافی بەدەستهێنانی یەکسانی کار و مووچە لەنێوان ژن و پیاودا، مافی دەنگدان بۆ ژنان لە سەدەکانی ڕابردوودا لە دیارترین ئەو دەستکەوتانەی کەمپەینەکان، کە پێشتر لە چوارچێوەی کەمپەیندا پۆلێن نەکراون، بەڵام نمونەی دیار و سەرکەوتوون کە سەدان و هەزاران هاوڵاتی لەپێناو گۆڕانکاریدا خەباتیان کردووە.