خوێندکارەکان: لە خوێندن ساردبووینەتەوە و زانیارییەکانمان بیر نەماوە

دوای نزیکەی ساڵێک لە داخرانی دەرگای خوێندگاکان بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەمڕۆ دەرگای خوێندنگاکان کرانەوە، بەڵام مامۆستا و خوێندکارەکان دەڵێن ئەمە تەنها بۆ تێپەڕاندنی خوێندنە، بەشێك لە مامۆستایانیش بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ڕۆژی ٢٥/٢ ساڵی ٢٠٢٠ بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و لە پێناو پاراستنی خوێندکاران، دەرگای خوێندنگاکان داخران، بۆ ساڵی نوێی خوێندنیش هەرچەندە چەند ڕۆژێکی کەم خوێندن دەستی پێکرد، بەڵام هەر زوو جارێکی دیکە خوێندن وەستا.

 

دوای داخرانی دەرگای خوێندنگاکان وەزارەتی پەروەردە بڕیاری خوێندنی ئۆنلاینیدا، بەڵام ئەم شێوازە لە خوێندن بە هۆی بەردەستنەبوونی ئینتەرنێت و ئامێرە تەکنەلۆژییەکان بۆ هاوڵاتیان هەر زوو شکستی هێنا، بۆیە خوێندکارەکان ماوەی نزیکەی ساڵێکە خوێندنگاکانیان نەبینیووە.

 

لە ڕۆژی ١٦ی کانوونی دووەم، قۆناغی ١٢ی ئامادەیی چوونەوە بۆ خوێندن، دواتریش بە بڕیاری وەزارەتی پەروەردە بڕیاردرا کە ڕۆژی ٧ی شوبات دەرگای خوێندنگاکان بۆ سەرجەم قۆناغەکان بکرێتەوە، بەڵام لەگەڵ دەرچوونی چەند ڕێنماییەک بۆ دەستپێکردنی خوێندن.

 

وەرزی یەکەم لە مانگی دوو تا شەش دەبێت

بەپێی ڕێنماییەکانی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزری یەکەمی خوێندن لە مانگی دوو تا مانگی شەش دەبێت، لە وەرزی دووەمیشدا خوێندن لە مانگی نۆ مانگی ١٢ دەبێت.

 

بەپێی ئەو ڕێنماییەی کە دوێنێ وەزارەتی پەروەردە بڵاویکردووەتەوە، دەبێت سەرجەم خوێندکار و مامۆستاکان دەمامک ببەستن، ماوەی نێوان خوێندکارەکان زیاتر لە مەترێک بێت، ئەگەر خوێندکاریک لە پۆلێکدا تووشی کۆرۆنا بوو، دەبێت ئەو پۆلە بۆ ماوەی ١٤ ڕۆژ دابخرێت، ئەگەر خوێندنگایەکیش پێنج خوێندکاری تووشبووی هەبوو دەبێت ماوەی ١٤ ڕۆژ دەرگای خوێندنگاکە دابخرێت.

 

شەرمن خوێندکارێکی پۆلی ١١ـیە و دەڵێت: "ئەمساڵ خوێندکارەکان پێوسیتیان بە هەوڵی زیاترە، چونکە بەشێکی زۆریان ساردبوونەتەوە لە خوێندن، سەرباری ئەوە دەبێت بەردەوام ئاگایان لە تەندروستی خۆیان بێت، ئەگەر لەبەرخۆشیان نەبێت لەبەر هاوڕێکانیان".

 

ژینۆ عەبدولڕەحمان، خوێندکاری دیکەیە پاش ساڵێک لە دابڕان، ئەمڕۆ یەکەم ڕۆژی گەڕانەوەیانە بۆ خوێندنگا لەگەڵ هاوڕێکانیدا، ئاماژە بەوە دەکات خوێندنی ساڵی پاریان بیر نەماوە و دەڵێت: "کە زۆرینەی زانیارییەکانی بیرنەماوە، بەڵام دەبێت هەوڵبدەن تا خوێندنیان بەفیڕۆ نەچێت، و بە هاوکاری مامۆستاکان ئەو بۆشاییەی لە خویندندا بۆیان دروستبووە پڕی بکەنەوە".

 

سەرباری ئەوەی خوێندکارکان دەیانەوێت جارێکی دیکە دەستپێبکەوە، بەڵام بەشێک لە مامۆستاکان بێهیوان لە سەرکەوتوو بوونی ئەمساڵی خوێندن، پێیان وایە خوێندن بە پێی ئەو ڕێنماییانە جێبەجێ نابێت.

 

سەباح عەبدولوەفا، مامۆستای ئامادەیی کشتوکاڵی بەکرەجۆ باس لەوە دەکات، کە خوێندکارەکان ڕێنماییەکان جێبەجێ ناکەن و کۆی پڕۆسەی خوێندن لەم ساڵیشدا بە سەرکەوتوو نابینێت، چونکە ئەگەر پۆلێک ١٤ ڕۆژ دابخرێت بەهۆی توشبوویەکەوە، پۆلەکانی دیکە بەردەوامن لە وانە خوێندن، سەرباری ئەوەش خوێندکارەکان لە دەرەوەی وانەکان جارێکی دیکە نزیک دەبنەوە لە یەکتری، بەشێک لە پۆلەکانیش بەهۆی نەبوونی شوێن نزیکەی ٣٠ خوێندکار لە پۆلێکدان.

 

بەشێک لە مامۆستایان بایکۆتی چوونە خوێندنگایان کرد

خوێندنی ئەم ساڵ سەرباری ئەوەی زیاتر لە نیوەی بە بێ کرانەوەی دەرگای خوێندنگاکان تێپەڕیووە، ئەمڕۆ ٧ی شوبات دەرگای خوێندنگاکان بە ڕووی قوتابیاندا کرایەوە، بەشێک لە مامۆستایان کە چەند ڕۆژی ڕابردوو هەڵویستی خۆیان پیشاندا و داوایان کرد دەستگیرکراوانی بادینان ئازاد بکرێن ئەوکاتە دەچنەوە هۆڵەکانی خوێندن، ئەمڕۆ بایکۆتی دەوامیان کرد.

 لە شارۆچکەی کۆیەی سەر بە پارێزگای هەولێریش، جگە لە بایکۆت، بەشێک لەو مامۆستایانە چوونە بەردەم بەڕێوبەرایەتیی پەروەردە و گردبوونەوەی ناڕەزاییان ئەنجامدا.

 

وەزارەتی پەروەردە تەنها دەیەوێت خوێندنی ئەم ساڵ تێپەڕێنێت، ئەگەرنا ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی دەوام و سیستمی خوێندن لە ئاست پێویستی خوێندندا نییە، هەموو ئامادەکارییەکانیش خۆپاریزی و بەستنی ماسکە.

 

ت.پ