خەتەنە بووەتە مۆتەکەی ژنان لە هەرێمی کوردستاندا
تەنها لە ساڵی ٢٠١٩ دا ٣٢٣ ژن خەتەنە کراون و دایکەکانیان دەڵێن گەر خەتەنەمان نەکردنایە ئەوا خواردنی دەستیان حەرام دەبوو.
ناوەندی هەواڵ
لە هەر چرکەیەکدا لە شوێنێکی ئەم جیهانەدا، کچێک خەتەنە دەکرێت، لە ئاستی جیهاندا و بەتایبەتی لە ٢٨ وڵاتی ئاسیا و ئەفەریقادا، ساڵانە زیاتر لە سێ ملیۆن کچی ٤ تا ١٥ ساڵ خەتەنە دەکرێت. لەهەرێمی کوردستانیش تەنها لە ساڵی ٢٠١٩ دا ٣٢٣ ژن خەتەنە کراون.
لە ٦ی شوباتی ٢٠٠٣ ستێلا ئۆباسانجو خانمی یەکەمی نەیجیریا و وتەبێژی کەمپەینی کۆئەندامی زاوزێی مێینە لە میانەی کۆنفرانسێکدا کە لە ئەفریقادا کاریان بۆ کاریگەری خەتەنە کردن لەسەر ژن دەکرد، داوایان کرد کە ٦ی شوباتی هەموو ساڵێک بکرێتە ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی خەتەنەکردنی مێینە، لە دوای لێکۆڵینەوەکانی کۆمسیۆنی مافی مرۆڤی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە فەرمی ئەو ڕۆژە لە هەموو ساڵیکدا کرا بە ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی خەتەنە کردنی مێینە.
خەتەنە کردنی زایەندی ژن
"خەتەنە کردنی زایەند" بە گوێرەی نەریتێکی زۆر کۆن پەیڕەو دەکرێت، کە تێیدا ڤاژینای ژنان دەبڕدرێتەوە، لە هەندێک شێوازدا بەشێک لە "لێو"ەکانی زایەند لێ دەکرێتەوە و لە هەندێک شێوازی دیکەدا لێوەکان بە کەرەستەیەکی تیژ دەبڕدرێن، ئەم بڕینە دەبێتە هۆی کێشەی دەروونی لە ژناندا و لە ژیانی هاوسەریدا هۆکاری دروستبوونی ناکۆکیەکانی ژیانی هاوسەرگیرییە.
زانایان دەڵێن بڕینەوەی ڤاژینا کردەیەکی دژە ژنی سیستەمی پیاوسالارییە و تەنها لە بڕینی پارچەیەک گۆشت و چەند قەدەغە و پێشێلکاریدا خۆی نابینێتەوە، بەڵکو بێبەریکردنی ژنانە لە زۆرێک لە مافە مرۆییەکانیان و هەتا ڕۆژی ئەمڕۆش بەردەوامە، تێکۆشەرانی دژی خەتەنەی ژنانیش دەڵێن ژنان شەرم دەکەن لە هێنانە زمانی ئەم حاڵەتەیان و ئەو ئامارانەی بەردەستن ڕاستی کارەساتەکە نیشان نادەن.
مەترسیدارترین شێوەی خەتەنە
"خەتەنەی فیرعەونی" یان "ئینفیبولاسیۆن" بە خراپترین جۆر دەناسرێت. لەم جۆرەی خەتەنە کردندا، سەر و ژێری لێوەکان دەبڕدرێن و زایەندیش وەها دەدوورێتەوە، کە تەنیا بۆشاییەکی یەک سانتیمەتری دەهێڵدرێتەوە، بۆ بەجێ گەیاندنی پێداویستییە سروشتییەکانی وەک میز کردن و مەنستراسیۆن.
ئەو تەمەنانەی مێینەی تێدا خەتەنە دەکرێت
بەزۆری خەتەنە لە تەمەنی چوار تا چواردە ساڵیدا دەکرێت، بەڵام لە هەندێک حاڵەتدا مەلۆتکەش خەتەنە دەکرێن، بە گوێرەی بەدواداچوونەکانی یونیسێف، لە هەندێک شوێن کچان لە ڕ ۆژانی بەر لە شووکردن، یان لە کاتێکدا کە بە یەکەم منداڵیان دووگیان دەبن، یانیش یەکسەر دوای یەکەم منداڵبوون خەتەنە دەکرێن، هەندێک لەو منداڵانەی خەتەنە دەکرێن، لە ئەنجامی چڵک کردنی برینەکانیاندا گیان لەدەست دەدەن.
مێژووی خەتەنە کردن لە جیهاندا
نەریتی خەتەنە کردنی ژنان لەوانەیە مێژوویەکی سێ هەزار ساڵەی هەبێت، سەبارەت بە چیەتی و چۆنیەتی سەرهەڵدانی ئەو دیاردەیەش چەند تیۆریی جیاواز هەیە، بەڵام دیارترینیان لەبەر هۆکاری دینییە، خەتەنە شێوەیەکی ئاشکرای دژە ژن بە ئەژمار دێت و گەر لە ڕیشەی خەتەنە کردن بکۆڵینەوە، ڕیشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کلتوور و ئایین و پێشینەکەی بۆ میسری کۆن دەگەرێتەوە.
لە میسری کۆندا ئەم کردەوەیە باو بووە، ئێستاش دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٩٧ نایاسایی کراوە و لە ساڵی ۲۰۰٨دا کراوە بە تاوان، لای میسریەکان و ئەفریقیەکان بە گشتی خەتەنە کردن وەک نەریتێکی کۆنە و لەو باوەڕەدان مرۆڤەکان دوو ڕەگەزن، بۆ ئەوەی یەک ڕەگەز بن دەبێت خەتەنە بکرێن، کەسێک تەنها پیاو بێت یان تەنها ژن بێت خەتەنەیان کردوون، لە وڵاتێکی وەک میسر بە چاوی سووک سەیری ژنێک دەکەن کە خەتەنە نەکرابێت.
لە وڵاتانی جیهانیشدا ئەم دیاردەیە باو بووە مێژوونوسی بە ناوبانگی یۆنانی هێرۆدۆت لە کتێبەکەی خۆیدا بە ناوی مێژووەکان نووسیویەتی: "خەتەنە کردنی ژنان جگە لە ناو میسریەکاندا لە نێو ڕۆمییەکان، ئێتیۆپییەکانیشدا باو بووە، خەتەنە لە ناو دینی یەهوود و مەسیحیەتدا هیچ ئاماژەیەک و هیچ نیشانەیەک لە خەتەنەی ژنانی باوەڕمەندی ئەو ئایینە نییە، مەگەر وڵاتانێک کە کلتوور زیاتر باو بێت بەسەریاندا وەک مەسیحیە ئەفریقیەکان کە ئێستاشی لەگەڵدا بێت ئەم کردەوەیە دەکرێت".
لەناو دینی موسوڵماناندا واتە لە قورئاندا، هیچ ئاماژەیەک بە خەتەنەکردنی کچان و ژنان نەکراوە تەنیا نەریتە، هەروەها بەرپرسانی تەندروستی لە فینلاند لێکۆڵینەوەیان لەسەر رێژەی ژنانی خەتەنە کراو کردووە، بە پێی ئەو لێکۆڵینەوەیە لە فینلاند دە هەزار ژنی خەتەنە کراو هەن کە بەشی هەرە زۆریان سۆماڵی و کوردن.
هەر لە وڵاتی فینلاند نزیک بە سێ هەزار ژن دەژین کە لەوانەیە ناچار بە خەتەنە کرابن، کە بە پێی یاسای فیلاند خەتەنە کردنی ژن تاوانە.
ت.پ