خۆشی شوان لە زەلکاوی شێرپەنجەوە هاوشێوەی گوڵی نیلوفەر سەردەردێنێت و دەگەشێتەوە
پەرتوکی "لە ئەزموونەوە بۆ هیوا "، گەشتێکی شێرپەنجەییە، کە لەلایەن خۆشی شوان، ڕزگاربوویەکی شێرپەنجە، بۆ تووشبوانی شێرپەنجە نووسراوە، تێیدا باس لە ئەزموونی خۆی وەک ژنێکی تووشبووی شێرپەنجە دەکات.

هێلین ئەحمەد
سلیمانی_ لە ناو هەموو ئەو هەستانەی مرۆڤ هەیەتی، هیوا یەکێکە لە بەهێزترینیان، هیوا ئەو هێزەیە کە لە قوڵترین تاریکیدا وەک چرایەک دەدرەوشێتەوەو ڕێگەکانمان نیشان دەدات، توانای بەردەوامبوون و ڕۆیشتنمان پێدەدات کاتێک هەموو دەرگاکان داخراون، هیوا نەک تەنها هەستێ، بەڵکو ستراتیژێکی ژیانە دەتوانێت ژیانی مرۆڤ لە بنەڕەتەوە بگۆڕێت، بۆیە هەر توشبویەکی نەخۆشی شێرپەنجە ئامانجی هەبوونی هیوایەکە، تا بتوانێت لەگەڵ وەرگرتنی چارەسەرە کیمیاییەکانیدا چارەسەرێکی دیکەی سروشتی کە هەبوونی هیوا وەربگرێت، تا شێرپەنجە تێبپەڕێنێت، ئیرادە و هیوای تووشبوو، پزیشک و چارەسەرەکان پێکەوە دەتوانن شێرپەنجە لە لەشی توشبوودا لە ناوببەن، بەڵام نەبوونی هیوا لە نەخۆشەکەدا هیچکات ڕێگە نادات چارەسەرە کیمیاییەکان و پزیشک ڕۆڵی تێپەڕاندنی نەخۆشی شێرپەنجەیان هەبێت، تووشبووانی شێرپەنجە هەردەم هەوڵ بۆ دەرخستنی هیوا دەدەن، تا بتوانن بەسەر شێرپەنجەدا سەربکەون، هاوشێوەی گوڵی نیلوفەر لە زەلکاوی شێرپەنجەوە سەردەربکەن و بگەشێنەوە.
خۆشی شوان، ژنیکی تەمەن ٣٢ ساڵە، کە لە ڕیگەی دروستکردنی هیواوە توانی شێرپەنجە تێببپەڕێنێت، پاشان ئەزمونێک بۆ ژنانی دیکە بهێنێێتە بوون، خۆشی خاوەنی دوو منداڵە، لە مانگی نیسانی ٢٠٢٤دا پاش ڕودانی هەندێک گۆڕانکاری تەندروستی، سەردانی پزیشک دەکات، پشکنینەکان دەریانخست جۆرێک لە جۆرەکانی نەخۆشی شێرپەنجەی توشبووە، لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٢٤دا یەکەم چارەسەری کیمیایی وەردەگرێ، سەرەڕای هەبوونی دڵتەنگی خۆی و خێزانەکەی، توانی تاڵی ئەو ئازارانەی شێرپەنجە توشیکردبوو بە هاوکاری خۆی و خێزان و نەخۆشخانەی هیوا تێیپەڕێنێت، ئەزموونی تاڵییەکانی شێرپەنجە، دەگۆڕێت بۆ هیوا، لە هەمان ساڵڕۆژی یەکەم چارەسەری کیمیایی، کتێبێ لە ژێر ناوی " لە ئەزموونەوە بۆ هیوا "، کە گەشتێکی شێرپەنجەیە، بۆ توشبوانی شێرپەنجە بڵاو دەکاتەوە، کە لە کاتی توشبوونی بەڵێن بە خۆی دەدات، ئەگەر هیوا ببێتە هۆی سەرکەوتنی بەسەر شێرپەنجەدا، کتێبێکی پڕ لە ئەزموون و هیوا پێشکەش بە توشبوانی شێرپەنجە دەکات، پاشان لە سەرەتایی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥دا کۆتا جەلسەی چارەسەری وەردەگرێت و شێرپەنجە تێدەپەڕێنێت.
"شێرپەنجە تۆقێنەربووم بەڵام هیوای ژیانی لە دەرونم نەبڕی"
خۆشی شوان، ڕزگاربوویەکی شێرپەنجە، باس لە ئەزمونەوە بۆ هیوا دەکات، کە هیوا دەبێتە هۆی ڕزگاربوون لە شێرپەنجە، ئاماژەی بەوەکرد، وشەی شێرپەنجە بە کەسێک کە پێشینەی خێزانی لە توشبوون بە شێرپەنجەدا نەبێت، ئاستەنگی و خەفەت بەدوای خۆیدا دەهێنێت، خۆشی و خێزانەکەی لەو ئاستەنگییە بێبەشنەبوون، دەستپێکی شێرپرنجە قورس و بێزارکەر دەبێت بۆیان، وتی: وتنی وشەی شێرپەنجە بۆ خۆم و خێزانەکەم قورسبوو، سەرەتا بەتەنیا بۆ وەرگرتنەوەی ئەنجامەکان چووم ، بەڵام بەهۆی خراپی بارودۆخی دەرونیمەوە، بە ناچاری دایکم و براکەم ئاگادارکردەوە سەردانم بکەن، بەڵام بەو هیوایەی کە چاکدەبمەوە چوومە نەخۆشخانەی هیوا، دەستمکرد بە وەرگرتنی چارەسەرییەکان، هەموو کات پزیشکەکەم ئاماژەی بەوەدەکرد،کە جیاوازم لە نەخۆشەکانی دیکەی، چونکە هێزوو هیوایەکی زیاترت هەیە، بۆیە سەردەکەویت بەسەر شێرپەنجەدا، هەروەها خێزانەکان و چواردەوری توشبووی شێرپەنجە کاریگەریی لەسە بەجێ دەهێڵێت، من کاتێک خێزانەکەم یان هاوڕێیەکم بە وشەیەکی جوان لەگەڵم دوابێت، هۆکار بووە بۆ وەرگرتنی ووزەی ئەرێنی لە تەواوی ڕۆژەکەمدا، خێزانەکەم دەوری سەرەکیان لە باشترکردنی دەروونی مندا دەگێڕا، بۆیە توانیم بەسەر ئازارە جەستەی و دەروونییەکاندا سەربکەوم.
" بە هیواوە سەردانی نەخۆشخانەی هیوا دەکەم"
هەروەها ئاماژەی بەوەشدا، بە هیواوە بەرەو نەخۆشخانەی هیوا بەڕێدەکەوێت، کە ئەو هیواکە لە چاوەکانیدا ڕەنگدەداتەوە، وتیشی: ئەو ڕۆژانەی سەردانی نەخۆشخانەی هیوام دەکرد،بەڵێنمدا لێرە بە تەندروستییەکی باش بگەڕێمەوە ناو خێزانەکەم، وەک وەفایەک بۆنەخۆشانەکە پەڕتوکێک بە ناوی " لە ئەزموونەوە بۆ هیوا " پێشکەش بە نەخۆسخانەو توشبووەکانی ئێرە دەکەم، ئەو ئیرادە و بڕوابەخۆبوونەم لە ژیانمدا بۆ خوێندنەوەی پەڕتووک دەگەڕێنمەوە، لەبەر ئەوەی خوێنەرێکی باشم بۆیە بەشێک لە ئیرادە و بڕوابەخۆبوونم بۆ خوێندنەوەی پەڕتووک دەگەڕێنمەوە، هەروەها کاتێک سەردانی نەخۆشخانەم دەکرد هیچکات دڵتەنگی بەڕوخسارمەوە دیارنەبوە، بۆیە کاتێکیش پرچەکانم لابرد زۆرێک لە سەردانیکەرانی نەخۆشخانەکە وایاندەزانی بۆ هاودەمی ئازیزێکم پرچەکانم لابردووە، یەکێک لە یادەوەرییەکانم لەگەڵ هاووڵاتیانی ناو نەخۆشخانەکە، سەرەتای وەرگرتنی چارەسەری کیمیایم بوو، لەسەر کورسییەکانی نەخۆشخانە چاوەڕێی وەرگرتنی چارەسەربووم، یەکێک لە چاودێرەکانی نەخۆش پێیوتم کە هەڵبستم تا نەخۆشێک لە شوێنەکەم دابنیشێت، نەیدەزانی کە خۆم نەخۆشەکەم، بەوپەڕی بە هێزییەوە سەردانی نەخۆشخانەم دەکرد، لە ناو نەخۆشخانەکەدا پەیوەندییەک کۆمەڵایەتیم لەگەڵیاندا هەبوو، زۆرکات لەگەڵ منداڵەکانی تووشبووی شێرپەنجە پەیوەندیم دەبەست، لە ڕێگەی بردنی دیارییەکی بچوکەوە هەوڵمدەدا دڵیان خۆشبکەم، چونکە خاوەنی دوو منداڵبووم، هەردەم بیرم لە ئازارەکانیان دەکردەوە، لە ئێستادا پەیوەندیم لەگەڵیاندا ماوە و بەشێکیان ڕوو لە چاکبوونەوە دەکەن، هاوکاریکردنی هەر کەسێک پەیوەندی بە ناخ و دەروونی کەسەکانەوەهەیە، بۆیە هاوکاری تەنانەت بە وشەیەکیشبێت، بۆ کەسانی تووشبووی شێرپەنجە وزە دەبەخشێت، بۆیە سەرەڕای توشبوونم بە شێرپەنجە بە وشەیەکیش بوبێت هاوکاری تووشبووانی نەخۆشخانەکەم دەکرد.
" گوڵی نیلوفەڕ بوە هێمای سەرکەوتنم "
خۆشی شوان، باسی لە گوڵی نیلوفەری لە پەرتوکەکەیدا کردو وتی: بەر لە نوسینی پەڕتوکەکەم، چەندین زانیاریم لەسەر گوڵی نیلوفەڕ خوێندبویەوە، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەو گوڵە دەبوژێت، لە ناو قوڕ و زەلکاوەکاندا سەردەردەکات و کاتێک خۆر دەبینێت دەگەشێتەوە، کە وەک ڕەمزی جوانی دەناسێندرێت، بۆیە هەرکات گوڵی نیلوفەرم دەکەوتەوە یاد، بە خۆمم دەوت دەبێت هاوشێوەی گوڵی نیلوفەر لە ناو زەلکاوی ئازار و دەرمانی کیمیایدا بێیتە دەرەوەو وەک گوڵێکی جوان بگەشێیتەوە، بۆیە هەست بەوەدەکەم نوسینی کتێبەکەم گوزارشتە لە دەرکردنی گوڵیکی گەشاوەیی هاوشێوەی گوڵی نیلوفەر.
لە کۆتایی قسەکانیدا لە مانگی هۆشیاری شێرپەنجەدا، دوا پەیامی خۆی بۆ توشبوانی شێرپەنجە نارد، وتی: هیوادارم هیوابڕاو نەبن، کاتێک ڕوبەڕووی ئازاری شێرپەنجە دەبنەوە بەهێزانە بەرەنگاری بوەستنەوە، خێزانەکان هاوکاری بۆ توشبوان دەرببڕن، نەک هیوا بڕاوی بکەن، لە ئێستدا بە هۆکاری پێشکەوتنی زانست دەتواندرێت چارەسەرییەکان زوتر بکرێت، هەروەها ژنان زوو هەوڵ بۆ ئەنجامدانی پشکنین بدەن، توشبوانی شێرپەنجەی مەمک، هەوڵ بدەن لە ماڵەوە پشکنینە سەرەتاییەکان بەردەوام بکەن، تا لەئەگەری هەر گۆڕانکارییەکی بچوکداهەوڵی چارەسەری بدەن، ساڵانە پشکنینی مامۆگراف ئەنجامبدەن، هیوادارم هیوابڕاو نەبن و هیوای زوو چاکبونەوە بۆ تەوای نەخۆشانی شێرپەنجە دەخوازم.