چاوەڕێ دەکرێت بەشداری لە هەڵبژاردنی گشتیدا ئاستی بەرز تۆمار بکات

لە هەڵبژاردنی تایبەتدا ئاستی بەشداریکردنی دەنگدەر ٪٩٧ بوو، چاوەڕێش دەکرێت ئەم بەشدارییە لە هەڵبژاردنی گشتیدا ئاستی بەرز تۆمار بکرێت، لەم ڕاپۆرتەدا زانیارییەکانی هەڵبژاردنی تایبەت دەخەینەڕوو.

بێگەرد ئازاد

 

سلێمانی- پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢دا دامەزرا و پێنج خولی پەرلەمان کۆتایی هاتووە، دواین خولی پەرلەمان، واتە خولی پێنجەم، کە لە ساڵی ٢٠١٨دا دەستی بە کارەکانی کرد و ٢٠٢٣ دوای دوو ساڵ درێژکردنەوەی کۆتایی پێهات، کەمترین ڕێژەی بەشداری دەنگدەرانی بەخۆیەوە بینی، کە بە پێی راگەیەندراوی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان ٣ ملیۆن و ٨٨ هەزار و ٤٦١ هاوڵاتی مافی دەنگدانیان هەبوو، لەو ژمارەیەش یەک ملیۆن و ٨٤٥ هەزار و ٩٧٩ هاوڵاتی بەشداری پرۆسەی دەنگدانیان کردووە، کەرێژەی بەشداری هاوڵاتیان دەکاتە ٪٥٩، لە خولی شەشەمیشدا کە ١٨ی تشرینی یەکەم هەڵبژاردنی تایبەت بەڕێوەچوو و ئەمرۆش هەڵبژاردنی گشتییە، دوو ملیۆن و ٨٩٣ هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە.

 

دوای ئەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دوو ساڵ درێژکرایەوە، بە بڕیاری سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان پێنج جار وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمان دواخرا، ئەمڕۆ هەڵبژاردنی گشتی بەڕێوەدەچێت و  ١٣٦ لیست و هەزار و ١٩١ بەربژێر خۆیان بەربژێر کردووە، کە لە ژمارەیە تەنها ٣٦٨ بەربژێری ژن هەن، بە پێی ڕیزبەندی بەم شێوەیەیە:

هەولێر، ١١٨ ژن (٢٩.٩%)

سلێمانی، ١٦٢ ژن (٣١.٠٤%)

دهۆک، ٦٦ ژن (٢٩.٢%)

هەڵەبجە، ٢٢ ژن (٤٠.٧%) .

 

لە هەڵبژاردنی تایبەتدا کە ڕۆژی ١٨ ی ئەم مانگە بەڕێووەچوو، بەگوێرەی ئاماری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، چوار هەزار و ٧٤٨ ژن و ٢٠٣ هەزار و ٧٧٣ پیاو بەشدارییان کردووە و بەگشتیی ڕێژەی بەشداریکردن لە ٩٧٪ بووە، لە کاتژمێر ٧ی سەرلە بەیان دەرگای بنکەکان بە سەرپەرشتی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بە ڕووی دەنگدەراندا کرایەوە و کاتژمێر ٦ی ئێوارە کۆتایی پێهات، بە پێی ئامارەکانی کۆمسیۆن ڕێژەی بەشداریکردن بەم شێوەیە بووە؛

ڕێژەی بەشداریی: ٩٧٪

ژمارەی دەنگدەر: ٢٠٨٥٢١

ژمارەی چاودێران: ١٩٢٦

ژمارەی دەنگدەری ژن: ٤٧٤٨

ژمارەی دەنگدەری پیاو: ٢٠٣٧٧٣

بەشداریکردنی دەنگدەران بە پێی پارێزگاکان بەم شێوەیەیە؛ 

لە دهۆك رێژەی بەشداریكردن ٪٩٨ بووە 

لە سلێمانی رێژەی بەشداریكردن ٪٩٧ بووە 

لە هەولێر رێژەی بەشداریكردن ٪٩٧ ووە 

لە هەڵەبجە رێژەی بەشداریكردن ٪٩٦بووە

لە دەنگدانی تایبەتدا ٢١ هەزار و ٨٥٢ دەنگی پووچەڵ دراوە، کە لە پارێزگای سلێمانی ١٣ هەزار و ٨١١، لە پارێزگای هەولێر ٥ هەزار و ٩٨٥ دەنگ و لە پارێزگای دهۆکیش ٢ هەزار و ٥٦ دەنگ پووچەڵ بوون.

 

لە لایەکی دیکەوە ڕێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان سەبارەت بەو پێشێلکاریانەی بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان لە دەنگدانی تایبەتدا ئەنجام دراوە، ڕایگەیاندووە، لە پڕۆسەی دەنگدانی تایبەتدا، بە گشتیى ١٩ پێشێلکاریی دژ بە ڕۆژنامەنووسان تۆمار کراوە، کە زۆرترین ئەو پێشێلکارییانەی دژ بە ڕۆژنامەنووسان کراوە لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە بووە، بە جۆرێك ١٥ پێشێلکاری لە هەڵەبجە و سێ لە هەولێر و یەك لە دهۆك تۆمار کراون.

 

ڕێکخراوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە ئاکرێ و سۆران و کۆیە و هەڵەبجە ڕێگرییەکی زۆر لە میدیاکان کراوە بۆ ڕوماڵکردنی پڕۆسەکە.

 

لە خولی شەشەمی هەرڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا هەزار و ١٩١ بەربژێر کە ٣٦٨ کەسیان ژنن، بەشدارن و بەربژێران ملمانێ بۆ بەدەستهێنانی ١٠٠ کورسی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەکەن.