خەباتی ژنان لەناو راگەیاندن؛ تێکۆشانێک کە دەگاتە حەقیقەت

ژنانی رۆژنامەگەری کورد لەگەڵ هەر ڕاپۆرت و بابەتێکدا کە بڵاوی دەکەنەوە، نەک هەر ڕۆشنایی دەخەنە سەر کێشەکانی ڕۆژانەی گەلی کورد، بەڵکو وەک پێشەنگێک لە هۆشیارکردنەوەی خەڵک، ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە گۆڕینی تێڕوانینی کۆمەڵگە سەبارەت بە پرسەکانی ژنان.

ئاڤزەم ڤیان 


حەسەکە- لە شاخ و دەشتەکانی کوردستان، ژنان بە دڵی پڕ لە ئومێد و ئیرادەی بەهێزەوە، قەڵەم دەگرنە دەست بۆ دەربڕینی ڕاستییەکان. لە هەلومەرجێکدا کە زۆرێک لە ژنان لەگەڵ سنووردارکردنی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووریدا خەبات دەکەن، توانیویانە لە ڕێگەی نووسینەکانیانەوە دەنگی نەتەوەی کورد بگەیەننە جیهان، بۆ زۆرێک لەو ژنانە ڕۆژنامەگەری تەنها کارێک نییە بۆ پەیداکردنی پارە، بەڵکو ئامرازێکە بۆ گۆڕینی دۆخی کۆمەڵگە و هۆشیارکردنەوەی گشتی، لە کەشێکی وەهادا، هەر بابەتێک کە دەنووسرێت، وەک لاپەڕەیەکی نوێ وایە لە مێژووی خەباتەکانی ژنانی کورد کە لە دژی نایەکسانی و فشارە هەبووەکان دەوەستنەوە و هەوڵی بەدەستهێنانی مافی یەکسان و ئازادی زیاتر دەدەن.

 

ئەم ژنانە لەگەڵ هەوڵە بەردەوامەکانیان بۆ ڕووماڵکردنی هەواڵە هەنووکەییەکان و پرسە کۆمەڵایەتییەکان، بەتایبەتی لە بوارەکانی مافی مرۆڤ، پەروەردە و ڕۆشنبیری، هەمیشە ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگ بوونەتەوە. بۆ نمونە لە ناوچە گوندنشین و دوورەدەستەکانی کوردستان ژنانی ڕۆژنامەنووس ڕووبەڕووی کەمی دەرفەت دەبنەوە، بەڵام ئەمە نەبووەتە هۆی ئەوەی کە بەردەوام نەبن لە کارەکانیان. ئەم ژنانە لەگەڵ هەر ڕاپۆرت و بابەتێکدا کە بڵاوی دەکەنەوە، نەک هەر ڕۆشنایی دەخەنە سەر کێشەکانی ڕۆژانەی گەلی کورد، بەڵکو پێشەنگن لە هۆشیارکردنەوەی خەڵک، ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە گۆڕینی تێڕوانینی کۆمەڵگە سەبارەت بە پرسەکانی ژنان، هەوڵەکانیان بەردەوامە، پێنووسەکانیان نیشانەی کۆڵنەدان و تەرخانکردنە بۆ دادپەروەری و ڕاستی، لێرەدا سەبارەت بە رۆژی ڕۆژنامەگەری کورد و ڕۆڵی ژنان، هەبوون عومەر، ڕۆژنامەگەر لە کەناڵی ڕوناهی تیڤی قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کرد و وتی: رۆژنامەگەری کوردی جاری یەکەم لەسەر ئاستی جیهان لە پایتەختی میسر'قاهیرە' لە سالی ١٨٩٨ بە پێشەنگی میقداد مەدحەد بەدرخانەوە دەستیپێکرد. واتە جاری یەکەم بە ناوی ڕۆژنامەی کوردستان رۆژنامەگەری پێشکەوت. ئەمە هەنگاوێکی گرینگ بۆ زمان و زاراوەی کوردی و هاوکات بۆ کوردستان بوو. وەک دیارە کوردستان لەلایەن دەوڵەتانەوە پارچە کرابوو، و دەیانویست ناسنامە، زمان و چاندی کوردی لە ناو ببەن، بۆیە ئەو هەناگاوانەی یەکەم بۆ کاری ڕۆژنامەگەری وەک زیندووکردنەوەی ناسنامە و چاند و هەبوونی کورد بوو کە بە زەحمەتییەکی زۆردا تێپەڕی.نەبوونی ڕۆژنامە و ڕاگەیاندن لە کوردستاندا بە واتای، نەناسینی هەبوونی کوردە.

 

"ژنان لە ڕاگەیاندندا بوون بە سیمبول"
هەبوون عومەر ئاماژەی بەوەکرد، بۆ پێشکەوتن و دەرکردنی ڕۆژنامە و ڕاگەیاندنی کوردی گەلێک کەس تێکۆشانێکی بێ هاوتایان کرد و گیانیان بەخت کرد، ئەم پێگەیەی کە ئێستا وەک ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەی کوردی تیایدا تێپەڕ دەبین ئەنجامی ئەو هەوڵ و تێکۆشانانەیە، کە بووە هۆکاری ئەوەی ناسنامە و هەبوونی کورد لە ئاستی جیهانیدا بناسێندرێت. جێگای ئاماژەیە کە بە بیری بخەینەوە لە بەر عەقلییەتی کۆنەپەرستانە، ژنان ناسێدرابوون بەوەی کە ناتوانن لە بوواری سیاسی و کۆمەڵایەتی و هتد پێشبکەون، بەس لە ڕاگەیاندندا دیار بوو کە نەخێر ژنان لە هەموو بووارەکاندا دەتوانن ڕۆڵیان هەبێت و خەبات بکەن، بە تایبەت لە ڕۆژنامە و ڕاگەیاندنی کوردیدا زۆرن ئەو ژنانەی کە خەبات دەکەن و تەنانەت لە پێناو کارەکەیاندا بۆ ئەوەی کێشە کۆمەڵایەتییەکان، شەڕ و وێرانکاری لە وڵاتەکەیاندا و هەروەها ژیانی ژنان ڕووماڵ بکەن، بۆ ئەمەش گیانیان بەخت کردووە و بوون بە سیمبول، عەقڵیەتی کۆنەپەرستانە کە لەسەریان سەپێندراوە سەرەوژێر کردەوە.

 

"ئەگەر ڕاگەیاندن نەبووایە ئەوا ڕۆژئاوا بە جیهان نەدەناسێدرا"
هەبوون عومەر هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە بەتایبەت لە کەسایەتی غوربەت ئەلی ئەرسوسزدا کە پێشەنگایەتی لە ڕاگەیاندندا کرد، ژنانی تریش بۆ درێژەدان بەو ڕێگایە دەستیان بە خەبات کرد، بۆ نموونە ئێستا لە رۆژئاوای کوردستان کە جێی شۆڕشی ژنانە، ژنان لە هەموو بەشەکانی تێکۆشاندا خەبات دەکەن و بەتایبەت لە ڕاگەیاندندا ڕۆڵیان هەیە، وەک شەهید جیهان بیلگین کە لە پێناو وڵاتدا بۆ ڕووماڵی کردنی ئەو هێرش و داگیرکارییانەی کە لەسەر رۆژئاوای کوردستان لە لایەن دەوڵەوەتی تورکی داگیرکەرەوە دەکرێت، لە بەنداوی تشرین بە قارەمانیتی گیانی فیدای وڵاتەکەی کردم دیارە کە ئەگەر راگەیاندن و ڕۆژنامەگەری بە هێزمان نەبوویا ئەوا ئەو ڕووداوانەی لەم هەرێمەدا ڕوویان ئەدا لە تەوای جیهاندا بلاو نەدەبوو، بۆیە هەر بە پێشەنگی ژنان لەم بەشەدا توانیمان ئێش و ئازاری ژنان و گەلەکەمان بە هەموو جیهان بناسێنین و بیکەین بە مێژوو.

 

هەبوون عومەر لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: لە بەرامبەر ئەو شەهیدانەی کە لە پێناو وەڵاتەکەیاندا بە پێنووس و کامێراکەیان تێکۆشانیان کرد و گیانیان فیدا کرد ، ئێمەش وەک ژن و بەتایبەت ژنی ڕۆژنامەنووس پێویستە تێکۆشانمان بلندتر بکەین و بەردەوامی بە ڕێگەکەیان بدەین.