خاکێک بۆ سەرلەنوێ لەدایکبوونەوە و پێناسە کردنەوەی دایک-ژن

لە خاکێکدا کە خوداوەندە ژنەکان تێیدا شۆڕشیان بەرپاکرد و کۆمەڵگەیان بنیادنا، لە ژن درا و بەکاڵا کرا، لە دژی نەبوون و توانەوە، خۆرێک هەڵهات کە ژیانەوەی لەگەڵ خۆیدا هێنا، کە ئازادی و تێکۆشان و بە لەشكربوونی ژنانی لەگەڵ خۆیدا هێنا.

 

تەوار پێنجوێنی

سلێمانی- کەوانی زێرین و ناوچەی دوو ڕووبار، ئەو خاکەی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی تێدا ئاوابوو، ئەو خاکەی ژن بووە بەدیهێنەر و دروستکار، خاکێک کە تێیدا دایک-ژن شۆڕشی کشتوکاڵ و کۆمەڵگەبوونی بەرپاکرد، هەمان ئەو خاکەی تێیدا لە ژن درا و لە توانای خوداوەندە ژنەکان کەمکرایەوە تا ڕۆژی ئەمڕۆ کە ژنان بە دەردی بەکاڵاکردن و لەپێگە خستنیانەوە دەناڵینن. بۆ هەر سەرەتایەک، کۆتاییەک دانرا، بەڵام ئەمە بۆ خاکی خوداوەندەکان کۆتا نەبوو، سەرلەنوێ لە ناخی نەبوونەوە، ژیانەوە دەستیپێکرد، خۆری ئازادی و سەرلەنوێ ژیانەوە هەڵهاتەوە.

 

٤ی نیسان، بۆ ژنان بە ڕۆژی ژیانەوە دادەنرێت، بەر لە ٧٢ ساڵ لە خاکی دایکان خۆرێک هەڵهات کە ئازادی بۆ ژنان لەگەڵ خۆیدا هێنا و دووبارە پێناسەی ژنی کردەوە.

لە گوندی ئامارای پارێزگای ئورفە لە باکوری کوردستان و لە ٤ی نیسانی ١٩٤٩دا ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا عومەر ئۆجالان ناسراو بە عەبدوڵا ئۆجالان لەدایکبوو، لە پێناسەی ژنان بۆ ئەو ڕێبەرە، خۆری ئازادییە، ئەویش بەهۆی ئەو فکر و فەلسەفەیەی لە گەنجێتیدا بانگەشەی بۆکرد و هەتا ئێستاش پەرەی پێدەدات و بڵاوتری دەکاتەوە، بەهۆی ئەو سیستمە دیموکراتییەی کە جیهان لەدژی وەستا و ماوەی ٢٢ ساڵە لەسەر هەمان بانگەوازی لە زینداندا گۆشەگیر کراوە.

زیندووکردنەوەی گەلێکی تواوە

ئۆجالان لەو کاتەی لە زانکۆ دەبێت بە سۆسیالیزم ئاشنا دەبێت، درک بە کورد بوون و تواندنەوەیان دەکات لەناو جەرگەی ئەو خاکەی لێوەی هەڵقوڵاون، ئەو ڕاستییە تێدەگات کە چۆن بۆ لەناوبردنی کورد بە سەدان ساڵە دەوڵەتانی داگیرکار لە هەوڵدان، بۆیە دەست دەکات بە بانگەشە کردن بۆ کورد و کوردبوون، دووبارە مێژووی کورد زیندوو دەکاتەوە، ئەو ڕێبەرەی گەلی کورد دەبێتە چالاکوانێک و لە زۆربەی پارتە چەپەکانی تورکیا و باکوری کوردستاندا دەبێتە ئەندام تا بانگەشە بۆ هەبوونی کورد وەک گەلێکی چەوساوە بکات.

 

لەو کاتەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، تێدەگات کە بانگەشەی پارتە چەپەکان بۆ دیموکراسی تەنها لە چوارچێوەی قسەدا ماوەتەوە، لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێیدا پارتی کرێکارانی کوردستان دادەمەزرێنێت و دەبێتە سەرەتایەک بۆ شۆڕشێک کە دۆزی کورد بە بنەما بگرێت، لەو کاتەشدا کە کورد خەریکبوو بە تەواوی بتوێتەوە زیندووی بکاتەوە.

 

ڕێبەری گەلی کورد لەگەڵ دەستبردن بۆ دۆزی کورد، دووبارە پێناسەی ژنی کردەوە، ئاماژەی بەوەدا کە کێشەی ژن سەرچاوەی سەرجەم کێشەکانی دیکەیە، وە هەتا کێشەی ژن چارەسەر نەبێت و نەبنەوە بە خاوەنی پێناسە ڕاستەقینەکەیان مەحاڵە کێشەی کۆمەڵگە و سیستم چارەسەر ببێت، هەر بۆ ئەوەشە دەڵێت تا ژن ئازاد نەبێت، کۆمەڵگە ئازاد نابێت، تا کۆمەڵگە ژیانێکی ڕاستەقینە لەگەڵ ژن پێکنەهێنێت، ژیانێکی واتادار دروست نابێت.

 

بارودۆخی ژنان لە ناو کۆمەڵگەدا

لەو کاتەوەی دایک-ژن بووە بەدیهێنەر، خوداوەند و شۆڕشی کشتوکاڵی بەرپاکرد، کۆمەڵگە لە دەوری کۆبووەوە، چاوەکان کەوتنە سەری و شەڕی خستنی دایک-ژن بەدەستی خوداکان دەستیپێکرد، بۆ ئەمەش چەندین داستان و میتۆلۆژیا دروستکران وەک لە ئەفسانەی سۆمەرییەکاندا باس لەوە دەکرێت کە ژن لە پەراسووی چەپی پیاوەوە دروستبووە، هەروەها لە  هەر جارێک لە پێشوو گەورەتر زەبر لە پێگەی ژن درا، بەدرێژایی هەزاران ساڵ ئەم شەڕە بەردەوام بوو.

 

ئەگەر باس لە ڕەوشی ژنان بکرێت لە ئێستادا، کەوتووەتە ناو گێژاوێک کە لەلایەک سیسمی سەرمایەداری، لایەک ئەقڵیەتی پیاوسالاری و دەسەڵاتخوازی، دەوری لێداوە، ژنان نەک تەنها لە ڕۆڵە سەرەکییەکەیان دوور خراونەتەوە، بەڵکو کراونەتە کاڵا و مامەڵە بە ڕوخسار، جەستە و ئەقڵیانەوە دەکرێت.

 

ڕێبەری گەلی کورد دەربارەی دۆخی ژنان دەڵێت: ژن ئەو خوداوەندە بوو کە لە زەقورەکانی سۆمەردا کرایە کەنیزەکی کۆشک و لە شارستانییەتی گریک-ڕۆمادا کرا بە کۆیلەی ئیش و کاری ماڵ، لە شارستانییەتی ئەوروپاشدا تەنها وەک ئۆبژەیەکی زایەند-سێکسی بە پەیمانێک بەسترا بە پیاوەوە، لە شارستانییەتی سەرمایەداریشدا کرا بە کاڵایەکی بازرگانی جیهانیی، لە ڕێگای زاڵبوون و باڵادەستی پیاوەوە مێژوو پێناسەیەکی ڕەگەزپەرستی وەرگرت و تا ئێستا بەردەوامە.

 

ژن بوون بەواتای مرۆڤبوونە لە خراپترین باردا

بە درک کردن بەوەی هەتا ژیانێکی ڕاستەقینە لەگەڵ ژن بەدی نەیەت، ژیانێکی واتادار پێکنایەت، لەسەرەتای دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستانەوە، گرنگی درا بە ڕۆڵی ژن لە کایەی سیاسی و تێکۆشاندا، وەک پێویستییەکی سەرەکی دووبارە پێناسەی ژن کرایەوە و لەسەر ئەو بنەڕەتە تاکی کورد بنیادنرا، شۆڕشی ژن، بە بەشداری ساکینە جانسز لە دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستاندا و ژنێکی فکر ئازاد هەڵگیرسا و هەتا ئێستا لە تێکۆشانی ژنانی ڕۆژئاوای کوردستاندا بەردەوامی هەیە.

 

شۆڕشی ژن کە دژ بە ئەقڵیەتی ڕەگەزگەرایی، ئەو دەستدرێژییانە کە ٢٤ کاتژمێر لەسەر ژن بەردەوامە، قوڵکردنەوەی شەڕی سیاسی و ئەخلاقی بەردەوامی بەخۆی دەدات، بۆ ڕزگاربوونی ژنان لەو دۆخەی کە تێیدایەتی، بە ئاواکردنی سیستمی دیموکراتیک کە ئازادی ژن بە بنەما دەگرێت، دووبارە پێناسەی حەقیقەتی ژنی کردەوە، ژنان بە بەشداریکردن لە کایەی سیاسیدا لە دوای ساڵانی ٨٠ەکان لە باکوری کوردستانەوە، دامەزراندنی ڕێکخستنی یەکێتی ژنانی وڵاتپارێزی کوردستان لە ساڵی ١٩٨٧دا کە دواتر گۆڕا بۆ پارتی ئازادی ژنانی کوردستان-پاژک، هەروەها لە بە لەشکربوونی ژنان لەناو ڕیزەکانی گەریلا و لە دواتردا دامەزراندنی یەژاستار، سەلماندیان کە سیستمی دیموکراتیک چاخی شۆڕش و شارستانییەتی ژنە.

 

هێزی ژنان لە بەرپاکردنی شۆڕشدا

ژنانی کورد لە قۆناغە جیاوازەکاندا کە گەلی کوردی پێدا تێپەڕی مۆرکی خۆیان لە مێژوودا، جگە لەوەی لە چیاکانەوە دژ بە دەوڵەتی داگیرکاری تورکیای ئەندامی ناتۆ، چەکیان هەڵگرت و دەستیان بە خەباتکرد لە پێناو دۆزی کورد و ژندا، لە ناو شارەکانیشەوە دەستیان بە خەباتی ڕێکخستنی کرد و کوچە و کۆڵانیان کردە ناوەندی تێکۆشان، ئەمە تەنها لە ناوچە و پارچەیەکی کوردستاندا نەبوو، بەڵکوو ژیان بۆ کورد و ژن لە چوار پارچەی کوردستان وەک یەکە، بۆیە ئەو فکر و فەلسەفەی ئازادی بە کوردستان و ئێستاش بە جیهاندا بڵاوبووەتەوە.

 

لە کاتی هێرشەکانی داعش بۆ سوریا و عێراق، مەترسی گەورە لەسەر خاکی کوردان و ژنان بوو، بۆیە ژنان ڕووبەڕووی چەتەکانی داعش بوونەوە، لە ڕۆژئاوای کوردستاندا گەورەترین بەرخۆدان و بەرەنگاری کرا، ژنان بوونە سەرمەشقی تێکۆشان بەو قوربانییەی کە دایان، بەو جەستەیەی خۆیان کە پارێزگارییان لە خاک کرد وەک ئارین میرکاندا، شۆڕشی ڕۆژئاوایان بە شۆڕشی ژن پێناسە کرد.

 

شۆڕشی ڕۆژئاوا کە گەورەترین ڕۆڵی بینی لە تێکشکاندنی داعشدا و لە جیهاندا دەنگی دایەوە، بە ئاواکردنی خۆبەڕێوەبەری و سیستمی دیموکراتیک و دامەزراندنی هێزی سەربازی ژنان بە ناوی یەکینەکانی پاراستی ژن-یەپەژە لە ٤ی نیسانی ٢٠١٣دا، کردە دیاری بۆ فکر و فەلسەفەی ئازادی ژن تا لە بواری سەربازی، سیاسی و ڕیکخستنیدا ژنان ڕۆڵ بگێڕن.

 

ت.پ