کۆچی گەنجان نابێتە باسی پەرلەمان و تا دێت کۆچکردن زیاد دەکات
کۆچی بەلێشاوی گەنجان بۆ وڵاتانی ئەوروپا تا دێت ڕوو لە زیادبوونە و لە ماوەی سێ ساڵیشدا ١١٤ کەس بوونەتە قوربانی ڕێگەی کۆچ، پەرلەمانتارێکیش دەڵێت "تا ئێستا پەرلەمان لەسەر ئەو پرسە کۆنەبووەتەوە"، گەنجانیش بێهیوا بوون لە حکومەت و لەدەست قەیران و ناسەقامگیری وڵات کۆچ دەکەن.
تەوار پێنجوێنی
سلێمانی- بۆ باشوری کوردستان دیاردەی کۆچکردن نوێ نییە و لە سەردەمە جیاوازەکاندا گەنجان و ژنان بەرەو وڵاتانی ئەوروپا کۆچیان کردووە، لە پێش ساڵانی ١٩٩٠، کەسانی چالاکوان، سیاسی و گەنجان بۆ خۆپاراستنیان لەدەست ڕژێمی بەعسی عێراق، ڕێگەی کۆچیان دەگرتە بەر و خۆیان دەگەیاندە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا، لەدوای ڕاپەڕینی باشوری کوردستان لە ساڵی ١٩٩٠ و دروستبوونی حکومەتی کوردی، بەهۆی گەمارۆکانی سەر عێراق و هەرێمی کوردستان، شەڕی ناوخۆ، گرانی و نەبوونی کۆچکردن لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئەوروپا دەستیپێکردەوە.
سەرەڕای دەوڵەمەندی خاکی کوردستان و هەبوونی نەوت، قەیرانەکان، خراپی باری ئابوری، نەبوونی هەلی کار بۆ گەنجان، نەبوونی ئازادی ڕادەربڕین و خراپی حکومڕانی تەنگی بە هاوڵاتیان هەڵچنیوە، بەپێی ئامارێکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران، تەنها لە ماوەی ١١ مانگی ئەمساڵدا ٣٧ هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان و عێراق کۆچیان کردووە.
دەزگای لوتکە ئاماری ساڵانی ٢٠١٩-٢٠٢٠-٢٠٢١ی بە ئاژانسی نوژنها ڕاگەیاند، بەپێی ئەوە، ساڵی ٢٠١٩، ٥٣ هەزار و ٢٤٠ کەس کۆچیان کردووە، لەو ژمارەیە ٤٧ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٠ کەسیش بێسەروشوێن بوون.
ساڵی ٢٠٢٠ سەرەڕای بوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ٣٤ هەزار کەس کۆچیان کردووە، ١٨ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٧ کەسیش بێسەروشوێن بوون.
لە ماوەی ١٠ مانگی ساڵی ٢٠٢١دا ٣٧ هەزار کەس کۆچیان کردووە، ١٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٢ کەس بێسەروشوێن بوون، وەک جێگری سەرۆکی دەزگای لوتکە، نەوا لەتیف بە نوژنهای ڕاگەیاند، "دەکرێت ئەو ژمارەیە لە ماوەی دوو مانگی بەردەمماندا زیاد بکات، چونکە کۆچی بە لێشاوی گەنجان بەردەوامە و ڕوو لە زیادبوونە."
کۆچبەرەکان لە ئیجەدا دەخنکێن یاخود لە دارستاندا ڕەق دەبنەوە
پێشتر ڕێگەی کۆچکردن لە تورکیاوە بوو، کۆچەرییەکان بەناو دەریای ئیجەدا ڕێگەی ئاوییان دەبڕی، بە دەیان کەس لە یەختێکدا بە چارەنووسێکی نادیار دەکەوتنە ڕێ، تورکیاش بۆ سیاسەتەکانی خۆی کۆچی گەنجانی بەکاردەهێنا.
دەوڵەتی تورکیا بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوت و داواکارییەکانی لە یەکێتی ئەوروپا، کردنەوەی دەرگای دەربازبوونی کۆچەرەکانی دەکردە فشار، سەرباری نەبوونی ڕێگا و خراپی کەشوهەوا، بەڵام ڕێگەی بە کۆچەرەکان دەدا بپەڕنەوە و بگەنە ئەوروپا، بە دەیان کۆچەری کورد و گەنج لە دەریای ئیجەدا بەهۆی نقومبوونی بەلەمەکانیان خنکان و بێسەروشوێن بوون.
وەک ڕووداوی نقومبوونی بەلەمێکی ٤٥ سەرنشینی لە دورگەی کریتی یۆنان لە ٢٢ی تەمموزی ئەمساڵدا کە زۆرینەی سەرنشینەکانی کورد بوون، بەهۆیەوە ٧ کەس بێسەروشوێنن لەو ژمارەیە دوانیان ژنن، ژنێکی دیکەی خەڵکی کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گیانی لەدەستدا.
بەپێی ئاماری فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراق لە ساڵی ٢٠٢٠دا ٢٨٢ کۆچبەر لە ڕێگای تورکیا- ئەوروپا گیانیان لەدەستداوە، نزیکەی ٤ هەزار کۆچبەری عێراقیش دەستگیرکراون، کەلە ناویاندا ڕێژەیەکی زۆر کوردی تێدایە.
ئەمە جگە لەوەی پەنابەران لە یۆنان و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا ڕووبەڕووی توندوتیژی و لێدان و ڕووتکردنەوە دەبنەوە.
بیلاڕوسیا کۆچبەرەکان دەکاتە فشار بۆ سەر یەکێتی ئەوروپا
لە مانگی تەمموزەوە کۆچکردن لە ڕێگەی بیلاڕوسیا دۆزراوەتەوە، کۆچبەران بە ناوی گەشتیارییەوە بە فڕۆکە دەچنە بیلاڕوسیا و پاشان بۆ سنورەکانی نێوان بیلاڕوسیا-پۆڵەندا ڕێدەبڕن و لە دارستانەکاندا دەمێننەوە، ئەو وڵاتەش پەنابەران وەک فشار بەکاردەهێنێت، بیلاڕوسیا، ئەندامی یەکێتی ئەوروپایە، لە ٩ی ئابدا هەڵبژاردنی کرد و بەرەی دەسەڵات نزیکەی ٪٨٠ی دەنگەکانی هێنا، یەکێتی ئەوروپاش دان بە حکومەتەکەیدا نانێت و پێی وایە حکومەتی نوێی بیلاڕوسیا بە دیکتاتۆری دەسەڵاتی گرتووەتە دەست.
حكومەتی پۆڵەندا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە "حكومەتی بیلاڕوسیا هانی پەنابەران دەدات بچنە سەر سنورەکان و ببنە فشار بۆ ئەوەی پۆڵەندا و لیتوانیا و وڵاتانی دیکەی یەکێتی ئەوروپا ناچاربكات كە گەمارۆكانی لەسەر لاببەن".
ڕۆژی ٨ی مانگ لەسەر سنوری بیلاڕوسیا بە هەزاران کەس کە زۆرینەیان کورد بوون بە ژن و منداڵەوە لە دارستانەکاندا بە سەرما مانەوە، سنورەکانیش لەلایەن هەزاران سەربازی پۆڵەندییەوە دەپارێزرێن تا کۆچی بەلێشاوی کۆچبەران نەتوانن سنورەکە دەرباز بکەن، لەلایەکی دیکەوە، سەربازانی بیلاڕوسیا ڕێگەنادەن کۆچبەران بگەڕێنەوە بۆ ناو وڵاتەکە.
نەوا لەتیف، جێگری سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ نوژنها دوا و وتی: "ماوەی چەندین ڕۆژە لەلایەن کۆچبەرانەوە پەیوەندیمان پێوەدەکرێت تا هاوکارییان بکەین، ئەوان لە دۆخێکی خراپدان و هیچ پێداویستیەکیان لەبەردەست نییە، بەڵام بیلاڕوسیا وڵاتێکی دیکتاتۆرییە و وەڵامی هەوڵەکانمان نادەنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چارەنوسی کۆچبەران"، ئاماژەی بەوەشدا ئەو وڵاتە ڕێگەنادەن کە بچنە لای کۆچبەران و هاوکاری گەڕانەوەیان بکەن.
نوژنها پەیوەندی کرد بە کۆمپانیایەکی گەشتیاری، پێی ڕاگەیاندین لە ماوەی نێوان ١٥ی تشرینی یەکەمەوە تا ١٥ی تشرینی دووەم نزیکەی ١٥٠ بلیت بۆ بیلاڕوسیا فرۆشراوە، لە ماوەی ٢ ڕۆژیشدا ٣ بلیتی بیلاڕوسیا هەڵوەشێندراوەتەوە، تێچووی بلیتیش لە ١٧٠٠ دۆلارەوە بۆ ٣٧٠٠ دۆلار بەرزبووەتەوە.
ئاژانسی هەواڵیی ئۆپۆزسیۆنی بیلاڕوسیا-NEXTA، لە تویتێکیدا بە ڤیدیۆ ئەوە نیشان دەدات کە لەسەر سنوری پۆڵەندا بە هەزاران سەرباز ئامادەکراون تا ڕێگری بکەن لە کۆچی بە لێشاوی کۆچبەران بۆ وڵاتەکەی، ڤۆرسۆلا ڤون دەرلاین، سەرۆكی كۆمسیۆنی یەكێتی ئەوروپاش دەڵێت پێویستە بیلاڕوسیا بووەستێت لەوەی ژیانی خەڵک بکاتە مەترسییەوە.
یەکێتی ئەوروپا و ڕێکخراوە مەدەنییەکان لە ئاست کۆچی بەلێشاوی گەنجان بۆ ژیانێکی باشتر هاتوونەتە دەنگ، بەڵام تا ئێستا پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەسەر پرسی کۆچی گەنجان دانەنیشتووە و نەبووەتە کارنامەی پەرلەمان، لە دانیشتنی دوێنێشدا ئەگەرچی لە کارنامەی دانیشتنی پەرلەمان پرسی کۆچبەرانی تێدا نەبوو، بەڵام لەسەر داوای پەرلەمانتاران بە زۆرینەی دەنگ بڕیاردرا شاندێکی پەرلەمانتاران بچێتە بیلاڕوسیا-پۆڵەندا.
کۆمەڵێک پەرلەمانتار دوێنێ یاداشتیان پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد تا دانیشتن لەسەر کۆچی گەنجان بکرێت، بەدریە ئیسماعیل، پەرلەمانتار، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی نوژنها دەربارەی دانیشتنی پەرلەمان وتی: تا ئێستا لە پەرلەماندا دانیشتن بۆ کۆچی گەنجان نەکراوە، یەکجار لە بەرنامەی کاردا هەبوو، بەهۆی دروستبوونی گرژییەوە دانیشتنەکە دواخرا"،
بەدریە ئەندامی لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤە، سەبارەت بە کاری لیژنەکە دەڵێت: "لیژنە دەتوانێت بە داتا و ئامار ڕاپۆرت ئامادەبکات و بە بەدواداچوونی ورد کێشە و گرفتەکان بخاتەڕوو لەسەر کۆچی گەنجان، بدرێتە پەرلەمان و لایەنی پەیوەندیدار بێنێتە پەرلەمان"، ئەو پەرلەمانتارە نەیشاردەوە و ئاماژەی بەوەشدا "لیژنەکە لەسەر پرسی دیکە ڕاپۆرتی نووسیوە بەڵام تا ئێستا لەسەر کۆچی گەنجان ڕاپۆرتی ئامادە نەکردووە".
بەپێی ئامارێکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران، لە ماوەی ٢٠١٥-٢٠٢١دا، ٦٣٣ ھەزار و ٢٧٣ کەس لە ھەرێمی کوردستان و عێراق کۆچیان کردووە و لە رێگەی گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا ٢٦١ کەس گیانی لەدەستداوە، کۆی گشتی قوربانیانی ڕێگەی کۆچیش ٤٤٦ کەسە.
ت.پ