کارکردنی ژنان لە کارگەکان لە سەردەمی شۆڕشی پیشەسازی

لەسەردەمی شۆڕشی پیشەسازیدا ژنان لە پێناو بەدەستهێنانی بژێوی ژیانیاندا لە کارگەکان و کێڵگەکاندا کاریان دەکرد، و لە لایەن خاوەنکارەکانەوە ڕووبەڕووی چەندین توندوتیژی دەبوونەوە و لە بەرامبەریشدا هەمان مافی کرێکارە پیاوەکانیان پێنەدەدرا.

 

 

 

بێریڤان کەمال

بارودۆخی دژوار و سەخت لە ساڵانی شۆڕشی پیشەسازی ژنانی ناچاری کارکردن دەکرد و لە پێناو بەدەستهێنانی بژێوی خێزانەکانیان و بەردەوامبوونیان لە ژیان لە چەندین بواردا کاریان دەکرد وەک: خزمەتکاری و بەخێوکردنی منداڵی خێزانە دەوڵەمەندەکان و کارکردن لە کێڵگەکان و کارگەکاندا و هەندێک جاریش کاری تایبەت بە خۆیان دەکرد کە ئەمە زۆر تر بۆ ئەو خێزانانە بوو کە ئاستی داراییان باشتربوو.

کرێکاران بە گشتی و ژنان بە تایبەتی ڕووبەرووی بارودۆخی سەخت و دژواری کارکردن دەبوونەوە چونکە جیاوازی چینایەتی ڕۆڵێکی گرنگی دەگێڕا لە جیاوازی کردن لە نێوان خێزانە هەژارەکان و ئاست مامناوەندەکان و بە چەندین شێوە چینی کرێکار ئازار دەدران .

 

 سەرچاوە مێژووییەکان دەربارەی کارکردنی ژنان تەواو ورد نین و دڵنیایی نیە لە ڕاست و درووستیان، کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر  توندوتیژییەکانی ژنان تەنها لە سەرژمێرییەوە بەردەستە و لە کاتێکدا کە داتای سەرژمێری سوودی گشتگیربوونی هەیە، بەڵام پێوانەیەکی زۆر باش نییە لەسەر کارکردنی ژنان لە کاتی شۆڕشی پیشەسازی، بەشێوەیەکی گشتی ڕاپرسییەکان هیچ زانیارییەک لەسەر ئامارەکانی ژنان بۆ پێش ساڵی ١٨٤١ نادەن.

 

کارکردن لەبەشی خزمەتگوزاری

کاری ناوماڵ، چێشتلێنان، خاوێنکردنەوە، بایەخدان بە منداڵان و نەخۆشەکان، و دروستکردنی جل و بەرگ- بەشی زۆری کاتی ژنانیان لە سەردەمی شۆڕشی پیشەسازیدا وەرگرت و زۆربەی ئەو کارانە بێ وەرگرتنی هیچ بڕە پارەیەک ئەنجامدەدران.

هەندێک لە خێزانەکان کە باری داراییان لە ئاستێکی باشدا بوو، ژنانی تریان دادەمەزراند بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە، وەک خزمەتکار، کە لە بەرامبەر بڕێک پارەدا ئەو کارانەیان بۆ خێزانە دەوڵەمەندەکان ئەنجامدەدا.

 

دەستپێکردنی پیشەسازی لە ماڵەکان

پێش دەرکەوتنی کارگەکان، کەرەستەی خاو نرخی گران بوو بۆ وەبەهێنان و زۆربەی کارەکانی "ڕستن و چنین " ، کرێکارانی چنین بەدەگمەن سەرمایەی پێویستیان هەبوو بۆ ئەوەی کاری تایبەت بەخۆیان دابمەزرێنن، لەبەر ئەو هۆکارە کەرەستەی خاویان لە بازرگانێک وەردەگرت و لە ماڵەکانیان کاری ڕستن و چنینەکەیان ئەنجامدەدا، پاشان بەرهەمی تەواوکراویان دەگەڕاندەوە بە پێی ڕێژەی پارچەکان کرێیان وەردەگرت.

ئەم سیستمە لە کاتی شۆڕشی پیشەسازیدا شێوازەکەی گۆڕدرا کاتێک ئامێرە نوێکان پەیدابوون کە پێویستیان بە ئاو یان هێزی هەڵم هەبوو بۆیە پێویستی دەکرد کە کارکردن لە ماڵەکانەوە بۆ کارگەکان بگوازرێتەوە.

پێش شۆڕشی پیشەسازیی، ڕستنی دەستی بە کارێکی بەربڵاوی تایبەت بە ژنان دادەنرا، پەیدا بوونی ئامێرە نوێیەکانی چنینی شۆڕشی پیشەسازی ئەوەیان گۆڕی چونکە ئامێرەکان لە بری ژنان کارەکەیان ئەنجامدەدا و ئەمەش ژنانی بێ کار کرد، چونکە بەشیک لە ژنان داهاتیان لە ڕێگەی کاری ڕستنی دەستییەوە دەستدەکەوت.

 لە کۆتاییەکانی سەدەی هەژدەیەم یەکێکی تر لە پیشەسازیە گرنگەکانی دیکە کە لەلایەن ژنانەوە ئەنجامدەدرا چنین و نەخشاندنی " سەرین " و بەشێکی دیکە لە کەرەستەکانی ناوماڵ بوو، کە نزیکەی ٥٠٪  داهاتی زیاتر بوو لەو ژنانەی کە لە بواری کشتوکاڵدا کاریان دەکرد.

 

کارگەکان

تایبەتمەندییەکی دیکەی شۆڕشی پیشەسازی، زیادبوونی ژمارەی کارگەکان بوو بەتایبەتی کارگەی چنین، ئەمەش بووە هۆی گواستنەوەی کارکردن لە ماڵەوە بۆ کارخانەکان، کە سەرچاوەی کارەبای ناوەندی بەکاردەهێندرا بۆ کارکردنی ئامێرەکان.

هێزی ئاو لە زۆربەی کارگە سەرەتاییەکاندا بەکارهێندراوە، زۆرترین گەشەی وەبەرهێنان لە پیشەسازی لۆکەدا بوو کە داهێنانی جەیمس هارگریڤس  بوو لە ساڵی ١٧٦٤، دواتر وڵاتی بەریتانیا دەستیکرد بە بەرهەمهێنانی قوماش و جل و بەرگی لۆکە کە ئەمەش هۆکاری دابەزینی نرخی پارچەکان بوو، هەرچەندە لە سەرەتادا ئامێرەکان بە شێوازێکی سنووردار کاریان دەکرد بەڵام بە پێشڕەوییەک دادەنرێت کە دواتر ئامێرەکان دروستکران لە بوارێکی فراوان تر و هەروەها بۆ بەرهەمهێنانی جۆرەکانی دیکەی قوماشی وەک کەتان و ئاوریشم.

 

داهێنانی ئامێرە نوێیەکان دابەشکردنی جێندەری کاری کرێکارەکانی گۆڕی لە بەرهەمهێنانی قوماشدا، پێش شۆڕشی پیشەسازی، ژنان کاریان لە ڕستنی دەزوو و خوریدا دەکرد و کۆیاندەکردەوە و پیاوان ئەم کارەیان نەدەکرد چونکە ئەم دابەشکارییە لە ئیشکردندا مانای هەبوو چونکە بوونی هێزی زیاتری پیاوان نرخێکی زیاتری بۆ دادەنرا و کاری باشتریان پێدەدرا.

لە کارکردندا ژمارەی پیاوان لە ژنەکان زیاتر بوو، پیاوان ئامێری هەڵکردنەکەیان بەکاردەهێنا چونکە پێویستی بە هێزیکی زیاتر بوو، بە توندی دژی کارکردنی ژنەکان دەوەستانەوە.

ئەو ئەرکانەی کەسانی زۆرشارەزا و زۆر پەرەپێدراوی دەویست لەلایەن پیاوانەوە قۆرخکرابوو، بەشێکی تری ژنان وەک یاریدەدەری پیاوەکان دادەمەزرێندران، بەشێوەیەکی گشتی ٪٥٧ کرێکاری ناو کارگەکان ژنانی گەنجی خوار تەمەنی ٢٠ ساڵان بوون، هەروەها ژنان لە کارگەی کاغەز کاریان پێدەدرا بەڵام لە کارگەکانی شوشە و بۆیاخ کاریان پێنەدەدرا.

لەو ژنانەی کە لە کارگەکاندا کاریان کردووە، ٪١٦ تەمەنیان کەمتر لە   ١٣ ساڵان بوو، ٪٥١ تەمەنیان لە نێوان ١٣بۆ ٢٠ ساڵان بوو و ٪٣٣  تەمەنیان ٢١ ساڵان بوو، بە تێکڕایی کچەکان هەمان کرێی کوڕانیان بەدەست دەهێنا، بەڵام  لە تەمەنی ٣٠ ساڵی و زیاتردا کرێکارانی کارگەکان ژنان تەنیا یەک لەسەر سێی کرێی پیاوانیان بەدەستدەهێنا.

 

کاری سەربەخۆی ژنان

لە سەردەمی شۆڕشی پیشەسازیدا ژنان لە شارۆچکەکان بازرگانێکی چالاک بوون، لەنێو خاوەن کارەکاندا کە لە بەڕێوبەرایەتییە بازرگانییەکاندا تۆمارکرابوون نزیکەی ١٠٪ ژن بوون، لە نێویاندا کچان و ژنانی هاوسەردار و هەروەها ئەو ژنانەشی تیادا بوو کە هاوژینەکانیان لەدەستدابوو کە خاوەنداریان لە کاری هاوژینەکانیان دەکرد  وبەردەوامییان پێدەدا.

هەندێک جار ژنانی خێزاندار بە جیا لە هاوسەرەکانیان خەریکی بازرگانی بوون، ژنان بەزۆری دووکانیان بەڕێوەدەبرد کاریان دەکرد، لە زۆربەی ئەو بازرگانیانەی کە لە بەڕێوەبەرایەتی بازرگانیدا تۆمارکرابوون بۆ نموونە مانچستەر لە ساڵی ١٨٤٦شەش ئاسنگەری ژن و پێنج ئامێر سازکەری ژنی هەبوو لە نێوان ساڵانی ١٧٣٠ بۆ ١٨٠٠.