ئۆجالان لە ئیمراڵییەوە؛ من جەنگاوەرێکی ئازادی ژنم

ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان، گۆشەگیرییەکەی لە ئیمراڵیدا، گۆشەگیرییە بۆ سەر گەلی کورد و ژنان، لە پەیامێکیدا کە بۆ کۆنگرەی ژنانی ناردووە، دەڵێت، "مێژووی پێنج هەزار ساڵە لەبەر ژن شیکار دەکەم".

تەوار پێنجوێنی

 

سلێمانی- ڕێبەرێک، دوورگەی ئیمراڵی گۆڕی بۆ دوورگەی ئاشتی، پێشەنگێک کە بە درک کردن بە "کوردستان داگیر کراوە" خەباتی دەیان ملیۆنی دەستپێکرد و ژنانی لە کونجی ماڵەکاندا ڕژاندە کۆڵان و شەقامەکان و دەستی بۆ ناواخنی خێزان برد، ئەو تەنها ڕێبەرێک نەبوو، بەڵکو بیرمەندێک بوو کە بە هەڵسەنگاندنی مێژوو و کەسایەتی، تاکی کوردی لە ڕەگ و ڕیشەوە شی کردەوە و ژنانی لە بزووتنەوەکاندا ڕێکخست، زیندانییەکە کە ئازادی گەلێکی پێوە گرێدراوە و فەیلەسوفێکە بەدیهێنەری ئاشتییە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان.

 

ئەویش ڕێبەری گەلی کورد و سیستمی کۆنفیدڕالیزمی دیموکراتیک عەبدوڵا ئۆجالانە، بە ناسناوی ڕێبەر ئاپۆ، کە لە ٤ی نیسانی ١٩٤٨ لە گوندی ئامارای شاری ئورفا لە باکووری کوردستان لە دایکبووە، لە منداڵییەوە دایکی بووەتە سەرچاوەی هێزی و ئیلهامی تێکۆشانیشی لە کچە هاوڕێکەیەوە وەرگرتووە، کە لە تەمەنێکی منداڵدا دراوە بەشوو.

 

ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان، لە گەنجیدا دەستی بە خەباتی مەدەنی کردووە و شاراوەیی ناسنامەی کوردبوونی پەلکێشی خەباتی ڕێکخراوەیی کردووە، کاریگەر بووە بە هەڵوێستی ڕادیکاڵانەی ماهیر چایان (شۆڕشگێڕی تورک) و ئاشنای "کۆمەڵەی کولتووری شۆڕشگێڕانی خۆرهەڵات" بووە، ئەمانەش وایکرد، خوێندنی لە کۆلێژی یاساوە بگۆڕێت بۆ کۆلێژی زانستە سیاسییەکان، لەوێدا ڕابەرایەتی مانگرتنی دژی تیرۆرکردنی ماهیر چایان و ٩ هاوڕێی کردووە و بە هۆیەوە لە ساڵی ١٩٧٢دا دەستگیر کراوە، زیندان نەبووە هۆی پاشەکشە کردنی، بەڵکو دوای ئازادبوونی کەوتە کۆکردنەوەی خەباتی چەپ و سۆسیالیستە شۆڕشگێڕەکان لە ژێر یەک چەتردا.

 

"کوردستان داگیر کراوە" هەوێنی یەکەم کۆبوونەوە و دەستپێکردنی خەباتی شۆڕشگێڕانەی گەنجانی کورد بوو، کە دواتر بووە خەباتی بە ملیۆنان مرۆڤی کورد و ئازادیخوازان و ژنان پێشەنگایەتییان کرد.

 

بیردۆزی تێکۆشانی ئازادی ژن 

ڕێبەر ئۆجالان بە قوڵبوونەوە لە تێکۆشاندا بە ماوەیەکی کورت دەگاتە بیردۆزی ئازادی و دەست بۆ پرسی ژن دەبات، پێی وایە ئەگەر ژنان لەناو تێکۆشاندا نەبن، ناتوانرێت گۆڕانکاری ڕووبدات، هاوەڵی ڕێگەکەشی ساکینە جانسزە. لە ساڵانی نێوان ١٩٧٨ بۆ ١٩٩٠ یەکێک لەو پەرتوکانەی بڵاوی کردووەتەوە "کێشەی ژن و خێزان" بوو، لە دوای دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە ساڵی ١٩٧٨یشەوە بیردۆزی تێکۆشانی ئازادی ژن زیاتر ڕێچکەی گرت و بووە تێکۆشانێکی مەیدانی کە ژنانی لە ڕووی کۆمەڵایەتی، سیاسی و سەربازیدا کۆکردەوە و بە ڕێکخستنی کرد.

 

ڕێبەر ئۆجالان لە هەموو قسەکانیدا ژیان و ژن پێکەوە دەبەستێتەوە و پێی وایە، بەو ئامانجەی ژیان بەفیڕۆ نەدرێت، بەر لە هەموو شتێک پێویستە شێوە ژیانێکی ئەخلاقی، ڕاست و بە ئەستاتیک لەگەڵ ژن بنیاد بنرێت، بۆیە ئازادی ژن بە ئازادی کۆمەڵگە دەزانێت و دەڵێت "مێژووی پێنج هەزار ساڵە لەبەر ژن شیکار دەکەم".

 

هیچ سەردەمێکی مێژوو هێندەی ئەمڕۆ ژن وەکو ئامڕازێکی بەکارهێنان و قۆستنەوە بەکارنەهاتووە، بۆیە لە دیدی ڕێبەر ئۆجالانەوە لە نان و ئاو زیاتر ژن پێویستی بە ئازادی هەیە، دەبێت ئامانجی خۆی هەبێت و ڕێکخستنەکانی بەگەڕ بخات، چونکە تا سروشتی ژن لە تاریکیدا بمێنێتەوە، ئەوا تەواوی سروشت و کۆمەڵگەش بە شاراوەیی و لە تاریکیدا دەمێنێتەوە، 

 

خێزان وەک خانەیەکی دەسەڵات دادەنرێت

خێزان وەکو خانەیەکی دەسەڵات پێویستی بە شیکردنەوە هەیە، چونکە ئەوەی لە خێزانەوە دروست دەبێت، کۆمەڵگەی لێ پێکدێت و دەسەڵاتی پێ بەڕێوە دەبرێت، لەمڕۆدا خێزان بووەتە ناوەندێکی دەوڵەتی پیاو و پیاویش خاوەنی مافێکی بێسنورە بەسەر ژنەوە، کە تەنانەت مافی کوشتنی ژنیشی هەیە، لەو بارەوە ڕێبەر ئۆجالان دەڵێت: ڕەخنەکردنی خێزان گرنگە، ئەگەر خێزان وەک خانەی دەسەڵات شیکار نەکرێت، ئەوا تیۆری شارستانێتی دیموکراتیک و جێبەجێکردنەکەی لە گرنگترین بنەماکانی پێبەش دەبێت، خێزان دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتی نییە وەلابنرێت، بەڵکو دەشێت گۆڕانکاری بەسەردا بێت، پێویستیشە واز لە بانگەشەی موڵکایەتی ژن و منداڵ بهێنرێت، کە لە سەردەمی پلەدارییەوە ماوەتەوە، هەروەها هیچ جۆرە پەیوەندییەکی دەسەڵات و سەرمایەداری نابێت ڕۆڵ لە پەیوەنیەکانی هاوسەردا ببینێت.

 

میزۆپۆتامیا کە ناوەندی سەرهەڵدانی ژیان و مرۆڤایەتییە، ژن پێشەنگی ئاواکردنی کۆمەڵگە و داهێنان بووە تاییدا، ڕۆڵێکی مەزنیان لە بە مرۆڤبوونی مرۆڤایەتیدا هەبووە، دایکە خوداوەندەکان بەڕێوەبەرەکانی کۆمەڵگە بوون تیایدا، بەڵام لە ئێستادا، لەو شوێنەی کە دایکە خوداوەندی لێ لەدایکبووە، ئازادی تیایدا زەوت کراوە و خاپور کراوە و بووەتە کەلاوە، ڕێبەر ئۆجالان دەڵێت: ئێمە دەمانەوێت لە ڕێگەی شۆڕشی میزۆپۆتامیاوە سەرلەنوێ گیان بە بەری ژیان بکەینەوە و زیندووی بکەینەوە.

 

ڕاستینەی ژن و نەتەوە پێکەوە گرێدراون

ڕێبەر ئۆجالان ڕاستینەی ژن و نەتەوایەتی پێکەوە گرێدەدات و هەڵیاندەسەنگێنێت، چونکە بەهۆی داگیرکاری و دەستدرێژی سەدان ساڵەوە کۆمەڵگە کەوتووەتە ناو دۆخی داخوراوی و ژن لە ژیان دوورخراوەتەوە، ژیانیش کراوەتە دۆزەخ، بۆیە دەڵێت: ئەگەر ژیانێک هەبێت، ئەوا تەنها لەگەڵ ژندا دەبێت، ئەمەش لە ئەنجامی چەکەرەکردن و ڕابوونی ئازادیخوازانەی ژنانەوە بەدی دێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی هێشتا خێزان لە ئاستی کڵاندایە و خێڵایەتی بە شێوەیەکی بەرفراوان لە ئارادایە، ژن وەکو منداڵهێنەر و ماڵ بەڕێوەبەر و بۆ حەزی سێکسی بەکاردێت، بۆیە ئاستی نەتەوایەتیش دواکەوتووە، ئەگەر ئەو پەیوەندییانەی لە ئارادان، لە چوارچێوەی سنووری خێزاندا بمێنێتەوە و لە دەوروبەری ژن-پیاو پەرە بسێنێت، دەبێتە مەترسی و ڕاکێشانی بەرەو ئاستی پەیوەندی نەتەوایی، پەیڕەوکردنی سیاسەت لەم پێناوەدا و ئاواکردنی سوپای سەربازی و شەڕکردن لەلایەنی خێزانەوە بە گرنگ نابینرێت، لە جیاتی ئەوە پەیوەندی سنوردار و دەمارگیراوە دێتە ئاراوە و پەیڕەوی لە بیری "هەموو شت لەپێناو خێزان و بۆ خێزان" دێتە ئاراوە.

 

ئایدۆلۆژیای ڕزگاری ژن

ئایدۆلۆژیای ڕزگاری ژن هەوێنی خەباتی ژنانە لە سەرتاسەری جیهاندا، کە بە ملیۆنان ژن لە چوارچێوەی خەباتی مەدەنی، سیاسی، ئابووری، سەربازی، ئایدۆلۆژی، هونەری و کولتووری و ...هتددا بەڕێوەی دەبەن و بووەتە ڕزگارکردنی ژنان لە کۆیلایەتی پێنج هەزار ساڵە، ڕێبەر ئۆجالان لەو باوەڕەدایە کە پێویستییەکی جددی بە ئایدۆلۆژیای ڕزگاری ژن هەیە، چونکە ئەگەر بە شێوەیەکی قوڵ و بەرفراوان ئەو ئایدۆلۆژیایە پێشنەخرێت، ئەوا ڕزگاری کۆمەڵایەتیش پێشناکەوێت، ئەمەش تەنها ئایدۆلۆژیایەکی ڕەگەزی نییە وابەستەبێت بە ژنەوە، لە ڕوانگەی ئۆجالانەوە، لە چارەسەرکردنی کێشەکانی شەڕەوە تا ڕەخساندنی ئاشتییەکی پشتبەستوو بە ئازادی، پێویستیان بە پەرەسەندنی ئایدۆلۆژی ڕزگاری ژن هەیە، چونکە تەواوی ئایدۆلۆژیاکان تا ئێستا مۆرکی پیاوانیان پێوەیە، ئەمەش ڕەهەندی چینایەتی ئیمپریالیزم و داگیرکاری و پیاوسالاریشی هەیە، شەڕ و نایەکسانی، فشار و زۆرداری هێناوەتە ئاراوە، بە گەڕانەوەش بۆ ڕاستینەی ژن و پێگە کۆمەڵایەتی-مێژووییەکەی لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژیای ڕزگاری ژن، دەتوانرێت ژیانێکی ئازاد فەراهەم بکرێت.

 

بۆیە دوای پەرەسەندنی خەباتی ڕێکخراوەیی، سیاسی و سەربازی ژنان لە سەدەی ٢١دا و بە تایبەت لەناو ڕیزەکانی پەکەکەدا، لە پەیامێکیدا بۆ کۆنگرەی نەتەوەیی ژنان ڕێبەر ئۆجالان دەڵێت: لە سەرەتای ساڵانی ٢٠٠٠ەکانەوە بەهاری ژنان دەستی پێکردووە، هاوشێوەی کونکردنی بەفر و سەهۆڵی زستان پشکوتنی گوڵە بەیبوون و حاجیلەکان، بەفر و زستانی دژواری زۆرداری و تەلەکەبازی سەر ژنانیش تێکدەشکێنرێت، ئیتر ئازادی ژن بەدیدێت، ئەوەش بە بەهاری ژن، خونچەکردن و گوڵکردنیبزووتنەوەی ئازادی ژن بەرامبەر بە بەفر و زستانی ڕەش بەناو دەکەم، وێڕای مێژووی قێزەونی ٥٠٠٠ ساڵە، هیوادارم هەنگاو بە هەنگاو خۆتان لە پاشماوەی بەفری دونیای پیاو پاک بکەنەوە و ڕاستی خۆتان بئافرێنن.

 

هەروەها لەبارەی تێکۆشانی ژن لە سەدەی ٢١دا دەڵێت: لە ڕێگای پشتبەستن بە ژن، سەدەی ٢١ دەبێتە سەدەی دیموکراسی و ئازادی ژن و کۆمەڵگە، هەوڵمدا پیشانی هەر کەس لایەنێک، بە تایبەت پەکەکەی بدەم، کە شەڕ و تێکۆشانی ژن لایەنێک نییە بچوک ببینرێت، من جەنگاوەرێکی ئازادی ژنم، زۆریش ڕادیکاڵم، تامەزرۆ و عاشقی ئازادیم، قاڵبوونەوەی بەردەوامم بەرامبەر بە ژنان هەیە و ئەو خەباتەم خۆشدەوێت، لەو بڕوایەشدام ڕۆژێک بەو ژنە بەهێزە دەگەن کە پیاوی کۆنەپەرست و زۆردار بێننەوە سەر ڕاستەڕێ.

 

دژی تێکۆشانی سەرکوت نەکراو پیلانگێڕی نێودەوڵەتی ئەنجامدرا

لەگەڵ دەستپێکردنی تێکۆشانی کورد لە باکووری کوردستان بە ڕێبەرایەتی ڕێبەر ئۆجالان، گوشارەکان زیادیان کرد، ڕێکخستنەکانی گەنجان، کە بە "کوردستان داگیر کراوە" و کۆڕ و کۆبوونەوەکان و خستنەڕووی شیکارییەکان درێژەی پێدرا، بە ئاپۆچییەکان ناویان برا، دەوڵەتی تورکیا بە دروشمی "یەک وڵات، یەک ئاڵا، یەک زمان" کوردی بەرەو لەناوچوون ڕاگوێز دەکرد، هەر سەرهەڵدانێکیشی بە کۆمەڵکوژی کۆتایی پێدەهێنا، بەڵام تێکۆشانی ڕێبەر ئۆجالان و هاوەڵانی بووە سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ئازادی و لە ڕێکخستنی کۆمەڵگەوە هەنگاوی بۆ بە پاریبوون دا و ١٥ی ئابی ساڵی ١٩٨٤، بە فەرماندەیی مەعسوم کۆرکماز (هەڤاڵ عەگید) یەکەم چالاکی سەربازی لە دژی سوپای داگیرکەری تورک بە سەرکەوتوویی ئەنجامدرا، کە بووە قەڵەمبازێکی مێژووی و نەبڕاوە بۆ گەلی کورد. دەوڵەتی تورکیا سەرەڕای فشار و کۆمەڵکوژییەکان نەیتوانی هاواری ئازادی کپ بکات، بۆیە هێزە نێودەوڵەتییەکان کەوتنە جوڵە و کۆمپلۆیەکی نێودەوڵەتییان دژی ڕێبەر ئۆجالان و تەڤگەرەکەی بەڕێوەبرد، کە لە ٩ی تشرینی دووەمی ١٩٩٨ دەستی پێکرد و لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩دا بە دەستگیرکردنی ڕێبەر ئۆجالان دەستیان پێکرد و تا ئێستا بەردەوامی پێدەدەن.

 

ڕێبەر ئۆجالان دەربارەی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی ١٥ی شوبات و دەستگیرکردنی لە زیندانی ئیمڕاڵی دەڵێت: ئەو پیلانگێڕییەی لە ئیمراڵی بەسەرمدا دەسەپێنرێت جۆرە پیلانگێڕییەکە تۆزقاڵێک هیواش ناهێڵێت و کۆتایی پێدەهێنێت، هەر بەو ئامانجەش ماوەیەکی درێژ جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان و شەڕی دەروونی لە ڕۆژەڤدا مایەوە، لە ڕۆژانی یەکەمدا خۆم بە خەیاڵمدا نەدەهات کە چۆن بەرگەی ئەو گۆشەگیرییە قورسە دەگرم و چۆن ساڵێکی بەسەر دەبەم، لە کاتێکدا هەرگیز مرۆڤ ناتوانێت لە دووری خانەوادە و منداڵەکانیدا بژی، ئەی من چۆن بەرگەی جیابوونەوەی درێژخایەنی ئیرادەی ملیۆنانم دەگرت کە بە بەهای ژیانی خۆشیان بێت، لەگەڵمدا ببوون بە یەک و جارێکی دیکەش نەمدەبینینەوە؟، بەڵام هەلومەرجی زیندانی داخراو پڕ لە پەند و ئەزموونە بۆ ئەو کەسانەی خاوەن بانگەشە و دۆزی مەزنن.

 

هەروەها لە بارەی زیندانی ئیمراڵییەوە دەڵێت: بۆ کوردێکی شەرەفمەند و خاوەن ئەخلاق، مسۆگەر ژیان تەنیا لە میانەی جەنگاوەرێکی ئازادی و بوونەوە فەراهەم دەبێت، زیندانی ئیمراڵیش بە تەواوی بۆ من بوو بە مەیدانی شەڕی حەقیقەت، لەپێناو پەی بردنی زیاتر بە دۆز و دیاردەی کورد و ڕەخساندنی دەرفەتەکانی چارەسەری.