جەنگی ڕوسیا و ئۆکرانیا، ڕۆڵی ژنان لە جەنگەکەدا

هێرشی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکرانیا تا دێت فراوانتر دەبێت، سوپای ڕوسیا چوونەتە ناو چەند شارێکەوەو شەڕی کۆڵان بە کۆڵان بەڕێوەدەچێت، ژنانی ئۆکرانیاش بەشدارن لە جەنگ و پارێزگاری لە خاکەکەیان دەکەن.

 

لاڤە کوردە

ناوەندی هەواڵ- جەنگی ڕوسیاو ئۆکرانیا لە ساڵی ١٩١٧ ەوە جەنگێکی بەردەوامە، کە بە شێوەیەکی سەرەکی ڕووسیا و بێلاڕوس و هێزەکانی ڕوسیا لە لایەکەوە بەشدارە و لە لایەکی دیکەشەوە ئۆکرانیا شەڕی چەکداری لە مانگی شوباتی٢٠١٤ەوە دەستیپێکرد، کە هۆکارەکەی لەسەر دۆخی کریمیا و بەشەکانی دۆنباس بوو، کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بە بەشێک لە ئۆکرانیا دەناسرێنەوە.

 

دۆنباس ناوچەیەکی مێژوویی، ئابووری و کلتوورییە لە باشوری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کە لە کاتی ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت لەگەڵ ئۆکرانیا لە یەکێتی سۆڤیەت جیاکرابوونەوە. ڕوسیا ناوچەی دۆنباس کە خەڵکی بە رەچەڵەک ڕوسی زۆری تێدایە بە بەشێک لە سنوورەکانی خۆی دەزانێت.

 

لە ساڵی ٢٠١٤ لە دوای خۆپیشاندانەکانی خەڵکی نیمچەدوورگەی کریمیا کە داوایاندەکرد لە ئۆکرانیا جیابکرێنەوە، هەروەها لە ١ی ئاداری ٢٠١٤، ئەنجومەنی فیدراسیۆنی ڕووسیا بە کۆی دەنگ بڕیارێکی پەسەند کرد بۆ داواکردنی ڤلادیمێر پۆتینی سەرۆکی ڕووسیا بۆ بەکارهێنانی هێزی سەربازی لە ئۆکرانیا، بڕیارەکە چەند ڕۆژێک دواتر، پاش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی ڕوسیا لەسەر "گەڕانەوەی کریمیا" پەسەند کرا، کریمیا بووە بەشێک لە ڕوسیاو سەربازانی ڕوسیا دەستیان گرت بەسەر پێگە ستراتیژییەکان و ژێرخانەکانی ناو خاکی کریمیا.

 

دوای لکاندنی کریمیا بە ڕوسیاوە، خەڵکی دۆنێتسک و لوهانسکیش داوای جیابوونەوەیان لە ئۆکرانیا کرد، بۆ ئەو مەبەستە لە ١١ی ئایاری ٢٠١٤، ڕیفراندۆمی سەربەخۆییان ئەنجام دا، زیاتر لە ٨٩%ی خەڵکی دۆنێتسک و زیاتر لە ٩٦%ی خەڵکی لوهانسک دەنگیان بە خۆبەڕێوەبەری و سەربەخۆیی دا، بەڵام ئۆکرانیا هەرزوو ڕێگەی لە جیابوونەوەکە گرت، بەو هۆیەوە لە ماوەی هەشت ساڵی ڕابردوودا، ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی جوداخوازەکانی دۆنێتسک و لوهانسک لە باشوری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بووەتە کێشەیەکی بێ چارەسەری لە نێوان ڕوسیا و ئۆکرانیا.

 

لە ئێستادا و لە ڕۆژی ٢١ی شوباتی ٢٠٢٢ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا پێشوازی لە هەردوو سەرۆکانی ناوچەی دۆنێتسک و لۆهانسکی هەرێمی دۆنباسی رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کرد و بە فەرمی دانی بە سەروەریی هەردوو ناوچەکەدا نا، وەک "کۆماری گەلی سەربەخۆی لۆهانسک" و " کۆماری گەلی سەربەخۆی دۆنێتسک".

 

دواتر لە بەیانی ٢٤ی شوباتی ٢٠٢٢ پۆتین داوای داگیرکردنی ئۆکرانیای لەو هێزە چەکدارەکانەی خۆی کرد کە پێشتر بە درێژایی سنوورەکە چڕی کردبووەوە، هێرشەکە لە ڕێگەی ئاسمانی بۆ سەر بینا سەربازییەکانی ئەو وڵاتە و هەروەها ئەو تانکانەی کە لە ڕێگەی سنووری بێلاڕوسەوە دەچنە ژوورەوە دەستیپێکرد و بەردەوامی هەیە، لە بەرامبەردا سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی لە سەرتاسەری ئۆکرانیا یاسای سەربازی ڕاگەیاند.

 

بەهۆی هێرشەکان و جەنگی نێوان ئەو دوو وڵاتەوە، بەشێکی زۆر لە ئۆکراینییەکان لە ژێرزەمین و پەناگەکاندا ژیان بەسەر دەبەن و لەبارەی داهاتووەوە هیچ شتێک ڕوون نییە، بەشێکی دیکەیشیان بەرەو سنووری پۆڵەندا ئاوارەبوون.

 

جەنگ و ئاڵۆزی و پێکدادان لە شارەکانی نۆڤا کاخۆڤا، خارکیڤ، کییڤی پایتەخت بەردەوامی هەیە و شارەکانی خێرسۆن و بێردیانسکیان گەمارۆدراون، هەروەها حکومەتی ئۆکرانیا داوای لە خەڵکی مەدەنی کردووە ئەوەی دەیەوێت بمێنێتەوەو ڕووبەڕووی هێرشەکان ببێتەوە دەتوانن چەک هەڵبگرن و بجەنگن، لەگەڵ ئەوەی خەڵكێکی زۆر چەکی هەڵگرتووە، ژنانی بەرپرس و مەدەنییش خۆبەخشانە بە چەکەوە بۆ پارێزگاری لە وڵاتەکەیان دەرکەوتن، بەپێی ڕاپۆرتەکان ژنان بەژمارەیەکی زۆرەوە چوونەتە ڕیزی سوپای ئۆکرانیا.

 

ڕۆڵی ژنانی ئۆکرانیا لە جەنگەکەدا

ئۆلینا زیلینسکی، خانمی یەکەمی ئۆکرانیا، لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێت: "هەموو ڤیدیۆ و وێنەکانتان دەبینم لە ئینتەرنێت، خەڵکی ئۆکرانیا ئێوە چەند ناوازەن، شانازی دەکەم کە ئۆکرانیم، من ناترسم و ناگریم بەڵکو ئارامم و متمانەم بە خۆمان هەیە، خۆشم دەوێن".

 

هەروەها یولیا تیمۆشینکۆ سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئۆکراینا، بە چەکەوە چووە ریزی خۆبەخشەکان.

 

ژنێکی دیکە کە پەرلەمانتاری ئۆکرانیایە بە ناوی "کیرا رودیک" مەشق دەکات و چەکی هەڵگرتووە بۆ پاراستنی وڵاتەکەی.

 

 ڕێژەی ژنانی سەربازی ئۆکرانی

ئۆکرانیا لە ساڵی ١٩٩٣ەوە ژنانی لە سوپاکەیدا دامەزراندووە، چاکسازی لە سەربازی ئۆکرانیا لە ساڵی ٢٠١٤ەوە بە زیادکردنی ڕۆڵی ژن لە جەنگدا دەستیپێکرد و ژنان ئێستا نزیکەی ١٥٪ی هێزە چەکدارەکان پێکدێنن، بە کۆی گشتی ١٣ هەزار ژن لە مەیدانی جەنگدا ئامادەن.

 

 بە پێی یاسایەکی ساڵی ٢٠١٨ سەربازانی ژن وەک سەربازە پیاوەکان مافی یەکسان مسۆگەر دەکەن، لە ساڵی ٢٠١٩ەوە توانیویانە لە کۆلێژی سەربازی بخوێنن بۆ بەدەستهێنانی پلەی باڵا.

 

سوپای ئۆکرانیا لە ساڵی ٢٠١٦دا مافی ئەوەی بە ژنان دا کە لە شوێنی شەڕدا شەڕ بکەن، لە کاتێکدا پێشتر تەنها دەیانتوانی وەک پەرستار و سکرتێر و چێشتلێنەر لە بەرەکانی جەنگ بن، ئەوەش لە لایەن ژنانی وڵاتەکەوە بە تایبەت ئەوانەی بەشداری سەربازی دەکەن بووە مایەی دڵخۆشیان.

 

سەربازە ژنەکانی ئۆکرانیا دەڵێن: "لە ئۆکرانیا ژنان ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێهێشت و چەکیان هەڵگرت ،ژنانی گەنج دەست بەسەر سەربازە ڕووسیەکاندا دەگرن".

 

ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا ئاماژەی بەوەکردووە کە سوپاکەیان ئێستا جیاوازە لە جاران "سوپای نوێی ئۆکرانیا" ژمارەیەکی زۆر لە ژنان لەخۆ دەگرێت کە بۆ پاراستنی وڵات چەک دەگرنە دەستیان و ماڵ و خێزانەکانیان جێدەهێڵن، ژنان ئامادە دەکرێن بۆ جەنگ بە پێدانی ڕاهێنانی جەنگی سەرەتایی، وەک چەک دانان و بەرگری لە خۆکردن.

 

لەگەڵ گەنجاندا سەربازانی پێشتریش چەکیان هەڵگرت

هەروەها لەگەڵ ژنانی گەنجدا، ئەو ژنانەی پێشتر سەرباز بوون و ئێستا خانەنشین بوون بۆ بەرگری لە ئۆکرانیا دێنە پێشەوە لە چەندین وێنەدا ژنانی بەساڵاچوو بە چەکەوە ڕاهێنانیان دەکرد، ئەوان بەرەنگاری ڕووسیا دەبنەوە.

 

بەڕێوبەرێکی پێشووی پەیوەندییە گشتییەکان لە شەفافییەتی نێودەوڵەتی کە ئێستا وەک ئەفسەرێکی بچووک لە هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا کاردەکات، ئامادەکاری دەکات بۆ هێرشکردنە سەر ڕووسیا لە بنکە سەربازییەکەی لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا.

ئەمانە وێنەی ئەو ژنانەیە کە شەڕ دەکەن لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا - لە هەرێمی دۆنێتسک و لوهانسک هەندێک لە ژنان تەمەنیان تەنها ٢٢ ساڵە و زۆربەیان لە تەمەنی ١٨ ساڵییەوە دژی ڕووسیا دەجەنگن.