پانوڕامای ڕووداوەکانی ساڵی ٢٠٢٢؛ دۆخی سیاسی و دەستکەوتەکانی ژنان

باشووری کوردستان و عێراق ساڵێکی پڕ لە ڕووداو و گۆڕانکاریی تێپەڕاند، ژنانی باشووری کوردستان لە بوارە جیاوازەکاندا ڕۆڵی کارایان گێڕا و توانیان بەرخۆدانی دژی داگیرکاری بکەن و دەستکەوتی گرنگ بەدەستبهێنن.

ژیان عەلی

 

سلێمانی- لە ئێستادا سیستمی جیهانی تووشی قەیرانێکی قووڵی هەمەلایەنە بووەتەوە، باشووری کوردستان و عێراقیش لەم قەیرانە بەدوور نییە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کاریگەری ئەم قەیرانانە لە سەر کۆمەڵگە بەگشتی و ژنان بەتایبەتی قووڵتر دەبێتەوە، بەڵام ژنانیش هەوڵی تێپەڕاندنی قەیرانەکانیان داوە و خۆڕاگرانە ڕووبەڕوو بوونەتەوە.

 

لەم پانۆڕامایەدا هەوڵدەدەین کار و چالاکییەکانی ژنان، گۆڕانکارییە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی باشووری کوردستان بخەینەڕوو.

 

سەرەتای ساڵ ژنان یادە تایبەتەکانیان بەرز ڕاگرت

-لە ٩ی کانوونی دووەم/١دا ڕێوڕەسمی ٩یەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز ناسراو بە کۆمەڵکوژی پاریس لە باشووری کوردستان بەڕێوەدەچوو، لە شاری سلێمانی لە مەراسیمێکدا لەلایەن ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان خەڵاتی ساڵانەی ساکینە جانسز بەخشرایە، پەرلەمانتاری باکووری کوردستان، ئایسەل توغلوک و ڕێکخراوی تێکۆشانی ژنانی ئەفغانستان ڕاوا و هاوکات یادی ئەحلام مەنسور، قەڵەمبەدەستەکەی خانەقین کرایەوە، لە شاری کەلار و ڕانیەش سیمینارێکی تایبەت دەربارەی کۆمەڵکوژی پاریس پێشکەشکرا.

 

-ژنانی باشووری کوردستان بە گڕوتینەوە پێشوازییان لە ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانی ژنان کرد و لەلایەن ڕێکخراوەکانەوە چالاکی جۆراوجۆر هاوشێوەی، گردبوونەوە، سیمینار، کۆنفرانس، فیستیڤاڵی کولتووری، ناشتنی نەمام، پێشەنگای کاری دەستی و هونەری ئەنجامدرا، لە ناوچەی بەردەقارەمانی سەر بە پارێزگای سلێمانی بە بەشداری ژنان و هونەرمەندان لە پارچەکانی دیکەی کوردستان ئاهەنگی پیرۆزبایی ٨ی ئادار بەڕێوەچوو، ئەم یادە لە کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم لە مەخموور بەرز ڕاگیرا و لە شاری کەرکوکیش بۆ هۆشیارکردنەوەی ژنان پەرتووکخانەیەکی تایبەت بە ژنان بەناوی "پەرتوکخانەی ڕۆشنبیری ژنان" کرایەوە.

 

-لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ٨ی ئاداردا، ژنانی بەغدا داوای گۆڕین و هەموارکردنەوەی بڕگەکانی یاسای کۆمەڵکوژیی ژنانیان کرد و بە دروشمی "هیچ شەڕەفێک لە کۆمەڵکوژیی ژناندا نییە" لەبەردەم ئەنجومەنی باڵای دادوەری و دادگای فیدراڵی بەغدا گردبوونەوە و ژمارەک لە ژنانی چالاکوان و هەماهەنگی ڕێکخراوەکانی مافی ژنان، لە بەردەم قەڵای هەولێر گردبوونەوەیەكی ناڕەزاییان ئەنجامدا و داوایانكرد، کوشتنی ژنان ڕابگیرێت و چیتر ژنان نەکوژرێن.

 

-هەر لە ڕۆژی ٨ی ئاداردا سەرباریی ئاستەنگی هێزە ئەمنییەکان، ژنانی سلێمانی بەهەموو ڕەنگەکانەوە، بە دروشمی "نابۆ ژن کوشتن، نا بۆ داڵدەدانی بکوژانی ژنان، ژن ژیان ئازادیی" خۆپیشاندانێکیان لە بەردەم پزیشکی دادیی سلێمانی ئەنجامدرا، هەمان ڕۆژ ٥ەمین ساڵیادی دامەزراندنی کەناڵی ژن تی ڤی لەلایەن کارمەندان و بەشێک لە ژنانەوە بە پەیام و ئاهەنگێڕان پیرۆز کرا.

 

-بە گڕوتینی ٨ی ئادار، ژنان بە جلی ڕەسەنی خۆیان پێشوازییان لە جەژنی نەتەوەیی کورد-نەورۆز کرد، لە شاری کەرکوک بە بڕیارێک یادکردنەوەی نەورۆز بۆ چەند کاتژمێرێک سنوردار کرا، لە پارچەکانی دیکەی کوردستانیش ئاستەنگی بۆ کوردان دروستکرا لە یادکردنەوەی جەژنە نەتەوەییەکەیان، بەڵام گەل بە یەک هەڵوێست سەرەڕای ئاستەنگییەکان بە بەشداری بێ وێنەی هەزاران کەس جەژن لە هەموو شارەکانی کوردستان پیرۆز کرا و ئاهەنگی گەورەی نەورۆزیش لە بناری قەندیل بە بەشداری هونەرمەندان و هاوڵاتیانی چوار پارچە بەرز ڕاگیرا.

 

مانگی ئادار مانگی ڕاپەڕینی گەلی کوردە لە باشوور

-مانگی ئادار، مانگی ڕاپەڕینە بۆ باشووری کوردستان، ٥ی ئاداری ١٩٩١ بە دروشمی "زەماوەند بکەن" گەل ڕاپەڕی و ڕژێمی بەعسی لە باشووری کوردستان وەدەرنا، هەموو ساڵێک بەو بۆنەیەوە چالاکی جۆراجۆر بەڕێوەدەچێت و ئەمساڵیش لە ٣١ەمین ساڵیادی ڕاپەڕیندا، چەندین فێستیتڤاڵی ئەدەبی و هونەری لە شارە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا، هاوکات بەشێک لە لایەنە سیاسیەکانیش ڕەخنەیان لە حکومەتی هەرێم گرتوو و پێیانوایە، دوای ٣١ساڵ لە حوکمڕانیی کوردیی تا ئێستا دەستکەوت و ئامانجەکانی ڕاپەرین بۆ گەلی کورد بەدەست نەهاتووە و دەسەڵات هەموو خەونێکی گەلی کورد لەباربردووە.

 

-یادی ٣٤مین ساڵیادی قوربانیانی کیمیابارانی هەلەبجە لە شارەکانی هەرێمی کوردستان کرایەوە و لەلایەن خەڵکی هەڵەبجە لەم یادەدا خۆپیشاندانێک ئەنجامدرا، بەشداربووان باسیان لە نەبوونی خزمەتگوزاری شارەکە کرد.

 

-ئەنفال زامە نەبڕاوەکەی گەلی کوردە، لە ٣٤ هەمین ساڵیادی کارەساتی ئەنفالدا لە شارۆچکەی چەمچەماڵ ٣٤ مەشخەڵ بۆ یادی قوربانیان داگیرسێندرا و لە مەراسیمی ئەنفالدا لەلایەن دایە گوڵەوە، حکومەت لە مەراسیمەکە دەرکرا، هاوکات لە سلێمانی هێزە ئەمنییەکان ڕێگرییان لە چالاکییەک کرد، کە بۆ داواکردنی دادگاییکردنی تاوانبارانی ئەنفال سازکرابوو، بەشێک لە کەسوکاری ئەنفالکراوان بە هۆی کەمتەرخەمی و پشتگوێخستنیانەوە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بایکۆتی یادی ئەنفالیان کرد.

 

-٤ی نیسان ساڵیادی لەدایکبوونی ڕێبەرى گەلان، عەبدوڵا ئۆجالانە، هەموو ساڵێک لە چوار پارچەی کوردستان هەڵمەتی نەمان چاندن دەستپێدەکات، ئەمساڵێش لە بناری قەندیل و سلێمانی و شارەکانی دیکەی باشووری کوردستان نەمام چێندرا و ١٤یەمین فیستیڤاڵی ٤ی نیسان لە کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی-مەخمور بە پێشبڕکێی وەرزشی بۆ خوێندنگە سەرەتاییەکان بەڕێوەچوو، لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیانیش ڕژاک و ڕێکخراوی ژنانی گەنجی تێکۆشەر، ئاهەنگێکیان بە  دروشمی" کات کاتی ئازادییە" سازکرد.

 

دەوڵەتی تورکیا لە مانگی نیسانەوە هێرشی دەستپێکرد

-دەوڵەتی تورکیا لە هێرشە داگیرکارییەکانی بەردەوامە و لە ١٤ی نیسانی ساڵی ٢٠٢٢دا ئۆپەراسیۆنی "چنگ_قفڵ"ی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت زاپ، ئاڤاشین و مەتینا دەستپێکرد و تا ئێستا بەردەوامە، لە باشووری کوردستانەوە گەل چالاکی دژی هێرشەکان بەڕێوەبرد و لە چیاکانیشەوە گەریلاکانی ئازادی کوردستان بە بەرخۆدانی بێوێنە شکستیان بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا هێنا، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بێدەنگییان هەڵبژارد و سەروەری خاکەکەیان نەپاراست.

 

-دەوڵەتی تورکیا بۆ شاردنەوەی شکستەکانی لە ئۆپەراسیۆنەکەدا چەکی کیمیایی بەکارهێنا، لە ئەنجامدا ٤٤ گەریلای ڕێگەی ئازادی گیانیان بەختکرد، لە ڕاگەیەنراوێکدا ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنى هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە ئاشکرایکرد، لە ١٤ی نیسانى ئەمساڵەوە تا ١٤ی کانوونى دووەم، دەوڵەتى داگیرکەری تورک سێ هەزار و ١٥٢ جار چەکى قەدەغەکراوی لە دژی گەریلا بەکارهێناوە لە جۆرەکانی "بۆمبای فسفۆر، بۆمبای تەرمۆ باریک، بۆمبای ئەتۆمی تاکتیک، چەکی کمیایی، پێنج هەزار و ٤٣٣ جاریش بە هەلیکۆپتەر هێرش بۆ سەر هەرێمی گەریلا کراوە.

 

-لە ٢٠ی تەمموز/٧یشدا دەوڵەتی تورکیا ناوچەی گەشتیاری پەرەخی سەر بە زاخۆی بۆردومانکرد و ٩ کەس گیانیان لەدەستدا و ٢٣ی دیکەش بریندا بوون کە سەر جەمیان گەشتیاری عەرەب بوون، هاوکات بەپێی ڕاپۆرتێکی پەیمانگای كوردی-واشنتۆن خستیەڕوو کە لە ئەنجامی هێرشی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیادا لە شارەكانی دهۆك، هەولێر، نەینەوا، سلێمانی، شەنگال و كەركوك، ١١٠ هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە و ١٨٦ هاوڵاتی دیکە برینداربوون، ئەمە جگە لە کاریگەریەکانی لەسەر ژینگە و ژیان لە هەرێمی کوردستان کە بووەتە هۆی لەناوچوونی هەزاران دۆنمی زەوی کشتوکاڵی.

 

-دەوڵەتی تورکیا چەندین کەسایەتی چالاک و تێکۆشەری لە باشووری کوردستان بە ئامانج گرتووە، لە کەسایەتی ئەو تێکۆشەرانەدا، وەک شەهید ناگیهان ئاکارسەل لە شاری سلێمانی و مامۆستا شەماڵ لە شارۆچکەی کفری، خواستیان تێکۆشانی "ژن، ژیان، ئازادی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و مێژووی کورد لەناوببەن.

 

-دوای سەرهەڵدانەکانی مانگی ئەیلول/٩ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، کە بە کوشتنی ژینا ئەمینی دەستیپێکرد، ڕژێمی ئێران حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لە ناوچەکانی کۆیە، پردێ و زڕگوێز لە هەرێمی کوردستان بۆردومانکرد و ١٧ کەس گیانیان لەدەستدا و ٦٥ کەسیش برینداربوون.

 

دۆخی ئابووری تا دێت بەرەو قەیرانی زیاتر دەچێت

-لە سەرەتای ساڵەوە خوێندکارانی زانکۆ و مامۆستایانی وانەبێژ لە پارێزگاکانی دهۆک، هەولێر و سلێمانی بەهۆی نەبوونی دەرماڵە و دانەمەزراندن و نەدانی مووچە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە گردبوونەوە بەردەوام بوون، لە وەرزی زستانیشدا  نەبوونی خزمەتگوازی پێویست و سیستمی ئاوەرۆ لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بووە هۆی دروستبوونی لافاوی وێرانکەر لە شاری هەولێر و زیانی گیانی و ماددی بە هاوڵاتیان گەیاند.

 

-دۆخی ئابووری و سیاسی هەرێمی کوردستان کۆچکردنی بەرەو وڵاتانی ئەوروپا زیادکردووە،بەپێی ئامارێكی فیدراسۆنی باڵای سەرتاسەری پەنابەران لە عێراق و هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ١ی تشرینی یەكەم، نزیكەی ٧٥ هەزار هاوڵاتی عێراقی كۆچیان كردووە بۆ وڵاتانی دەرەوە، كە نزیكەی ٣٨ هەزار هاوڵاتییان خەلکی هەرێمی کوردستانن.

 

 

-ئەگەرچی کوردستان وڵاتێکی دەوڵەمەندە بە نەوت و غازی سروشتی، بەڵام دانیشتوانەکەی لێی بێبەشن، لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا حکومەت نەیتووانی نەوت دابین بکات، بۆیە هاوڵاتی ناچاری بڕینەوەی دار و دارستانەکان بوو بۆ دابیکردنی گەرمکرەوەی زستان، هەروەها بەهۆی بێ کوالێتی ئامێرەکانی ناوماڵ، ساڵانە ڕووداوی نەخوازراو لە هەرێمی کوردستان ڕوودەدات، لەمساڵدا بەهۆی تەقینەوەی غازی LPGی لە شەوی ١٧ی تشرینی دووەم، لە گەڕەکی کازیوەی شاری سلێمانی، خانوویەکی سێ نهۆنی ڕووخا و ١٥ ئەندامی خێزانێک گیانیان لەدەستدا و ١٣کەسیش بریندار بوون، هەروەها لە ‌سه‌مونخانه‌یه‌كی گه‌ڕه‌كی گرێ باسێی لە شارى دهۆك لە ڕوداوێکی هاوشێوەدا ٥ کەس گیانیان لەدەستدا و ٣٣ کەسی دیکەش برینداربوون.

 

-لە ٥ی ئایاری ئەمساڵدا شەپۆلێکی خۆڵبارین عێراق و هەرێمی کوردستانی گرتەوە، پسپۆڕانی ژینگە بەشێک لە هۆکارەکانیان گەڕاندەوە بۆ تیاچوونی دارستانەکان و بڕینەوەی لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەر، نەبوونی پلانێکی تۆکمە لەلایەن حکومەتی عێراق و دروستکردنی بەنداو لەسەر دیجلە و فورات، گرتنەوەی ئاوی ڕووبارەکان لەسەر عێراق لەلایەن هەردوو وڵاتی تورکیا و ئێران کە لە ٪٥٠ ئاوی عێراقی کەمکردووە و خاکەکەی بەرەو بەبیابانبوون بردووە.

 

لە هەموو کایەکاندا توندوتیژی دژی ژنان ئەنجامدەدرێت

-بە هۆی داگیرکاری، قەیرانی ئابووری، سیاسی و زاڵبوونی کلتووری بێگانە لە ڕێگای میدیاکانەوە، توندوتیژییەکان لەناو کۆمەڵگە و بەتایبەی لەسەر ژنان زیادیکرد، چالاکوانان هۆکارەکانیان بۆ داڵدانی بکوژ لەلایەن دەسەڵات، سەروەرنەبوونی یاسا، نەگەشتنە ئەنجامی کەیسەکانی ژنان و تێکدانی کولتووری کۆمەڵگە لەلایەن دراما بیانییەکان گەڕاندەوە.

 

-بە پێی ئەو ئامارانەی ئاژانسی نوژنها کۆیکردووەتەوە بە تەنها لە ساڵی ٢٠٢٢ دا ٧٥ ژن کوژراون یاخود ناچار بە خۆکوشتن کراون، وەزارەتی ڕۆشنبیری هەرێمی کوردستانیش لەبری چارەسەری و ڕێگری لە دراما و بەرنامەکانی شێرازەی کۆمەڵگە تێکدەدەن، بڕیاری ڕێگریکردنی لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی کوشتنی دەرکرد.

 

 

-پێشێلکاری و توندوتیژییەکان لە بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان بەتایبەتی بۆ ژنان، لەو شوێنانەی کە کاری تێدا دەکەن لە هەڵکشاندایە، بەپێی ئەو ڕاپرسیانەی کە ئەنجامدراون لە ٪٨٥ی ژنانی ڕۆژنامەنووس هەراساندەکرێن.

 

-خەتەنەکردن جۆرێکی دیکەی توندوتیژی دژی ژنانە، بەپێی ئامارێکی ڕێکخراوی وادی ئەڵمانی، لە کۆی هەزار و ٢٦٠ ژن کە چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کردوون لە ناوچەکانی ڕانیە جگە لە قەڵادزێ و هەولێر، دەرکەوتووە ١١٠ ژن خەتەنەکراون، کە تەمەنیان لە سفر بۆ ٢٠ ساڵیدایە و بە ڕێژە دەکاتە ٪٨.٧.

 

-لەمساڵدا هاوسەرگیری لە تەمەنی منداڵیدا لە عێراق و هەرێمی کوردستان زیادیکردووە، بەپێی ئامارێک لە ماوەی ١٠ ساڵدا زیاتر لە ١٠٪ی منداڵان لە عێراق پێش تەمەنی ١٥ ساڵی هاوسەرگیرییان كردووە، هەروەها داگیرکاری و شەڕ لە عێراق و هەرێمی کوردستان بووەتە هۆی بێبەش بوونی ٣.٥ ملیۆن منداڵی عێراقی لە خوێندن و ناتوانن بچنە قوتابخانەکان.

 

ژنان دژی هەر هێرش و داگیرکارییەک وەستاونەتەوە و بەرخۆدان دەکەن

-سەرباری هەموو ئاستەنگی و توندوتیژییەکان، ژنان لە بەرخۆداندان، بە بۆنەی ٢٥ی تشرینی دووەم/١١، ڕۆژی جیهانی بەرەنگاری توندوتیژی دژ بە ژنان، ڕێکخراوەکانی ژنان لە شار و شارۆچکەکان چالاکی جۆراوجۆریان بەڕێوەبرد، وەک پێشانگەی شێوەکاری، سیمینار، شانۆگەری، بڵاوکردنەوەی نامێلکە و گردبوونەوە، هاوکات لە باخی گشتی شاری ڕانیە ڕێکخراوی ژنانی گەنجی تێکۆشەر پەرتوکخانەی گەڕۆکیان بردە شارەکە و بە بڵاوکردنەوەی پەرتووک بەشداریان لە چالاکیەکانی ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان کرد، ڕژاک و کژاریش بە بەیاننامە و پێشەنگای شێوەکاری بەشداری چالاکییەکان بوون.

 

-لە ھەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان، ھاوپەیمانیی ژنانی کوردستان، کە لە سەرجەم ڕێخکراوەکانی بواری ژنان و چالاکوانان پێکهاتوون، گردبوونەوەیەکیان لە بەردەم قەڵای هەولێر ئەنجامدا و تێیدا داوایانکرد کۆتایی بە توندوتیژی بە ڕامبەر بە ژنان بهێندرێت، باسیان لەوەشکرد، لە ماوەی ١٢ ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە دوو هەزار و ٧٠٠ ژن بەبیانووی جیاواز کوژراوان، واتا ساڵانە ٢٢٠ ژن دەکوژرێت، یاخود ناچار بەخۆکوشتن و خۆسووتاندن دەکرێن.

 

-لە کۆتا ڕۆژەکانی ھەڵمەتی ١٦ رۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان لە پانێڵێکدا ئامارەکانی توندوتیژی دژی ژنان خرانەڕوو، کە تەنها لە ١٠ مانگی ٢٠٢٢دا ٣٢٩١ حاڵەتی توندوتیژی هەبووە.

 

-شانۆیی "ڕەش و سپی" لە دەرهێنانی ڕۆژە حەسەن، لە چوارچێوەی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە شاری سلێمانی و هەڵەبجە نمایشکرا.

 

ژنان کۆنگرەی تایبەت بە پرس و کێشەکانی خۆیان بەستووە

-١٢ی ئادار لە هۆڵی تەوار لە شاری سلێمانی بە پێشەنگایەتی یەکێتی ژنانی کوردستان و کۆمسیۆنی ژنانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، بە دروشمی "فێمیساید ڕاگرن" ژنانی چوار پارچەی کوردستان کۆبوونەوە و ڕاوێژ و تاوتوێی ڕەوشی ژنان لە کوردستاندا بەڕێوەچوو.

 

-لە ٣٠ی تەمووزدا لە هۆڵی ئوتێل بەغدا لە بەغدای پایتەختی عێراق، بە پێشەنگایەتی کۆمەڵەی ژنانی عێراق، تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی-تاژێ و گردبوونەوەی ژنانی مەدەنی عێراق، کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ژنانی عێراق سەبارەت بە قڕکردنی ژنان: ژنانی ئێزدی وەک نموونە، بە دروشمی "بە ئیرادەی ژنە ئازادەکان بەرەنگاری جینۆسایدی شەنگال دەبینەوە" ئەنجامدرا.

 

- سێیەمین كۆنفرانسی جیهانیی ژنان لە تونس لە ٤ی ئەیلول بە بەشداری ژنانی نزیکەی ٣٠ وڵاتی جیهان لەناویاندا ژنانی کورد، دەستیپێکرد و ١٠ی ئەیلول کۆتایی هات، لە كۆنفرانسەكەدا وۆركشۆپەكانی زانستی ژنان-ژنۆلۆژی و ڕۆڵی ژنانی كورد لە ئازادیی و دۆخی ژنان لە گۆڕەپانەكانی شەڕ و ململانێدا پێشكەشكرا و ٣ی ئاب وەک ڕۆژی نێودەوڵەتی تێکۆشان دژی کوشتنی ژنان ناسێندرا.

 

- ٥-٦ی تشرینی دووەم، دووەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ژنان لەلایەن تۆڕی ئایندەی ژنانەوە بە دروشمی "شۆڕشی ئێمە، ئازادکردنی ژیانە" لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا بە بەشداری ٨٠٠ ژن لە ٤١ وڵاتەوە بەڕێوەچوو، ژنانی کوردی چوار پارچەی کوردستانیش بەشداریان تێداکرد، گفتوگۆ لەسەر دۆخی ئێستای تێکۆشانی ژنان لە جیهاندا کرا و دروشمی ژن، ژیان، ئازادی دروشمی سەرەکی ژنان بوو.

 

-٢ی کانوونی یەکەم، ٢١یەکەمین جڤاتی گشتی کەنەکە لە وڵاتی هۆڵەندا بە دروشمی "لە تێکۆشانی ڕزگاری و ئازادی کوردستاندا، ڕێگای سەرکەوتن یەکڕیزییە" بە بەشداری ٣٠٠ ئەندامی کەنەکە و زیاتر لە ١٠٠ میوانی کورد و بیانی ئەنجامدرا، ژمارەیەکی بەرچاو ژنان لە باشووری کوردستان و شوێنە جیاوازەکان تیایدا ئامادە بوون.

 

لەمساڵدا ژنان دەستکەوتنی گرنگیان بەدەستهێنا

-قەیران و ململانێ سیاسییەکان پاشەکشەیان بە ژنان نەکرد، لەمساڵدا پێگە و دەستکەوتەکانی ژنان لە بواری سیاسی و بەڕێوەبردندا بەرجەستەتر بوو، لەو چوارچێوەیەدا، لە سێیەمین کۆنگرەی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستاندا، تارا حسێن و سەلام عەبدوڵا وەک هاوسەرۆکانی نوێ هەڵبژێردران.

 

-ئاڵا تاڵەبانی، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق، بە بڕیاری ئەمیندارییەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانى عێراق وەک ڕاوێژکاری محەمەد شیاعی دەستنیشان کرا.

 

-لەیلا عومەر وەک یەکەمین ژن بۆ سەرۆکی شارەوانی سلێمانی دەستنیشان کرا، ئەمە لەکاتێکدایە کە ساڵی ڕابردووش یەکەم ژن بوو پۆستی جێگری پارێزگاری سلێمانی وەرگرت.

 

-وەزیری دارایی عێراق بۆ یەکەمجار لە مێژووی وڵاتەکەدا درایە ژنێک بە ناوی تەیف سامی، هەروەها بڕیارە یەکێک لە کاندیدانی پۆستی جێگری سەرۆک کۆمار، عالیە عیمارە بێت، کە یەکێکە لە پەرلەمانتاری خولی چوارەمی په‌رله‌مانى عێراق لەسەر شاری بەغدا.

 

- لە بواری هونەریی و ڕۆشنبیریشدا ڕۆڵی ژنان کارا بوو، چەندین پەرتوکی ئەدەبی و پەروەردەیی، وەک "ژیانی شاراوەی درەختەکان" و "گەڕانەوە بۆ کەرکووک" لە نووسینەکانی نەرمین عوسمان، "نیگای ژن بۆ ژیان "ی ڕێزان حەسەن، "شەونمی گەڵای ڕۆحێک"، تارا ئەمین سەپان و "نامێلکەی ژن،ژیان،ئازادی" لە بڵاوکراوەکانی ئاکادیمیای ژنۆلۆژی، "جیهانێک پڕ لە ئێسک و خۆڵەمێش" و "مرۆڤ گەرایی و ڕەگەز"ی شیرین تاهیر، هاوکات "کوردستان لە نێوان چوار دیواری ئاگراویدا"، "من هەر کوردستانم لە دڵدایە"، "ژیانم لە سێبەری مەرگدا بوو"ی سۆزان حەمە تاتە، لۆب دۆبی هەڤین کەمال و فەرهەنگێک بۆ وشە زانستیەکان دلۆڤان جەلال، "نۆتەی ژیان لەسەر دەنگەژێی کەوتوو"سۆما بەرزنجی، "ژن و بزووتنەوەی مێژوو"ی ڕاز ئەسعەد، دوو کورتە فیلمی ١٩-١٨ و یوسف ڕۆژە حەسەن و چەندین بەرهەمی دیکەی ژنان بڵاوکرایەوە.

 

-لە بواری ئابووریشدا ژنان چەندین پڕۆژەی هاوبەشیان دامەزراند، وەک شوێنکاری شوشتنی ئۆتۆمبێل، فێرکردنی شۆفێری ژنان، کافێ، چنینی کڵاش، دوکانی پێداویستییەکانی ژنان، کارگەی نان، دوکانی شیرینی و کردنەوەی خۆلی دروومان و چەندین پڕۆژەی دیکە لە شارەکانی هەڵەبجە، ڕانیە، کەرکوک، چۆمان، ماوەت، هەورامان و سلێمانی، ئەمە جگە لەوەی ژنان ساڵانە بەشداری لە فستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکان و خۆجێییەکان و بە بەرهەمە کوردەوارییە دەستییەکان دەکەن.

 

-بۆ یەکەمجار لە سنوری پارێزگای سلێمانی، تیمێکی مینهەڵگر لە ژنان پێکهات و کاری هەڵگرتنەوەی مین لە ناوچە مینڕێژکراوەکانی شارباژێر و پێنجوێن لە ئەستۆ دەگرن،  تیمەکە لەلایەن کۆمەڵەی ئامۆژگاریی مین دامەزرێندراون، لە ئێشتادا ١٠ ژن تیایدا دەستبەکاربوون.

 

-خاوەن پێداویستی تایبەت بەشێکن لە کۆمەڵگە، بەڵام ئاستی هۆشیاری تاک نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی هۆشیارانە مامەڵەیان لەگەڵ بکەن، لە دوایین ڕاپرسیی وەزارەتی پلاندانان دەریدەخات نزیکەی یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار خێزان لانیکەم کەسێکی خاوەن پێداویستی تایبەتی تێدایە، کە ٥٨٠ هەزار و ٣٤٢یان ڕەگەزی مێ-ن، خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان سەرەڕای ڕێگرییەکانی بەردەمیان ساڵانە چەندین پێشەنگای کاری دەستی و بەرهەمە هونەرییەکانیان دەکەنەوە.