هەستی نیشتیمانی بەرەو لەناوچوون دەچێت

بۆ بوونیادنانی هەستی نیشتیمانی لە دڵی تاک بە تاکی هاوڵاتیان پێویستە لە منداڵییەوە ئەم هەستە بخوڵقێنرێت، باشترین ڕێگاش بوونی وانەی سرود و فێرکردنی سرودە نیشتیمانییەکانە بە خوێندکاران، بەڵام کەمتەرخەمی حکومەت لە کایە جیاوزەکانی ژیان وای کردووە هەستی نیشتیمانی بەرەو لەناوچوون بچێت.

 

بۆ بوونیادنانی هەستی نیشتیمانی لە دڵی تاک بە تاکی هاوڵاتیان پێویستە لە منداڵییەوە ئەم هەستە بخوڵقێنرێت، باشترین ڕێگاش بوونی وانەی سرود و فێرکردنی سرودە نیشتیمانییەکانە بە خوێندکاران، بەڵام کەمتەرخەمی حکومەت لە کایە جیاوزەکانی ژیان وای کردووە هەستی نیشتیمانی بەرەو لەناوچوون بچێت.

 

شنیار بایز

سلێمانی- وتنی سرودی نیشتیمانی لەلایەن خوێندکاران لە خوێندنگەکاندا بونیادنانی هەستی نیشتیمانییە، بە تایبەت فێرکردنی خوێندکارانی قۆناغی سەرەتایی، لەپێناو ون نەبوونی هەستی نیشتیمانی پێویستە خوێندکاران سرود و مێژووی نەتەوەکەی خۆیان شارەزا ببن، ئەم ئەرکەش دەکەوێتە سەر مامۆستا و بەڕێوەبەری خوێندنگەکان هەروەها وەزارەتی پەروەردە بە دابینکردنی مامۆستای سرود بۆ خوێندنگەکان.

ساڵانی ڕابردوو وتنی سرود هەموو هەفتەیەک لە میانەی ڕیز بوونی خوێندکارەکاندا لە گۆڕەپانی خوێندنگەدا بەڕێوەدەچوو، خوێندکار و مامۆستایانی قۆناغە جیاوزەکانی خوێندن بە دەنگێکی بڵند و دەست لەسەر سنگ سرودە نیشتیمانییەکانیان دەوتەوە.

بەڵام لە ئێستادا وتنەوەی سرود بەو جۆرە، بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو کەمی کردووە، ئەگەریش بوترێتەوە لە گۆڕەپانی خوێندن تەنها لە خوێندنگە سەرەتاییەکاندا دەوترێ نەک ئامادەیی و دواناوەندییەکان، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرینەی خوێندنگەکان مامۆستای تایبەتی سرودیان نیە بگرە وانەی سرود هەر بوونی نیە، لە جێی ئەو وانەی هونەر دەخوێنرێت.

بۆ ئەو مەبەستەش شیرین کەریم، بەڕێوەبەری خوێندنگای "خاتوو لیسی"ی بنەڕەتی گرنگی سرود و وانەی سرود بۆ ژنها ڕووندەکاتەوە:

 

"هەبوونی وانەی سرود، گرنگە بۆ بونیادنانی هەستی نیشتیمانی"

شیرین کەریم، بەڕێوەبەری خوێندنگای "خاتوو لیسی" ڕایدەگەیەنێت، گرنگە لە قۆناغی یەکی بنەڕەتییەوە تا زانکۆکان وانەی سرود و مێژووی نیشتیمان بە خوێندکاران بوترێت، تا گرنگی نیشتیمانەکەیان بۆ دەربکەوێت گرنگی ئەو ئاڵایەیان بۆ دەربکەوێت کە هەیانە، بەڵام لە ئێستادا وانەی سرود تەنها بۆ قۆناغەکانی یەک و دوو، سێ بوونی هەیە بەڵام بۆ قۆناغەکانی دیکە بووەتە هونەر واتە سرود گرنگی تەواوەتی پێنادرێت.

وتیشی: "هەبوونی وانەی سرود گرنگی تەواوی هەیە تا ئەو منداڵانە فێر بکرێن کە چۆن گەیشتوون بەو نیشتیمانە چەند هەوڵ دراوە، تێکۆشان کراوە، لە چ دۆخێکدا ئەم سرودانە نوسراون، زانینی ئەم ڕاستیانە پێویستە بگەیەنرێت بە خوێندکارانی قۆناغی سەرەتایی تا لە مێژووی نیشتیمانەکەیان ئاگادار بن، بە هۆی ئەوەی کە مندالن بۆیە دەبێت لە ڕێگای سرودەوە ئەو زانیارییانەیان پێ بوترێت ئەگەر ئەم وانەیەش بوونی نەبێت واتە مناڵ هەستی نیشتیمانی لە ناخیدا دروست نابێت".

 

"وەزارەتی پەروەردە گرنگی بە وانەی سرود نادات"

مامۆستا شیرین دەڵێت: "ڕاستە خوێندنگەکەی ئێمە مامۆستای سرودی تێدایە بەڵام تەنها بۆ قۆناغی یەک و دوو، سێیە، لە قۆناغی چوارەمەوە دەبێت بە هونەر هەروەها لە زۆرینەی بەڕێوەبەرەکانی دیکەی دەبیستمەوە کە هیچ مامۆستایەکی سرودیان نییە بۆیە ئەو وانەیە دەخەنە شەشەم وانە و دواجار ناخوێندرێت، بەهۆی نەبوونی مامۆستای سرود".

لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد وەزارەتی پەروەردە هیچ گرنگی بەم وانەیە نادات تەنانەت مامۆستای بۆ دابین ناکات و نایکاتە وانەیەکی سەرەکی، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە گرنگی بە بونیادنانی هەستی نیشتیمانی نادرێت لە کاتێکدا پێویستە هەموو قۆناغەکان بە زانکۆکانیشەوە هەستی نیشتیمانیان لە دڵدا بونیاد بنرێت.

 

"دۆخی کۆرۆناو نەبوونی موچە هۆکارێکە بۆ ونبوونی سرود لە خوێندنگە ئامادەییەکاندا".

ترێ شوان، مامۆستای هونەر لە ئامادەیی توی مەلیکی کچان لەو بارەیەوە بە ژنهای ڕاگەیاند، ساڵان خوێندکاران بە گشتی لەناو گۆڕەپانی خوێندنگەدا ڕیز دەکران و سرودی نیشتیمانیان دەوتەوە، بەڵام لەم دواییانەدا زۆر ناتوانرێ خوێندکارەکان تێکەڵ بکرێن لە ترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەروەها نەبوونی موچە و کێشەی مامۆستایان وای کردووە گرنگی تەواو بە چالاکییەکان نەدرێت ئەگەر نا چەسپاندنی هەستی نیشتیمانی ئەرکە.

ئەو مامۆستایە بە پێویستی دەزانێت ئەگەر مامۆستای تایبەت بە سرودیش بوونی نەبوو، مامۆستای هونەر و وەرزش ئەو ئەرکە بگرنە ئەستۆ و لە ڕێگای چالاکی و سرودەوە هەروەها تابلۆی جۆراو جۆری تایبەت بە نیشتیمان هەستی نیشتیمانی بچەسپێنن لە دڵی خوێندکاراندا.

 

"هەستی نیشتیمانی لەناو دڵی خوێندکاری ئێستادا نەماوە"

بەهۆی ئەو دۆخەی ئێستا خوێندکاران و مامۆستایانی تێکەوتووە هەروەها هەبوونی ژمارەیەکی زۆری دەرچوانی زانکۆ و دانەمەزراندنیان وای کردووە خوێندکار لە ئێستادا حەزی بۆ خوێندن نەمێنێت لە پاڵ ئەوەشدا هەستی نیشتیمانی و خۆشویستنی وڵاتەکەی لە دڵدا کاڵ ببێتەوە.

مامۆستا ترێ خراپی ئەم دۆخەو نەمانی ئەو هەستە دەگەڕێنێتەوە بۆ حکومەت و دەڵێت: "کەم تەرخەمی حکومەت و دەسەڵات وای کردووە زۆرینەی هاوڵاتیان خۆشەویستیان بۆ نیشتیمان نەمێنێت، لەوکاتەی خوێندکارێک بە هەموو توانایەوە هەوڵ دەدات و لە کۆتایدا داهاتوویەکی نەبێت، خۆشەویستی وڵات و نیشتیمانی لە دڵدا نامێنێت".