حکومەتی یەکڕێزی نیشتیمانی بۆ باشووری کوردستان؛ تێپەڕاندنی زۆنی ڕەنگەکان

لە کاتێکدا دەبێت هەوڵ بۆ یەکڕیزی و پتەوکردنی هەرێمی کوردستان بدرێت، لەبری پێکهێنانی حکومەتێکی یەکڕێزی نیشتیمانی، هەرێمەکە کەوتووەتە سەر ترۆپکی لێکترازان، یەکگرتنەوەی هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ی پێشمەرگە کە دوو مانگ تێنەپەڕیوە بەسەریدا، چارەنووسی نادیار دەبێت.

لاڤە کوردە

 

ناوەندی هەواڵ- لە ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ و دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە پەککەوتن و داخستنی دەرگاکانی، خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن پەدەکەو چەند پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنەکانی دیکە کە خۆیان وەک سەربەخۆ ناساند کاراکرایەوە، بەڵام لەبری ئەوەی لە پەرلەمانەوە هەوڵ بۆ یەکڕیزی و تۆکمەکردنی هەرێم بدرێت، کارا کرانەوەی پەرلەمان بووە بیانوویەک بۆ ڕێکنەکەوتن و لێکترازان، بەجۆرێک یەنەکە کە بەشداری کۆبوونەوەی پەرلەمان نەبوو بڕیاری کشانەوەی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دا.

 

ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدایە کە لە لە ٢ی ئابی ئەمساڵ ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لەبارەی ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕەوشی سیاسیی باشووری کوردستان چەند پەیامێکی بڵاوکردەوەوهۆشداریدا لە دووبارەبوونەوەی سناریۆ مێژووییەکان و داوای گرتنەبەری ڕێگەچارەی ئەرێنی کرد بۆ دەربازبوون لە چەقبەستوویی سیاسی، پێشنیاری پێکهێنانی حکومەتێکی یەکڕیزی نیشتمانی بۆ باشووری کوردستان کرد، کە نوێنەرایەتی داخوازییەکانی سەرجەم کۆمەڵگە بکات، نەک تەنها دەسەڵاتی دوو بنەماڵە، وتی: "بەردەوامیی ناکۆکییەکانی نێوان (پارتی و یەکێتی) زیانی ڕاستەوخۆ بە پرۆسەی ئاشتی دەگەیەنێت و ڕێگەی بۆ دەستوەردانی دەرەکی خۆش کردووە، ئەگەر ئیرادەیەکی هاوبەشی کوردستانی دروست بێت، هیچ هێزێکی هەرێمی و نێودەوڵەتی ناتوانێت ڕێگری لە دەستکەوتەکانی گەلی کورد بکات".

 

گرنترین هۆکارەکانی پشت ئەم داواکارییە بریتین لە:

کۆتاییهێنان بە قۆرغکاریی دەسەڵات؛ ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دەزانێت سیستەمی دەسەڵاتداری لە باشووری کوردستان پێویستی بە گۆڕانکاری هەیە، و دابەشبوونی دەسەڵات تەنها لە نێوان دوو حزبی سەرەکیدا دەبێتە هۆی په‌راوێزخستنی هێزە سیاسییەکانی دیکە و ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی.

 

ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییە دەرەکییەکان؛ لە ڕوانگەی ڕێبەرەوە یەکڕیزیی ناوخۆیی و بەشداریپێکردنی هەموو لایەنەکان لە بڕیاری سیاسیدا، هێزی هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر دەستوەردان و هێرشەکانی وڵاتانی دراوسێ  زیاتر دەکات.

 

چەسپاندنی دیموکراسیی ڕادیکاڵ و نەتەوەیی؛ ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لە تیۆرە سیاسییەکانی خۆیدا (وەک کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک) جەخت لەسەر بەڕێوەبردنی هاوبەش و فرەیی دەکاتەوە. پێکهێنانی حکومەتێکی بنکە فراوان کە نوێنەرایەتی پێکهاتە و ڕەوتە جیاوازەکان بکات، بە هەنگاوێک دەزانرێت بۆ جێبەجێکردنی ئەو مۆدێلە.

ڕێگری لە شەڕی ناوخۆیی و پشێوی: بەشداریپێکردنی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان و لایەنە نوێیەکان لە دەسەڵاتدا، ڕێگری دەکات لە دروستبوونی گرژیی سیاسی و سەربازی لە ناوخۆی باشووری کوردستاندا.

 

حکومەتی یەکڕیزی نیشتمانی (حکومەتی بنکەفرەوان) چییە؟

 حکومەتی یەکڕیزی نیشتمانی لە هەرێمی کوردستان مۆدێلێکی سیاسییە کە تێیدا سەرجەم یان زۆربەی هێزە سیاسییە سەرەکییەکان (بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەگەڵ لایەنەکانی دیکە) بەیەکەوە بەشدار دەبن لە پێکهێنانی کابینەی حکومەتدا، لەبری ئەوەی یەکێک یان هاوپەیمانییەکی بچووک حکومەت پێکبهێنێت و لایەنەکانی تر ببنە ئۆپۆزسیۆن، ئەم جۆرە حکومەتە لە مێژووی سیاسی هەرێمی کوردستاندا چەندین جار وەک بژاردەیەک بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان و پاراستنی سەقامگیری تاوتوێ کراوە، بەڵام پێکنەهێنانی هەمیشە بووەتە گرفت و بەردەوامیی هەیە.

 

ئامانجە سەرەکییەکانی حکومەتی یەکڕیزی کۆتاییهێنانە بە دوو ئیدارەیی، یەکێک لە ئامانجە هەرە سەرەکییەکان، یەکخستنەوەی تەواوی دامودەزگاکانی حکومەت و هێزەکانی پێشمەرگە و داهاتەکانە لە نێوان زۆنەکانی دەسەڵاتدا (هەولێر و سلێمانی)، هەروەها دەبێتە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵەنگارییە دەرەکییەکان، یەکدەنگبوونی هەرێم لە بەرامبەر بەغدا بۆ داکۆکیکردن لە شایستە داراییەکان و مافە دەستوورییەکان، بەرەنگاربوونەوەی هەر پلان و هێرسێکی دەرەکی لەسەر خاکی هەرێم.

 

دوای کارا کردنەوەی پەرلەمان، لەبری هەوڵدان بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی یەکڕیزیی نیشتیمانی لەپێناو پتەوکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان، ئاڵۆزییەکان زیاتر بوون، بە جۆرێک لەکاتێکدا لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢٦دا، وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان کۆتاییهاتنی پرۆسەی یەکخستنی هێزەکانی یەکەی ٧٠ و ٨٠ی ڕاگەیاند، بەلام لە ئێستادا ئەم پرسە یەکێکە لە ئاڵۆزترین و هەستیارترین دۆسیەکانی چەند ساڵی ڕابردوو.

 

لە کاتێکدا لەسەر ئاستی فەرمی و فەرماندەیی هەنگاوی وەک گواستنەوەی چەندین لیوا بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە نراوە، بەڵام ململانێی توندی سیاسی نێوان پەدەکەو یەنەکە  ڕێگرە لە یەکگرتنەوەی ڕاستەقینەی بڕیاری سەربازی، چاودێران پێیان وایە کە قەیرانی سیاسی، کێشەی داهات، و ناکۆکییەکانی پەرلەمان و حکومەت، جۆرێک لە شەڕی ساردی لە نێوان "زۆنی زەرد" و "زۆنی سەوز" دروستکردووە. ئەمەش وایکردووە پڕۆسەی یەکگرتنەوەی هێزەکان زیاتر شێوەیەکی "کارگێڕی" و "شۆڕکردنەوەی بودجە" وەربگرێت نەک یەکگرتنەوەیەکی دڵسۆزانەی نیشتمانی.

 

مەترسی دواڕۆژ

گەورەترین مەترسی ئەوەیە ئەگەر گرژییە سیاسییەکان بگەنە بنبەست، ئەو هێزانەی کە بە ناو یەکخراون، لە کاتی هەر تەنگژەیەکی ناوخۆییدا دیسانەوە فەرمان لە سەرکردایەتی حزبیی خۆیان وەربگرن، نەک لە فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکان یان وەزارەتی پێشمەرگە، بۆیە، یەکگرتنەوەی هێزەکان لە ناوەڕۆکدا ڕووبەڕووی بەربەستی قورسی "نەبوونی متمانەی سیاسی" بووەتەوە،  تا کێشە بنەڕەتییەکانی نێوان لایەنە دەسەڵاتدارەکان چارەسەر نەبن، ئەم یەکگرتنەوەیە بە لەرزۆکی دەمێنێتەوە.