ڕۆژمێری کوردی هاوتا لەگەڵ مێژووی دێرینی نەتەوەی کورد

ڕۆژمێری کوردی مێژوویەکی گرنگ و دێرینی هەیە بە بەراورد بە ڕۆژمێری نەتەوەکانی دیکە و ٧٠٠ ساڵ لە پێش ڕۆژمێری زاینییەوەیە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بە گرنگییەوە لێی ناڕوانرێت و لە بەڕێکردنی کاروباری دام و دەزگاکاندا بەکارناهێندرێت.

بێریڤان کەمال

 

ناوەندی هەواڵ- کورد نەتەوەیەکی ڕەسەن و گەورەی نیشتەجێی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستە کە نیشتیمانی سەرەکییان بە کوردستان دەناسرێت، لە شاخەکانی ئاناتۆلی ھەتا زنجیرە چیای زاگرۆس درێژ دەبێتەوە و لە شوێنەکانی دیکەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستیش بڵاوبوونەتەوە.

نەتەوەی کورد بە درێژای مێژوو بوونی خۆی سەلماندووە و خاوەنی شارستانییەت، کلتوور و فەرهەنگێکی تایبەت و پڕ شکۆیە، خاوەنی ڕۆژمێری تایبەت بە خۆیەتی کە مێژوویەکی دێرینی هەیە و لە پێش مێژووی نەتەوەکانی دیکەوەیە.

 

١ ی نەورۆز بە سەرەتای ساڵنامەی کوردی دادەنرێت بەرامبەرە بە ٢١/٣ی ساڵنامەی زاینی، ساڵی ١ی ڕۆژمێری کوردی ئەو ساڵەیە کە ئیمپراتۆریی ماد حەوت سەد ساڵ پێش زایین لە لایەن "دیاکۆ"وە دامەزرا لە هەرێمی موکریانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کەواتە ساڵی كوردی بە ٧٠٠ ساڵ پێش ساڵی زایینی دەکەوێت و بە ١٣٢١ ساڵ پێش ساڵی هەتاوی ئێرانی دەکەوێت.

 

ڕۆژمێری هەر نەتەوەیەک سەرەتای ساڵێکی نوێ یاخود رووداوێکی گرنگە کە بۆ ئەو نەتەوەیە مایەی شانازی پێوەکردنە، ڕۆژمێری کوردی یان ساڵنامەی کوردی ساڵێکی ھەتاوییە واتە بەگوێرەی سووڕانەوەی زەوییە بە دەوری خۆردا ژمارەی مانگەکان و دەستپێک و کۆتاییی ساڵەکان و ساتی گۆڕان بۆ ساڵی نوێ دیاریدەکرێت، گێرانەوەی مێژووی ڕۆژمێری کوردی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی ماد دەگەڕێتەوە کە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە ٧٠٠ ساڵ پێش زایین نەتەوەی کورد خاوەنی دەوڵەتێکی بەهێز بووە و فەرمانڕاوەیەتی خاکی کوردستانی کردووە و ڕۆڵێکی گرنگی تیادا گێڕاوە.

 

لە سەردەمی کۆماری کوردستان لە مەھاباددا ناوی مانگەکان کران بە کوردی کە ناوی مانگەکانی ساڵ لێوانلێوە لە جوانی و گوزارشت لە سروشتی جوانی کوردستان، کە لەگەڵ سەرهەڵدانی کشتوکاڵ و چاودێریکردنی سروشت و سەرهەڵدانی دیاردە سروشتییەکان لە ئاسمان و زەوی و کەشە کشتوکاڵییەکان سەریان هەڵداوە و پەیدابوون و ئەمەش بۆ دەوڵەمەندی زمانی کوردی دەگەڕێتەوە.

 

سەرباری ئەو مێژووە گرنگە و دروستبوونی ڕۆژمێری کوردی تا ئێستا لە کوردستاندا "رۆژمێری کوردی" بە شێوەیەکی ڕەمزی بەکاردەهێندرێت و پەراوێز خراوە و لە بەڕێوەبردنی کاروبارەکاندا لە دام و دەزگاکاندا بەکارناهێندرێت و بە گرنگی پێدانەوە لێی ناڕوانرێت.

 

بەھار: خاکەلێوە (نەورۆز) (ھەرمێ پشکوان) - بانەمەڕ (گوڵان) - جۆزەردان

ھاوین: پووشپەڕ - گەلاوێژ - خەرمانان

پاییز: ڕەزبەر - خەزەڵوەر (گەڵاڕێزان) - سەرماوەز

زستان: بەفرانبار - ڕێبەندان - ڕەشەمە (ڕەشەمێ)

 

ت.پ