هەڵەبجە برینە ساڕیژ نەکراوەکەی کورد

لەپاش ٣٣ ساڵ لە کیمیابارانکردنى هەڵەبجە بەگازی کیمیاویى تائیستا بارودۆخی ژنان ڕوو لەخراپیە لە ڕووی کۆمەڵایەتى و دەرونییەوە، باس لەوەش دەکەن پێویستە لە پەرلەمانەوە کار بۆ خستنە بواری جێبەجێکردنی پرۆژەیاسای منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە بکرێت.

 
میهرەبان سەلام کاکەیی
هەڵەبجە- پاش کیمیابارانکردنى هەڵەبجە ژنان لە بارودۆخێکی سەختدان و بە گووتەی ئەو ژنانەی کە بەرکەوتەی چەکى کیمیاوین خۆیان بە قوربانی سەرەکى کیمیاران ناوزەند دەکەن، چونکە هەم بریندار بوون هەم ماڵ، خێزان و منداڵەکانیشیان لەدەست داوە.
 
کارەساتی هەڵەبجە ئاسەواری چەندین ساڵ دەمێنێتەوە
کارەساتی هەڵەبجە تاوانێکە، ئاسەوارەکەی لەبیری گەلی کورد ناچێتەوە، ئەو جینۆسایدەیە کە جیهان لێی بێخەبەرە، هەڵەبجە و هەڵەبجەییەکان ئازاری ٣٣ ساڵ بەر لە ئەمڕۆیان تا ئێستا هەڵگرتووە، بەرکەوتەکانی چەکی کیمیایی بەدەست نەخۆشییەکانی پێست، چاو و هەناسە توندییەوە دەناڵێنن، زۆر دایک لەچاوەڕوانی ڕۆڵەکەیەتی بدات لە دەرگای ماڵەکەیی و لە ئێران بگەڕێتەوە، زۆر منداڵ تا ئێستا لە سۆراغی خێزانیاندان و زۆر لەوانەی گەڕاونەتەوە چاوەڕێن کەسوکارە ڕاستییەکەیان بدۆزنەوە، بەشێکیش لەو منداڵانەی لە ئێران و لەلایەن خێزانە فارسەکانەوە هەڵگیرانەوە لە هەوڵی فێربوونەوەی زمانی دایکیاندان.
 
ژنان بەشێکی گرنگن کە پێویستە جیا لە هەڵەبجە باس بکرێت، چونکە هەم وەک دایک ڕۆڵەکانیان لەدەستدا و خێزانەکانیان لەناوچوون، هەم وەک هاوژین ئێستا ڕووبەڕووی چەندین کێشە دەبنەوە، کە چەندین ژن هەن بەهۆی ئەوەی بەرکەوتەی چەکی کیمیایین و ناتوانن ماڵ و خێزانەکانیان بەڕێوە ببەن، لەلایەن هاوژینەکانیانەوە ژنی دووەمیان بەسەردا دێنن، هەندێکیشیان لە بوون بە دایک بێبەشبوون بەهۆی نەخۆشییەوە.
 
 
لە خێزانێکدا تەنها خۆیی و کوڕەکەی ماونەتەوە
ڕووبا محمد، ژنێکی دانیشتووی هەڵەبجەیە و لە کاتی ڕوودانی کارەساتی هەڵەبجەدا، دایک و باوک، برا و هاوسەرەکەى لەدەستداوە، لەناو خێزانەکەیدا تەنها خۆی و کوڕێکی ماونەتەوە، هۆکاری مانەوەی خۆی کوڕەکەشی، نەخۆشکەوتنی کوڕەکەی بووە لە ڕۆژی ١٦ی ئازاری ١٩٨٨دا و بۆ چارەسەر هێناویەتی بۆ شاری سلێمانی.
 
ڕووبا باس لە ژنانی هەڵەبجە دەکات کە ڕووبەڕووی چ کارەساتێک بوونەتەوە و تا ئێستاش وەک وەلاوەنراوترین چین هیچ خزمەتێکیان پێشکەش ناکرێت، لە کاتێکدا لەڕووی دەروونی و جەستەییەوە پێویستیان بە ئاگاداربوون و گەشەپێدان هەیە، دەشڵێت:ژیان چەندە قورس بێت بۆ ژنێک دەبێت ڕۆڵی دایک و باوکیش بگێڕیت بۆ خێزان و منداڵەکانی.
 
ژنانی هەڵەبجەیی تووشی نەخۆشی دەروونی دەبن بەڵام پەراوێز خراون
نەبوونی سەنتەر و بنکەی تایبەت بە چارەسەری بەرکەوتەکانی چەکی کیمیایی، کێشەی سەرەکین کە ڕووبەڕووی هەڵەبجەییەکان دەبێتەوە، ڕووبا ئاماژە بەوە دەکات ژنان لەو نێوەندەدا بە تەواوی پەراویز خراون، زۆربەشیان ناتوانن بێن و بە ئازادە کار بکەن، هەندێکیان بەهۆی نەخۆشییەکانیانەوە لەلایەن خیزانەوە ڕیگرییان لێدەکرێت، هەندێکیشیان توانای کارکردنیان نییە بەهۆی دەرئەنجامەکانی چەکی کیمیاییەوە.
 
ڕوبا محەمەد لە ساڵی ١٩٩٨ەوە ئەندامى دەستەى باڵای کۆمەڵەی قوربانیانى کیمیابارانى هەڵەبجە، و بەخۆبەشی ماوەی ٢٢ ساڵە کار دەکات لەو کۆمەڵەیەدا، هەمیشەش کاری کردووە بۆئەوەی کێشەکانى ژنانى بەرکەوتەی چەکی کیمیاوی بگەیەنێت بە چارەسەر، باس لەوەش دەکات نەتوانراوە سەنتەرێکی تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە دەروونى ژنان لە هەڵەبجەدا هەبێت چونکە چەندین ژن بەهۆی ئەوەى کە بەرکەوتەی چەکى کیمیاین ژنی دووهەمیان بەسەردا هاتووە.
 
 
"ئەو ساتەم بیرناچێ کچەکەم داوای کرد بەجێی نەهێڵم"
شەونم عەبدوڵا ژنێکی تری هەڵەبجەیە، دایکوباوک، خوشک و برا، کچ و کوڕێکی بێسەروشوێنن و بە چاوی پڕ لە حەسرەت و گریانەوە باس لە دوا بینینی سارای کچی دەکات، ئەو دەڵێت: "هەرگیز ئەو ساتەم بیرناچێت کە سارای کچم دەستى بە کراسەکەمەوە گرت و داوای کرد بەجێی نەهێڵم.
 
شەونم کە لەو کاتەدا دووگیان بووە، دوو ڕۆژ پێش کارەساتی هەڵەبجە و لە ١٤ی ئازاردا، دکتۆر گواستوویەتییەوە بۆ شاری سلێمانى، بۆیە منداڵەکانی لە ماڵەکەی دایکیدا بەجێدەهێڵێت و دەچێتە نەخۆشخانەی شاری سلێمانی، شەونم دەڵێت من منداڵەکانم لە ماڵەکەی دایکمدا بەجێهێشتووە، ئێستا نازانم منداڵەکانم ناو بنێم شەهید یان ئەنفال، یان ناویان بنێم ونبوو.
 
 
٢٨ ساڵ دوای کیمیابارانی هەڵەبجە هیچ جەژنێکم پیرۆز نەکردووە
 
شەونم کە هەمیشە ئەو ڕۆژەی لەبیرە کە منداڵەکانی تێدا بەجێهێشت و دوور لە خۆی، منداڵاکانی ئاوارە و سەرگەردان بوون، دەڵێت ٢٨ ساڵ لەدوای ئەو کارەساتەوە لەگەڵ ئەو منداڵانەی کە ماون نەچووەتە سەر سفرەی هیچ جەژنێک و بە چاوی پڕ لە گریانەوە دەڵێت "هەموو کاتێک ئەوەم بە بیر هاتووەتەوە کە سارا دامێنی کراسەکەمی گرتبوو دەیوت دایکە توخوا بەجێم مەهێڵە منیش دێم" بەڵام لەوکاتەدا کە شەڕی ئێران و عیراقیش هەبووە، بە شەونمیان ڕاگەیاندووە ئێران پردی زەڵمی لەسەر ڕێگای هەڵەبجە – سلێمانی تەقاندووەتەوە و نەیتوانیوە منداڵەکانی لەگەڵ خۆیدا ببات.
 
شەونم کە چەندین ساڵە فرمێسکی چاوی وشکی نەکردووە و بەردەوام لە چاوەڕوانی منداڵەکانیدایە، دەڵێت هەرکەس دایک نەبێت لە هەستی دایک تێناگات، من ٣٣ ساڵە چاوەڕوانی منداڵەکانمم، و توشی نەخۆشی شێرپەنجە و دەروونیش بووم، ئەو ژنە کە ئێستا سێ کچ  و کوڕێکی هەیە، بەڵام دەڵێت "ئازاری سارا و کارزان تا مردن بۆ من نەبڕاوەیە"، داواش دەکات حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستە بودجەی تایبەت بۆ منداڵە ونبووەکان تەرخان بکات تا ئەو منداڵانە بگەڕێنەوە بۆ باوەشی ئێمە و هەڵەبجە.
 
شەونم دەشڵیت ماوەی پێنج ساڵە پڕۆژە یاسای منداڵە ونبووەکانمان بردووەتە پەرلەمانی کوردستان بەڵام تا ئێستا نەچووەتە بواری گفتوگۆ و بڕیار لەسەر دانەوە، داواش دەکات ئەو پەرلەمانتارانەی کە بە دەنگی هەڵەبجەییەکان چوونەتە پەرلەمانی کوردستانەوە بە ئەمەک و جدییەوە کار لەسەر پرۆژە یاساکە بکەن و بیکەنە بواری جێبەجێکردنەوە.
 
ت.پ