هاوڕەگەزخوازی و هەڵبژاردنی ڕەنگەکانی پەلکەزێڕینە

بەکارهێنانی ڕەنگەکانی پەلکەزێڕینە لەلایەن هاوڕەگەزخوازانەوە، بووەتە جێگای پرسیار و ڕەخنەی هاوڵاتیانی جیهان و کوردستانیش، لەگەڵ ئەوەی ئەم کۆمەڵەیە بەردەوام ڕووبەڕووی هێرشی کۆمەڵگا دەبنەوە، هاوڵاتیان بە ڕووی ئەو ڕەنگانەش دەوەستنەوە کە بەکاری دەهێنن تەنانەت ئەگەر لە یاریکردنێکی منداڵانەدا بێت کەلە ئێستادا بوونی هەیە و ناوی "POP-IT"ە.

بەکارهێنانی ڕەنگەکانی پەلکەزێڕینە لەلایەن هاوڕەگەزخوازانەوە، بووەتە جێگای پرسیار و ڕەخنەی هاوڵاتیانی جیهان و کوردستانیش، لەگەڵ ئەوەی ئەم کۆمەڵەیە بەردەوام ڕووبەڕووی هێرشی کۆمەڵگا دەبنەوە، هاوڵاتیان بە ڕووی ئەو ڕەنگانەش دەوەستنەوە کە بەکاری دەهێنن تەنانەت ئەگەر لە یاریکردنێکی منداڵانەدا بێت کەلە ئێستادا بوونی هەیە و ناوی "POP-IT"ە.

 

شنیار بایز

سلێمانی- مێژوو ئەوەی سەلماندووە کە هاوڕەگەزخوازان لە مێژەوە بوونیان هەیە و بەردەوام کۆمەڵگا و چینە جیاوازەکانی ژیان بە ڕوویاندا وەستاونەتەوە، ئێستاش بەهۆی ئەوەی بە شێوەیەکی خێرا بڵاوبوونەتەوە بە جیهاندا و بانگەشە بۆ خۆیان دەکەن، ڕووبەڕووی دژایەتی دەبنەوە.

ڕەنگی پەلکەزێڕینەیان کردووەتە ئاڵای خۆیان، بە جۆرێک هەر کەسێک ئەو ڕەنگە بەکاربهێنێت پێی دەوترێ هاوڕەگەزخواز، هەڵبژاردنی ئەو ڕەنگانە بۆ ئاڵاکەیان وایکردوە بەشێکی کۆمەڵگا لەو کەلوپەل و پێداویستییانە دوربکەونەوە کە بە پەلکەزیڕینە نەخشێنراون.

 

کۆمەڵگا تێڕوانینی هەڵەی هەیە بۆ هاوڕەگەزخوازان یاخود خۆیان هەڵەن لە کردارەکانیان؟

نیاز ساڵح، چارەسەرکاری دەروونی، دۆخی ژیانی هاوڕەگەزخوازان کەبە کۆمەڵەی "پەلکە زێڕینە" بەناوبانگن ڕووندەکاتەوە و دەڵێت: "تا ئێستا لەناو کۆمەڵگادا بەهەڵە باس لەمانە دەکرێت کە گوایە کێشە و نەخۆشی دەروونیان هەیە، لە ڕاستیدا نەخۆشی دەروونیان نییە بەڵکو بەهۆی بوونی کاریگەری کۆمەڵگاوە توشی حاڵەتی دەروونی دەبن".

هەندێک پێیان وایە کۆمەڵەی هاوڕەگەزخوازەکان لە ڕووی بۆماوەییەوە توشی ئەو دۆخە بوون، بەڵام نیاز ساڵح دەڵێت "ئەو دۆخەی ئەوانی تێدایە بۆماوەیی نییە بەڵکو سروشتی کەسەکان خۆیانن و لەگەڵ ئەوەشدا ڕێژەکەیان زیاد دەکات".

 

هۆکارەکانی زیادبوونی ڕێژەی هاوڕەگەزخوازان چین؟

ئەو چارەسەرکارە دەروونیە هۆکارەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ دەرفەتی دەرکەوتنیان لە ئێستادا، ئەم کۆمەڵەیە لە مێژووی مرۆڤایەتییەوە هەن بەڵام لە ڕابردوودا لە ناخی خۆیاندا دەیانشاردەوە کە دۆخیان بەو شێوەیەیە، بەڵام ئێستا بارودۆخەکە جیاواز بووە، دەیانەوێت شۆڕشێک بکەن تا خۆیان بناسێنن و بڵێن کە ئێمەش وەک مرۆڤێک هەین و مافمان هەیە، ئەوان لە ئێستادا بە جۆرێکن تەنانەت ئاڵای تایبەت بە خۆیان دیاری کردووە و بانگەوازیی بۆ خۆیان دەکەن.

لەگەڵ ئەوەی لە کۆی ١٩٥ وڵات، تەنها ٢٩ وڵات دانی بە مافی هاوڕەگەزخوازاندا ناوە، بەڵام ئەوان هەمیشە لە هەوڵی ڕووبەڕووبونەوەدان، تەنانەت هەندێک لە وڵاتان و لە نێویاندا ئەمریکا ڕێگەی بە هاوسەرگیری پەلکەزێڕینەکان داوە، هەروەها لە ٦٩ وڵاتیشدا بە یاسا پەیوەندی نێوان هاوڕەگەزخوازان بە تاوان هەژمار دەکرێت و سزای تایبەتیان بۆ دانراوە.

نیاز ساڵح، وەک چارەسەرکارێکی دەروونی لە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ئافرەتان و خێزان لە سلێمانی باسی لەوەکرد، لە ئێستادا کەیسیان هەیە دەربارەی هاوڕەگەزخوازی و دەڵێت "یەن بۆلامان و دەڵێن ئێمە هاوڕەگەزخوازین، بەڵام خێزانەکانمان لێمان تێناگەن، لە کاتێکدا ئێمە کێشەکانیان بۆ چارەسەر دەکەین هۆگری ئێمە دەبن". 

 

"کۆمەڵگای کوردی تا ئێستا ئاشنای تەواوەتی نییە دەربارەی هاوڕەگەزخوازان"

نیاز ساڵح پێیوایە کۆمەڵگای کوردی بەهۆی ئەوەی زۆر خراپ لە بابەتەکە گەیشتوون و بەردەوام فشار دەخەنە سەریان، بەو هۆیەوە هاوڕەگەزخوازان ڕێگای خراپ دەگرنە بەر، دەشڵێت: "هەندێک هەیە بە ناوی هاوڕەگەزخوازییەوە کاری نا بەجێ و نەشیاو دەکات، کە لەناو کۆمەڵگا جێیان نابێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو کۆمەڵەیە بەردەوام ڕووبەڕووی هێرش و دەستدرێژی جەستەیی دەبنەوە و شوناسیان پێنادرێت".

 

سەبارەت بە بوونی وێنە لەسەر دیواری بەشێک لە شەقامەکانی شاری سلێمانی کە ئاماژە بۆ ئاساییکردنەوەی هاوڕەگەزخوازی دەدات، نیاز ساڵح پێیوایە لە ئێستادا هەبوونی ئەو پۆستەر و وێنانە زوون، دەشڵێت: "سەرەتا با کۆمەڵگا ئاشنا بێت پێیان، دواتر کاری لەم شێوەیەیان بۆ بکرێت".

 

پەلکە زێڕینە لە چیەوە هاتووە، یاخود بەکارهێنانی ئەو ڕەنگانە لەلایەن هاوڕەگەزخوازەکانەوە بۆ چی دەگەڕێتەوە؟

لەسەر بابەتی هەڵبژاردنی ئەو ڕەنگانە لەلایەن هاوڕەگەزخوازەکانەوە، نیاز پێیوایە بۆیە ئەو ڕەنگانەیان هەڵبژاردووە تا ئەوە بگەیەنن کە ئەوانیش بەشێکن لەو سیفەتە جیاوازانەی لەناو کۆمەڵگەدا هەن، دەیانەوێت بە هەڵکردنی ئەو ئاڵایە پێکەوە ژیانی ڕابگەیەنن.

لە ئێستادا یاریەک بڵاوە لەناو منداڵاندا بە ناوی "POP-IT" "پۆپ ئت"، ئەم یاریە وا ناسێنراوە کە ئاڵای هاوڕەگەزخوازەکان بێت، لە ڕاستیدا یاریەکە بۆ ئارامکردنەوەی مێشک بەکاردێت و لە کۆمەڵە ڕەنگێکی کراوە پێکهاتووە کە منداڵان حەزی پێدەکەن.

لەسەر هەبوونی ڕەخنە لەو یاریە لەناو خەڵکیدا نیاز ساڵح وتی: "لە کاتێکدا منداڵێک یاری بەو یارییە دەکات، نازانێ هاوڕەگەزخوازی چییە و ئەم کۆمەڵەیە کێن، بەڵام لەوکاتەی ڕێگری لێدەکرێت لە بەکارهێنانی دەبێتە پرسیار لەلای کە ئایا بۆ ڕێگریم لێدەکەن لە بەکارهێنانی؟ ".

بە وتەی نیاز کە چارەسەرکاری دەروونیە ئەم ڕێگرییەی دایکان و باوکان لە منداڵەکانیان، وادەکات بەدواداچوون بکرێت لەلایەن منداڵانەوە بۆ کۆمەڵەی هاوڕەگەزخوازی و زیاتر بڵاوبوونەوەی فکری ئەوان.

هاوڕەگەزخوازەکان ڕێگای هەڵە بۆ سەلماندنی خۆیان لەناو کۆمەڵگا بەکاردەهێنن

بە هۆی ئەوەی سۆشیاڵ میدیا دەستی خستووەتە ناو هزری تاک بە تاکی خێزان و کۆمەڵگا، بۆیە هەر بابەتێک کە ئامانج لێی بڵاوبونەوەبێت بەناو کۆمەڵگادا ئەوا ڕێگەی سۆشیاڵ میدیا بەکار دەهێنرێت، هاوڕەگەزخوازەکانیش هەمان سیاسەت بەکار دەهێنن بۆ خۆناساندنیان.

وەک نیاز ساڵح دەڵێت: ئەو دەرکەوتنەیان لەناو سۆشیاڵ میدیا بە گشتی و تیکتۆک بە تایبەتی، کار دەکاتە سەر گەنج و ئەو هەستەیان لا دروست دەکات کە ئایا دەبێت ئەمانیش لە گروپی پەلکەزێڕینە نەبن.

 

"هیچ کاریگەریەکی خراپ لەسەر کۆمەڵگا دروست ناکەن لە کاتێکدا کۆمەڵگا لەوان تێبگات"

سەبارەت بەوەی ئایا هاوڕەگەزخوازان مەترسیین بۆ سەر کۆمەڵگا؟ نیاز وتی: "لە ژینگەیەکدا دەژیین زۆرینەی تاکەکان چاولەیەکتر دەکەن و ڕەفتاری یەکتر دووبارە دەکەنەوە".

لەوکاتەی هاوڕەگەزخوازێک دەیەوێت لە ڕێگای سۆشیاڵ میدیاوە خۆی بسەلمێنێت و داوای ماف دەکات و بەناوبانگ دەبێت، خەڵکانێکی ئاسایی چاویان لێدەکەن لە پێناو ئەوەی وەک ئەوان بەناوبانگ بن، چونکە پەلکە زێڕینەکان نامۆن بە کۆمەڵگا بۆیە لەگەڵ هەر ڕەفتارێکیان لەناو سۆشیاڵ میدیا دەنگدانەوی باش بەدوای خۆیاندا دەهێنن.

هەر بۆیە نیاز ساڵح پێیوایە تاکەکانی ناو کۆمەڵگا بە دوای ئەوان دەکەون نەک ئەوان کاریگەرییان هەبێت.