ڕۆژی جیهانی مافی مرۆڤ؛ ژنان ڕووبەڕووی پێشێلکاری مافەکانیان دەبنەوە

٧٢ ساڵ بەسەر دیاریکردنی ڕۆژی جیهانی مافی مرۆڤ تێدەپەڕێت، بەڵام مافەکانی مرۆڤ و لەناویشیدا ژن و منداڵ بە چەندین شێواز ڕووبەڕووی پێشێلکارییەکان دەبنەوە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش بێدەنگی بەرامبەر پێشێلکارییەکان هەیە.

بێریڤان کەمال

 

ڕۆژی جیهانی مافی مرۆڤ، ئەو ڕۆژەیە کە لە ساڵی ١٩٤٨ کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤی پەسەند کرد، ئەم بەروارە بۆ ڕێزلێنان لە پەسەندکردن و ڕاگەیاندنی کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ١٠ی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٤٨، بە جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ (UDHR) هەڵبژێردرا، کە یەکەم ڕاگەیاندنی جیهانی مافەکانی مرۆڤە.

 

ڕۆژی جیهانی مافی مرۆڤ لە ٣١٧هەمین کۆبوونەوەی پلینۆمی ئەنجومەنی گشتی لە ٤ی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٥٠ بە فەرمی دیاریکرا، کاتێک ئەنجومەنی گشتی بڕیارنامەکەی ڕاگەیاند، بانگهێشتی هەموو وڵاتانی ئەندام و هەر ڕێکخراوێکی دیکەی بەرژەوەندخوازی کرد بۆ ئەوەی بەو شێوەیەی بە گونجاویان زانی، ئەو ڕۆژە بەڕێوەببەن.

 

ئەو ڕۆژە بە شێوەیەکی ئاسایی هەم بە کۆنفڕانس و کۆبوونەوەی سیاسی ئاست بەرز و هەم بە بۆنە و پێشەنگای کولتووری تایبەت بە پرسەکانی مافی مرۆڤ بەڕێوەدەچێت، هەروەها زۆرێک لە ڕێکخراوە حکومی و ناحکومییەکان کە لە بواری مافی مرۆڤدا چالاکن، بۆنە تایبەتەکان بۆ یادکردنەوەی ئەو ڕۆژە دیاریدەکەن، جگە لەوەش بە شێوەیەکی نەریتی لە ١٠ی کانوونی یەکەمدا خەڵاتی پێنج ساڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بواری مافی مرۆڤ و خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی دەبەخشرێت.

 

دەستپێکردنی فەرمی ڕۆژی جیهانی مافی مرۆڤ لە ساڵی ١٩٥٠ەوە دەستپێدەکات، دوای ئەوەی ئەنجومەن بڕیاری ٤٢٣ی پەسەندکرد کە بانگهێشتی هەموو دەوڵەتان و ڕێکخراوە بەرژەوەندخوازەکانی کردبوو، ١٠ی کانوونی یەکەمی هەموو ساڵێک وەک ڕۆژی جیهانی مافی مرۆڤ پەسەند بکەن.

 

سەرەڕای بەندەکانی مافی مرۆڤ، پێشێلکاری بەردەوامە

مافەکانی مرۆڤ لە ٣٠ مادە پێکهاتووە و بە ئامانجی دەستەبەرکردنی مافەکانی مرۆڤە لە سەرجەم وڵاتانی جیهان، لەپێناو ژیانێکی ئارام و سەقامگیر داڕێژراوە، بەڵام ئەوەی دەبیندرێت هاوڵاتیان لە وڵاتانی جیهان بە هۆکارە جیاوازەکان ڕووبەڕووی پێشلکاری مافەکانیان دەبنەوە و گیان لەدەستدەدەن، لەم چەند ساڵەی دواییدا، کۆچکردن بەهۆی دۆخی سەختی هاوڵاتیان لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یەکێک بوو لەو هۆکارانەی کە بەهۆیەوە چەندین کەس گیانیان لەدەستدا و بەشێکی زۆریان ژن و منداڵبوون و مافی مرۆڤیش لە ئاستی جیهانیی، هیچ ڕێوشوێنێکی پێویستیان نەگرتەبەر بۆ کەمکردنەوەی قوربانییەکان.

 

شەڕ و بۆردومانەکان بە یەکێکی دیکە لەو هۆکارانە دادەنرێت کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی چەندین کەس و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش بێدەنگی هەیە، شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا یەکێک بوو لە ڕۆژەڤە جیهانییەکان کە بەهۆی شەڕ و ململانێکانەوە هاوڵاتیان بوونە قوربانی، هەروەها ناهەمواری دۆخی سیاسی و شەڕ لە وڵاتانی وەک ئەفغانستان، یەمەن، لیبیا و عێراق و هتد نمونەیەکی دیکەی پێشێلکاری مافی مرۆڤن، جێی ئاماژەیە ناکۆکی و ململانێ سیاسی و قەیرانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر دۆخی ژنان و منداڵان هەیە.

 

مافی مرۆڤ لە کوردستان پێشێلدەکرێت و جیهان لێی بێدەنگە

لە ڕۆژئاوای کوردستانیش بەهۆی بەردەوامیی بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورکیاوە، ڕۆژانە خەڵکی مەدەنی گیان لەدەستدەدەن، کە بەشێکی زۆریان منداڵان و ژنانن، بەڵام هیچ وڵاتێک هەڵوێستێکی دیاری نەبووە و بێدەنگبوون هەیە لە ئاستی ئەو کۆمەڵکوژییانەی لەسەر خاکی ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوەدەچێت.

 

ماوەی چەندین مانگیشە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی ناڕەزایەتی هاوڵاتیانەوە و سەرکوتکارییەکانی ڕژێمی ئێران بۆ خۆپیشاندەران ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیان بوونەتە قوربانی، چونکە هێزە ئەمنییەکان بە دڕندانەترین شێوە بەرپەرچی هاوڵاتیان دەدەنەوە، لە کاتێکدا ئەوان بەرامبەر نادادییەکانی ٤٠ ساڵەی ئەو ڕژێمە دەوەستنەوە لەسەر شەقام و لە زیندانەکانیشدا ڕۆژانە چەندین کەس گیان لەدەستدەدەن.

 

لە هەرێمی کوردستانیش کە بانگەشەی دیموکراسی و دەستەبەربوونی مافەکانی مرۆڤ دەکرێت، دۆخەکە باشتر نییە، زیندانیانی بادینان بەبێ هیچ تۆمەتێکی یاسایی لە زینداندان و بە نایاسایی و دوور لە بنەماکانی مافی مرۆڤ مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، هەروەها لە کاتی خۆپیشاندانی خوێندکاران بۆ داواکردنی مافە سەرەتاییەکانیان، هێزە ئەمنییەکان بە چەندین شێواز ڕووبەڕووی خوێندکاران دەبنەوە و چەندینیان لێ دەستگیرکردوون، لە کاتێکدا ئەوان لەپێناو مافێکی ڕەوای خۆیان بە مەدەنیی لەسەر شەقامەکان بوون.

 

مافەکانی ژنان یەکێکە لە بەندە پێشێلکراوەکانی جیهان

مافەکانی ژنان، بەشێکە لە جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ. لە جیهان بە گشتی و هەرێمی کوردستانیش بەتایبەت، ژنان بە چەندین شێواز ڕووبەڕووی پێشێلکاری مافەکانیان دەبنەوە و تا ئێستاش هیچ کام لە یاساکان نەیتوانیووە دەستەبەری ژیانێکی ئاشتی و ئارامی بۆ ژنان بکات.

 

لە باشووری کوردستان پاش ئەوەی دادگای فیدڕاڵی بڕیاریی نادەستووری بەسەر، یاسای باری کەسێتی هەموارکراوی هەرێمی کوردستاندا دا، بووە ڕۆژەڤ و ناڕەزایەتی چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی بە دوای خۆیدا هێنا.

 

دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق یاسای ژمارە ١٥ی ساڵی ٢٠٠٨ (یاسای باری كەسێتیی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ی هەمواركراو) تێیدا كاركردنی بە بڕگەی پێنجەم لە ماددەی ٤٠ی هەمان یاسای عێراقی ڕاگرتووە و لە جێگەیدا بڕگەكەی بەم شێوەیە داڕشتووەتەوە: (ئەگەر هاوسەر (پیاو) ژنی دووەمی هێنا، ژنی یەكەم مافی هەیە داوای جیابوونەوە بكات)، بە نادەستووری لە قەڵەمدا و لە یاسا دەستورییەکەشدا ڕێگری لە جیابوونەوەی ژنی یەکەم دەکرێت.

 

بڕیارەکە بە پێشێلکاری مافی ژنان دادەنرێت و جەخت لەسەر ئەوە دەکرێتەوە کە عێراق بە ئەقڵێکی پیاوسالارانە یاساکانی دادەنێت، و پێشێلکاری بەرامبەر مافەکانی ژنان دەکات.