ژنانی ئازادیخواز زیندانەکانی ئێرانیان کرد بە ناوەندی بەرخۆدان
ڕژێمی ئێران بە بیانووی نەبوونی حیجاب، پێشێلکردنی یاساکانی دەوڵەت و پێداگری لەسەر کوردبوون، گەنجان و ژنان دەستگیر دەکات و ئەشکەنجەیان دەدات، لە بەرامبەر ئەم سیاسەتەی ڕژێمی ئێراندا، ژنانی ئازادیخواز بەرگی بەرخۆدانیان کرد بە بەری زیندانەکاندا.
بێگەرد ئازاد
سلێمانی- رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران چەندین ساڵە بەهۆی سیاسەتی سەرکوتکاری ڕژێمی ئیسلامی ئێرانە، بەردەوام دۆخی گرتن و زیندان و ئەشکەنجە و سێدارەی تیادا بەرجەستەیە، هەر تاکێکی کۆمەڵگە دەنگ هەڵبڕێت لە بەرامبەر مافە سەرەتاییەکانی و ئازادبوونی، لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە ڕووبەڕووی گرتن و زیندانی دەبێتەوە، لەم چەند ساڵەی کۆتایشدا، بە تایبەت دوا بە دوای شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، گەنجان و ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران فشارەکان دوو ئەوەندە زیادی کردووە لەسەریان.
ڕژێمی ئێران بە بیانووی نەبوونی حیجاب، پێشێلکردنی یاساکانی دەوڵەت و پێداگری لەسەر کوردبوون، گەنجان و ژنان دەستگیر دەکات و ئەشکەنجەیان دەدات. گەنجان ئالوودە بە ماددە هۆشبەرەکان دەکات و پاشان بەو تاوانە سزای سێدارەیان بەسەردا دەسەپێنێت، بە پێی ئەو ئامارانەی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕایان گەیاندووە، تەنها لە ماوەی سێ مانگی ئەمساڵدا ئاماری لە سێدارەدان و زیندانیکردنی هاوڵاتیان بەم شێوەیەیە:
-لە مانگی ئابدا ١٤ هاوڵاتی لە سێدارەدراون هەروەها ٢٧ هاوڵاتی زیندانی کراون.
-لە مانگی ئەیلوولدا ٧ هاوڵاتی لە سێدارەدراون و ٤١ هاوڵاتی دەستبەسەرکراون.
-لە مانگی تشرینی یەکەمدا ١٠ هاوڵاتی لەسێدارەدراون، هاوکات ١٣ هاوڵاتی دەستبەسەرکراون.
هاوڵاتیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەبەر کورد بوونیان و قسەکردن بە زمانی دایکیان زیندانی دەکرێن، ڕژێمی ئێران هەوڵدەدات ئیرادەی خەڵک لاواز بکات و لە ڕێگای زیندانیکردن و لە سێدارەدانەوە ڕێگر بێت لە ناڕەزاییەتیەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەماوەی ئەم چەند ساڵەی ڕابردووش بە سەدان ژن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە لەبەر نەبوونی حیجاب و بەشداریکردن لە ناڕەزاییەتیەکان، یان لەبەر ئەوەی چالاکوانی سیاسین دەستبەسەرکراون و سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە.
وریشە بەرگی بەرخۆدانی لە زیندانی ئێرانە
یەکێک لەو ژنانەش زیندانی سیاسی وریشە مورادیە کە بە تۆمەتی «بەغی» لە دۆخێکی نادیاردایە، لە ٣١ی ئەمووزی ٢٠٢٣دا لە لایەن هێزە ئەمنییەکان لە دەوروبەری شاری سنە دەستبەسەرکراوە، دواجار لە ٢٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ دوای تەواوبوونی پرۆسەی لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بۆ بەندی ژنان لە زیندانی ئێڤین گواسترایەوە. لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی ڕووبەڕوبوونەوەی سزای لەسێدارەداندا بە شێوەی بێسنوور مانی لە خواردن گرت، وریشە مورادی دوای دوو ڕۆژ لە مانگرتنەکەی لە نامەیەکدا، کە لە زیندانی ئێڤینەوە نوسیوویەتی، دەڵێت: "با نەهێڵین شەڕی هەرێمی و سەرسنووری ببێتە هۆی داپۆشینی سەرکوتکارییە ناوخۆییەکان، هەوڵی مانگرتنی من هەر لەم پێناوەداییە، بە هەر شێوەیەک بووە ناهێڵین دەنگی خەباتکارانی ناوخۆ کە بوێرانە ڕاوەستاون، لە ناو جەنجاڵی و شەڕ و یارییە بێ ئەنجامەکاندا ون ببێت".
وریشە مورادی دوای ١٩ رۆژ لە مانگرتنەکەی ٧ کیلۆ کێشی دابەزیی و ڕووبەڕووی کێشەی تەندروستی بوویەوە، تیمە پزیشیکییەکەشی باسیان لەوەکرد، کە دۆخی تەندروستی وریشە ناجێگیرە و لە مەترسیدایە، لەو چوارچیوەیەدا، ژمارەیەک لە ژنانی چالاکوان و کەسایەتی دیاریی کۆمەڵگە بۆ پاڵپشتی کردنی وریشە و ناڕەزایەتی دەربرین دژی سزای سێدارە، بە کورتە ڤیدیۆ و لە ڕێگای ڕاگەیاندنی هاشتاگی وریشە مورادیەوە پاڵپشتی خۆیان بۆ وریشە ڕاگەیاند، هاوکات ئەندامانی گۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بۆ پاڵپشتی کردنی وریشە مورادی مانگرتن لە خواردنی سێ ڕۆژەیان ڕاگەیاند و داوایانکرد، وریشە مورادی مانگرتنەکەی بشکێنێت، سەرەنجام لەسەر داوای چالاکوانان و کژار لە ١٩ەمین رۆژدا، کۆتایی بە مانگرتن لە خواردن هێنا.