بەرخۆدانی ژنانی ئێران لە مێژووەوە تا ئەمڕۆ...١٥

ئێران یەکێکە لەو ناوچانەی لە ڕووی میوزیکییەوە خاوەن تایبەتمەندی خۆیەتی، ژنان بوونەتە ئامرازێک بۆ پاراستن و پەرەپێدانی فەرهەنگی خۆیان، لەم ساڵانەی دواییدا، میوزیک وەک دەنگێک بۆ دەربڕینی بیرکردنەوەکانیان لە شێوەی ناڕەزایەتیدا بەکاردەهێنن.

مالڤا محەمەد

 

ناوەندی هەواڵ – میوزیک زمان و نەتەوە و ڕەگەز و ڕەنگی نییە، لە سایەی میوزیکدا ڕۆحی مرۆڤ خۆی دەردەبڕێت، کاتێک لە چوارچێوەی 'میوزیکی نەتەوەیی'دا سەیری دەکەین، بۆمان دەردەکەوێت کە ئێران یەکێکە لە شوێنە گرنگەکانی ئەم بوارە.

 

میوزیکی ئێران تەنیا لە نەتەوەیی و جوگرافیاکەیدا سنووردار نییە. پێش هەموو شتێک کاریگەری لەسەر ئەو گەلانە دروستکرد کە لەگەڵیاندا دەژیا. سەرەتا عەرەب و کورد و ئازەرییان خستووەتە ژێر کاریگەری خۆیانەوە. لە میوزیکی ئێراندا چوار جۆری سەرەکی هەیە، ئەوانیش میوزیکی مەقامی ناوچە جۆراوجۆرەکان، میوزیکی مەقام، تێکەڵاوی ئێران و میوزیکی کولتوورە جیاوازەکان و میوزیکی کلاسیکی، هەروەها لە میوزیکی ئێراندا گەلێک دەنگی ئامێر هەیە، کە زیاتر ئامێرە کۆن و ناوخۆییەکانن وەک تار و سێتار و دوتار.

 

ژیانی کۆمەڵایەتی ژنانی ئێران

فەرهەنگی موزیکی ئێران بۆ پێش فارسەکان دەگەڕێتەوە، ئەم کولتوورە ڕەگ و ڕیشەی هەیە و مێژووەکەشی تا ئەمڕۆ ماوەتەوە، کە پشت بە ٢٠٠ی پێش زایین و بەڵگەنامەی شانشینی ساسانی دەبەستێت. ژنانی ئێران لە مێژووی میوزیکی ئێراندا پێگەیەکی گرنگیان هەیە. بوونی میوزیکی کلاسیکی ئێرانی لە سەردەمی ئێمەدا، هەر لە خوڵقاندنەوە، تا دەگاتە دەنگ و نمایشەکانی سەر شانۆ، ژنانی ئێرانی لە پێشەنگیدا بوون.

 

سەرەڕای بوونی ڕژێم، تێکۆشان بۆ هونەر دەکەن

زیاتر لە ٤٠ ساڵە ڕژێمی ئێستای ئێران هەوڵیداوە ئەم کولتوورە مێژووییە لەناوببات تا ژن لە شانۆ دوور بخاتەوە و نەهێڵێت بە تەنیا بچنە سەر شانۆ. سەرەڕای ئەمەش ژنان دەستبەرداری نیشتمان و هونەرەکەیان نەبوون، چ لە ئێران و چ لە شوێنەکانی دیکە بەهۆی تێکۆشانیان بۆ هونەر، تەنانەت لە پەنابەری و زیندانەکانیشدا، هونەرەکەیان دەپارێزن.

 

لە ئێران دوای ئەوەی ڕژێمی مەلا دەستی بەسەر وڵاتدا گرت، تەنیا ژنە هونەرمەندەکانی ئێران ڕێگەیان پێدرا گۆرانی بۆ ژنان بڵێن. ژنە موزیکژەنەکان ڕێگەیان پێنەدەدرا تەنها خۆیان نمایش بکەن و قەدەغەکرا، بەڵام ئەو ژنە میوزیکژەنانەی کە بوونە ئیلهامبەخش بۆ میوزیکی جیهانی، پارێزگارییان لە میوزیکی گەلی ئێران کرد.

 

بناغەیەکی مێژوویی بەهێز

پێش ئیسلام و بە تایبەت لە سەردەمی ساسانییەکان، میوزیک لە ئێراندا پەرەی سەندووە، میوزیکژەنەکانی وەک بەرباد و ناکیسا و ڕامتین لە بەناوبانگەکانن، میوزیکی ئێران بناغەیەکی مێژوویی وای هەبوو کە نە بە هاتنی ئیسلام و نە دوای ئەویش نەتوانرا ڕێگری لێبکرێت. ئەم ناوچەیە کە ٣ هەزار ساڵە ئامێری میوزیکی تێدا دروستکراوە و بوونی فەرهەنگی دەوڵەمەندی ئێرانی بە ئاسانی نەتوانی لەناوببات، کاریگەری ئەمە لە باوەڕ و بەڕێوەبردنیدا دەبینین، ئەگەر چەند نموونەیەک بهێنینەوە؛ لە دوای ساڵی ١٩٧٩ میوزیکی پۆپ و باو لە ئێران بۆ ماوەی بیست ساڵ قەدەغە کرا. لە ساڵانی نەوەدەکاندا ڕژێمی ئێران ڕێگەی بەم میوزیکیە دایەوە، چونکە کاریگەریی میوزیکی پۆپی بینی، بەڵام ژنانی میوزیکژەن ڕێگەیان پێنەدەدرا میوزیکی پۆپ بژەنن.

 

ئۆرکێسترای ژنان لە میوزیکی کلاسیکی ئێرانی

لە ستایل و ئاوازی فارسیدا یەکەم دەنگ کە بە خەیاڵدا دێت، پەریسایە، هونەرمەندێکی ناسراوی میوزیکی کلاسیکە، ناوی تەواوی فاتمە واعزییە و لە ١٦ی ئازاری ١٩٥٠ لە ئێران لە دایکبووە. پەریسا بە ئۆرکێسترا کۆنسێرتەکانی دەدا، لە ساڵی ١٩٩٦ تا ٢٠١٢ هەمیشە لەسەر شانۆ بووە، لە وڵاتەکەی خۆی و ئەوروپا و ئەمریکاش بۆ بەرەوپێشبردنی میوزیک و کولتووری ئێرانی هەوڵیدەدا، هەروەها پەریسا ئۆرکێسترایەکی ژنانی پێکهێنا کە لە ٥ کەس پێکهاتبوو. هەرچەندە لە ئێران دەژی، بەڵام لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا میوزیکی تەسەویفی بە زمانی فارسی لە ئەوروپا و ئەمریکا پێشکەشکرد و چەندین ئەلبوومی بڵاوکردووەتەوە، دەشبێت بوترێت ژنانی هونەرمەند دەرفەتیان بۆ ڕێکنەکەوت کە وەک پەریسا بن.

 

دەنگەکان لە تاراوگەوە

یەکێک لە دەنگە دیارەکان لە تاراوگەوە، مریەم ئاخوندی بوو، کە لەگەڵ دەنگیدا، بە لێکۆڵینەوە میوزیکی ئێرانی پێشخست و بوونی ژنانی لە میوزیکی ئێراندا سەلماند، کە لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیشدا مۆری ژنانی دا لە میوزیکی وڵاتەکەی، لە دوای ساڵی ١٩٨٦ گۆرانیبێژ مریەم ئاخوندی کە لە تاران میوزیکی کلاسیکی خوێندووە، لەگەڵ میوزیکژەنانی دیکەی ئێرانی لە تاراوگەدا دەستی بە کارکردن کردووە. لەگەڵ نەوا و تشاکاواک پێکەوە لە ئەڵمانیا و سکاندەناڤیا نمایشیان کرد. هەروەها گرووپی میوزیکی هونەری دیکەی نەریتی ئێرانی ئەنسەمبڵی بەربادی دامەزراندووە و لە ساڵانی ڕابردوودا گەشتێکی بە سەرتاسەری ئەوروپادا کردووە. مریەم ئاخوندی لە ساڵی ٢٠٠٠ گروپێکی بە ناوی "بانوو" لە جۆری کاپێلا (جۆرێک لە میوزیک کە دەنگێکی زۆری هەیە و دەنگی مرۆڤ وەک ئامێرێک بەکاردێت) وەک گەشتێکی میوزیکی بۆ هەموو کولتوور و ناوچەکانی ئێران دامەزراند. بۆ ئەم پڕۆژەیە مریەم ئاخوندی کۆنترین ئاوازەکانی فارسی کۆکردەوە کە ژنان تەنیا لە بارودۆخی تایبەتدا دەیڵێنەوە. ئەو ھونەرمەندەی کە واژۆی زۆرێک لە بەرھەمی لێکۆڵینەوە-کۆکەرەوەی کردووە لە ھەمان کاتدا کارگەلێکی ئەنجامداوە کە لێکۆڵینەوە لە میوزیکی ئێرانی لەخۆدەگرێت پێش ئیسلام، بەتایبەتی لەژێر ناوی 'ئاھورامەزدا'، ئەو بەرھەمانەی کۆکردووەتەوە کە ڕەنگدانەوەی سەردەمی زەردەشتین، مریەم ئاخوندی بە ئەرکی خۆی دەبینێ کە ئەم گۆرانییە کۆنە ژنانانە زیندوو بکاتەوە.

 

کۆنسێرتێکی بۆ ژنان سازکرد

ناوێکی دیکەی بەناوبانگ لە هونەرە بینراوەکان و میوزیکی کلاسیکی ئێراندا سیما بینایە. ساڵی ١٩٤٥ لە هۆرۆسان لەدایک بووە. بەشدارییەکی گرنگی لە میوزیکی خوراسان، بەلووچ، تورکمان، لوڕ، شیرازی، بەختیاری، مازەندەراندا کردووە. لە ئێران وانەی میوزیکی بە کچان دەگوتەوە. سیما بینا بە "دایکی میوزیک" بەناوبانگە، بە هۆی ئەوەی کە یەکێکە لە ئەکتەر و بەرهەمهێنەرانی میوزیکی نەریتی لە ئێران، هەروەها وەک هونەرمەندی شانۆیی، توێژەر و ئاوازدانەر کاری کردووە و حەزی لە هونەری نیگارکێشی بووە، کچانی ئێرانی لە بواری میوزیکدا پەروەردە کردووە و کۆنسێرتی بۆ ژنان ساز کردووە. سیما بینا لە دەرەوەی وڵاتەکەی میوزیکی پێشکەش کردووە و لە ئێستادا لە ئێران و ئەڵمانیا دەژی.

 

یەکەم دیمەنی بێ پەردە

لە سەردەمی قاجاردا بوو کە ژنە گۆرانیبێژانی ئێرانی بۆ یەکەمجار دەنگێکیان تۆمار کرد و بەبێ پەردە نمایشیان دەکرد. هەرچەندە زانیاری زۆر کەم لەسەر حەیران خانم دانبولی، خەڵکی شاری خوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە، بەڵام ناوە بەناوبانگەکەی و شیعر و بەرهەمی ئەدەبی تا ئەمڕۆش لە کار و بەرهەمە هونەریەکانیدا ماوەتەوە، دەزانرێت کە بە زمانی فارسی و ئازەری و کوردی نووسیویەتی. حەیران خانم دانبولی بە دەنگ و شیعرەکانی لە شاری ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ژیاوە و ڕووی لە تەورێز کردووە، مێژووەکەی بۆ ساڵانی ١٨٠٠ دەگەڕێتەوە.

 

ژنان ڕێگای بەختەوەرییان کردەوە

میوزیکی ئێران پشکی تەواوی خۆی لە گۆڕانکارییە سیاسییەکان وەرگرتووە، بەڵام کۆمەڵگە و ژنە میوزیکژەنەکانی ناو کۆمەڵگە، سەرەڕای هەموو فشار و گوشارەکان، ڕێگەی خۆیان کردەوە و بە میوزیکی گشتگیر ئەو کارەیان کرد. ئەمڕۆ لیلی ئەفشار، هایدە، ئەنیسە ئەلڤینا، دەریا دادڤەر، ئەڤلین باگچەبان، گولشیفتە فەرهانی، هەلەن، مەهسا وەهدەت، پەریسا، سەڤدالیزا، جاسمین تەباتەبایی و چەندین ژنە میوزیکژەن هەن. نازەنین ئەخاخانی و نەزهات ئەمیری پێشەنگایەتی ئۆرکێسترای بەناوبانگی جیهانی دەکەن.

 

ژنان بە شێوەیەکی ڕێکخراو دەچنە ناو مەیدانەکەوە

ئەو ژنانەی کە لە ئێراندا بە تەنیا چوونە سەر شانۆیان لێ قەدەغە کرابوو، لە ڕێگەی ڕێکخراوەکانیانەوە هەوڵیان دەدا بەردەوامی بە هونەرەکەیان بدەن، هەربۆیە دەبینین چەندین گروپی میوزیک دروستدەبن، دینگۆ کە لە ساڵی ٢٠١٦ دامەزراوە، یەکێکە لەو گروپانەی کە ژنان تیایدا کۆبوونەو و کۆنسێرت ئەنجام دەدەن، گروپی گلاریس یەکێکە لەو گروپانەی کە ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دروستیان کردووە و سەرنجەکانی بۆ خۆی ڕاکێشا، گروپی میوزیکی ژنانی گلاریس، کە لە ساڵی ٢٠١٧ لە شاری کرماشان دامەزراوە، لە وڵاتانی ناوچەکە وەک عێراق، باشووری کوردستان و تورکیا کۆنسێرت ساز دەکات، بەڵام بەهۆی چوونە سەر تەختەی شانۆیان ئەندامەکانی ناتوانن خۆیان لە دەسەڵاتی دادوەری ڕژێمی ئێران ڕزگار بکەن.

 

ژنانی هونەرمەند دەستگیرکران

مونا نەرزووی هونەرمەند، گۆرانیبێژ و شاعیر، ڕۆژی ٢٩ی ئەیلولی ٢٠٢٢ بەهۆی خوێندنەوەی شیعرێک کە لەسەر کوشتنی ژینا ئەمینی نووسیبووی، دەستگیرکرا. چالاکوان مایدە حەجابری وەک ناڕەزایەتی دژی دەستگیرکردنی ژنێکی گەنج کە بە تەنها لە وێستگەیەکی شەمەندەفەری تاران سەما دەکات دوای ئەوەی دەستگیرکراوە، ڤیدیۆیەکی خۆی بڵاوکردەوە کە سەما دەکات و لەسەری نووسیبووی "سەما تاوان نییە"، و دواتر دەستگیرکرا. بەکارهێنەرانی دیجیتاڵ میدیای ئێران نمایشی سەمای خۆیان بۆ پشتیوانی لە مایدە حەجابری بڵاوکردەوە. بەکورتی، لەم ساڵانەی دواییدا ژنانی ئێرانی و ڕۆژهەڵاتی نەک تەنیا بۆ گەیاندنی فەرهەنگی خۆیان، بەڵکو بۆ مەبەستی ناڕەزایی دەربڕین موزیکیان بەکارهێنا، ژنانی ئێرانی بە بڵاوکردنەوەی نمایشەکانی خۆیان، لە شیعر-گۆرانی سیاسی، سەمای ناوچەیی یان کلاسیکەوە، وەک هەڵوێستێکی سیاسی هەوڵدەدەن دیوارە ڕەقەکانی ڕژێمی ئێران بشکێنن.

 

بەردەوام دەبێت...