بەرخۆدانی ژنانی ئێران لە میژووەوە تا ئەمڕۆ... ١٦

سەرەڕای دەستگیرکردن و کوشتن و دەستدرێژی سێکسی، ژنان لە پێشڕەوی بەرخۆدانی ئێراندان ژنان سوورن لەسەر فراوانکردنی تێکۆشانی ئازادی بە دروشمی "ژن ژیان ئازادی".

ڕاپەرینی ژنان لە ئیران و وەچەرخانێکە

 

مالڤا محەمەد

ناوەندی هەواڵ- ئەو ڕاپەڕینانەی کە لە ١٦ی ئەیلولی ٢٠٢٢ پاش ئەوەی ژینا ئەمینی لە لایەن پۆلیسی ئەخلاق  لە ئێران کوژرا سەریهەڵدا، دوو مانگی تێپەڕاندو ئەو گەلانەی بەشداری ڕاپەڕینەکان بوون لە هەموو دەرفەتێکدا سووربوونی خۆیان دەردەبڕن بۆ بەرهەڵستیکردن.

 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕایگەیاندووە، کە لە ئەنجامی هێرشەکانی ڕژێمی ئێران بۆ سەر بەرخۆدانی ژنان و گەلانی ئێران و رۆژهەڵات ٣٧٨  کەس کوژراون و ١٦ هەزار و ٨١٣ کەسیش دەستگیرکراون.

 

لە ئامارەکەدا ئەوەش هاتووە کە تا ئێستا ٣٧٨ کەس کە ٤٧یان منداڵ و ٢٧ کەسیان ژنن کوژراون و تەنها لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا ٤٠کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزەکانی رژێمی ئێرانەوە کوژراون، بەپێی هەمان سەرچاوە، لەو ١٦ هەزارو ٨١٣ کەسەی کە دەستگیرکراون، بەڵام تەنها ناسنامەی دوو هەزارو٧٥٦ کەس ئاشکرا کراوە، بەلایەنی کەمەوە ٥٢٤ کەس لە دەستگیرکراوەکان خوێندکارن.

 

کوشتنی ژینا ئەمینی تووڕەیی لە بەرامبەر سیاسەتەکانی ڕژێم کە چەندین ساڵە سەرکوت و ئازادییەکانی سنوردارکردووە، بەگوڕتر کرد،  زۆر جار دەبینین ژنان بە پرچی خۆیانەوە پێشەنگی خۆپیشاندانەکان دەکەن و لەچکەکانیان دەسوتێنن یان لە دەوری ئاگری بەرهەڵستی دژی پۆلیسی ڕژێم سەما دەکەن، دیسان ئەو بەرخۆدانەی کە لە هەموو جیهانەوە پشتگیری دەکرێت، ژنان قژیان دەبڕن و بێگومان گرنگترین لایەنی ئەم بەرخۆدانە ئەوەبوو کە خەڵک لە یەکەم خولەکەوە ناوچەکانیان پڕکردەوە و بە دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' کۆبوونەوە بۆیە ئەو ڕاپەڕینانەی کە بە پێشەنگایەتی ژنان بەڕێوەدەبرێت لە چ ئاراستەیەکدا پەرەی پێدەدرێت؟

 

هاوکێشەی "ژن ژیان ئازادی"

ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ڕيشەی وشەی'ژن، ژیان، ئازادی' کە بە کوردی نووسراوە، بڵاوبووەوە و بووە دروشمی گۆڕان، ئەم دروشمە لەسەر بنەمای تێزی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانە و ئازادی ژنان بە ئازادی کۆمەڵگە دەبینێت.

 

لە ساڵی ٢٠١٣دا ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەگەڵ پارێزەرەکانیدا هەڵیسەنگاند کە پێویستە ئامانجی سەرەکی ژنان تێکۆشانی ئازادی بێت، سەرنج ڕادەکێشێتە سەر پەیوەندی نێوان ژن و ژیان و بە گرنگیشەوە ئاماژەی بەوەدا کە 'ژن، ژیان، ئازادی' هاوکێشەیەکە لە سەرووی دروشمەکەوە.

 

ئەم دروشمە سەرەتا لە چالاکییەکانی ژنانی کورد لە باکوری کوردستان و تورکیا لە سەرەتای ساڵی ٢٠٠٠دا بەرزکرایەوە دواتر دروشمەکە بۆ هەموو ناوچەیەک بڵاوبووەوە کە بزوتنەوەی ژنانی کورد تێیدا ڕێکدەخرێت و بووە پێناسەیەک بۆ شەڕی دژی داعش لە ساڵی ٢٠١٤دا.

 

ئەمڕۆ دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' بەپێشەنگایەتی ژنانی کورد گەیشتە هەموو ژنانی ئێران و جیهان، لە ئێران تێکۆشانی ژنان بەرەو پێش چووە و ناسنامەی ژیان و ئازادی دەگۆڕدرێت کە لە دژی زوڵم و نایەکسانی تێدەکۆشێت، هەروەها لەهەموو جیهان بووە سیمبولی پشتیوانی، بە دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' زۆرێک لە ژنانی جیهان سەرنجیان ڕاکێشایە سەر پشتگیری دیپۆرتی فێمینیستی چالاکوانانی ژنان لە مەغریب و تونس و لوبنان و لیبیا و سودان و فەلەستین، بۆ دەربڕینی تووڕەیی خۆیان دەنگی خۆیان بەرزکردەوە و هەڵمەتی جۆراوجۆریان دەستپێکرد.

 

بەبەشداری ڕۆشنبیران و وەرزشوانان و پارێزەران و خوێنەرانی بەشە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگە دەبینرێت کە ئەم تابلۆیە پێویست نییە، لە زۆربەی شارەکاندا خەڵک دەستیان بە مانگرتنی گشتی کردووە و سەندیکاکانی بازرگانیش هێشتا دووکان ناکەنەوە.

 

بەرهەڵستی لە بەرامبەر ستەمدا ڕوو لە زیادبوون دەکات

سەرەڕای هەوڵەکانی ئەم دواییەی ڕژێمی ئێران بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان لە ماوەیەکی کورتدا بۆ هەموو سوچێکی ئەو وڵاتە بڵاوبووەتەوە و بووە بە گرنگترین ڕووداو کە ئێران لە ماوەی چوار دەیەدا بینیویەتی و ڕەنگە ببێتە وەرچەرخانێک لە داهاتووی ئەو وڵاتەدا.

 

ڕژێمی ئێران بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران گازی فرمێسکڕێژ و گولـلەی بەکارهێنا دواتر دەستبەسەرکردن و دەستگیرکردن بەردەوام بوو،  دووبارە، بە بلۆککردنی گەیشتن بە ئینتەرنێت، زانیاری گشتی و ڕێگای پەیوەندیەکان دەبڕێت، لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو بەرخۆدانەی کە دوو مانگی خایاند بە خێرایی بەرەو قۆناغێکی گۆڕانخوازی لە مێژوودا دەڕوات.

 

ژنان کرانە ئامانج

لەبەر ئەوەی ژنان ڕابەرایەتی ڕاپەڕینەکان دەکەن، بەرگریکارانی مافی مرۆڤ و فێمینیست و چالاکوانان بەتایبەتی کرانە ئامانج، بەپێی ڕاپۆرتە فەرمییەکان دەسەڵاتداران چەندین شێوازی ئەشکەنجەدانیان بەکارهێناوە بۆ بێدەنگکردنی ئەوانەی بەشداری خۆپیشاندانەکانی ئەو وڵاتەیان کردووەوە چەندین چالاکوانیش توندوتیژیان بەرامبەر کراوە بەهۆی بەشداری خۆپیشاندانەکانەوە هەڕەشەی کوشتن و دەستدرێژی و ئەشکەنجەی دڕندانەیان لێکراوە، بەپێی ئامارێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، جگە لە سووکایەتییە زارەکییەکان، ئەشکەنجەدان و مامەڵەی جۆراوجۆر، فشار خراوەتە سەر هەندێک لە ژنە دەستگیرکراوەکان بۆ دانپێدانان لە تەلەفزیۆن، ئەوەشی خستەڕوو، کە چەند زیندانییەکی ژن لە زیندانە نافەرمییەکان ڕاگیراون.

 

بەپێی زانیارییەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، بەلایەنی کەمەوە ٣٨ ڕۆژنامەنووس و ١٧٠خوێندکار و ١٦ پارێزەر و زیاتر  ٥٨٠ چالاکوانی کۆمەڵی مەدەنی و چالاکوانانی یەکێتی مامۆستایان و چالاکوانانی کرێکاریش کە بەشداری خۆپیشاندانەکانیان کردووە، دەستگیرکراون.

 

ئەنجومەنی نیشتمانیی بەرخۆدانی ئێران ڕایگەیاندووە، کە زیاتر لە ٤٠٠ کەس لە خۆپیشاندانەکانی ئێران کوژراون و زیاتر لە ٤٠ ڕێکخراوی مافی مرۆڤیش لەوانە ئەمنستی ئینتەرناشناڵ ڕایانگەیاندووە کە بەلایەنی کەمەوە ٢٣ منداڵ کوژراون.

 

ژنان لەقوتابخانەکاندا دەستبەسەرکران

دایکی دوو منداڵ مینۆ مەجیدی شاخەوانی ٣٢ ساڵ غەزالە چلۆی کە لە ٢٠ی ئەیلولدا کوژران، لە هەمان ڕۆژدا حەنانە کیای ٢٢ ساڵ لەو ژنانە بوون.

 

ئەمنستی ئینتەرناشناڵ بڵاویکردەوە، کە لە سەردانێکی پزیشکیدا دوو هاوڕێیان لەکاتی گەڕانەوەیان بۆ ماڵەوە کوژراون و ڤیدیۆی حەدیس نەجەفی تەمەن ٢٠ ساڵ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە و بووە هۆی توڕەبوونی زۆرێک لە خەڵک،  لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا کە لە تویتەردا بڵاوکراوەتەوە، حەدیس دەبینرێت کە لەچکی نەکردووەو بە بوێرییەوە بەرەو شوێنی خۆسەپاندن لە کەرەج دەڕوات.

 

بەپێی ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤ مەهسا مۆگوای و سارینا ئیسماعیلزادەی تەمەن ١٦ ساڵ و نیکا شاکارامی بەهۆی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکاندا ئەشکەنجە دراون و کوژراون، هاوڕێکانیان ڕایانگەیاند، کە تەرمی هەر سێ ژنەکە لە ناو جەرگەی بنکەکەدا گیراون و دەستدرێژییان کراوەتە سەر.

 

هێرشکرایە سەر ١٦ خوێندکار

هەروەها خوێندکارانی کچی ئامادەیی و خوێندکارانی زانکۆش تووشی دڕندەیی هێزەکانی دەوڵەتی ئێران بوون ڕۆژی ١٧ی تشرینی یەکەم، دەستەی هەماهەنگی یەکێتی مامۆستایان لە بڵاوکراوەیەکی میدیایی دیجیتاڵیدا ئەو توندوتیژییەی پشتڕاست کردەوە، لە کاتی هێرشەکاندا ئەو کچە خوێندکارانەی کە دروشمیان دژی جیاکاری و نایەکسانی دەوتەوە و سروودی ڕژێمیان نەخوێندەوە تەشهیریان پێکرا، یەکێکیان لەلایەن پۆلیسی ڕژێمەوە بەبەرچاوی بەمامۆستایان و خوێندکار لێیدراوە وکە گەیەندراوەتە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە، هەروەها ١٠ خوێندکاری کچ بردراون بۆ شوێنێکی نادیار و ٧ خوێندکاری کچ دەستگیرکراون چەندین کەس بریندار بوون لەچالاکیی ئەو خەڵک و خوێندکارانەی کەتا ئێستا لەشاری ئەردەبیل بەردەوامە.

 

ژنان بوون بە پێشەنگی ڕاپەڕینەکان

ژنان سەرەڕای هەموو فشارەکان شەو و ڕۆژ لە پێشەنگی خۆپیشاندانەکاندان، ئەو ژنانەی سەری خۆیان ڕووت دەکەن خاوەنی ژیان و ئیرادەی خۆیانن و بۆ ئازادی تێدەکۆشن، باجەکەی هەرچییەک بێت، هەوڵ دەدەن، هاوکێشەی "ژن ژیان ئازادی" لە ژیاندا پراکتیزە دەکەن و ئەوان سوورن لە بەدواکەوتنی خۆشەویستی ئازادی خۆیان، بۆ ئێران و بۆ ژنانیش ئیتر گەڕانەوە نییە.

 

کۆتایی.