هەرێمێکی دەوڵەمەند بە سوتەمەنی و هەژار لە پڕۆژە و خزمەتگوزاری

دەسەڵاتداران و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بەهۆی ناکۆکییە سیاسی و ململانێکانیان لەسەر پۆست و پلە باڵاکان، پڕۆژە و خزمەتگوزارییەکانیان وەلا ناوە و جیاوازی لە نێوان پارێزگاکان لەم کابینەی حکومەتدا بە تەواوی ڕەنگیداوەتەوە.

لاڤە کوردە

 

ناوەندی هەواڵ- ئەوەی تێبینی دەکرێت لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، هەڵمەتێکی گەورەی میدیایی بۆ جێبەجێ کردنی پڕۆژەکان دەکرێت، بەڵام کەمترینی لێ‌ جێبەجێ دەکرێت و جیاوازییەکی زۆر لە جێبەجێکردنی پڕۆژە و خزمەتگوزارییەکان لە نێوان شارەکاندا هەیە، بە نموونە هەولێر خاوەن زۆرترین پڕۆژە و هەڵەبجەش بێ خزمەتگوزارتین پارێزگای هەرێمە، پارێزگای دهۆکیش کە دەوڵەمەندترین پارێزگایە لە ڕووی سامانی سروشتییەوە و خاوەنی دوو مەرزی ئیبراهیم خەلیل و فیشخاپورە، بەڵام ڕێژەی خزمەتگوزاری و پڕۆژە لە ئاستێکی بەرزدا نییە و ئەوەشی هەیە نەبووەتە هۆکاری بووژانەوەی پارێزگای دهۆک.

 

بەر لە ساڵی ٢٠١٠ بودجەی هەرێم بە ڕێژەی ٤٣٪ی پشکی سلێمانی و ٥٧٪ی پشکی هەولێر و دهۆک دابەش دەکرا کە پشکی دهۆک تیایدا ٢٤٪ بوو، دوابەدوای بەدواداچوونی پەرلەمانتاران بۆ کەمی پڕۆژەخزمەتگوزاریەکانی ئەو پارێزگایە، دەرکەوت کە ئەو بڕە پارەیەی بۆ پڕۆژەکانی دهۆک تەرخانکراوە، بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکانی هەولێر بەناوی قەرزەوە وەرگیراوە و نەگەڕێنراوەتەوە بۆ دهۆک، بەم هۆیەشەوە ماوەی چەندین ساڵ لەسەر زاری بەرپرسانی ئیداری ئەو پارێزگایە هەموو ئەو پڕۆژانەی کە لە دهۆک هەن تا ساڵی ٢٠١٩ ناگاتە بڕی ٢ دوو ملیار دینار.

 

لە هەموو وڵاتانی جیهان ئەو پارێزگایانەی کە خاڵی سنوریان هەیە یاخود بە سامانی سروشتی دەوڵەمەندن، دانیشتوانەکەی لەوپەڕی خۆشگوزەرانیدا دەژین بەڵام لە پارێزگای دهۆک بەهۆی قۆرخکردنی دەسەڵات و پەیڕەوکردی حوکمێکی مەرکەزی توندڕەو، پڕۆژە و خزمەتگوزاری وەک پێویست نییە.

 

یاسای بودجە نەبوو، پڕۆژەکان ڕاگیران

له‌ وه‌زاره‌تی پلاندانانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دوو جۆر بودجه‌ هه‌یه‌ بۆ پڕۆژەكان، یه‌كیان بودجه‌ی وه‌زاره‌ته‌كانه‌ كه‌ به‌سه‌ر وه‌زاره‌ته‌كان دابه‌ش ده‌كرێت به‌ گوێره‌ی ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌ست حكومه‌ته‌ و ئه‌وه‌ی تریشیان بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی پارێزگاكانه‌، بەڵام حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ساڵی ٢٠١٣ەوە یاسای بودجه‌ی نه‌بووه ‌و گورزێكی گه‌وره‌ به‌ر پڕۆژە‌كان کەوتووە، هەروەها بەهۆی قەیرانە دروستکراوەکانەوە حکومەت نەک تەنها لە پڕۆژەکاندا شکستی خوارد، بەڵکو لە دابینکردنی مووچەش شکستی هێنا و هەرێمێکی پڕ قەیراناوی و بێ خزمەتگوزاری بووەتە نیشتیمانی هاوڵاتیان.

 

چەندین پڕۆژەی ساڵانی ٢٠١٠ و دواتر تا ئێستاش بە تەواو نەکراوی، یاخود بە دەستپێنەکراوی ماونەتەوە، له‌ ساڵی ٢٠٢١ ژماره‌یه‌ك پڕۆژە‌ ڕاگه‌یەندرا به‌تایبه‌ت له‌ په‌ره‌پێدانی پارێزگاكان و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان، به‌ڵام زۆربه‌ی ئه‌و پڕۆژانه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ده‌ستیان پێكرد، به‌ڵام به‌شێكی زۆریان ته‌واو نه‌كران، ئه‌وه‌ی بۆ ئه‌م ساڵ پێشنیاز كراوە، بریتی بوو‌ له‌ ٥٠٠ ملیار دینار بۆ بودجه‌ی وه‌به‌رهێنانی وه‌زاره‌ته‌كان كه‌ به‌سه‌ر وه‌زاره‌ته‌ خزمه‌تگوزارییه‌كاندا دابه‌ش ده‌كرێت، ئه‌وله‌وییه‌ت بۆ ئاو و كاره‌با و كشتوكاڵ و ته‌ندروستی بوو کە باسی لێدەکرا، بەڵام دەبینین ئەو خزمەتگوزاریانە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لە پاشەکشەدایە و دۆخی کارەبا و ئاو وەک ساڵانی ڕابردوو بە خراپی ماوەتەوە و کەرتی تەندروستیش بە تایبەت لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە لە دابینکردنی دەرمان بۆ نەخۆش شکستیهێناوە.

 

بڕیاری دوو ئیدارەیی سلێمانی پەکخستووە

بەپێی وتەکانی عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری هەرێمی کوردستان لە سەرەتای ئەمساڵ ڕێککەوتنێک کراوە کە دوو ئیدارەیی بۆ بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان ئاشكرا کرد ‌و

لەماوەیەکی کورتدا و لەئەنجامی ئەم ڕێککەوتنە سلێمانی تووشی داڕووخانی گەورە دەبێت، بەپێی ڕێککەوتنەکە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان سەرۆکی حکومەت، دەبێت بڕیار لە هەموو پڕۆژەکانی ئیدارەی سلێمانیش بدات وەک هەولێر و دهۆک، بەڵام پڕۆژەکانی سلێمانی بەداهاتی سلێمانی خۆی جێبەجێ بکرێت، بەرپرسانی سلێمانیش دەڵێن داهات نییە و پڕۆژەکانی سنوری سلێمانی وەستاون، لە کاتێکدا لە هەولێر ڕۆژانە باس لە پڕۆژەی نوێ دەکرێت.

 

سەرۆکی حکومەت ‌و بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران، ئێستا قسە لەسەر قاچاخی ‌و گەندەڵی ‌و دۆسیەی زەوی سنوری سلێمانی ‌و بێ پڕۆژەیی ناکەن، چونکە زیانەکە تەنها لەسەر خەڵکی سلێمانییە، نەک کۆی هەرێمی کوردستان، بەرپرسانی سلێمانیش لە حکومەت قسە لەسەر داهاتی نەوت‌ و فیشخابور و ئیبراهیم خەلیل‌ و باج ‌و زەوی و هیچ شتێکی سنوری هەولێر و دهۆک ناکەن.

 

جیاوازی ڕێگاوبانەکان

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا وتارێکی پێشکەشکرد و باسی لە زیادبوونی داهاتی ناوخۆ کرد و بە لە ٪١٠٠ داینا، لە ڕووی ژێرخانی ئابوریشەوە، سەرۆکی حکومەت وەک دەستکەوت باسی لە خەرجکردنی زۆرترین پارە کرد بۆ شەقام و ڕێگاوبان، ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەو زۆرترین خەرجیە، جادە و ڕێگاوبانی سنوری سلێمانی نەگرتووەتەوە، کەواتە ئەم کابینەیە زۆرترین خەرجی لەو بوارەدا بە نایەکسانی دابەشکردووە بە جۆرێک کە جادەکانی هەولێر و سلێمانی نێوانیان ئەرز و ئاسمانە، لە ڕێگاکانی سەر بە سنوری پاریزگای سلێمانی بە تایبەت ڕێگای هەڵەبجە و دەربەندیخان و گەرمیان ڕۆژانە کارەسات ڕوودەدەن و لایەنی پەیوەندیداریش لە خەمی چاککردنیدا نییە، لە کاتێکدا شەقامەکانی سنوری پارێزگای هەولێر و دهۆک وەک شووشە چاککراون.

 

لە هەولێر شەقامی ١٢٠ مەتری و ١٥٠ مەتری و چەندین تونێل دروستکراون، بەڵام لە سلێمانی پڕۆژەی شەقامی ١٠٠ مەتری کە لە ساڵی ٢٠١٣ەوە دیزاینی بۆ کراوە، تا ئێستاش لە قۆناغێ یەکەمدایە و جار بە جار بەهۆی نەبوونی بودجە کارەکان تێیدا ڕادەگیرێت.

 

ئەوەی لایەنی پەیوەندیدار و حکومەت دەربارەی پڕۆژەکان دەیخەنەڕوو زۆرینەی تەنها قسەی سەر زمانە و بۆ گەورەکردنی کابینەی نۆی حکومەتی هەریمی کوردستانە، ڕۆژ بە ڕۆژ باج و سەرانە لەسەر خەڵک زیاد دەکرێت و لە بەرامبەریشدا خزمەتگوزاریەکان کەم دەکرێنەوە، مووچە کە سەرەتاییترین مافی مووچە خۆرانە وەک خێر و سەدەقە و بە میزاج دابەش دەکرێت، بەمەش هەرێمێکی شکشتخواردوو خراوەتە بەردەم هاوڵاتیان کە پەشیمانن لەوەی لە ڕابردوودا و لەکاتی هەڵبژاردنەکان دەنگیان بەم پارتانە داوە.