بەرخۆدانی ژنانی ئێران لە مێژووەوە تا ئەمڕۆ...١٤

سەرەڕای زوڵمی ڕژێمی ئێران و دادگاییکردن و ڕێگرتن لە نمایشەکانیان، ژنان لە بواری هونەریدا ڕۆڵیان گێڕا و دەستکەوتنی گرنگیان لە بوارەکەدا بەدەستهێنا.

مالڤا محەمەد

 

ناوەندی هەواڵ- ژنانی ئێران لە بواری سینەما، شانۆ و میوزیکدا پێگەیەکی تایبەتیان هەیە. هەرچەندە هەوڵدرا دەموچاویان داپۆشن دەنگیان کەم بکەنەوە؛ بەڵام ژنانی هونەرمەندی ئێرانی بوونە چاو و گوێی گەلەکەیان، سەرەڕای هەموو گرتن و ئەشکەنجەی ڕژێم، هەرگیز وازیان لە هونەرەکەیان نەهێنا و بوونە هونەرمەندی نمونەیی لە جیهاندا، جگە لەوەش هەم لەبەردەم کامێرا و هەم لە پشت کامێرا پێگەی خۆیان نیشاندا، لە سینەماوە تا شانۆ، میوزیکی نەتەوەیی تا میوزیکی جیهانی و سەما لە ناو وڵات و جیهانیشدا کاریگەرییان هەبوو.

 

لە وڵاتێکدا کە وێنەی ژنان تەنانەت لەسەر پەرتوکی قوتابخانە سەرەتاییەکاندا بڵاونەکراوەتەوە، ئەو ژنانە بخەنە بەرچاوتان کە خاوەنی هونەری تایبەت بە خۆیانن و دەیانەوێت لەسەر تەختی شانۆ بن، لە وڵاتێکدا کە میوزیک و شانۆ و سینەما سانسۆر دەکرێت، هەراسانکردن و ئازاردان و دەستدرێژی سێکسی بەرامبەر بە ژنان لەگەڵ دروستبوونی ڕژێمدا ڕوو لە زیادبوون بوو، ژنە هونەرمەندەکان سەرەڕای ئەوەی کە بە چەندین هێرش دەورەدراون، وازیان لە هونەرەکەیان نەهێناوە و بەردەوامن.

 

گۆڕانکاری لە نووسەرانەوە دەستیپێکرد

لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمەوە، ژنە نووسەرە ئێرانییەکان هەوڵیانداوە ڕێبازی نێرسالارانە لە وڵاتەکانیان بۆ ناو ئەدەبیات بگوازنەوە، ئەم کاریگەرییەی نووسەرانی ژنیش لە دیمەنەکانی ئێراندا خۆی نواندووە، هاوکات کاریگەری ژنانی نووسەر و شانۆکاران بە دیدی ژنانەوە، هەروەها ڕێبازی ئازادانەی ژنان لە سینەمادا بە توندی لەگەڵیاندا سەریهەڵدا.

 

هاتنی کامێرا و سینەما

دەکرێت بوترێت سەرەتای سینەما لە ئێران دوای ئەوەی موزەفەرەدین شا ئەو کامێرایەی کە لە گەشتەکەی بۆ وڵاتانی ئەوروپایی پێی ئاشنابوو هێنایە وڵاتەکەی، دەستیپێکرد، لەم پڕۆسەیەدا کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٨٧١-١٩١٥ ناوی میرزا ئیبراهیم هان ئاکاباشی دێت کە سەردانەکەی شا-یان تۆمار کرد و پاشان لە تاران وێنەگرتنی بۆ کرا، سینەما و فۆتۆگرافی کە یەکەم جار چوونە ناو کۆشکەکەوە، بە وتەی شێخ فەزڵوڵا نوری کە دەڵێت ئەمە کوفرە بێگومان ڕێگری لەگەشەکردنی دەکرێت، بەڵام مەهدی ڕووسی و ئەردەشیرخان و میرزا قەفقاسی و عەلی وەکیلی یەکەم هۆڵی سینەمایی دەکەنەوە، لەم سینەمایانەدا ئەو بابەتانەی کە پەیوەندیان بە کۆمەڵگەوە نییە و پەیوەست نین بە کۆمەڵگەی ئێرانەوە لە دەرەوە هێنران و پێشکەشکران.

 

یەکەم فیلم و یەکەم سانسۆڕ

تاقیگەی فیلمی پرۆفیشناڵ لە ئێران لە ساڵی ١٩٣٠ لەلایەن ئەبی ڕەبیعەوە دامەزراوە، کە یەکەم فیلمی درێژ لە ئێران دروستدەکات و مێژووی ئێران تۆمار دەکات، یەکەمین فیلمی سینەمایی ئێرانی " تۆڵەی برا" لە ساڵی ١٩٣٠، دەستبەجێ دوای ئەوە ئیبراهیم مورادی فیلمی "چاوبرسی" لە ساڵی ١٩٣٣ بەرهەمهێنا و لەگەڵ لێکۆڵینەوەی جۆراوجۆر لەسەر مێژوو و ئەدەبی ئێران، یەکەم فیلمی دەنگبێژی ئێران بە ناوی "کچی لوڕ" لە ساڵی ١٩٣٣ جیاوازی هەیە کە یەکەم فیلمی سانسۆرکراوی ئێرانە ناوی عەبدولحوسێن سەپەنتا کە فیلمی "فیردەوسی" ١٩٣٤، دواتر، "فەرهاد و شیرین" ١٩٣٥ "چاو ڕەشەکان/فەتحا لاهۆر"،"لەیلا و مەجنون" ١٩٣٧ بڵاوکرانەوە.

 

ناوەندی فیلمسازان یەکێتی سۆڤیەتە

لە دوای ساڵانی ١٩٠٠ەوە ڕووبەڕووی دیمەنێک دەبینەوە لە سینەمای ئێران، دواتر ڕووبەڕووی چەند نموونەیەک دەبینەوە و دەبینین کاریگەری ئەو فیلمانەی لەدەرەوە هێنراون لە سینەمادا زاڵە کە لە وڵاتدا دەستیپێکردووە، چونکە کاراکتەری سیاسی سەردەمی دوو جەمسەری بوو، کاریگەری سینەما جۆراوجۆرەکانی وەک ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەت ئینکاری لێناکریت، هەرچۆنێک بێت سەرنجی فیلمسازانی ئێرانیی یەکێتی سۆڤیە بووە، دوای ئەوەی لەساڵی ١٩٣٩ هونەرمەندان لە خوێندنی سینەما لە ڕوسیای سۆڤیەت گەڕانەوە زێدی خۆیان و دوای دامەزراندنی "بەڕێوەبەرایەتی هونەرە جوانەکان/ئای هۆنەرها-یی زیبا" لە ساڵی ١٩٣٩ بە ڕوونی باسی کاریگەری سۆڤیەت کرا.

 

یەکێکی تر لەو بابەتانەی کاریگەری لەسەر کەرتی سینەمایی ئەو وڵاتە هەبوو، گرێبەستی ئێران و ئەمریکایە بە ڕێککەوتننامەیەک کە لە ساڵی ١٩٥٠ لە نێوان ئێران و ئەمریکادا واژۆ کراوە، تیمێکی ئەمریکی لە ١٢٠ فیلم دروستکەر پێکدێت، بە سەرپەرشتی ئاژانسی زانیاری ئەمەریکا (زانکۆی سیراکوس) بە کەرەستەی تەکنیکی بۆ فیلمی دیکۆمێنتی و پەروەردەیی گەیەندراونەتە ئێران، تا ساڵی ١٩٥٩، ٤٠٣ فیلمی هەواڵ ٢٢ دیکۆمێنتی فیلم گیراوە.

 

خشتەی نموونەیی بۆ جیهان

کاریگەری ژنان لە سینەمای ئێران لە نواندنەوە تا دەرهێنانی وێنەیەکی نموونەیی بۆ جیهان نیشاندەدات، کاتێک سەیری ئامادەبوونی ژنان دەکەین لە سینەماکانی ئێران یەکەم کەس لە بوارەکەدا، ئەکتەر و دەرهێنەری ئێرانی شەهلا ڕیاحی کە لە ساڵی ١٩٢٧-٢٠١٩ لە تاران ژیاوە لە ساڵی ١٩٤٤ دەستی بە نواندن کردووە و بۆ یەکەم جار لەڕێگەی "خەونە زێڕینەکان" چووە ناو سینەماوە، ساڵی ١٩٥٦ بوو بە یەکەم ژنی ئێرانی کە فیلمی "مەرجانی"ی دەرهێنا، شەهلا ڕیاحی هەروەها لە زیاتر ٧٢ فیلمدا بەشداری کردووە.

 

هۆڵی سینەماکان داخران

لە ماوەی ئەو ڕووداوە کۆمەڵایەتییانەی لە ئێران لە ناوەڕاستی ساڵانی حەفتاکانەوە دەستیپێکرد و ڕاپەڕینەکان دژ بە ڕژێمی شا، لە سینەماکانی ئێران دواکەوتنی جدی ڕوویدا، لەساڵی ١٩٧٨دا تەنیا لە تاران ١٠٨ هۆڵی سینەما داخراون، لە هۆڵی سینەما کە لەکاتی نمایشکردنی فیلمی "غەزالان" سوتێنرا٣٧٠ کەس گیانیان لەدەستداو لە هەمان ساڵدا ٢٥ هۆڵی سینەما بەهەمان شێوە سوتێنران، لەو وڵاتەدا لە کۆی ٥٢٤ هۆڵی سینەما ٣١٣یان داخران، دوای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی فیلمە ئەمریکییەکان لەم وڵاتەدا قەدەغە کران، دەوڵەت بە فەرمی دەستی بەسەر سینەمادا گرت و چەندین کەس کە لە سینەماکەدا بەشدار بوون دادگایی کران.

 

بیرەوەرییەکان تێکشکێنران

دوای گۆڕانی ڕژێم، تۆماری سینەما لەو وڵاتەدا سووتاو و سانسۆڕ و پەستان زیادیکرد لەکاتی تێپەڕبوونی ڕژێمی شا بۆ ڕژێمی مەلا، سەرەڕای ئەو هەموو زوڵم و ستەمە هێشتا بەرهەمهێنانی فیلمسازانی ئێرانی نەوەستاوە، هەزار و ٣٠٠ فیلم فیلم بەرهەمهێنرا و دوای ساڵی ١٩٧٩ دۆخێکی دیکە بەسەر سینەمادا هات.

 

ئەو فیلمانەی لە دەرهێنانی ژنانن

شەهلا ڕیاحی یەکەم هەنگاوی ژنان بوو لە سینەماکانی ئێران و دوای ئەویش سەدان ژن لەگەڵ زۆرترین ژمارەی فیلمسازانی ژن لەناو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی جیهان دەستیانپێکرد، وەک فروغ فروغزاد و پوران درەخشندە و ڕاهشان بەنی ئیعتیماد و شازادە میلانی و نیکی کەریمی و سەمیرا و حەنا مەخمەلباف، کە لە ڕیزی یەکەمدان، سینەماکانی ئێران شایەتی ئەوە دەدەن کە ژنان لەسەر کورسی دەرهێنەرن و تیشکدەخەنە سەر کێشەکانی ژنان لە کۆمەڵگەدا.

 

هۆنەر و دەرهێنەر، فروغ فروغزاد کە چەندین خەڵاتی بۆ فیلمی "ماڵی ڕەش" بەدەستهێناوە، بە کورتەفیلمی ٢٢ خولەک ئەمڕۆ هێشتا ناو و دەنگی هەیە، فیلمەکە لە ساڵی ١٩٦٢ کۆتایی هات و بە "شیعری" ناودەبرێت و تیشک دەخاتە سەر ناوچەیەکی شاری تەبرێز کە نەخۆشانی "کوزام" تێیدا دەژین.

 

پوران درەخشندە

پوران درەخشندە لە کرماشان لە ساڵی ١٩٥١ لەدایکبووە، لە ساڵی ١٩٧٥ لە تەلەفزیۆن و سینەما لە زانکۆی تاران خوێندنی تەواو کردووە و دوای ماوەیەک لە تەلەفزیۆن کاری دەستپێکرد و بەڵگەنامەی بۆ کەناڵەکان دروستدەکرد، پوران درەخشندە لە ساڵی ١٩٨٦دا بە فیلمی "ڕاباتە" یەکەمین فیلمی سینەمایی خۆی ساز کرد. دوایین فیلمی "ششش کچان هاوار ناکەن"، لە چەندین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیدا بەشداریان کرد، خەڵاتەکانی باشترین بینەر و فیلم لە فیستیڤاڵی فیلمی فەجر و باشترین ئەکتەر و باشترین خەڵاتی فیلم لە فێستیڤاڵی سەربەخۆی فیلمی ژنان و هەروەها چەندین خەڵاتی دیکەی بەدەستهێناوە.

 

ڕاهشان بەنی ئیعتیماد

ڕاهشان بەنی ئیعتیماد لە ١٩٥٤ لە تاران لەدایکبووە، وەک دەرهێنەر و سیناریۆنووس کاریکردووە و ئەکتەریش بووە، ڕاهشان بەنی ئیتیماد دوای دەرچوونی لە بەشی شانۆ دەستی بە کارەکەی کرد بە دەرهێنەر لە کاری دیکۆمێنتاری لە (ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی کۆماری ئیسلامی)، دۆکیومێنتارییەکی لەسەر کێشە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی ئێران دروستکرد، بەڵام بەهۆی فشاری درێژخایەنی ڕژێمەوە تەلەفیزیۆنەکەی بەجێهێشت و ڕووی کردە سینەما و چەندین فیلمی کۆمەڵایەتی بەرهەمهێناوە، لەوانە، دەرەوەی خۆگەیاندن-١٩٨٧، دۆڤیز-١٩٨٩، نێرگز-١٩٩١، چارشێوی شین-١٩٩٤، خاتوو ئۆردیبەهەشتی-١٩٩٧، لە ژێر پێستی شارەکەدا-٢٠٠٠، گیلانی- ٢٠٠٤ و چیرۆک- ٢٠١٤، لە ساڵی ١٩٩٢ خەڵاتی کریستاڵ سیمۆرگ بۆ فیلمی "نێرگز"ی لە فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی فەجر بردەوە.

 

فەریال بەهزاد

فەریاڵ بەهزاد لە ساڵی ١٩٥٥ لە دایک بووە و لە زانکۆی بۆستن خوێندوویەتی لەساڵی ١٩٩٠ بە فیلمی کاکۆلی ناوبانگی دەرکرد، لە ساڵی ١٩٩١ لە فیلمی "دەرێ شاپاراخا"، لە ساڵی ١٩٩٦ "ڕۆزی کێ خەستەگار ئامەد" و " لە ساڵی ٢٠٠١ فیلمی دەلقورتی ئەڤینداری دەرهێنا.

 

تەهمینە میلانی

لە ڕاستیدا هەڵەیە بۆ تەهمینە میلانی تەنیا بڵێین فیلمسازە چونکە چالاکوان و تەلارساز و ئەکتەر و بەرهەمهێنەری فێمینیستە، تەهمینە میلانی کە لە ساڵی ١٩٦٠ لە شاری تەبرێز لەدایکبووە، هەوڵیدا گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ژنان لە کۆمەڵگەی ئێران بخاتە سەر شاشە گەورەکان، جگە لە فیلمەکانی ساڵی ١٩٩٩ "دوو ژن" و "نیوە نهێنییەکە"، "باخچەی تالاغ -١٩٨٩ – ٢٠٠١، "دیگه چی خەبار" ١٩٩٢، "کاکدو"، "نیمەی پەنهان" ٢٠٠١، "ڤاکۆنیش پەنجۆم" ٢٠٠٣، زانە زیادی، ٢٠٠٥ ئاتاش باس٢٠٠٦، "تاسڤیە حەساب"، ٢٠٠٧، "سوپەرستار" ٢٠٠٨، "یەکی ئاز ما دو نەفەر" ٢٠١١، "مالی ڤا ڕاه هەیەو نەڕەفتی ئاش"، تەهمینە میلانی بەردەوام دەبێت لەکارەکانیدا سەرەڕای ئەو فشارەی لە سینەماکانیدا لە وڵاتەکەیدا دەیبینێت و کێشەکانی ژنانی ئێرانی بە پەیامێکی کۆمەڵایەتیەوە دەگەیەنێتە شاشەی گەورە، هەروەها کارەکانیشی چەندین خەڵاتی نەتەوەیی و نێودەوڵەتیان پێبەخشراوە.

 

نیکی کەریمی

لەساڵی ١٩٧١ لەتاران لەدایکبووە و لەساڵی ١٩٩٠ بە فیلمی "وەسوەسە" ناوبانگی دەرکرد و تێیدا ڕۆڵی بینی و لە سینەمای ئێران جێگەی گرتووە، تا ئێستا لە زیاتر لە ٥٠ فیلمدا بەشداری کردووە، لە ساڵی ٢٠٠٥دا بە فیلمی "شەوێک" لەسەر کورسی دەرهێنەر دانیشت پاشان وەک دەرهێنەرێک بەردەوام بوو لە بەرهەمهێنان، لە ساڵی ٢٠١١ فیلمی "فیکەی کۆتایی" و لە ساڵی ٢٠١٥ فیلمی " شەفتی شەو"ی بڵاوکردەوە، ئەو فیلمسازەی کە ژنان دەخاتە ناوەڕاستی کارەکانییەوە زۆرجار کاراکتەری ژنی بەهێز پیشان دەدات کە لەسەر پێی خۆیان وەستاون، نیکی کەریمی یەکێک لە دەرهێنەرە بەناوبانگەکانی ژنی ئێرانە، جگە لە ئەکتەری و دەرهێنەری، مامۆستای سینەمایەو خوێندکاران پەروەردە دەکات.

 

ئایدا پەناهەنده

ئایدا پەناهەندە لە دایکبووی ساڵی ١٩٧٩یەو لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە بە دروستکردنی چەندین کورتە فیلم و دیکۆمێنتاری پەرەی بە کارەکانی داوە و لە ساڵی ٢٠١٥دا لە یەکەم بەرهەمی چیرۆکی خۆی بە ناوی ناهید بڵاوکردەوە، دەرهێنەری لەفیستیڤاڵی فیلمی کان بەشداری لەبەشی پاسەوانی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد و خەڵاتی ئاڤیێنری بردەوە، لەفیلمی "ناهید"دا کێشەکانی ژنانی جیابووەوەو ئاستەنگە یاساییەکانی دەوڵەت بۆ سەر ژنان و تێکۆشانیان بۆ ئەوەی منداڵەکانیان بەخێوبکەن، خستە بەرچاو.

 

مەرزیە و سەمیرە و حەنا مەخمەلباف

مەرزیە مەشکینی مەخمەلباف لەسینەمادا لەماڵی فیلمی مەخمەلباف دەرکەوت لە ساڵی ٢٠٠٠ دەستی کرد بە دەرهێنانی لە فیلمی "ئەو ڕۆژەی کە دەبم بە ژن"، دەرهێنەری سەرنجی ڕاکێشایە سەر ئەزموونی ژنانی تەمەن و تەمەنە جیاوازەکان لە ئێران فیلمەکە ژنانی چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵایەتی پیشان دەدات و لایەنی ژیانی ژنان لە ئێران نیشان دەدات، مەرزیە مەشکینی نەک تەنیا لە ئێران بەڵکو لە ئەفغانستانیش فیلمی دروست کردووە، فیلمی "سەگە بچووکەکان" ٢٠٠٤ نموونەی ئەمەیە.

 

سەمیرە مەخمەلباف کە لە هەمان خێزانە لە تەمەنی ٨ ساڵیدا بەشداری لە فیلمەکانی دەرهێنانی خێزانەکەی بووە ئەو یەکەم فیلمی خۆی لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا بە فیلمی "سێو" بەرهەمهێنا، دەرهێنەرەکە کە بە یەکەم فیلم بەشداری لەفیستیڤاڵی کان کرد بوو بە گەنجترین دەرهێنەر لە کان و فیلمەکەی لە ٣٠ وڵات دەرکەوت، لە ساڵی ١٩٩٩ دووەمین فیلمی بە ناوی "بۆردی ڕەش" بەرهەمهێناو خەڵاتی تایبەتی دەستەی سوێندخۆرانی لە فیستیڤاڵی فیلمی کان بردەوە. ئەو سێیەمین فیلمی خۆی بە ناوی ئەسپ دو لانگ لەگەڵ باوکی لە ئەفغانستان بەرهەمهێنا، فیلمەکە یەکێک بوو لە یەکەمین فیلمە خەیاڵییەکان کە لە ئەفغانستانی دوای تاڵیباندا بەرهەمهێنرابوو، بۆ دووەمین جار لەفیستیڤاڵی فیلمی کان خەڵاتی تایبەتی دەستەی سوێندخۆرانی بەدەستهێنا فیلمەکە دەربارەی گەنجێکە کە منداڵێکی بێ قاچی لەسەر پشتی هەلگرتووە.

 

حەنا مەخمەلباف لە ساڵی ١٩٨٨ لە خانەوادەی سینەماکارێک هاتووەتە ژیانەوە، منداڵی خۆی لە دیمەنەکانی سینەمادا بەسەربرد لە ماڵی فیلمی مەخمەلباف کاری سینەمایی خوێندووە ئەو لە زۆربەی فیلمەکانی سەمیرەی خوشکە گەورەکەی یارمەتی داوە، یەکەم فیلمی "شەرم"ە کە لە ساڵی ٢٠٠٧ لە ئەفغانستان فیلم گیراوە فیلمی "رۆژە سەوزەکان" کە باس لە ڕووداوەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی ٢٠٠٩ی ئێران دەکات بە چاوی ژنان و گەنجان لەو وڵاتەدا دەگێڕیتەوە، لە وڵاتدا قەدەغەکراو خێزانەکە دەبوایە دوای ئەم پرۆسەیە ئێران بەجێ بهێڵن.

 

ژنان سەرەڕای فشارەکان بەردەوامن لە بەرهەمهێنان

لە ئێران پاش ساڵی ١٩٧٩ ڕژێمی مەلا هونەری سینەما و شانۆ بە تایبەتی بۆ ژنان بە نائەخلاقی دەبینێت و هەمیشە هەوڵی داوە ژنان دوور بخاتەوە، ئاستەنگەکانی بەدەستهێنانی مۆڵەت بۆ ژنان بۆ ئەوەی فیلم بەرهەمنەهێنن و قەدەغەکردنی ئەو فیلمانەی کە ژنان تێیدا بەشدارن ڕەنگە دیارترین و ئاشکراترین کۆت و بەند بن، کەچەندین دیمەنی فیلمی سۆسیالیستی دەرهێنەرانی ژن بۆ هەژمارکردن لەفیلمەکان بڕاون، لە لایەکی دیکەوە سینەماکارانی ئێران بەردەوامن لە بەرهەمهێنان و گەیاندنی کێشە کۆمەڵایەتیەکان، پەرەسەندنە سیاسییەکان لە وڵاتەکانیان، کێشەی ژنان، کاریگەری جەنگ لەسەر شاشە گەورەکان، بەرهەمهێنان و گەیاندنی کێشەی ڕێکخراوەیی لە سینەمادا بەردەوامە.