نامۆبوونی هەستی نەتەوایەتی لای تاکی کورد

هەر جێگەیەک تاکەکانی هەستی نەتەوایەتی لە ترۆپکی دڵیاندا بێت ئەوا دەبێتە جوانترین نیشتیمانی سەر زەوی، بەڵام کاتێک هۆکارەکان هەستی نەتەوایەتی لاواز دەکەن ئەوا دەبێتە نیشتیمانی دوژمنان.

لاڤە کوردە

 

ناوەندی هەواڵ - هەستی نەتەوەیی یەکێکە لە بنەماکانی هەر میللەتێک، گەر بیەوێت لەسەر پێی خۆی بوەستێت و ڕووبەڕووی ئاستەنگەکان ببێتەوە، بە تایبەت لای گەنجەکان، دەتوانین بڵێین کە ئینتیمای نەتەوەیی، هەستی تاکە بەرامبەر دەوروبەری، واتە هەر مرۆڤێک بە شوێنێکەوە پەیوەستە، بە جۆرێک کە دەبێتە بەشێک لەو شوێنە، هەر ئەو جێگەیەشە کە دەربڕ و نیشاندەری ئەو مرۆڤەیە، لە بەرامبەریشدا، کات چەندێتی و چۆنێتی پەیوەستبوونی ئەو بەو شوێنەوە دیاری دەکات، ئەو شوێنەش نیشتیمانە و ئینتیمای نیشتیمانی لای ئەو تاکە دەخوڵقێت.

 

مرۆڤ به‌ خۆڕسكی جۆرێك له‌ ئینتیمای هه‌یه‌ بۆ خێزان‌ و ئه‌و ڕووبه‌ره‌ جوگرافیه‌ى كه‌ تێیدا له‌ دایك بووه ‌‌و منداڵی تێدا به‌سه‌ربردووه‌، به‌ڵام ئه‌م جۆره‌ ئینتیمایه‌ بابه‌تێكی سروشتی كاڵه ‌و له‌ چوارچێوه‌ی غه‌ریزه‌دا ده‌مێنێته‌وه‌ و په‌یوه‌ندی نییه‌ به‌ئاستی هۆشیاریه‌وه ‌‌و به‌ زاره‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی پێی ده‌وترێت ئینتیمای كاڵ یان سروشتی، كه‌ ده‌شێ زینده‌وه‌رانی تریش هه‌مان جۆره‌ ئینتیمایان هه‌بێت، به‌ڵام ئینتیما به‌ چه‌مكی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌رهه‌می هۆشیاری‌، هزر، تێڕامان، هه‌ڵوێست‌ و جیهانبینییه‌، ئینتیما بنه‌مایه‌كه‌ بۆ دیاریكردنی هه‌ڵوێستی تاكه‌كه‌س ‌و ڕۆڵی دیاریش ده‌بینێ له‌ به‌رجه‌سته‌كردنی ڕه‌فتار و كرده‌وه ‌و جوڵه‌ى تاكه‌كاندا.

 

ئینتیمای نیشتمانی زیاتر دوای دەرکەوتن و دروستبوونی چەمکی نەتەوە بە واتا سەردەمییەکەی هاتە کایەوە و لە فەرهەنگی سیاسیی نەتەوەکاندا ڕەگی داکوتا، لە ئێستایشدا وەکوو چەمکێکی جیهانی تەماشای دەکرێت، ڕۆژانە دووبارە دەبێتەوە بەتایبەتی لەنێو نەتەوە ڕۆژهەڵاتییەکاندا، لەگەڵ ئەوەی کە ئینتیمای نیشتمانی، بۆماوەیییە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا بەدەستهاتووە، چونکە شان بە شانی شوێن و کات، چەندین فاکتەری تر کاریگەرییان لەسەر بەهێزی، یان لاوازبوونی هەیە. چەندێتی و چۆنیەتی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بە هاونیشتمانییان بە شێوەیەکی باش لەلایەن دامودەزگا فه‌رمی و نافەرمییەکانی وەک خێزان و قوتابخانە و دەزگا خزمەتگوزارییەکان لە گشت سێکتەرەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا، هەموو ئەمانە ڕۆڵی کارا لە بە‌هێزکردنی ئەو ئینتیما و خۆشەویستییەی خاک و نەتەوەدا دەگێڕن، چونکە هەستکردن بە ئاسوودەیی و خۆشگوزەرانی، وا لە تاکەکانی کۆمەڵگە دەکات کار بۆ مانەوەی ئەم بارودۆخە بکەن، لەبەر ئەوەی دواجار خۆیان سوودمەندن لێی.

 

هەستی نەتەوایەتی لای کورد

کورد وەکو نەتەوە لەمێژە پێکەوە لەسەر خاکێک، بەزمانێکی هاوبەشی کوردی لەگەڵ مێژوویەکی هاوبەش و بەسروشت و فۆلکلۆرێکی میللی هاوبەش و کۆمەڵێک بەهای کۆمەڵایەتی و پێکهاتەیەکی هاوبەشی هزری و سایکۆلۆجی پێکەوە دەژین و پێکەوە وەکو نەتەوە، بەخوێن و دەمار و نەژاد بەستراونەتەوە و لەخۆشی و ناخۆشیەکاندا، لەجەنگ و ئاشتیدا، هاوبەش بوون، ئەوە بەرلەوەی هەستی نەتەوەیی بە واتا و فەلسەفە هاوچەرخەکەی سەرهەڵبدات و گەشەبکات، بەو شێوەیە نەتەوەی کورد لەگەڵ گزنگی خۆری بەرەبەيانی مێژوودا، لە پارێزگاری لە زمان و خوێن و نەتەوە و کولتوور و دابونەریتی کوردانەی خۆی کردووە و زۆرێک لە کیانەکانی خۆی لەسەر بنەمای نەتەوایەتی دامەزراندووە و کورد بەوپەڕی بوێری و دلێرییەوە بەرامبەر داگیرکاران بەرگری کردووە و لە چیاکان خۆی قایم کردووە و شەڕی دوژمنی کردووە.

 

هەرسێ نەتەوەی خاوەن دەوڵەتی وەک (فارس و عەرەب و تورک)، دژایەتی نەتەوەی کوردیان کردووە و هەمیشە ویستویانە ئەو هەستە لای تاکی کورد بسڕنەوە کاریگەری خراپ و نەرێنیان هەبووە، لە دوو ڕێگەوە ویستویانە، هەستی نەتەوایەتی کورد، خامۆش بکەن و کوردبوونی کورد بە واتا ڕاستەقینەکەی لەناوبەرن، یەکەم لە ڕێگەی ترس و تیرۆر و تۆقاندن و دووەم لە ڕێگەی پیاوە ئایینیەکان و ئەو دوژمنانەی چەندە ئایینیان بۆ خزمەتی نەتەوەیی خۆیان و لەپێناو بڵاوکردنەوە و زاڵکردنی کولتوور و زمان و دابونەریتی خۆیان بەکارهێنا، کوردیش هێندە بۆ دژایەتی خۆی، زمان و کولتوور و هەموو شتێکی خۆی پێ وێران کرد.

 

نامۆ بوونی هەستی نەتەوایەتی لە باشووری کوردستان

کوردەکان هەمیشە ڕووبەڕووی هەر هێرشێک بوونەتەوە کە لەسەر نەتەوەکەیان و سڕینەوەی هەستی نەتەوایەتییان هەبووە بەڵام کاتێک باس لە هەستی نەتەوایەتی گەلی کورد لە باشووری کوردستان دەکەین لە ئێستادا، ڕەنگە ڕەشبین بین، چونکە چەندین هۆکار هەیە کە وایکردووە نەوەکان لەم سەردەمەدا هەستی نەتەوایەتیان لا کاڵ بێتەوە، هۆکاری سەرەکی حزبە سیاسیەکانە کە بەرژەوەندی تەسکی حزبایەتیان گەیشتووەتە ئاستێک ئەو هەستە لای تاک بە تاکی کورد بەتایبەت نەوەی ئێستا بەرەو لاواز بوون ببەن لە بیرەوەریاندا بیسڕنەوە، چونکە زۆر لە حزبەکان لە جێی ئەوەی نەوەی سەردەم بە هەست و خۆشەویستی کوردستان گۆش بکەن بە کارە قیزەون و خۆفرۆشتنیان بە داگیرکەرانی کوردستان وادەکەن ئەوەی هەشیانە و دڵسۆزی و هەستی نەتەوەی و نیشتیمانیان بسڕنەوە.

 

چڕبوونی هێرشەکانی داگیرکەر لە لایەک و لاوازبوونی هەڵوێستی دەسەڵاتداران و بەرپرسانی باشوری کوردستان لە لایەکیترەوە پێمان دەڵێت هەستی نەتەوایەتی کاڵ بووەتەوە و ئەم نەمانی هەستی نەتەوایەتییە شۆڕ بووەتەوە بۆ ناو خەڵکی بشووری کوردستانیش، ڕۆژانە هێرش هەیە و تەنها ژمارەیەکی کەم هەڵوێستیان لە بەرامبەر ئەو داگیرکارییانە هەیە، هەربۆیە هەردوو دەوڵەتی ئێران و تورک ئەم هەلەیان قۆستووەتەوە و دەستدرێژی زیاتر دەکەن.

 

کۆچ بۆ دەرەوەی وڵات هەستی نەتەوایەتی لەلای تاکی کورد لەناوبرد

لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا کوردەکان بۆ خۆپاراستن بەرەو دەرەوەی وڵات بۆ وڵاتانی ئەوروپا کۆچیان دەکرد، ئێستا ئەو دیمەنانە دووبارە دەبنەوە، بەڵام ئەمجارە خەڵک لەتاو دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان و سیاسییەکان لە وڵات هەڵدێن، نەوەی ئێستا لە جێی ئەوەی نیشتمانەکەیان خۆشبوێت، دێن ڕێگای هات و نەهات دەگرنەبەر و نیشتمان جێدەهێڵن، ئەمەی ڕوودەدات مەترسیدارە و داهاتووی کوردستان بەرەو هەڵدێر دەبات.

 

هەروەک چۆن تاکەکانی کۆمەڵگە بۆ بەردەوامی ژیانیان پێویستییان بە کۆمەڵبوون و دواتر کۆمەڵگە هەیە، بە هەمان شێوەش کۆمەڵگە پێویستی بە تاکەکانی هەیە، هەربۆیە لە ڕێگەی دامودەزگا فەرمی و نافەرمییەکانییەوە خزمەتگوزارییە جۆراوجۆرەکانیان لە گشت کەرتە سەرەکییەکان دەکەن، لە بەرامبەریشدا کۆمەڵێک ئەرک و ڕۆڵ دەخاتە ئەستۆیان. جا کاتێک ئەندامان هەست دەکەن لە بەرامبەر ئەو ئەرکانەی ئەنجامی دەدەن، ئەو مافانەیش لە قاڵبی خزمەتگوزاریدا وەردەگرن کە دواجار خۆشگوزەرانییان بۆ دەستەبەر دەکات، بەدڵنیایییەوە خۆشەویستی و ئینتیمایان بۆ کۆمەڵگە و نەتەوەکەیان بەهێز دەبێت، بەپێچەوانەشەوە، ناکرێت چاوەڕوانی بەردەوامی و مانەوەی ئەو هەستە بکرێت لایان.

 

لەو کاتانەی کە ئەوان بەردەوام لە گێژاوی کارەسات و قه‌یرانەکاندا بن، بەردەوام پشکیان نەبێت لەو خزمەتگوزارییانەی کە چاوەڕێی دەکەن، لەم بارودۆخەدا ئەوانیش نیشتمان و نەتەوەکەیان بێئومێد دەکەن لەو هەستە بۆ ماوەییەی کە پێی دەوترێت ئینتیمای نیشتمانی، بە کاڵبوونەوەی ئەم هەستەش نەتەوە و کۆمەڵگە، زیانی گەورەیان بەر دەکەوێت.

 

بۆ ئەوەی ئینتیمای نیشتمانی هەمیشە زیندوو و چالاك بێت، پێویست ناكات دەسەڵات و سیاسییەكان خۆیان سەرقاڵی ئەوە بكەن، خەڵک چۆن عاشقی نیشتمان و نەتەوە و جوگرافیاكەی بن، بەڵكو ئیشی دەوڵەت دۆزینەوەی میكانیزمی دروست و بنچینەییە بۆ ئەوەی هەستی نیشتمانی گەشە بكات، دەسەڵات دەبێت کارکەر و خزمەتکەر بێت بۆ ئەوەی تاک لە نیشتیمانەکەیدا بژی، نەک پەیوەست بکرێن بە وڵاتانی جیاواز لە نەتەوەی خۆیان.