گوندەکانی بادینان لە ژێردەستی بەعسەوە بۆ ژێردەستی تورک

ناوچەی بادینان بۆ ڕژێمی بەعس کۆتا شوێن بوو کە ئەنفالی لەسەر ئەنجامدا، بەڵام بۆ دەوڵەتی تورک خاڵی دەستپێکی داگیرکارییە بۆ سەر باشوری کوردستان، ئەو ئەنفالەی ڕژێمی بەعس دەستیپێکرد، دەوڵەتی تورکیاش درێژەی پێدەدات.

لاڤە کوردە

 

ناوەندی هەواڵ- ئەنفال کە ترۆپکی دڕندەیی بەعس بوو، پڕۆژەیەک نەبوو بۆ کۆتاییهێنان بە شۆڕش، بەڵکوو لە بنەڕەتدا پڕۆژەیەک بوو بۆ سڕینەوەی کورد لەسەر نەخشەی بوون و بەرەنگاری و مانەوە، واتە ئەنفال بۆ قڕکردنی کورد و وێرانکردنی کوردستان بوو، کە بەعس بە بەرنامەیەکی پێشوەختە و پلان بۆ داڕێژراو کاری لەسەر کردبوو، لەو شاڵاوی کۆمەڵکوژییەی نەتەوەی کورددا کە بە ٨ قۆناغ بوو، قۆناغی ‌هەشتەم لەسەر ناوچەی بادینان بوو، وێڕای هێرشی سەربازیی پاڵپشت بە هێزی ئاسمانی و تۆپخانە و تانک، هاوکات چەکی کیمیایی لە دژی هاوڵاتیان بەکارهێنرا و لەو شاڵاوەدا جگە لە کوردی موسڵمان و ئێزدی، خەڵکێکی زۆری مەسیحیی دەڤەرەکە ئەنفال کران و مزگەوت و کڵیسا و پەرستگای ئێزدییەکان، کە سەدان ساڵ بوو دیواریان بەیەکەوە بوو، خاپوور کران.

 

شاڵاوی ئەنفال گوندەکانی چیای گارەی بە درێژایی "٣٠کم" گرتەوە، کە نزیکەی، پەنجا گوند دەبوو، لە لای باکوور گوندەکانی "دهۆکی، باوەڕکا کەڤڕی، مێزێ، سپیندار…و هتد"،  لە سەر چیای گارەش گوندەکانی "گارەگۆ، زێوەشکان، زارکێ، سارتکێ و…هتد"، لە لای باشوور "سوارێ، ئاڤۆک و چەند گوندێکی تر" .

 

چیای گارە لە ڕابردوو ئێستاشدا هەمیشە شوێنی مەبەست بووە بۆ داگیرکەرانی کوردستان، دەبینین لە ساڵی ١٩٨٨ ڕژێمی بەعس بە سەرکردایەتی سەدام حوسێن پەلاماری ناوچەکەی دا، لەو ساڵەوەی تا ئێستا هێرشەکان بۆ سەری بەردەوامە بەلام لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە، کە بەهۆی هێرشەکانی ئەو دەولەتە داگیرکەرەوە سەدان گوندی چیای گارە زیانیان بەرکەوتووەو زۆرینەی گوندنشێنانیش زێدی خۆیان چۆڵ کردووە.

 

داگیرکەران پەنا بۆ چەکی کیمیایی دەبەن

لە بەرەبەیانی ٢٥ی ئابی ١٩٨٨ فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی بەعس کیمیابارانی گوندەکانی "برجینی ناحیەی زاوێتە و ئەوبەری زێی خابوور و هێسی و خەرابیا و یەکمالەی بەرواری ژێری" کرد، دوای دەیان ساڵ پەنا بردن بۆ چەکی کیمیایی لە لایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە بەردەوامیی هەیە، دەوڵەتی تورک لە هێرشە سەربازییەکانیدا بۆ ناوچەکانی زاپ، ئاڤاشین و مەتینا چەکی کیمیایی بەڕادەیەکی زۆر دژ بە هاوڵاتی کوردو کوردستان بەکاردەهێنێت، تەنها لەماوەی شەش مانگی ساڵی ٢٠٢١دا  ٣٢٣ جار چەکی کیمیایی بەکارهێناوە.

 

هێرشە زەمینییەکانیش بەردەوامن

لە ٢٨ی ئابی ١٩٨٨ هێرشی زەمینی بۆ سەر گوندەکانی بادینان لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە دەستیپێکرد، لە ئەنجامدا دەیان هەزار لە دانیشتوانی ناوچەکە ئاوارەی دوو وڵاتی داگیرکەری تورکیا و ئێران بوون و ژمارەیەکیش دەسگیرکران، لە ئێوارەی ٢٩ی ئاب بە هەزاران کەسی ناوچەکانی زێبار و بەری گارە  لەهەموو لایەکەوە گەمارۆ دران، خەڵکە گیراوەکە گواسترانەوە بۆ دوو مەڵبەندی کۆ کردنەوە، بەشێکیان کە گەنجەکان بوون، لە قەڵای نزارێکی دهۆک کۆکرانەوە، کە وەک تۆبزاوەی کەرکووک وابوو، ژن و منداڵەکانیش بۆ بەندیخانەی سەلامیەی موسڵ گواسترانەوە.

لە ئێستاشدا تورکیا بەدەر لە هێرشە ئاسمانییەکان هێرشی زەمینی بۆ سەر هەمان ئەو ناوچانە دەکات و بنکەی سەربازی خۆی دامەزراندووەو هەرکات بیەوێت بێ پرس و بێ ترس هێرش دەکات و سەربازەکانی وەک وڵاتی خۆیان لە باشوری کوردستان نیشتەجێن.

 

هەرچەندە دەوترێت کە بادینان ئازادکراوە کە لە لە ١٤ی ئاداری ١٩٩١ لەدەستی ڕژێمی بەعس ئازادکرا، بەڵام لەدەستی داگیرکەرێک سەندرایەوەو ڕادەستی داگیرکەرێکی دیکە کرا، چونکە لە ساڵی ١٩٩٢وەوە بنکەی سەربازی تورک لەناو خاکی باشور هەیە.

 

سوپای تورکیا یەکەمین جار لە ساڵی ١٩٨٣ دەستی بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەناو خاکی باشوری کوردستان کرد کە ناوی "ئۆپەراسیۆنی چاودێری گەرم" بوو، ئۆپەراسیۆنی دووەم لەساڵی ١٩٨٤، ئۆپەراسیۆنی سێیەم لەساڵی ١٩٨٦، ئۆپەراسیۆنی چوارەم لەساڵی ١٩٨٧، ئۆپەراسیۆنی پێنجەم لەساڵی ١٩٩٢، ئۆپەڕاسیۆنی شەشەم لەساڵی ١٩٩٥، ئۆپەڕاسیۆنی حەوتەم لەسالی ١٩٩٧ و ئۆپەڕاسیۆنی هەشتەم و نۆیەمیش لە ساڵی ٢٠٠٧ و ٢٠٠٨ ، لە دوای ئەوەشەوە دەیان ئۆپەراسیۆنی دیکەی کردووە کە دیارترینیان لە ساڵەکانی "٢٠١١، ٢٠١٥، ٢٠١٨، ٢٠١٩، ٢٠٢٠، ٢٠٢١" بووەو ، ئەمساڵیش کە ٢٠٢٢ە ئۆپەراسیۆنەکانی دەوڵەتی تورک بەردەوامی هەیە.

 

لە ساڵی ١٩٩٢وەوە تورکیا لەناو خاکی باشوری کوردستان ستراتیژی خۆی گۆڕی و دەستی بە دروستکردنی بنکەی سەربازی و هەواڵگری کرد لە گوندەکانی زاخۆ بوو، لە ساڵی ١٩٩٧ بڕیارگەیەکی گەورەی سەربازی لەو هێلەدا دامەزرا کە تانک و تۆپ و هەموو کەرەستە سەربازییەکانی شەڕێ تێدابوو، هەروەها ژمارەیەکی زۆر سەرباز لە ناوچەکانی باتیفا، کانیماسی، بامەڕنێ و شیلادزێ جێگیرکران، لەو کاتەوە تا ئێستا تورکیا زیاتر لە ٣٠ بنکەی سەربازی بە قوڵایی ٤٠ کم لەناو خاکی باشوری کوردستان هەیە کە ناوچەی بادینانی گرتووەتەوە.

 

بارەگاو بنکە سەربازییەکانی دەوڵەتی تورک لە "کانی ماسی، بامەڕنی، باتیفا، زاخۆ، ئامێدی، مەتینا، هەفتانین"ەو بەدەر لەوەش دەزگای سیخوڕیی لەناو شارۆچکەی زاخۆ و پارێزگای دهۆک هەیە.  

 

گوندەکانی بادینان لە ڕابردووەوە تا ئێستا لە چۆڵکردندان

سەرجەمی گوندە وێرانکراوەکانی شاڵاوی ئەنفال کە لایەن ڕژێمی بەعسەوە کرا، نزیکەی "٤٥٠" گوند بوو، ئێستاش بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکەوە بۆ سەر ئەو گوندانە دانیشتوانەکەی لە دڵەڕاوکێ و ترسدان، ژمارەیەکی زۆریشیان شەهید بوون و برینداربوون هەربۆیە گوندنشینەکان ناچاربوون شوێنی خۆیان بەجێبهێڵن و گەندەکانیان چۆڵ بکەن.   

 

نزیکەی ٥٠٠ گوندی بادینان لە باشوری کوردستان چۆڵکراون کە بەشێکی وێران بوون، لەوانەش

زیاتر لە ٥٠ گوندی زاخۆ لە لایەن هاوڵاتیانەوە چۆڵکران و بوونەتە ناوچەی سەربازیی، لە شارەدێی دەرکار ١٤ گوند و ناوچە چۆڵکران، لە باتیفا زیاتر لە ٤٠ گوند و ناوچە چۆڵکران.

 

ئەوەی بە دەستکەوت دانرا لە ئازادکردنی گوندەکانی بادینان، تەنها گۆڕینی ناوی دەوڵەتی داگیرکەربوو لە "ڕژێمی بەعس"ەوە بۆ "دەوڵەتی تورک"، هەردوو دەوڵەت ئامانجیان سڕینەوەی گەلی کوردەو بەعس بە ئەنفال کۆتایی بە داگیرکارییەکەی هێنا، بەڵام دەوڵەتی تورک درێژەی بە ئەنفال داوەو هێرشی جیاواز بۆ سەر خاک و نەتەوەی کورد تاقی دەکاتەوە.