مردنی ژینا بەرهەمی چەندین جیاوازی و نایەکسانی ناو کۆمەڵگە بوو

ژن بوون، کورد بوون، لە کەمینەیەکی ئایینیدا بوون و دۆخی چینایەتی، هەموو ئەمانە لە بوونی ژینادا کۆکرابوونەوە، مردنی ژینا بەرهەمی چەندین جیاوازی و نایەکسانی بوو لە کۆمەڵگەدا.

شادی ئەحمەدیان

 

ورمێ - ئەمڕۆ پرسی شوناس و گۆڕانکارییەکانی لەبەر باسدایە، یەکێک لە هۆکارە هەرە گرنگەکانی ئەم دیاردەیە، گۆڕانی شوناسە کۆمەڵایەتی- ئینسانییەکانە لە جیهانی مۆدێرن، بۆیە زۆرێک لە بیرمەندان فاکتەرە کۆمەڵایەتییەکان بە کاریگەرتر دەزانن وەک لە فاکتەرە تاکەکەسییەکان و دەروونناسیەکان، گۆڕانی شوناسی مرۆڤ گرنگی پێدەدرێت و جەختی لەسەر دەکرێتەوە، بەو پێیەی ناسنامەی کۆمەڵایەتی دەتوانرێت وەک پێناسەی خود هەژمار بکرێت، ئەم پێناسەیە بەرهەمی ژیانی کۆمەڵایەتییە لەلایەک و فاکتەری کاریگەرە لەلای مرۆڤەکان، لە لایەکی ترەوە ژیانی کۆمەڵایەتی و شوناسی ڕەگەزی بە ناسنامەی کۆمەڵایەتی دەزانن، پابەندبوون بە چەشنە ڕەگەزییە کۆنەپەرستانەکان یان بەرەنگاربوونەوەیان دەتوانێت کاریگەری ئەو شوناسە کۆمەڵایەتییە بێت کە مرۆڤ بۆ خۆی پێناسەی کردووە.

 

کۆمەڵگە ڕێگری لە هەبوونی کار و سەربەخۆیی کەسی و ماددی، بەشداریی سیاسی و هتد دەگرێت، ئەم جیاوازییانە دەبێتە هۆی تێکچوون و ناکۆکی لە نێوان شوناسی نەریتی و مۆدێرن لەناو مرۆڤدا.

 

ئەو ناڕەزایەتیانەی کە دوای مردنی ژینا ئەمینی لە ئێران دەستیپێکرد، بەڵگەی ئەو گرژییانەن. ئەو ناڕەزایەتیانەی کە چەندین تایبەتمەندی جیاوازیان هەیە بە بەراورد لەگەڵ ڕووداوە هاوشێوەکانی ساڵانی ڕابردوو، یەکێک لە گرنگترین شتەکان ئەوەیە کە ژنان هاتوونەتە پێشەوە بۆ ئەوەی مافەکانیان بچەسپێنن، لە جۆری ناڕەزایەتییەکانەوە تا شێوازی بەردەوامی و مامەڵەکردن لەگەڵیدا، هەر لە هاوەڵیەتی ژن و پیاوەوە تا تەشەنەکردنی لە شارە بچووکەکان و کۆمەڵگە نەریتییەکان، مرۆڤ دەتوانێت جیاوازیی ئەم ناڕەزایەتیانە و ڕابردوو ببینێت، لە کۆمەڵگەیەکدا کە چەندین کێشەی ئابوری گەلی گرتووەتەوە.

 

دروشمی ژن، ژیان، ئازادی

جگە لە ژنێک لە کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاردا کەس نەیدەتوانی بەم شێوەیە پریشکی گۆڕانکاری هەڵبگیرسێنێت. ژن بوون، کورد بوون، ناسەنتەری بوون، لە کەمینەیەکی ئایینیدا بوون و بێبەشبوون لە پێداویستی کۆمەڵگەیی، هەموو ئەمانە لە بوونی ژینادا کۆکرابوونەوە، مردنی ژینا بەرهەمی چەندین جیاوازی و نایەکسانی بوو لە کۆمەڵگەدا.

 

دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" توانای ڕەنگدانەوەی خواستی گروپە بێبەش و چەوساوە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگەی ئێمەی هەیە، ناوەندگەرایی ژن دەرئەنجامی ئەو وتەیەیە کە دەڵێت:  ئازادی کۆمەڵگەیەک بەبێ ئازادی ژن نایەتە بوون، پەیوەندی نێوان ژن و ژیان حاشا هەڵنەگرە، کاتێک بیرمان دێتەوە کە دوو لەسەر سێی کارەکانی جیهان لەلایەن ژنانەوە ئەنجام دەدرێت و لە کۆتاییدا خواست لەسەر ژیان بە هەموو ڕەهەندە کولتووری و کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسییەکانییەوە لە دڵی ئەم دروشمەدایە.

 

ئاندرێ لیۆ دەڵێت: شکستی دیموکراسی تا ئێستا بەهۆی گرنگی نەدان بە مافەکانی ژنان بووە، لەمەوە داوای مافی ژنان بە بوونیان لەسەر شەقامەکان دوو ناڕەزایەتییە لە یەک فۆرمدا، ئەو شەقامەی کە هەمیشە لێی قەدەغەیە ئێستا بووەتە سەکۆیەک بۆ هاوارکردن بۆ مافەکانیان، ناڕەزایەتی، دروشم، پەیوەندی، و دروشمی ژن سەنتەری وەک ژن، ژیان، ئازادی، نیشانەی سەرهەڵدانی هۆشیاری ژنان و بەئاگابوونەوەن بۆ بەرەنگاری هەموو ئەو شتانەی کە بوونی ژن دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

 

ئەگەر ڕۆژێک خەڵک داوای ژیان بکەن، ئەوا هیچ بژاردەیەکی تر نامێنێت جگە لە وەڵامدانەوە، لەم ناڕەزایەتیانەدا کە ناڕەزایەتی دەربڕین بە ئازارێکی هاوبەشی نەتەوەیی و ڕەگەزی و مەزهەبی و خواستێکی هاوئاهەنگ لە ژێر ئاڵای ناسنامەی ژندایە، وا دیارە چووبێتە قۆناغی شۆڕشەوە.

 

ژن و یەکسانی

یەکسانی جێندەری بەو مانایەیە کە ژنان و پیاوان هەمان دەرفەت و ماف و ئەرکیان هەبێت، یەکسانی بنەمای هەموو داواکارییەکانی ژنانە لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەدا، گەیشتن بە یەکسانی کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی و یاسایی، واتە داننان بەو دۆخە نالەبارەی کە ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیانیاندا بەدەستیەوە دەناڵێنن.

 

ژن و توندوتیژی

توندوتیژی چەندین شێوەی هەیە، هەردوو توندوتیژی سێکسی و توندوتیژی خێزانی لە توێژینەوەکاندا ئامارێکی بەرزیان هەیە و ژمارەیەکی زۆر لە ژنان لەژێر هەڕەشە یان ئەزموونی توندوتیژیدا دەژین.

 

بەشێکی زۆری ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەریان دەکرێت، لە ژینگەی ماڵ و خێزاندا ڕوودەدات، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئەوە پیاوانن کە توندوتیژی ئەنجام دەدەن. ژنان زیاتر لە پیاوان دەستدرێژی سێکسی دەکرێنە سەر. ساڵانە چەند ژنێک لەلایەن ئەو پیاوانەوە دەکوژرێن کە پەیوەندییان لەگەڵدا هەیە، وە لەوەش گرنگتر ژنان لە هەموو قۆناغە تاوانکارییەکاندا دەبنە قوربانییەکە.

 

ژن و سیاسەت

ژنان بە شێوەیەکی نەریتی لە بەشداریکردن و بڕیاردان لە ژیانی سیاسی و مەدەنی و کۆمەڵایەتیدا دوور خراونەتەوە، دیموکراسی بریتییە لە یەکسانکردنی گۆڕەپانی کاری سیاسی نێوان ژنان و پیاوان بە داننان بە مافی ژنان بۆ بەشداریکردنی یەکسان لە هەموو چالاکییە سیاسییەکان.

 

ژن و ئابووری

ڕێژەی بەشداری ئابووری ژنانی ئێران زۆر کەمترە لە تێکڕای جیهانی، بەڵام ئەوەی لە هیچ ئامارێکدا نەهاتووە، دامەزراندنی ناتەواو و بێکاری شاراوەی ژنانە. واتە ئەو کارانەی کە لەدەرەوەی چوارچێوە و پێوەرەکانی یاسای کارن و لە بنەڕەتدا نافەرمین، سەرەڕای بانگەشەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی، ژنانی ئێران کەشێکی گونجاوی کارکردن و دامەزراندنیان نییە، به پێی ئەو لێکۆڵینەوانەی ئەنجامدراون، نەبوونی چاودێریی پێویست، نەبوونی بەڕێوەبەری کارامه، بارودۆخی ناخۆشی ئابووری خێزان، هەڵاواردنی جێندەری و سنووردارکردنی هەڵبژاردنی کار، هۆکاری سەرەکی ناتەواوی دامەزراندنی ژنان لە ئێران.

 

پرسی ژنان لەم ناڕەزایەتیانەدا دیاردەیەکی گشتگیرە

هەر هەنگاوێک کە ژنان بە ئاراستەی ئازادیدا دەیگرنەبەر، سوودی بۆ هەموو بزووتنەوەکانی دژ بە نایەکسانی دەبێت. وەک چۆن دروشمی ژن، ژیان، ئازادی هاتە ناو زمانە جیاوازەکانەوە و لە کوردستانەوە تا تاران و ئەستەنبوڵ و پاشان لە کیشوەرەکانی تریش بیسترا.

 

زۆرێک لەو مافانەی ژنان کە ساڵانێکی زۆرە لە ئێران پێشێل دەکرێن، مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤن، بەدیهێنانیان بە مەرجی ئامادەیی فەرهەنگی و ئایینی کۆمەڵگە بە نموونەیەکی ڕوونی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ دادەنرێت. بەتایبەتی لەبری دواخستنی گۆڕینی یاساکان، هەردوو کردارەکە بەیەکەوە ئەنجامبدرێت و بەم شێوەیەش جگە لە زامنی یاسایی مافەکانی ژنان، دەتوانرێت ئەو پەروەردەیەی کە کۆمەڵگە پێویستی پێیەتی بۆ باشتر پابەندبوون بە یاسا نوێیەکان دابین بکرێت .

 

بەڵام پێکدادانی سەخت، لەوانەش لەسێدارەدان و بەکارهێنانی چەکی قورس و هتد، هەواڵی ئامادەنەبوونی حکومەتە بۆ یاوەریکردنی خەڵک.