فکری ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجەلان ژنان بەرەو ژیانێکی ئازاد دەبات

نەجیبە عومەر، ئەندامی ئەنجومەنی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، دووپاتی دەکاتەوە، ژنانی جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست لە ڕێی فکری ڕێبەری گەلی کورد عەبدولا ئۆجەلان ئاشنای بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانیان دەبن. شنیار بایز

نەجیبە عومەر، ئەندامی ئەنجومەنی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، دووپاتی دەکاتەوە، ژنانی جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕێی فکری ڕێبەری گەلی کورد عەبدولا ئۆجەلان ئاشنای بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانیان دەبن.

شنیار بایز

 

سلێمانی- ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان، لە سەردەمێکدا کە ستەم، کۆیلایەتی و کەمکردنەوەی بەهاکانی مرۆڤاییەتی لەوپەڕی باڵادەستیدا دایە، بە داهێنانی چەندین تیۆر و ئایدۆلۆژیای نوێ تێکۆشان بۆ ئازادی کۆمەڵگا  و ژن دەکات، ئێستاش بە ملیۆنان ژن ڕێبازەکەی بە ڕێبازی ئازادیخوازیی بۆ ژن دەزانن.

ژنان ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان بە ڕێبەری خۆیان دەزانن، بەردەوام لەسەر ڕێباز و فیکری ئەو تێدەکۆشن، پێیان وایە کە بەهۆی تیۆر و بیرکردنەوەکانی ئەوەوە ئێستا ژنانی کورد بوونەتە پێشەنگی ژنانی جیهان و کار لەسەر ڕۆشنبیرکردنی فیکری خۆیان و چەسپاندنی یەکسانی دەکەن، لەدایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان بە سەرەتایی ژیانەوە بۆ ئازادی ژن دادەنێن.

 

لەدایک بوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان گرنگی تایبەتی بۆ ژنان هەیە

نەجیبە عومەر، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک، دەربارەی لەدایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان و یادکردنەوەی ئەم ڕۆژە بۆ ئاژانسی ژنها دەڵێت: "مانگی نیسان کە دەکاتە مانگی نەورۆز لە ساڵی کوریدا، وەکو یەکەمین مانگی کوردییە لە هەمان کاتدا ڕۆژی لەدایک بوونی سروشت و ژیانەوەی گەردوونە، لەدایک بوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان وەکو ڕۆژێکی ئاسایی نییە بەڵکو لەگەڵ لەدایکبونیدا لەدایک بوونی فکر و فەلسەفەیە".

ئاماژە بەوە دەکات ڕێبەری گەلی کورد لەدایک بوونی خۆی کردووە بە سێ قۆناغ، قۆناغی یەکەم لەدایکبوونێکی ئاساییە لە٤ نیسانی ساڵی ١٩٤٩ بوو، قۆناغی دووەم بەرپاکردنی شۆڕشێکی گەورە و بوونیادنانی پارتی کرێکارانی کوردستانە کە بووەتە گەورەترین شۆڕش لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کە لە ناویدا گەورەترین شۆرشی ژنانی تێدایە، سێیەمین لەدایک بوونی پێشخستنی پارادایمی نوێیە لە زینداندا کە ئەمەش بۆ خۆی شۆڕشێکی فکریە.

نەجیبە عومەر باس لەوە دەکات، هەموو هەنگاوەکانی پێشکەوتنی ژن بە دەستپێشخەری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان پێشکەوتووە لە درێژەی قسەکانیشیدا دەڵێت "تا ئێستا هیچ یەکێک لە سەرۆکە کوردەکان نەیان توانیووە بە کردار پێشەنگایەتی ژن لەناو شۆڕشدا نیشانبدەن و ژن بکەن بە پێشەنگ، بەڵام ڕێبەر ئاپۆ توانی پێناسەیەکی ڕاستەقینەی مرۆڤایەتی بۆ ژنی کورد لە هەموو جیهان نیشان بدات و گۆڕانی ڕاستەقینە لە ئازادی ژناندا بکات".

ئەو ئەندامەی ڕژاک ئەوەش دەخاتەڕوو، عەبدوڵا ئۆجەلان چەندان ڕێکخستنی تایبەت بە ژنان کردووە هەروەک بونیاتنانی ڕێکخستنی ژنانی سەربەخۆ کە تەواو ئیرادەی سەربەخۆیی ژنانی تێدایە، لە هەمان کاتدا بونیاتنانی پارتی تایبەت بە ژنان وەک هێزی پاراستن، ڕاگەیاندن و ئازادی ژنان لە ڕێکخستنی بواری سیاسی، ڕۆشنبیری و ئابووری لەسەر بنەمای فکری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان بووە جگە لەمانە ژنۆلۆژی پێشخستووە کە زانستی ژنە وەک دایکی هەموو زانستەکان ناسراوە تا کۆمەڵگە دیموکراتیزە ببێت.

                                         

بۆ ئازادی ژن لابردنی سێبەری پیاوسالاری پێویستە

ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان جگە لە و هەوڵانەی بۆ ئازادی ژن بەرپای کردووە، پڕۆژەی گۆڕینی پیاوی پێشخستووە، کە چۆن پیاو دەبێت بە ئاڕاستەیەکی دیموکراتی پێش بکەوێت و دەست لە ئەقلیەتی پیاوسالاری بەربدات هەروەها تیۆری دابڕانی ئەقڵی پێش خستووە، دابڕان لە هەموو ئەو ئەقڵیەتە کۆنەپارێزییەی کە سیستەم باڵی بەسەردا کێشاوە، نەجیبە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە پێویستە، لە دایکبوونی عەبدوڵا ئۆجەلان  وەک لەدایکبوونێکی فەلسەفی و مێژووی و فکر لێی بڕوانین و وەک کەسێکی ئاسایی یاخود سەرکردەیەکی ئاسای تەماشای نەکەین.

نەجیبە عومەر، دەربارەی فکری رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان دەڵێت "ڕێبەر ئاپۆ هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدا بووە ژن چۆن لە کۆیلایەتی ئازاد ببێت و کێشەکەی وەک کێشەیەکی فکری گرتوەتە دەست، وەک لە وتەیەکییدا دا ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت لەگەڵ چەوساندنەوەی ژندا هەموو بوونەوەرەکانی دیکەی ئەم گەردوونە ڕووبەرووی چەوساندن بونەتەوە هەر بۆیە تەواوی کۆیلایەتییەکان دەبەستێتەوە بە کۆیلایەتی ژنەوە".

نەجیبە لە درێژەی قسەکانیدا باس لەوە دەکات، دەبێت ئیرادەی ژن ئیرادەیەکی ئازاد بێت، ژن پێویستە تێکۆشەر بێت لە بەرامبەر ئەقڵیەتی کۆنەپەرست، داگیرکاری، زوڵم و ستەم هەروەها پێویستە یەکگرتوو بن تا ئازادی بەدەست بهێنێت.

 

"ژنی کورد بە پلەی یەکەم کاریگەر بووە بە فکری ڕێبەر ئاپۆ"

نەجیبە عومەر دەربارەی کاریگەر بوونی ژنان بۆ فکری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان دەڵێت "ژنان لە جیهاندا و بەتایبەت ژنانی کورد کاریگەر بوون بە فکری سەرۆک ئاپۆ، ئەو هەموو بەرخۆدانەی لە باکوری کوردستان لە گۆڕەپانی سیاسی، مەدەنی و بونیادنانی سیستمی هاوسەرۆکایەتی و بەرخۆدان بۆ گۆڕانکاری کۆمەڵگە لە ئاستی شۆڕشی کۆمەڵایەتی بە فکری ڕێبەر ئاپۆ بەرپا بوو، لە ڕۆژئاوای کوردستان، نەک تەنها بۆ گەلی کورد بگرە بۆ عەرەب و تورک و نەتەوەکانی دیکە شۆڕشی ژن گەیشتووەتە ئاستێکی بەرز هەروەها لە وڵاتانی دەرەوە ڕێکخستنی ژنان لەسەر ئەو فکرەی ڕێبەر ئاپۆ لە ئاستێکی بەرزدایە، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشدا کاریگەری زۆری لەسەر فکری ژنان هەبووە، لە باشوریشدا ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژنانی باشوری کوردستان کردووە سەرەڕای بوونی هەموو ئاستەنگ و ڕێگرییەکان.

 

نەجیبە پێی وایە ئازادی ژنان و پێشکەوتنیان لەناو سیستم و داموودەزگا حکومییەکاندا لە باشوری کوردستان، پەیوەندی بە ئاشنابوونی فکری ئازادیخواز ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلانەوە هەیە، هەروەها لە وڵاتانی ئەوروپاشدا بەشداری کردنی ژنانی نێودەوڵەتی بۆ شەنگال و ڕۆژئاوا پێشکەوتن و گۆڕانێکی گەورەیە بۆ ئازادی ژنان.