"خەڵکی کامپی مەخموور بەرەنگاری هەموو هێرشەکان دەبنەوە"
خەڵکی کامپی مەخموور تووشی هەموو جۆرە هێرش و گەمارۆ و سیاسەتی شەڕی تایبەتی دەوڵەتی تورک بە هاوکاری پارتی دیموکراتی کوردستان-پەدەکە و حکومەتی عێراق دەبنەوە و سەرەڕای هەموو هێرشەکان، بەردەوامن لە شەڕ و بەرخۆدان.
نوپەلدا دەنیز
مەخموور- خەڵکی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی – مەخموور کە لە ساڵانی نەوەدەکاندا زوڵم و ستەم و سەپاندنی پاسەوانی دەوڵەتی تورکیان قبوڵ نەکرد و داوای بوون و ناسنامە و ئازادی خۆیان دەکرد لە بەرامبەر ئەو چەوساندنەوانەدا، بوونە ئامانجی دەوڵەتی تورک، خەڵکی کامپی مەخموور لە ئەنجامی دڕندەیی و ستەمکاریی دەوڵەتی تورک ناچار بوون ببنە پەنابەر و گەشتێکی دوورودرێژی پەنابەرییان بۆ عێراق دەستپێکرد، لەم پەنابەرییەکەدا گەلی مەخموور بەهۆی پەدەکەوە ڕووبەڕووی هەموو جۆرە هێرشێکی دەوڵەتی تورک بوونەوە و دوای گۆڕینی حەوت ناوچە، لە کامپی پەنابەرانی مەخموور نیشتەجێ بوون و بە خۆڕاگری و خەباتی خۆیان ژیانێکیان بنیادنا.
ئەو خەڵکەی لە ساڵی ١٩٩٨ەوە لە کامپی مەخموور خەباتیان بۆ گیانی خۆیان کردووە، هەرچەندە بەهۆی زوڵم و چەوسانەوە لەسەر خاکی خۆیان ئاوارە بوون، ئەمجارەیان لە ئەنجامی هاوکاریی پەدەکە و حکومەتی عێراق و دەوڵەتی تورکیا ڕووبەڕووی هەموو جۆرەکانی هێرش دەبنەوە، ئامانج لە هێرشەکان تێکدانی یەکڕیزی و ڕۆح و ئیرادە و ڕێکخستنی خەڵکی مەخموورە کە بە بیرۆکە و فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دامەزرا.
"ئاستەنگییەکانی پەدەکە و دەوڵەتی تورکیا"
لە ساڵی ٢٠١٧ەوە دەوڵەتی تورک لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە دانیشتوانی کامپەکە دەکاتە ئامانج، دەوڵەتی تورک لە ساڵی ٢٠١٩ بە هاوکاری لەگەڵ پەدەکە بە هۆکاری جۆراوجۆر سنووردارکردنی بەسەر خەڵکی کامپکەدا سەپاند، لە ئەنجامی ئەم بەربەست و ڕێگرییانە، دانیشتوانی کامپی مەخموور ڕووبەڕووی ئاستەنگی و گرفت دەبنەوە و خەڵکێکی زۆر بێکار بوون، هەروەها شەش کۆرپە گیانیان لەدەستدا.
دەوڵەتی تورکیا بە هاوکاری لەگەڵ پەدەکە لە ماوەی ٥ ساڵدا ١٤ جار بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەک بۆردوومانی کامپی مەخمووری کردووە، لەو هێرشانەدا زۆر کەس بریندار بوون و گیانیان لەدەستدا، جگە لەوەش لەئەنجامی ئەو هێرشانەدا زیانی ماددی زۆر بەرکەوتووە و کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی دەروونی منداڵان و ژنان و خەڵکی کامپەکە هەیە.
ئاماری هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر کامپەکە و ئەنجامەکانی بەم شێوەیەیە:
ڕۆژی ١٨ی تەمووزی ٢٠١٩ فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا بۆردوومانی ئەو کامپەیان کرد، لەئەنجامی بۆردوومانەکەدا ٢ دانیشتووی کامپەکە برینداربوون.
ڕۆژی ١٥ی نیسانی ٢٠٢٠ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی چەکداری دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا، سیها (SÎHA) کامپی مەخمووریان بۆردوومان کرد، لەم هێرشەدا ٣ ژنی گەنج شەهید بوون.
ڕۆژی ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیا بە توندی بۆردوومانی دەوروبەری کامپی مەخموور و شاخی قەرەچۆخ و ناوچەی مشتەنوریان کرد، هیچ زیانێکی گیانی نەبوو.
ڕۆژی ٥ی ئایاری ٢٠٢١ دەوڵەتی تورک بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر کامپی مەخموور.
ڕۆژی ٣ی ئەیلولی ٢٠٢١، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا، ناوەندی شاری مەخمووری بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردوومان کرد، لە ئەنجامدا دایکێک و منداڵێک بریندار بوون، زیانی ماددی بە خانووەکانی دەوروبەریدا گەیشت.
٢ ئەندامی هێزەکانی پاراستنی جەوهەری گیانیان لەدەستدا
ڕۆژی ١ی شوباتی ٢٠٢٢ فڕۆکە جەنگییەکان بۆردوومانی کامپی مەخمووریان کرد، لە ئەنجامدا ٢ ئەندامی هێزەکانی پاراستنی جەوهەری گیانیان لەدەستدا.
ڕۆژی ٢١ی ئایاری ٢٠٢٢ ئۆتۆمبیلێک لە سەنتەری کامپی مەخموور لەلایەن فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی چەکدار بۆردوومانکرا، هاوڵاتییەک بە ناوی حاجی میرزا عەلی لە بۆردوومانەکەدا گیانی لەدەستدا.
ڕۆژی ٥ی تەمموزی ٢٠٢٢ لە لایەن فڕۆکەیەکی فڕۆکەوان و چەکداری دەوڵەتی تورکیا هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر ماڵێک لە کامپی مەخموور ئەنجامدرا، لە ئەنجامدا کەسێک بریندار بوو، هەندێک کەسیش کاریگەر بوون.
ڕۆژی ٢٩ی ئابی ٢٠٢٢ فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی چەکداری دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا ماڵێکی لە کامپی مەخموور بۆردوومان کرد، لە ئەنجامدا هاوڵاتییەک بە ناوی ئەبوزێت عەبدوڵا دێرهینی باوکی ٦ منداڵ گیانی لەدەستدا.
هەوڵی عێراق بۆ گەمارۆدانی کامپی مەخموور
لە ٢٧ی کانونی یەکەمی ٢٠٢١، عێراقییەکان لە پڕ لە بەرەبەیانی زووەوە دەیانویست بچنە ناو کامپی مەخموور و دەیانویست تەواوی کامپەکە تەلبەند بکەن و گەمارۆی بدەن، بهڵام خەڵکی مەخموور بەرامبەر ئەم بەرخۆدانی گەوره یان نیشان دا و ڕێگەیان نەدا داواکەی عێراق جێبەجێ ببێت.
ڕۆژی ٢٠ی ئایاری ٢٠٢٣، جارێکی دیکە سەرلەبەیانی، هێزە عێراقییەکان هەوڵیاندا بە زرێپۆش و پۆلیس و هێزی تایبەت و ئۆتۆمبێلیی زرێپۆش بچنە ناو کامپەکەوە و کانی و سیاج و تاوەریان لە دەوروبەری کامپەکەدا هەڵبکەنن، بەڵام خەڵکی مەخموور بۆ ماوەی ١٦ ڕۆژ شەو و ڕۆژ بەرەنگاری بوون و لە ئەنجامی ١٦ ڕۆژ بەرخۆدان ئامانجی حکومەتی عێراقیان تێکشکاند.
لە ماوەی هەفتەیەکدا دوو جار مەخموور بۆردوومان کرا
لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان و چەکداری دەوڵەتی داگیرکەری تورک مزگەوتێکی لە کامپی مەخموور بۆردوومان کرد، لە ئەنجامی هێرشەکەدا ژنێک و دوو منداڵ بریندار بوون، زیانێکی زۆر بە ماڵەکانی دەوروبەری مزگەوتەکە کەوت.
ڕۆژی ١٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان و چەکداری دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا ماڵێکی لە بەشی مەخموور بۆردوومان کرد و لە ئەنجامدا ژنێک بریندار بوو، هەروەها دەرگا و پەنجەرەی خانووەکانی دەوروبەریش شکێندرا.
ڕۆژی ١٧ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣، لە گوندی کانی کەندی سەر بە قەزای کۆیە، ئۆتۆمبێلی خێزانێکی خەڵکی کامپی مەخموور لەلایەن فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان و چەکداری دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆردوومانکرا، لەئەنجامی ئەو هێرشە دڕندانەدا گەنجێک بەناوی دلۆڤان ئیشلەک ژیانی لەدەستدا، هەروەها ٣ ژنیش برینداربوون.
دەوڵەتی تورکیا جارێکی تر لە ماوەی هەفتەیەکدا دوو جار هێرشی کرد
ڕۆژی ١٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٤ فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان و چەکداری دەوڵەتی تورکیا ماڵێکی سەر بە ڕێکخراوی دایکانی ئاشتی لە کامپی مەخمووریان بۆردوومان کرد، لە ئەنجامی ئەو هێرشە دڕندانەیەدا، ٣ ژن بە ناوەکانی گوڵێ ئۆزەک، ئەدیبە پاکسۆی و عەزیمە کابول بریندار بوون، هەروەها بەهۆی دەنگی بوردوومانەکە زۆر منداڵ کاریگەر بوون و دەرگا و پەنجەرەی زۆرێک لە ماڵەکان شکاون.
لەم دواییانەدا، لە ١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٤، فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان و چەکداری دەوڵەتی تورک، باخچەیەکی سەر بە بنەماڵەیەکی مەخمووریان بۆردوومان کرد، هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، بەڵام هەر جارێک هێرشێک ڕووبدات، خەڵکێکی زۆر بەتایبەتی منداڵان کاریگەری ئەو دەنگە دەنگەیان لەسەرە.