قەندیل لانکەی بەرخۆدانە و نەورۆز ژیانەوەی گەلێکە
وەرزی بەهار دەبێتە دەستپێک بۆ ئازادی نەتەوەی کورد لە دژی زوڵم و ستەم، نهورۆزیش هەنگاوی ڕاوەدونانی دوژمنانە، گەلی کورد هیوای بە داهاتوو گەشتر دەبێت و هەموو ساڵێک نەورۆز دەکاتە هۆکاری دووبارە سەرهەڵدانەوەی.
نیهایەت ئەحمەد
ناوەندی هەواڵ- نەورۆز یادێکی مێژووی و نەتەوەیی گەلی کوردە و سیمبولی تێکۆشانە، تێکۆشان و خەباتی کاوەی ئاسنگەر بەرامبەر بە زوڵم و ستەمی زوحاکێک کە گەلی چەوساندووەتەوە و پیرۆزکردنی ئەم یادە، ڕەمزێکە بۆ خەباتکاران و تێکۆشەران بەرامبەر بە زوحاکەکانی ئێستا، وەک هەموو دەوڵەتە زلهێزەکان و تورکیای فاشیست و ئەردۆغان بەتایبەت کە دژی کوردن. بۆیە کورد دەبێت هەموو ساڵێک نەورۆز وەک بۆنەیەکی نەتەوەیی سەیر بکات و ساڵانەش دیاریکردنی ئەو شوێنانەی ئاگری نەورۆزی تیادا دەکرێتەوە، واتا و هێزی خۆی هەبووە.
نەورۆز دەستپێکی ساڵی نوێیە و هاتنی وەرزی بەهار و ژیانەوەیە، لە دەسپێکی ئەم وەرزە نوێیەدا هەم ساڵ نوێ دەبێتەوە هەم شاخ و داخەکانی کوردستان سروشت و سیمایەکی جوان بە خۆیان دەبەخشن، دارستانەکانی کوردستان جوانترین بەرگی نوێی ساڵ و سروشت لە بەر دەکەن، ئەو وریا بوونەوە و سەرلەنوێ ژیانەوەیەی سروشت، پەلکێشی ناو ڕۆحی فیداکاری و سەرهەڵدانی گەل بووە.
ئەم وەرزە بۆ گەلی کورد هەمیشە واتای سەرهەڵدان و سەرلەنوێ ژیانەوە بووە، ئاگر کە وەک ڕەمزی بەرخۆدان و تین و هێز دەردەکەوێت، چەندین ساڵ لە باکووری کوردستان قەدەغە کرا بکرێتەوە، لە ڕۆژئاوای کوردستان لەگەڵ پیرۆزکردنی نەورۆزدا دەیان کەس دەستگیر دەکران، لە باشووری کوردستانیش ڕژێمی بەعس ڕێگری لە پیرۆزکردنی نەورۆز دەکرد، بۆیە لە گوندەکاندا گەنجان دەچوونە سەر لوتکەی چیاکان و ئاگریان دەکردەوە و ئەو هێزەی گەلی کوردیان نیشان دەدا و دواتریش هەریەک لە گردی مامەیارە لە سلێمانی، شاخی ئاکرێ لە سنووری پارێزگای دهۆک بوون بە سیمبولی ئاهەنگ و پیرۆزکردنی ئەو جەژنە.
"نەورۆز ڕێگای ئازادییە"
جەژنی نهورۆز یهکێک لهو جەژنانەی که نیشانهی هاوپێوهندی و ههستی هاوبهشی نهتهوهی کوردە، که به ههزاران ڕووداوی مێژووییدا تێپهڕیوه و ڕێگەیەکی پڕ لە کەند و لەندی بڕیوە و گهیشتووەته ئێره و بووەته لاپهڕهیهکی پڕشنگدار له کولتووری نهتهوایهتییمان لە کوردستاندا.
سەرەڕای فشاری دەوڵەت و ڕژێمە داگیرکارەکان، بەڵام هیچ ساڵێک نەبووە گەلی کورد لە یادکردنەوەی ئەم جەژنە بێبەش بووبێت، بە هەر شێوازێک بێت نەورۆز پیرۆز کراوە و ئاگر کراوەتەوە، ژنان و گەنجان و منداڵان بە لی ئاڵا و واڵای کوردەواری شەقام و دەشتاییەکانیان ڕەنگ باران کردووە و بە ئاهەنگ و شادی بەخێرهاتنی بەهار و سەری ساڵی کوردییان کردووە.
لە دوای سەرهەڵدانی کاوەی سەردەم و ژیانەوەی کورد لە باکووری کوردستانەوە، نەورۆز پێی نایە قۆناغێکی دیکە، ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان دەربارەی نەورۆز دەڵێت "نەورۆز ئازادیە، ئەمە ڕێگەی ئازادیە"، بۆ ئەوەش ساڵانە لە باکووری کوردستان لە دەیان شوێن بە فەرمی ئاگر دەکرێتەوە و گەلیش لەبەر ماڵ و گەڕەک و شەقامەکاندا ئەگەر یەک کەسیش بن، ئاگری نەورۆز هەر گەش دەکەن و پەیامی ئازادی خۆیان و کۆمەڵگەکەیان دەدەن بە گوێی دوژمندا، گەورەترین نەورۆزیش، لە ئامەد ڕۆژی ٢١ی مانگی هەموو ساڵێک پیرۆز دەکرێت، بە ملیۆن کەس لە کوردستان و جیهانەوە ڕووی تێدەکەن و بە کەرنەڤاڵ پیرۆز دەکرێت.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەگەرچی بێ دابڕان نەورۆز پیرۆز کراوە، بەڵام ئەم جەژنە مێژووییەی نەتەوەی کورد ڕووبەڕووی ئاسیمیلەکردن ببووەوە، دەسەڵاتی فارس نەیدەتوانی نکوڵی لە هەیبەت و هەبوونی جەژنی نەورۆز و نەتەوەی کورد بکات و ڕێگری لە یادکردنەوەی بکات، بۆیە بە سیاسەتی نکوڵیکردن و قۆرخکردن جەژنەکە کرایە جەژنی گەلانی ئاری و فارس لەسەر ئاستی یەکەم و بە مەراسیم و چالاکی یادی دەکەنەوە.
ئەم قۆرخکارییەی ڕژێمی ئێران زۆر درێژەی نەکێشا، لە دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" و بەرخۆدانی گەل دژی چەوساندنەوە و ستەم و زوڵم، ماوەی دوو ساڵە نەورۆز لە جەژنی نەتەوەییەوە بووە جەژنی سەرهەڵدان و بەرخۆدان و بە هەزاران کەس لە دەیان شوێنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرەڕای ڕێگرییەکانی ڕژێمی ئێران جەژنی نەورۆزیان بە کردنەوەی ئاگر و ڕەشبەڵەکی ژنان و پیاوان و جلوبەرگی دڵخوازی کوردی ژنان و بە بێ حیجابی زۆرەملێ پیرۆز کرد.
قەندیل قەڵا و قەڵغانی گەلی کوردە
بۆ کوردان قەندیل لانکەی تێکۆشان بووە، زنجیرە چیاکانی قەندیل قەڵای پاراستنی گەلی کورد بووە، لە سەردەمە جیاوازەکاندا، هەریەک لە حزبەکانی چوار پارچەی کوردستان کردوویانەتە قەڵغانی خۆیان و بۆ پاراستنی خۆیان و بەردەوامی دان بە شۆڕشی کوردان بەکاریان هێناوە.
نەورۆز بە واتای ئازادی و بەرخۆدانییەکەی، قەندیل بە واتای قەڵابوون و قەڵغانییەکەی، دەبنە هاوئاوازی یەکدی و ڕەنگێكی دیکەی بەهار و بەرخۆدان دەدەن بە یەکدی، هەموو ساڵێک لە قەندیل ئەم جەژنە نەتەوەییە پیرۆز کراوە و پەیامە گرنگەکانی یەکگرتن، خەبات، بەرخۆدان، ئازادی، ڕزگاری لە دەستی زوڵم و ستەم و سەختی و دەیان پەیامی دیکە دراوە، کە بووەتە هەوێنی بەگوڕکردنی تێکۆشانی گەلی کورد بە تایبەت لە سەدەی ٢١دا.
نەورۆزی قەندیل هەموو ساڵێک لە ٢١ی ئادار بەڕێوە دەچێت، کوردان لە هەر چوار پارچەی کوردستان ڕوو دەکەنە چیاکانی قەندیل و بە فێستیڤاڵ ئاگری نەورۆز دەکەنەوە و دەیکەنە ئەرکی سەرشانی خۆیان کە برەو بە خەباتی ئازادیخوازی گەلی کورد و ژنان بدەن و بە پریشکی ئاگر و چەپکە گوڵی نێرگز، بە پێنووسی دەستی تێکۆشانی شەهیدانی ڕێگەی ئازادی مێژووی نوێی ئازادی گەلی کورد بنووسرێتەوە و نەورۆز هەنگاوی بە گوڕتر کردنی بێت.