سنووردارکردنی ژن بە دەنگ؛ دەنگی بەرز بۆ پیاوان ئازایەتی و بۆ ژنان شەرمەزاری

لەگەڵ هەموو ئەو جیاکارییە ڕەگەزییانەی لە کۆمەڵگەدا لە بەرامبەر ژنان هەیە، ژنان بە دەنگیشیان سزا دەدرێن بەجۆرێک دەنگی بەرز بۆ ژنان مایەی شەرمەزارییە و بۆ پیاوان ئازایەتی.

لاڤە کوردە

 

سلێمانی- ئەو کۆمەڵگەیەی بندەستی عەقڵی پیاوسالارییە هەمیشە خواستی بووە ژن سنووردار بکات، جیاکاری ڕەگەزی لەو کۆمەڵگانەدا بە زەقی بوونی هەیە و ژنان لەهەموو بوارەکاندا پاش خراون و بۆ پەروەردەو خویندن، کارکردن، چوونە دەرەوە لەماڵ سنووردار کراون، بەدەر لەوەش لە لایەنی فیزیکیش جیاکاری لە بەرامبەر ژنان هەیە، بۆ نموونە دەنگ، کۆمەڵگەی پیاوی دەسەڵات بە کۆمەڵێک جیاکاری دەنگی دەیەوێت ژنێکی بیدەنگ بێنێتە بوون، پێیوایە ئەگەر ژن بە دەنگی بەرز قسە بکات، یان لە کۆڕو کۆبوونەوەکاندا ژنی قسەکەر هەبێت ئەوە مایەی شەرمەزارییە، یاخود ژنان بۆیان نییە لەبەردەم پیاوان بە دەنگی بەرز بدوێن، ئێستاش هەرکاتێک ئەو عەقڵیەتە دەسەڵاتی وڵاتێک دەگرنە دەست لەسەرەتادا ژنان لەو ناوەندانە دوور دەخەنەوە کە دەنگیان لێوەی دەبیسترێت.

 

پیاوانی ئازا، ژنانی جوان

نووسەر ئەندریا فیشەر لە پەرتووکی "پیاوانی ئازا ژنانی جوان" کە باس لە جێندەرو توندوتیژی هێمایی لەکۆمەڵگەی شارنشینی هەرێمی کوردستان دەکات و کۆمەڵێک بەدواداچوون و توێژینەوەی لەو بارەیەوە ئەنجام داوە، نموونەی پەندێکی کوردی هێناوەتەوە کە ژن دەبەستێتەوە بە دەنگەوە "جوانی کچ لە بیدەنگیایە"،نووسەر ئاماژەی بەوەکردوە، ئەم پەندە بەتەنها باس لە گوێڕایەڵی کۆمەلایەتی ناکات بەڵکو باس لە دەنگی فیزیکی دەکات، لەم پەندەدا بێ هیچ گومانێک دەنگی ژن سنووردار کراوە.

 

کۆمەڵگە ڕاهێندراوە بەوەی ژنان دەنگیان نزم بێت

ژنان لەکاتی ڕووبەروو لەگەڵ پیاواندا کە قسە دەکەن پێیان باشە دەنگیان نزم بێت، چونکە کۆمەڵگە بەم شێوەیە ڕاهێندراوەو ژنانی ناچار کردووە بە دەنگ نزمی، ئەگەرنا ئەوا قسەی لەسەر دروست دەبێت و ڕووبەرووی ڕەخنەی کۆمەڵگە دەبێتەوە، بەڵام پیاوان هەمیشە بەدەنگی بەرز ڕاهیندراون و ئەگەر پیاوێک دەنگی نزم بێت بە شەرمن و لاواز ناودەبرێت، بەم شێوەیەش هانی پیاوان دەدرێت دەنگیان بەرز بێت و وەک کەسێکی بەهێز خۆیان نیشان بدەن، ئەگەر دەنگی ژن نەرم نەبێت ژینگەی کۆمەڵایەتی سزای نەرێنیان دەدات ، پێیان دەڵێن: دەنگی زۆر ناخۆشە، وەکو پیاو قسە دەکات، دەنگی بیزارکەرە، بەڵام بە پێچەوانەوە بۆ پیاو کە بەدەنگی بەرز بدوێن پییان دەوترێت ئازا.

 

لە ڕاگەیاندنیشدا جیاکاری دەنگ هەبووە

هەروەک نووسەر ئەندریا فیشەر لە پەرتووکەکەیدا ئاماژەی بەو جیاکارییە کردووە کە کەناڵەکانی ڕاگەیاندنیشی گرتبووەوە، تێیدا هاتووە: بە پیاوانی بێژەری هەواڵ و گۆرانیبێژ دەوترێت دەنگیان خۆشە، ئەم دیاردەیە پەیوەندی بە ڕادیۆو تەلەفزیۆنەوە هەیە، ژنان زۆربەی کات هۆنراوەی خۆشەویستی و جوانی سروشتیان پیدراوە بیخوێننەوە تا پییان بڵێن دەنگتان ناسکە، بەڵام بۆ پیاوان هۆنراوەی شۆڕشگێڕانەو ڕاپەرین دیاری دەکرا بۆ خوێندنەوە، زۆرم کەم ژنان دەکران بە بێژەری هەواڵ یان بەرنامەی وەهایان پێندەدرا کە دەنگیان بەرز بێت.

 

 

نمونەی زیندوو بۆ جیاکاری لەبەرامبەر دەنگی ژنان و لە ڕاگەیاندنەکاندا، دەسەڵاتی سەرکوتکەری تاڵیبان هەیە، کە پاش گرتنەوەی دەسەڵاتی ئەفغانستان لە ئابی ٢٠٢١، ژنانی لە ڕادیۆو تەلەفزیۆنەکان دوورخستەوەو قەدەگەی کرد دەنگی ژنان ببیسترێت.

 

ژنان بە هاواری دەنگیان وەڵام دەدەنەوە

لە دژی ئەو جیاکارییە دەنگییەی لە بەرامبەر ژنان هەیە، ژنان هەستانەوەو ئەو بەربەستەیان شکاند کە پێیوایە ژن نابێت دەنگی بەرزبێت، ژن نابێت لەبەرچاوی کۆمەڵگەو پیاوان بە دەنگی بەرز قسە بکات، دەبینین ژنان بەکۆمەل لەڕێپێوانەکاندا بە دەنگی بەرزیان دروشم دەڵێنەوەو بەرگری لە مافی خۆیان دەکەن و جەخت لە داواکانیان دەکەنەوە، ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، لە هەرچوار بەشی کوردستان، لە تەواوی جیهان هاواری "ژن، ژیان، ئازادی" بۆ ژیانێکی ئازادو یەکسان دەکەن، ئەوە ژنانن بە دەنگی بەرز رووبەڕووی عەقڵیەتی پیاوسالاری دەبنەوەو دەڵێن: ئیتر بەسە.