قڕکردن و هێرشەکانی دەوڵەتی تورک ئەپارتایدە بەرامبەر گەلی کوردو نابیندرێت

ئەپاتاید ئەو سیستمە سیاسییەی کە جیاکاری ڕەگەزی دەکات و بە تاوان داندراوە، لەلایەن زۆرێک لە دەوڵەتانەوە بە تایبەت دەوڵەتی تورک هەمیشە لەسەر گەلی کورد ئەنجام دەدرێت، بەڵام وڵاتان لێی بێدەنگن و وەک ئەپارتاید نایبینن.

لاڤە کوردە

 

سلێمانی- لەبەر ئەوەی ڕەگەز بە شێوەیەکی سەرەکی بنیادنەری کۆمەڵایەتییە، دادگا نێودەوڵەتییەکان بە شێوەیەکی بەردەوام ئاماژەیان بە گروپە ڕەگەزییەکان کردووە لە ڕووی تێگەیشتنەوە، ئەگەر گروپێک وەک گروپێکی ڕەگەزی جیاواز سەیر بکرێت و مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، ئەوا وەک گروپێکی ڕەگەزی لە مانای تاوانی ئەپارتاید پێناسە دەکرێت، ئەپارتاید بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٤٨ بە فەرمی وەک سیستمێکی یاسادانان لە ئەفریقای باشوور لەلایەن پارتی نەتەوەییەوە دامەزرا، سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی ١٩٩٤ لە ئەفریقای باشوور هەڵوەشایەوە، بەڵام تا ئێستاش لە زۆرێک وڵاتان ئەم سیستمە بەردەوامی هەیە، بۆ نموونە وەک ئەپاتایدی ئیسرائیل لەسەر فەلەستین، ئەپارتایدی دەوڵەتی تورک و ئێران لەسەر گەلی کورد.

 

ئەپارتاید چییە؟

دەستەواژەی "ئەپارتاید" لە بنەڕەتدا ئاماژە بە سیستمێکی سیاسی دەکات کە بە فەرمی لە ساڵی ١٩٤٨ لە ئەفریقای باشوور دامەزرا، بە یاسا و سیاسەت و کردارەکان ناسراوە کە بە ئاشکرا جیاکاری ڕەگەزی، زاڵبوون و سەرکوتکردن لەلایەن گروپێکی ڕەگەزییەوە بەسەر ئەوانی تردا سەپێندرا، پارتی نەتەوەپەرستی ڕەگەزی یاسا و سیاسەتەکانی دەستەبەر کرد کە زاڵبوون و سەرکوتکردنی ڕەگەزی لەلایەن ئەفریقییەکانەوە "خەڵکی ڕەچەڵەکی ئەوروپی" و سپی پێستەکان بەسەر گروپە ڕەگەزییەکانی دیکەدا مسۆگەر دەکرد، بەتایبەتی ڕەش پێستەکان، لەگەڵ ئەوەشدا، جیاکاری ڕەگەزی لە ئەفریقای باشوور هەبوو زۆر پێش ئەوەی ئەپارتاید بە فەرمی جێبەجێ بکرێت و لە یاسا و کۆمەڵگەدا ئاشکرا بوو، وەک یاسای زەوی ڕەسەنی ساڵی ١٩١٣ کە ڕەشپێستەکانی ئەفریقای باشوور مافی کڕینی زەوییان ڕەتکردەوە.

 

کاتێک حکومەتی ئەپارتاید گەیشتە دەسەڵات، ژمارەیەک یاسای دەرکرد کە ئاڕاستەی زۆرینەی خەڵکی نا سپی پێست دەکرد، کە مافی جوڵانەوە و ئازادی ڕادەربڕین و کۆبوونەوە و هەروەها دەستگەیشتنیان بە سەرچاوە و سامان سنووردار دەکرد، هەروەها ئەپارتاید دەستگیرکردن بەبێ دادگاییکردن و دادگاییکردنی سیاسی و لەسێدارەدان سەرکوتکردنی کۆبوونەوەکان و کردارە سیاسییەکان و بڵاوکراوەکان و هەروەها کوشتنی سیستماتیکی جیاوازەکان دەگرێتەوە.

 

تاوانی ئەپارتاید کاتێک ڕوویداوە کە کردەوە نامرۆڤانەکان لە چوارچێوەی ڕژێمێکی دامەزراوەیی سەرکوتکردن و زاڵبوونی سیستماتیکی لەلایەن یەک گروپی ڕەگەزییەوە بەسەر هەر گروپێکی ڕەگەزی یان گروپێکی دیکەدا و بە مەبەستی پاراستنی ئەو ڕژێمە ئەنجام دەدرێن.

 

پەیماننامەی نێودەوڵەتی بۆ نەهێشتنی هەموو جۆرەکانی جیاکاری ڕەگەزی "ICERD" کە ئێستا لەلایەن ١٨٢ وڵاتەوە پەسەندکراوە، یەکەم ئامرازی یاسای نێودەوڵەتی بوو کە وڵاتان ئیدانەی جیاکاری ڕەگەزی بکەن و پابەند بن بە ڕێگریکردن و قەدەغەکردن و لەناوبردنی هەموو کردارەکانی ئەم جۆرە.

 

هەروەها ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی لەسەر سەرکوتکردن و سزادانی تاوانی ئەپەرتاید لە ساڵی ١٩٧٣ بە مەبەستی تەواوکردنی ئەو پابەندبوونانەی کە لە ICERD"" دا داندراوە، جیاکاری وەک تاوانێک دژی مرۆڤایەتی پێناسە دەکات و دەوڵەتانی پەیمانبەست ناچار دەکات لێکۆڵینەوە لەو کەسانە بکەن کە گومانیان لێدەکرێت بە بەرپرسیارێتی ئەنجامدانی تاوان.

 

قەدەغەکردنی ئەپارتاید بە نۆرمێکی هەمیشەیی یاسای نێودەوڵەتی دادەنرێت، ئەمەش مانای ئەوەیە کە هیچ دەوڵەتێک ناتوانێت لە پابەندبوونی خۆی بۆ ڕێزگرتن لە یاساکە لە هەر بارودۆخێکدا بکشێتەوە.

 

ئەپارتایدی ئیسرائیل بۆسەر فەلەستین

لەو کاتەوەی ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٤٨ دامەزراوە، سیاسەتێکی ئاشکرای دامەزراندووە بۆ دامەزراندن و پاراستنی هەژموونی دیمۆگرافی جولەکە، هەروەها زیادکردنی کۆنترۆڵی خۆی بۆ بەرژەوەندی جولەکەکانی ئیسرائیل، لە هەمان کاتدا کەمکردنەوەی ژمارەی فەلەستینییەکان و سنووردارکردنی مافەکانیان و ڕێگرتن لە توانایان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم خاوەندارێتییە، لە ساڵی ١٩٦٧ ئیسرائیل ئەم سیاسەتەی فراوان کرد بۆ کەناری ڕۆژئاوا و کەرتی غەززە، کە لەو کاتەوە داگیری کردووە.

 

تا ساڵی ٢٠٢١، هەموو ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئیسرائیل بەردەوامن لە بەڕێوەبردن بە مەبەستی سوود گەیاندن بە ئیسرائیلییەکان بە زیانی فەلەستینییەکان.

 

ئەم ناکۆکییە بەردەوامی هەیە و لە ٧ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵەوە کاتێک حەماس هێرشیکردە سەر ئیسرائیل گرژیی و ئاڵۆزییەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە زیادبووندایە و هیرشە ئاسمانی و زەمینی و دەریاییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بەردەوامی هەیە، کە بەپێی ئامارە فەرمییەکان زیاتر لە ١١ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و زۆرینەیان منداڵ و ژنن، بەدەر لە زیانە گیانییەکان تەواوی خزمتگوزارییەکان پەکیان کەوتووە و کەرتی تەندروستی لەو وڵاتە لە داڕماندایە.

 

ئەپارتایدی دەوڵەتی تورک بەرامبەر گەلی کورد نابیندرێت

ئەو ئەپارتایدەی دەوڵەتی تورک چەند ساڵە هەر لە باکووری کورستانەوە تا باشووری کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامی دەدات، تاوانێکی گەورەی جەنگ و جیاکاری ڕەگەزییە، ئەو دەوڵەتەی کە تەنها نەتەوەکەی خۆی بە بوون دەزانێت مافی بوون ناداتە نەتەوەی کورد، هەر لە داگیرکردنی خاک، کۆچپێکردن، تێکدانی ژینگە، گۆڕینی دیمۆگرافیا، سەرکوتکردن، بڕینی ئاوو وشکردنی خاکی کوردستان، ئەنجامی دەدات.

 

بە چەکی فۆسفۆڕ و قەدەغەکراو، چەکی کیمیایی هێرش دەکاتە سەر گەلی کورد، داگیرکاری دەوڵەتی تورک کە مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە، لە وڵاتەکەیدا دژایەتی تەواوی نەتەوەی کورد دەکات و ئەوەی لەسەر دۆزی کورد دەنگی هەبێت دەیخاتە ناو چوار دیواری زیندانەوە، بەبێ دادگایی کردن دەستگیریان دەکات و سزایان بەسەردا دەسەپینێت.

 

لەژێر ناوی داعش-دا داگیرکاریی خۆی بۆسەر ڕۆژئاواو باشووری کوردستان فراوانکرد، چەتەکانی داعش هەرچی تاوانی پیس و قیزەون بوو ئەنجامیان دا، خواست ئەوەبوو خاکی کوردستان لەم دوو بەشە داگیر بکرێت، لە فرە نەتەوەیی بە تایبەت نەتەوەی کورد ببڕێت، هەروەها داعش جیاکاری ڕەگەزیی بە زەقی ئەنجامدا، دوای تێکشکانی داعش دەوڵەتی تورک بەڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەپارتایدی خۆی درێژە پێدەدات، کۆمەڵکوژی بە بەرچاوی جیهانەوە دەکات.

 

ئەوەی جێی نیگەرانییە، بێدەنگییەکی بەردەوام لە بەرامبەر ئەم ئەپارتایدە هەیە، سەرەڕای ئەوەی ئەپارتاید تاوانە، بەڵام هیچ وڵاتێک ئامادە نییە دەوڵەتی تورک بە تاوانبار دابنێت.

 

لە لایەکی دیکەوە سەرکوتکردن، زیندانی کردن بەبێ دادگایی، لەسێدارەدان، جیاکاری ڕەگەزیی، ڕەتکردنەوەی فرەنەتەوەیی و پێکهاتەیی لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە بوونی هەیە، لەماوەی ڕاپەرین بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" ئەپارتایدی ئەو ڕژێمە زەق بووەتەوە، هەموو ئەو ڕێکەوتننامە و یاسایانەی کە ئەپارتایدیان وەک تاوان ناساندووە چاویان ئەم تاوانانە نابینێت.

 

بەم شێوەیە جیاکاری ڕەگەزی و سەرکوتکردنی سیستماتیکی لەژێر ئەپارتاید هەموو ڕۆژێک کاریگەری لەسەر خەڵک دەبێت، ئەوەی پێویستە گەلان و خەڵک لە دژی ئەپارتاید ئەنجامی بدەن، یەکگرتوویی و یەکهەڵوێستیی، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی، بونیادنانی سیستمێکی دیموکراتیکە لەڕێگەیەوە گەلان خاوەن ماف، ناسنامەو بوونی خۆیان بن.