لە تیرۆرکردنی خوشکانی میراباڵەوە بۆ تێکۆشانی ژنان

خوشکانی میراباڵ بوونە سیمبولی تێکۆشان و تا ئێستا لەسەر ڕێبازی بەرخۆدانی ئەوان درێژە بە تێکۆشانی ژنان دەدرێت و ئەوان بوونە یەکەم هەنگاوی بەرەنگاری دژی دیکتاتۆری و توندوتیژی

هێلین ئەحمەد

 

ناوەندی هەواڵ- لە ٢٥ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٦٠ لە وڵاتی دۆمێنیکا سێ ژن بە ناوەکانی پاتریا، مینراو و ماریا تێرێزا، کە بە خوشکانی میراباڵ  ناسراون، لەلایەن دکتاتۆری دۆمێنیکا ڕافائیل تروخیلۆوە پاش دەستدرێژیکردنە سەریان، کوژران، پاتریا، مینرا و ماریا تێرێزا کچی ئینریکر میراباڵ و (ماریا مێرسیدێس) بوون، هاوژینەکانیشیان لە خەباتگێڕانی دژ بە ڕژێمی ڕافائیل ترۆخیلۆ بوون.

 

لە مانگی یەکەمی ساڵی ١٩٦٠ پاتریا سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی گرتەدەست کە لە دواتردا بووە بزووتنەوەیەکی نهێنی، لە ١٤ی حوزەیرانی هەمان ساڵدا دوو خوشکەکەی دیکەشی بوونە ئەندامی ئەو بزووتنەوەیە، بزووتنەوەکە بەهۆی ئۆپۆزسیۆن بوونان و دیکتاتۆری ترۆخیلۆوە لە سەرتاسەری وڵاتدا دەکەونە بەر ڕاوەدونان و هاوژینەکانی خوشکانی میراباڵ دەستگردەکرێن، لە ٢٥ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٦٠دا کاتێک ئەم سێ ژنە بۆ دیتنی هاوژینە بەندکراوەکانیان دەچنە زیندان، بە فەرمانی ڕافائیل ترۆخیلۆ لە ڕێگەدا دەکوژرێن، ئەو تاوانە توڕەیی هاوڵاتیانی لێکەوتەوە، بووە یەکێک لە هۆکارەکانی بەرەوپێشچوونی خەباتی ژنان دژ بەو دیکتاتۆرییە، دوای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر کوشتنی خوشکانی میراباڵدا حکومەتی ڕافائیل ترۆخیلۆ کۆتایی بە دەسەڵاتی هات.

 

خوشکانی میراباڵ کە ناسناوی (پەپوولە لەبیرنەکراوەکان)یان پێدرا، بوون بە سومبولی ئازادی و خۆڕاگری بۆ ژنان.

 

لە ٢٠ کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٩٣دا نەتەوە یەگرتووەکان، ٢٥ی تشرینی دووەمیان بە ڕۆژی کۆتایی هاتنی توندوتیژییەکان بۆ سەر ژنان دیاریکرد، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا توندوتیژی دژ بە ژنان بەردەوامە و تا دێت ڕێژەکەی لە جیهان و بە تایبەت لە کوردستاندا ڕوو لە زیادبوونە.

 

سەرەڕای تێکۆشانی ژنان توندوتیژییەکان لە زیادبووندایە

لە هەرێمی کوردستان چالاکوان و ڕێخراوەکانی بواری مافی ژنان لە ٢٥ی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێکدا ڕیزە چالاکی لە شێوەی کۆبوونەوە، ڕێپێوان، کۆنفرانس، کۆڕ و سیمینار ئەنجام دەدەن و بەرەنگاری توندوتیژییەکانی دژ بە ژنان دەبنەوە، بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە وەک پێویست کار لەسەر هۆشیاری و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لەلایەن ژنان و کۆمەڵگەوە بکرێت، چالاکوانانیش دەسەڵات و دادگاکان تۆمەتبار دەکەن بەوەی هەوڵی تەواوەتی نادەن بۆ بنەبڕکردنی کێشەکانی ژنان .

 

حزبە سیاسییەکان دەستیان هەیە لە بڵاوکردنەوەی چەکی بێ مۆڵەت

حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان و توندوتیژی دژ بە ژنان نەک تەنها لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشووری کوردستان زیادبووە، بەڵکو لە جیهاندا ڕووی لە زیابوون کردووە، لە ئامارێکدا دەرکەوتووە، لە شاری پاریس لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا ٣ ژن لەلایەن هاوژینەکانیانەوە دەکوژرێن.

 

بەرزبوونەوەی بەرچاوی توندوتیژییەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەقڵیەتی پیاوسالاری لە کۆمەڵگەدا، سیستمی سیاسیی کۆمەڵایەتی کە لەسەر ڕۆحی ژن خۆی بنیاد ناوە، هەژمونگەرایی و باڵادەستی دەسەڵات-پیاو. لە ئێستاشدا هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت لەلایەن خەڵکەوە لە هەرێمی کورستاندا، کە دیاردەیەکی بەربڵاوە و دەبێت لەلایەن دادگاکان و حکومەتی هەرێمەوە ڕێگری لێبکرێت، لەگەڵ بی سزایی لە تاوانی کوشتنی ژناندا، کاریگەری لەسەر هەڵکشانی توندوتیژی و کوشتنی ژنان هەیە.

 

جێی ئاماژەیە بوترێت، لە ماددەی ١٥ لە یاسای چەك، ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٢٢ دەڵێت: “هەر كەسێك چەكی بێمۆڵەت یان تفاق (واتە فیشەک)ی پێ بگیرێت، ساڵێك تا ٣ ساڵ بەند دەكرێت و ٢ تا ٥ ملیۆنیش سزا دەدرێت؛ چەكەكەش دەستی بەسەردا دەگیرێت”، بەڵام تا چەند ئەم یاسایانە جێبەجێ دەکرێت و چەک لەناو خەڵکدا کەم دەبێتەوە، دەبێتە جێی پرسیار.

 

وەزارەتی ڕۆشنبیری ڕێگە نادات ئامارەکانی کوشتنی ژنان بڵاوبکرێتەوە

سەرەڕای ڕێگریکردنی وەزارەتی ڕۆشنبیری لە بڵاوکردنەوەی ئاماری ئەو ژنانەی ڕووبەڕووی کوشتن دەبنەوە، بەڵام بەپێی ئەو ئامارانەی دەست نوژنها کەوتووە لە ساڵی ٢٠٢٢دا ٧٣ ژن کوژراون، یاخود ناچار بە خۆکوشتن و چەندین حاڵەتی دیکەی توندوتیژی کراون.

 

بەهەمان شێوە لەم چەند مانگەی لە ساڵی ٢٠٢٣ تێپەڕیوە تا ئێستا بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان هیچ ئامارێکی بڵاونەکردووەتەوە، جگە لەوەش ئامار نادەنە هیچ دەزگایەکی ڕاگەیاندن تا بتوانرێت حاڵەتەکان بخرێتەڕوو، بەڵام بەپێی ئەو ئامارانەشی لە ماوەی ٩ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا نوژنها کۆی کردووەتەوە، ٦٤ ژن کوژراون، یاخود ناچار بە خۆکوشتن کراون.

 

بەپێی توێژینەوەیەک ئەو ژنانەی لە باشووری کوردستاندا خۆیان دەکوژن، ٪٨٩یان تەمەنیان لە نێوان ١٥-٣٠ساڵدایە، زیاتریش لە دەرەوەی شارەکان و لە شارۆچکەکاندا خۆکوشتن ڕوودەدات، هەر بە پێی ئەنجامەکانی ئەو توێژینەوەیە ئەو ژنانەی خۆیان دەکوژن ٪٦٧ خاوەن منداڵن، ٪٦٣.٦ کێشەی کۆمەڵایەتیان هەیە لەگەڵ هاوژینەکانیان، ٪٥٢یان دوای پێکهێنانی ژیانی هاوژینی خاوەنی ماڵی سەربەخۆ نین.

 

بەپێی ئامارەکان لە ساڵی ٢٠٢٢دا لە هەرێمی کوردستان ٢٤٠ حاڵەتی خۆکوشتن تۆمار کراوە، لەو ژمارەیەش ٧٣یان ژن بوون، هەرچەندە ڕێژەکە لەوە زیاترە، بەڵام ئامارەکان دەشاردرێنەوە.

 

کۆتایی هێنان بە ئەقڵیەتی پیاوسالاری

بەرخۆدانی خوشکانی میراباڵ، هێزی بەرەنگاری ژنان و کوشتنیان، ترسی دەسەڵاتە لە هێزی ژن، خوشکانی میراباڵ بوونە سیمبولی تێکۆشان و تا ئێستا لەسەر ڕێبازی بەرخۆدانی ئەوان درێژە بە تێکۆشانی ژنان دەدرێت و ئەوان بوونە یەکەم هەنگاوی بەرەنگاری دژی دیکتاتۆری و توندوتیژی، بۆ ئەوەش بە تایبەت لە باشووری کوردستان بۆ کۆتایهێنان بە ئەقڵیەتی پیاوسالاری، جگە لە ڕێکخستنەوەی دادگا و یاسا و سیاسەتی دەرهەق بە ژنان، بەڵکو لەوە زیاتر، ڕێکخستنی ژنان و یەکگرتنیان لە دەرەوەی چوارچێوەی سیستم و بە ئایدۆلۆژیای ئازادی ژن دەتوانرێت هەنگاوی چارەسەری و سیستمێک بێت لەسەر بنەمای ئازادی و هەبوونی ژن-دایک.